کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ڕاگەیاندنەكانی (ی ن ك) بۆنی خوێنی لێدێت

Saturday, 09/01/2010, 12:00


وەك كلتورو نەریتێكی كۆنی قێزەونی یەكێتی نیشتمانی كوردستان (ی ن ك) لەو كاتانەی كە تەنگاو دەبێ و دەگاتە ئەو بڕوایەی كە ڕووبەڕووی شكستی گەورە دەبێتەوە، هەمیشە هەوڵدەدات لە ڕێگەی سیاسەتی دیماگۆجی و چەواشەكارانەی جۆش بە دەهۆڵەكانی ڕاگەیاندنەكانی بدات و ئەوەی كە نەخوازراوە لە نێو ئەخلاقی پیشەی ڕاگەیاندن و كلتووری گەلەكەماندا ئەم حزبە ئەنجامی دەدات و كورد وتەنی: "دۆ و دۆشاو تێكەڵ دەكات".

بەداخەوەم كە ئێستا لەسەر بابەتێكی وابێزراو دەنووسم، بەڵام هەستیاری دۆخەكە و ترسناكی ئەو وتانەی لەڕاگەیاندنەكانی (ی ن ك)ەوە گوێبیستی دەبم وای لێكردم كە چیتر بێدەنگی هەڵًنەبژێرم و بە بابەتێك لەسەر ئەم دۆخە خەتەرناكە بدوێم، تاوەكو بەر بەم كارە ناشرینە بگرم، یان لانی كەم زەنگێكی هۆشیار كەرەوانە بدەم بە گوێی بەرپرسانی (ی ن ك)دا و پێیان ڕابگەیەنم كە ئەم كارەتان نەك لەبەرژەوەندی گەلدانییە، بەڵكو خزمەت بە خۆشتان ناكات..، وەك چۆن لە ڕابردووشدا بەتایبەت لەكاتی شەڕی نێوان (یەكێتی و پارتی) خزمەتی نەكردوون و لە ڕاگەیاندنە جۆشدەر و ئاگر خۆشكەرەكانتانەوە تانەو تەشەر و جنێوی ناشرین نەما بەیەكی نەڵین و دەیان گۆڤار و ڕۆژنامەی پڕجنێوتان دەركرد كە تازە بۆتە بەشێك لە ناسنامەتان، سەرەنجامی ئەم كارەش بووە هۆی زیان پێگەیاندنی گەورە بۆ هەردولاتان و ماڵی میللەتیشتان وێران كرد، لەدۆخێكی وەك ئێستاشدا كە جنێو و سوكایەتی كردن بۆتە بابەتی یەكەمی ڕاگەیاندنەكانتان جگەلەوەی لەبەرامبەر مێژوودا پەڵە ڕەشەكانتان زیاتر دەكات، هاوكات هێندەی نەماوە ئەو مێژووە ڕەشە بەجۆرێكیتر دووبارە بكەنەوە...

ڕەنگە هەمووان ئەگەر بەسوتفەش بێت شەوان (tv) یەكانمان بچێتە سەر یەكێك لە كەناڵەكانی (ی ن ك) و ڕاوەستە بكەین لەسەر ئەو هەموو هەواڵە سەیرو سەمەرانەو ئەو هەموو قسەو قسەڵۆك و ناوناتۆرە ناشرینانە كە دژ بە (لیستی گۆڕان) دەكرێت...!؟ "بۆ ئەوەی هەڵە لە وتارەكەم تێنەگەن، مەبەستم بەرگری كردن یان باش و خراپی (لیستی گۆڕان) نییە، بەڵكو دەمەوێت هێڵێكی سوور بەژێر ئەو وتانەدا بێنم كە (ی ن ك) لە كاتی ناكۆكیەكانیدا لەگەڵ لایەنێكی تر پیادەی دەكات...". هەمیشە لەكاتی بوونی ناكۆكیەكانی (ی ن ك) لەگەلأ لایەنێكی (بێگومان ناوخۆیدا) بەو پەڕی توندی و بەو پەڕی نابەرپرسیارێتیەوە دەكەوێتە تانەلێدانی و لە ئاستی هەرە باڵادا هێرشی ڕاگەیاندنی دەست پێدەكات بۆسەری و دەكەوێتە سوكو ڕیسواكردنی بەرامبەرەكەی، وەخۆشی دەكاتە فریادڕەس و فریشتەیەكی خوایی و بەرامبەرەكەی دەكاتە هەموو شتێكی ناشرین...

نموونەش بۆ ئەم جنێودانانەی ئەوەیە كە هەر ڕۆژەو بەناو نوسەرێكی دێنێتە سەرتیڤیەكانی و ئەوانیش بەكەیفی خۆیان دێنە قسەكردن و ئەو ئینشایانەی كە كاتی خۆی لەبەریان كردبوو بۆ شەڕی نێوان یەكێتی و ئەو دەیان لایەنەی تر كەلەگەڵی بەشەڕهاتن، ئەمڕۆش هەمان ئینشای پڕلەمەرایی و جنێویان دوبارە دەكەنەوە و دەست دەكەن بە جوینەوەی ئەو وتە ناشرینانەی كە كەس حەز بەگوێگرتنیشی ناكات... بۆ باشتر ڕوونكردنەوەی نموونەكەم ئەو ڕاپۆرتە پڕلە وتە ناشرینانەی سكرتێری یەكێتی باشترین نموونەیە كەدەیەوێ بەرامبەرەكەی پێ لاواز و بریندار بكات، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە پەردە هەڵدانەوە بوو لەسەر مێژووی ڕەشی خۆیان كە چەندین ساڵە لای میللەت شاردویانەتەوە و خۆیان كردۆتە شۆڕشگێڕ و دڵسۆزی ژمارە یەك..!؟ پاش ئەوەی سكرتێری یەكێتی دەرگای لەسەر جنێو كردەوە دوابەدوای ئەو كەسانێكی وەك (ئازاد تۆفیق و لاوەند نەوزاد) گوایە خۆیان بەنووسەر و ڕۆژنامەنووس دەزانن لەم یەك دووڕۆژەی ڕابردودا لە بەرنامەی (گەرماوگەرمی) پڕلەسوكایەتی كەناڵی گەلی كوردستاندا بەهەمان شێوەی سكرتێرەكەیان دەستیان كرد بەهێرش كردن بۆ سەر سایتی كوردستان پۆست و لەپاڵیشیدا ڕۆژنامەنووس و میدیایی ئازادیان دایە بەر جنێوە ناشرینەكانیان كەئەمە هەمیشە پیشەیان بووە...

بۆیە ئەگەر (ی ن ك) بە بوختان و جنێوەكانی ئەم جۆرە كەسانە هەڵسوكەوت بكات، ئەوا دوور نییە لە ئایندەیەكی نزیكدا و بەتایبەت لەم هەڵبژاردنەی بەڕێوەیە شەڕێكی تری كورد كوشتن هەڵبگیرسێنن، چونكە ئەو ڕەوشەی ئێستا لە ڕاگەیاندنەكانی (ی ن ك) بەدی دەكرێت لە ڕاستیدا بۆنی خوێنی لێدێت...!! هیوادارم خەڵكانی سەربەخۆ و ئازاد و ڕۆشنبیران لە ئێستاوە هۆشیاری ئەوە بدەن بەوانەی شكستیان پێ هەزم ناكرێت و دەیانەوێ تاسەر لەسەر كورسی دەسەڵاتبن، كە گەل چیتر قبوڵ ناكات بەشەڕی بەرژەوەندیەكانتان وڵاتمان وێران بكەن و هەر ڕۆژەش دەوڵەتێكی داگیركار بهێننە سەرمان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە شەخسیەكانتان...

[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە