کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پێكدێت و پێكنایەت!!

Thursday, 15/07/2010, 12:00


پێشینان وتویانە مانگەشەو سەر لەئێوارە دیارە. ئەم جارەش حكومەتی عێراق ئەو تۆزە ئومێدەی كە پێیمان هەبوو بۆ گۆڕانكاری و هەنگاوێك بەرەو پێشچوون، ئەو ئومێدەشمان پێی نەما و ئێستا تەواو ڕوون بووەتەوە، كە پێكهێنانی حكومەت نەك هەر لەئیرادەی لایەنە عێراقییەكاندا نییە، بەڵكو ئەوەی كە ڕۆڵی نییە لەپێكهێنانی ئەو حكومەتە عێراقیەدا خودی لایەنە عێراقییەكانن..!!
ئەمە لەلایەك، لەلایەكیترەوە لایەنە كوردیە باڵادەستەكانیش لەبەغداد، دەیان كۆبوونەوە و كۆبوونەوەكاری دەكەن و پرسیش بە كەس ناكەن، باسی چی دەكەن و لەسەرچی ڕێكناكەون و لەسەرچی ڕێك دەكەون!؟ ئەوەی كە میللەتە بەش مەینەتەكەی كورد دەیزانێت تەنیا ئەو تۆزە زانیاریە كەم و ناتەواوەیە كە لەمیدیا ئەهلی و حزبیەكانەوە دەیبیستین و لەدەرەوەی ئەوە دەتوانین بڵێین ئەم چوار ملیۆن میللەتەی كورد مافی هیچی تریان نییە بیزانن لەمبارەیەوە، لەمەش كارەساتتر ئەوەیە كە تەنانەت ڕۆژنامەنووسانیش مافی ئەوەیان نییە، كە پرسیارێكی بەو ڕەنگە بكەن، هەر لەبەر ئەمەشە كە كاتێك زەنگ بۆ بەرپرسێكی كورد لێدەدەیت كە شەو و ڕۆژ لەبەغداد خەریكی كۆبوونەوە و كۆبوونەوەكارییە یان جوابت ناداتەوە یان بە لالوتێكەوە دەڵێت هەموو شتەكان باشن یان خراپن...
نابێت هیچ بەلامانەوە سەیر بێت ئەگەر بەرپرسێك بەو شێوەیە وەڵاممان بداتەوە، چونكە ئەوەتا بینیمان دووبارە هەردوو مەكتەبی سیاسی (ی ن ك) و (پ د ك) بە گوتەی خۆیان گەیشتونەتە جۆرێك لەڕێككەوتن لەسەر پێكهێنانی حكومەت لەبەغداد بە بێ ئەوەی هاوپەیمانەكانی خۆیان و شەریكەكانی خۆیان ئاگاداربن..!! ئەی ئێمە بۆچی گللەیی ناحەقیان لێبكەین و مافمان چییە بەسەریانەوە تا بەپرسیار گەلێكی بەو ڕەنگە ئیزعاجیان بكەین..؟!
چ بەد بەختییەكی گەورەیە گەلێك چاوەڕێی وڵاتانی وەكو ئێران و سعودیە و توركیا و ئەمەریكا و سوریا و ...هتد بكات، تاوەكو چاوەڕوانی كەرەمی ئەو كۆبوونەوە و كۆبوونەوەكاریانە بكەن، بۆئەوەی لەدەرەنجامی ئەو سەفەر و سەفەركارییەی بەرپرسانی عێراقی و كورد بۆ ئەو وڵاتانە، بڕیار لەسەر چارەنووسی ئایندەی عێراق بدرێت و بە لوتفی خۆیان سەرۆكەكەنمان بۆ دەستنیشان بكەن و هەڵیان بژێرن.
بۆیە پاش تێپەڕبوونی پتر لەچوار مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و پێكنەهێنانی ئەو حكومەتە تاكو ئێستا، دەمانگەیەنێتە ئەو بڕوایەی كە مانگە شەو سەر لەئێوارە دیارە و دەبێت خۆمان ئامادە بكەین بۆئەوەی، ئەگەر بەتەمای ئەم حكومەتە بین مافێكی زیاتر و خۆشگوزەرانی بدات بەخەڵك ئەوا بەدڵنیاییەوە تا چوار ساڵی تر و تا هەڵبژاردنێكی تر نایبینین، چونكە ئەوا چەند ڕۆژێكی كەم بۆ كۆتایی هاتنی وادەی دەستووری دیاری كردنی پۆستی سەرۆك كۆمار ماوە و هەموو ئاماژەكانیش بۆ ئەوەن، پێناچێت نە دەمووچاوەكانی بەرپرسانی عێراق بگۆڕێت و نە زهنیەتی دەست وەردەرەكانی بگۆڕێت. با ئەم چەند ڕۆژەش بڕوات بزانین (پێكدێت و پێكنایەت و كۆبوونەوە و كۆبوونەوەكاری) چی لەئایندەی عێراق دەكات.
http://chatrpress.com

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە