ئایا یەكێتی و پارتی بە داپڵۆسین و چاوسوركردنەوە دەتوانن بەر بەكرانەوەی دیموكراسی بگرن!؟
Sunday, 08/11/2009, 12:00
پەرەسەندن و ڕەوتی گەشەسەندنی دیموكراسی ڕۆژ بەڕۆژ و سات لەدوای سات لەگەشەسەندن و پێشكەوتندایە (ئەگەرچی ئەم پێشكەوتنانەش ڕێژەیین و ڕۆڵ و كاریگەری ڕێكخراو و كەسە سەربەخۆكان درووستی كردوون...) هاوكات هێزی كۆنە پارێز و دۆگماتیزمیش لەبەرامبەر ئەم ڕەوتەدا هەوڵ بۆ مانەوەی هەیمەنەی خۆی دەدات و لەبەرامبەردا لە ململانێدایە و دەیەوێ هەنگاوەكانی نێو ئەم مەیدانە لە ناوببات یان لانی كەم لاواز و سستی بكات، بەڵام ئایا دەتوانن ئەمەیان بۆ مەیسەر بێ یان نا؟!...
ئەگەر چاوێك بەمێژووی چەند ساڵی ڕابردووی دەسەڵاتی یەكێتی و پارتیدا بخشێنین ئەوە بە ئاشكرا بەدی دەكەین كە لە دەرەوەی بیركردنەوە و هەڵوێست و هەڵسوكەوتی خۆیان هیچ هێزو لایەن و كەسێكیان قبوڵ نەبووە كە ببێتە نوێنەری ڕاستەقینەی كۆمەڵگا و كۆمەڵگا ئاراستەبكات و بنەماكانی مافی مرۆڤ و دیموكراسیەت بە هاوڵاتیان بناسێنێت...
ئەم دوو حزبە هەردەم لەبەرامبەر ئەو كەسانەی كە لە نێو ڕیكخراوەكانی كۆمەڵگایی مەدەنی و میدیا ئەهلیەكاندا ڕۆڵ و كاریگەرییان هەبووە وەك دێوەزمەیەك وابوون بۆیان و هەردەم هەوڵی بچووككردنەوە و ناوزڕاندنی ئەم لایەنانەیان داوە...، وە هەمیشە ئەو لایەنانەی كە هەوڵی كرانەوەی دیموكراسی و بەمەدەنی كردنی كۆمەڵگایان داوە، لە لایەن ئەم دوو هێزە بە گێرەشێوێن، بوونی دەست لەپشتیانەوەیە، سەرلێشێواو و زۆر شتی تریش تۆمەتبار كراون...
ئەگەر نموونەی داپڵۆسین و سەركوت كردنی ساڵانی ڕابردوو باس بكەین كە ڕوویانداوە ئەو ڕاستیەمان بەرچاو دەكەوێت، كە بەسەدان نموونەی قێزەون و بێزراو هەن كە ئەم دوو حزبە دەستیان لە لاواز كردن و پاكتاو كردنی چەندین ڕێكخراو ڕۆژنامەی سەربەخۆ و خەڵكی چالاك لە بواری مەدەنیدا هەیە، بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ... بۆ ئەم مەبەستەش چەندین ڕێگەیان گرتۆتە بەر، كە دەتوانین لێرەدا بۆ دووخاڵ دابەشیان بكەین: یەك ڕێكخراو یان ڕۆژنامە سەربەخۆكانی كە لەدەرەوەی ئەو دوو حزبە درووست بوون و دەبن و چالاكانە دەیانەوێ ڕۆلأ بگێڕن بۆ پێشخستنی دیموكراسیەت لە كۆمەڵگادا، بۆ ئەمەش هەر لە سەرەتای دامەزراندنیانەوە دەبنە ڕێگری و بەهەموو جۆرێك هەوڵ دەدەن سەرەتا بە شێوەی یاسایی ئەم ڕێكخراو و ڕۆژنامانە بپوكێننەوە، ئەمەش لە ڕێی پێنەدانی مۆڵەتی یاسایی و دەستی دەستی پێكردن و جواب نەدانەوەی داواكاریی مۆڵەتەكەیان بۆ چەند ساڵێك و یاخود ئەگەر مۆڵەتیشیان بدەنێ ئەوا لە ڕێگەی ناردنە ناوەوەی چەند ئەندامێكی دەزگای زانیاری سەر بە یەكێتی و پاراستنی پارتییەوە هەوڵدەدەن ئەو ڕێكخراو یان ڕۆژنامەیە دۆگما بكەن و نەیەڵن زیاتر پێش بكەوێت و لە زۆربەی كاتیشدا دابەشی دەكەن بۆچەند كەرتێك، وە هەوڵدەدەن لە ڕێگەی درووست كردنی ڕێكخراو و ڕۆژنامەی هاوشێوەی كارتۆنی و گوێ ڕایەڵی خۆیانەوە ئەوان لاواز و بێ كاریگەر بكەن، ئەمە جگە لەوەی كە بەهیچ شێوەیەك نایەڵن هیچ سودێكی دارایی ببینن لەحكومەت و تۆمەتی جۆراو جۆری ناوزڕاندنیشیان بۆ ساز دەكەن، سەرباریی هەموو ئەمانەش گەلێك جار بەنهێنی و بە ئاشكرا ئەندامانیان دەگرێت و تەنانەت هێرشی فیزیكی ڕاستەو خۆیان دەكەنە سەر بۆ ئەوەی بەر بە كرانەوەی دیموكراتیان بگرن... جگەلەوەی ئەمانەی باسكران مشتێكن لە نموونەی خەروارێك هاوكات ئەمە بەسەر ئەزموونی كاركردنی ڕابردووی من و هەموو ئەو چالاكوانانە سەربەخۆیانەی مەیدانی كاری مەدەنیدا هاتووە كە لە نێو ڕێكخراو و ڕۆژنامەی سەربەخۆدا كاریان كردووە و دەزانن چەندە سەختە كە دەسەڵاتێكی خۆیی لە بری هاوكاریی كردنی ئەم كەسانە داپڵۆسین و چاوسووركردنەوە دەكاتە مەدالیای ڕێزلێنانیان.
دوو ئەو تاكە وشیارانەی كە دەتوانن سەنگیان هەبێت و كۆمەڵگا دەكەنە خاوەن بیركردنەوە و بڕیاری سەربەخۆی خۆیان، بەهەمان شێوەی ڕێكخراو و ڕۆژنامەكان ئەم تاكە سەربەخۆ و خاوەن فكر و بیركردنەوانەی دەرەوەی پارتی و یەكێتیش هەتا ئێستا ئەوەی كە من دیوومە و ئەزموونی خۆم و دەرووبەرم پێی بەخشیووم ئەو ڕاستیەیی نیشانداوین كە چۆن هەوڵدەدرێ بەهەر نرخێك بێت بیان كڕن و بیانكەنە كۆیلەیەكی گوێ ڕایەڵی خۆیان و هەتا ڕووبەڕووی چاوسووركردنەوە و هەڕەشەو گرتن و تەنانەت كوشتنی بە ڕۆژی ڕووناكیش دەبنەوە ...
ئەوەی كە گرنگە بوترێت ئەوەیە ئایا یەكێتی و پارتی بە داپڵۆسین و چاوسوركردنەوە دەتوانن بەر بەكرانەوەی دیموكراسی بگرن!؟ بێگومان لەم مەیدانەدا تا ئێستا شكستیان خواردووە و نەیان توانیووە، ئەو دەنگ و ڕەنگانەی كە داوایی ژیانێكی باشتر دەكەن و دەیانەوێ كۆمەڵگا وشیاربێت بێدەنگ بكەن، بەردەوام ئەم كەسانەش ئەو فشارانەی كە كراوەتە سەریان كاری لێنەكردوون و بەڕێگە چارەیتری مەدەنیانە و دیموكراسیانە وەڵامی ئەو كارە ناشارستانیەتیانەیان داوەتەوە.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست