کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هەڵبژاردن دەرفەتێكە بۆ سەركەوتنی ژنان

Friday, 17/07/2009, 12:00


وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تابێت نزیك دەبێتەوە و ئەوەی بەدیش دەكرێت لە بەرنامەی قەوارە بەشدار بووەكانی ئەم خولەی پەرلەماندا بێ بەرنامەیی و بێ پرۆژەیی جدییە بۆ پرسە گرنگەكانی كۆمەڵگاكەمان، چونكە هەمووان دەزانین گەلێك پرسی گرنگ لەنێو كۆمەڵگاكەماندا هەیە كە بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوو هیچ جۆرە چارەسەرێكیان بۆ نەكراوە و تەنانەت سوك و پەراوێز خراون، یەك لەو پرسە گرنگانەی كە بەردەوام بێ جدیەتی و كەمتەرخەمی لەبەرامبەر نوێنراوە پرسی ژنە...

پرسی ژن، یان كێشەی ژن ئەو پرسە جدی و چارەنووسسازەیە كەنەك بە تەنیا لەنێو كۆمەڵگایی كوردیدا بەڵكو لە سەراپای جیهاندا پێویست بە ئیش بۆ كردنی تایبەت و مامەڵە كردنی تایبەت دەكات بۆ ڕزگار بوون لەو بێ مافی و بێ ویژدانی و ناعەدالەتیەی ئەو بەشە گرنگەی كۆمەڵگا كە هەنوكە لە قەیراندایە و دەچەوسێنرێنەوە و بێ ماف دەكرێن لەلایەن پیاوانەوە.

ئەگەر لە كۆمەڵگاكەماندا ژمارەیەك ژن كە لە پەنجەكانی دەست تێپەڕ ناكات ئازادبن ئەوا هێشتا بەدڵنیاییەوە بە سەدان هەزار ژن هەن لە كۆمەڵگاكەماندا كە لەنێو قەیران و بێ مافی و ناعەدالەتیدا دەگوزەرێن...، ئەوەی لێرەدا جێگەی باسە لەنێو گێژاوی ئەم بێ مافیەدا و تا ئێستا ئەوەی بەدی دەكرێت ئەوەیە كەوەك هەمیشە لایەنە بەشدار بووەكان لە هەڵبژاردنی ئەم جارەدا پێناچێت هیچ پرۆژەیەكی جدیان بۆ ئەم بەشە گرنگەی كۆمەڵگا هەبێت، ئەمەش لەوێوە دەتوانیین خوێندنەوەی بۆ بكەین كە ئەو كەسانەی پێشنیار كراون لە لایەن لیستەكانەوە بچنە پەرلەمانەوە جگەلەوەی كە كەمینەیان ئافرەتە لەهامان كاتیشدا زۆربەی پیاوەكانیشیان نەك ئامادەنین پشتیوانی مافی ژنان بن بەڵكو خۆیان دەستیان لە بێمافی كردن بەرامبەر بە ژن هەیە...!؟

ئەگەر سبەی چەند پرۆژۆچكەیەكیش بخرێتە ڕوو لە لایەن هەندێ لیستەوە ئەوا جەوهەری بیركردنەوەی ئەقڵی بە كۆیلە بینینی ئافرەتان لە لایەن پیاوانی ئەو لیستانەوە ڕێگەخۆشكەر و ئومێدبەخش و پراكتیزە پێكەری ئەو وردە پرۆژانەش نین...!؟ كەواتە ئەوەی بەدی هێنەر و بەدەست هێنەری سەرجەم مافەكانی ژنانە هەر خودی ژنان خۆیانن....!

لە مێژە واقعی كۆمەڵگاكەمان ئەوەی خستۆتە ڕوو كە پێویستە ژنان خودی خۆیان شۆڕش بكەن بۆ ئەوەی ماف و ئازادی بەدەست بهێنن، ئەمڕۆش لەهەر ڕۆژێك زیاتر زەمینەی ئەو شۆڕشە ڕەخساوە و ژنان گەر حەكیمانە و وردبینانە بڕواننە شتەكان دەتوانن زۆر شت بخوڵقێنن و زۆر مافیش بەدەست بهێنن كە تائێستا بەدەستیان نەهێناوە، سروشتی كۆمەڵگاكەمان زەمینەیەكی لە بارە بۆ شۆڕشی ژنان بە پێی ئەو ئامارانەی كە دەیسەلمێنن ڕێژەی ژنان زۆرینەی كۆمەڵگا پێك دەهێنێت، زۆرینەی كۆمەڵگاش واتا زۆرێنەی دەنگەكان، زۆرینەی دەنگیش لە هەڵبژاردندا واتا سەرخستنی لایەنێك كە ئەو زۆرینەیە بە دەست دەهێنێت....

لەم ڕوانگەیەی سەرەوە بە بڕوای من ئەمڕۆ ژنان ئەو هێزەن كە دەتوانن سەنگ و قورسایی خۆیان بنوێنن و بەدەنگەكانیان سەركەوتن بخوڵقێنن و وەڵامی ئەو هێز و لایەنانە بدەنەوە كە چەند ساڵە زەمینە ڕەخسێنەری كوشتنی ژنانن، بێمافیكردن بەرامبەر ژنان، دەستدرێژی كردنەسەریان و بەكەمبینینی ژنان... و گەلێك شتی تر كە دەرهەق بە ژنان كراوە. ئەوەی گرنگە ژنان ئەمڕۆ پێی هەستن ئەوەیە كە دەنگەكانیان كۆبكەنەوە و یەكگرتوو یەك هەڵوێستبن و بزانن چۆن مومارەسەی دەنگیان دەكەن و چی دەبێتە هۆی بەدەست هێنانی مافەكانیان... مەرجیش نییە ئەو لایەنانەی بەشداری هەڵبژاردن دەكەن بەدی هێنەری مافەكانیان بن، بۆ یە لەم خاڵەدا دەبێ چاو كراوەبن و بزانن دەنگ دەدەن بەكێ؟، لە حاڵێكیشدا ئەگەر لایەنێك نەبوو كە ژنان متمانەی پێبكەن و دەنگی پێبدەن ئەوا ژنان دەتوان وەك ناڕەزایی نیشاندانێك دەنگەكانی خۆیان بەزەڕب لێدان بسوتێنن و هەڵوێستی خۆیان بخەنە ڕوو تا لەو ڕێگەیەوە دەسەڵاتی ئایندەی ئەم هەرێمە چاو بەبەرنامەی كاری خۆیدا بخشێنێتەوە، بە تایبەت ئەو چاوخشانەوەیە بەرامبەر كێشەی ژنان.

[email protected]


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە