کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


شكستی كەرتی تەندروستی و مەرگی گەنجێكی دیكە بەنموونە

Tuesday, 22/01/2013, 12:00









بەوردبونەوەمان لەم جوگرافیایەی پێی دەوترێ هەرێمی كوردستان لە پاش ڕاپەڕینی ساڵی (1991)ەوە، دەبینین بە شەش حەوت كابینە و لەتە كابینەی دەسەڵاتی پارتی و یەكێتی پێشكەوتنێكی ئەو تۆ لە هیچ بوارێَكدا بەدی ناكەین، تا مایەی دڵخۆشی و هەڵوەستە لەسەر كردن بێت، ئەوەی كە كراوە و باسیشی دەكرێت جگە لە چەند هەنگاوێكی بچوك و كیسەڵ ئاسا هیچی دیكە نیە و شایەنی لە (1%)ی ئەو پیاهەڵدانەش نییە كە شەو و ڕۆژ راگەیاندنە حزبیەكانی پارتی و یەكێتی بە شان و باڵایدا هەڵیدەدەن و شاگەشكە بوون بەو بەناو پێشكەوتنانە كە ئاوەزی خەڵكی بەم رۆژگارە پێدەشێوێنن..!؟
هەر بوارێك وەربگریت لە (كارەبا، ئاو، تەندروستی، رێگاوبان، دروستكردنی قوتابخانەی نوێ و نەخۆشخانە، سەرجەم بوارەكانیتری خزمەتگوزاری سەرەتایی ئەمڕۆی جیهان ...هتد) دەبنیت كەچەندە كڵۆڵو هەژارەو چەندە لە رووی كوالێتی و جۆرەوە لە پاشەوەیە.
ئەوەی لەم وتارەدا مەبەستمە هێمای بۆ بكەم كەرتی تەندروستیە، كە چەندە هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە پێوەی دەناڵینن و كەم رۆژیش هەیە گوێبیستی گیان لەدەستدانی هاوڵاتیەكی ئەم هەرێمە نەبین كە بەهۆی كەمتەرخەمی و پێدانی دەرمانی هەڵە و بەسەرچوو...هتدەوە ئەبێتە قوربانی و هیچ وەزیرێك و سەرۆكی كابینەیەكیشمان نەبینی ویژدانی لە ئاست ئەو كەمتەرخەمیانە بجوڵێت و بۆ جارێك نەفرەت لەو هەموو كەمتەرخەمیانە بكات و دەستلە كاركێشانەوەی خۆی رابگەیەنێت... تاخەڵك هەر نەبێت بۆ جارێك ئارامی بەدڵی بگات.
ئەم دوو دەسەڵاتە بە پڕو پاگەندەی خۆیان بێت پەیوەندییە دبلۆماسییەكانیان لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر و بگرە بەوتەی خۆیان جیهان، لە ئاستێكدایە كەمەگەر وڵاتێكی بەهێزی وەك ئەمریكا وەك ئەمان سیاسەتی حەكیمانەی هەبێت و بتوانێ ئەو پەیوەندییە توندووتۆڵە دروست بكات لەگەلأ وڵاتاندا لە بوارە جیاجیاكاندا...! بەڵام لە راستیدا كە دێینە سەر ئەرزی واقع ئەمانە هێندە كڵۆڵن لە پەیوەندیان، تەنانەت نەخۆشێكیان بۆ رەوانە ناكرێتە وڵاتێكی وەك ئێران كە بەقەولی خۆیان دۆستی دێرینیانە و پەیوەندی لە مێژینەیان هەیە!؟ نمونەی ئەم رووداوەش بەسەر جوانە مەرگێكی كوڕی پورمدا هات كە لە پاش ئەوەی توشی نەخۆشییەكی ئاسایی (زەردوویی) بوو، وە بەهۆی كەمتەرخەمی سیستەمی تەندروستی نەخۆشخانەكانی هەرێم و نەبوونی چارەسەری گونجاو و لەكاتی خۆیدا نەخۆشییەكەی لێ سەختتبوو بەجۆرێك كە پزیشكەكەی رایگەیاند دەبێت لەكەمترین كاتتدا بگەیەنرێتە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی دەرەوەی وڵات، بەهۆی ئەوەی نەخۆشخانەكانی ئەمان لە ئاستی پێویستتدا نییە..! هەر بۆیە دەستبەجێ ویستمان ڕەوانەی یەكێك لە نەخۆشخانەكانی ئێرانی بكەین بەڵام بەهۆی ئەوەی جوانەمەرگ پاسپۆرتی نەبوو (بەهۆی ئەوەی كە دەرهێنانی پاسپۆرت لەم هەرێمە لە پێكهێنانی دەوڵەت سەختترە!؟) ناچار پەنامان بردە بەر ئەوەی لە ڕێگەی وەرەقەی حزبەكانەوە ڕەوانەی بكەین بە ئوتومبیل، بۆیە ئەم كارەش نزیك بەدوو ڕۆژ درێژەی كێشا و ئەوە بوو پێش گەیشتنی بەنەخۆشخانە ئەو گەنجە تەمەن (19) ساڵە لە وڵاتی ئێران كۆچی دوایی كرد...
هەموو ئەم نمونەیەم بۆ ئەوە باسكرد، بڵێم ئەم گەنجە یەكەم گەنج نیە و دواین گەنجیش نابێت كە قوربانی دەستی كەمتەرخەمی كەرتی تەندروستی و سیستەمی ئیدارەی شكستخواردووی هەرێمە، چونكە دەبوو كەرتی تەندروستی لە ماوەی (22) ساڵی رابردوودا وەك ناتوانێت كەرتەكەی خۆی پێش بخات، جێگەی خۆی بوو پەیوەندیەكی وادرووست بكات لەگەڵ وڵاتان كە بۆ حاڵەتێكی ئاوا زەروو رو كتوپڕ نەخۆش پێویستی بە رۆتیناتی ئیداری نەبێت و پێش هەر شت گیانی نەخۆشەكە گرنگ بێت، نەك بەو پەڕی كەمتەرخەمیەوە دوای دوو ڕۆژ لە ڕِیگەی ئەمبلانسەوە بە هەزار دەردەسەری ئەو نەخۆشە رەوانەی ئێران بكرێت، كە ئێران بۆ یەكێتی و ئیدارەی سلێمانی بەحساب نزیكترین دۆستە...! لەم رووداوە و هاوشێوەكانیەوە دەردەكەوێت كە پەیوەندیە دبلۆماسیەكانی ئەم دوو حزبە جگە لە دوو پەیوەندی خێڵەكی و بنەماڵەیی و حزبی لە چوارچێوەیەكی سنورداردا هیچی دیكە نییە، پەیوەندیەكانی ئەم حزبانە و وڵاتان جگە لە پەیوەندی بۆ سەركووتكردنی چالاكانی كورد لەپارچەكانی دیكەی كوردستان و بازرگانیكردن لەگەڵیاندا شتێكی دیكە نییە، ئەگەرنا ئەوا دەبوو ئەو پەیوەندیانەیان هێزی ئەوەی هەبوایە لەماوەیەكی كورتدا نەخۆشێك رەوانەی وڵاتی ئێران بكات یان تەرمی كەسێك لەوێوە بەئاسانی بگەڕێنێتەوە...!؟
لە تیڤیەكانەوە وەزیری تەندروستی كاتێك كار و چالاكییەكانی ساڵی رابردوو لە كۆنگرەی رۆژنامەوانیدا دەخاتە روو، شوێنێك ناهێڵێتەوە بۆ ئەوەی كە بڵێت ئەمە جێگەی كەموو كورتییە و رەخنەی لێبگرن، یان كاتێك باس لەئەنفلۆنزای بەراز دەكرێت یان كولێرا... وەزیر و راگەیاندنە حزبییەكەی وای نمایش دەكەن كە سیستەم نیە لە سیستەمی تەندروستی ئەوان ئامادەباشتر و چاكتر!؟ كەچی كە دێیتە سەر حساب تیوبێكی خوێن گواستنەوە لە نێو نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سلێمانی دەست ناكەوێت و دەبێت لە دەرەوە بۆیان بهێنیت یان زەختی نەخۆشێكیان پێ كۆنترۆلأ ناكرێ، كە ئەمە لەم كەیسەی سەرەوەدا روویدا...
دەكرێ زۆر زیاتر لەسەر مەرگی بەناهەقی قوربانیانی دەستی سیستەمی تەندروستی سەقەتی ئەم هەرێمە بڵێین، بەڵام تەنیا بە وەزیری تەندروستی دەڵێم: ئەگەر تۆ سیستەمی تەندروستی وڵاتانی دونیات بینیبێت بەتایبەت وڵاتێكی وەك هندستان ئەوا دەبوو زۆر زوو دەستت لەكاربكێشایەتەوە و هەرگیز رووت نەهاتایە باسی پێشكەوتنی كەرتی تەندروستی هەرێم بكەیت...


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە