بارزانی ئۆپۆزسیۆن و بارزانی دەسەڵات
Tuesday, 10/04/2012, 12:00
لەم جوگرافیایەی ئێمەی تێدا دەژین بەو پێیەی ژینگەیەكی ناتەندروستی هەیە لە ڕووی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری و..هتد، ئەمەش پشكی گەورەی لە ئەنجامی سیاسەتی هەڵەی بیست ساڵی رابردووی یەكێَتی و پارتییەوە دێت، كە نەیەنتوانییوە لانی كەم ئەو ئیدارەیەی خۆیان كە پێی دەڵێن حكومەت رێكبخەن و خۆیان بكەنە هێزێكی جێی متمانەی خەڵك...
ماوەیەكە وەك دەڵێن گرژی كەوتووەتە نێوان "هەرێم و بەغداد" ئەمە گرژیانەش لەم دواییانەدا گە یشتووونەتە ئاستێك كە رۆژانە لە ڕێگەی راگەیاندنەكانیانەوە لایەنگرانی نوری مالكی سەرۆك وەزیرانی عێراق و مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بە شێوەیەكی روون و ئاشكرا هێرش دەكەنە سەر یەك و هەر یەكەیان بە تۆمەت و پاساوی جیاجیا یەكتر تۆمەتبار دەكەن و هەر یەكەشیان ئۆباڵی گرژییەكان دەخەنە ئەستۆی ئەویتر...!؟ ئەمەش لە كاتێكدایە كە تاكو ئێستا روون نەبۆتەوە خاڵە جەوهەری و ناكۆكییە روون و ئاشكراكانی ئەم دوو سەرۆكە لە چیدایە و ئەوەی كە نایەڵێت بگەنە ڕێكەوتن چییە و چی نیە؟ لێرەدا ناچمە سەر ئەو لایەنەی بابەتەكە چونكە رەنگە ئەوە خوێندنەوەی جۆراو جۆر هەڵبگرێت و زیاتریش قسەی لەسەر كرابێت، بۆیە تەنیا ئەوەی دەمەوێت قسەی لەسەر بكەم لایەنی، دەركەوتنی بارزانی سەرۆكی هەرێمە وەك كە سێكی ئۆپۆزسیۆنی ناو دەسەلاتی حکومەتی مەرکەزی! كە لەم دواییانەدا لە ڕێی وتەكانیەوە وا دەردەكەوێت كە ئۆپۆزسیۆنە لە نێو حكومەتی عێراقدا و رەخنەی توند لە مالكی و حكومەتەكەی دەگرێت ئەمە لەكاتێكدایە كە حزبەكەی بارزانی بەشدارە لە نێو حكومەتی عێراقدا...!؟
مرۆڤ ئەگەر تەماشای وتەكانی ئەم دواییەی بارزانی بكات كوتوومت واهەست دەكات كە ئەمە وتەی ئۆپۆزسیۆنێكی نێو حكومەتی عێراقە، بۆیە وا بەوشێوەیە هێرشی توند دەكاتە سەر حكومەت... چونكە ئەگەر كەسێك یان لایەنێك بەشداری حكومەت بێت و ئەم هەموو رەخنە توندەی هەبێت لەو حكومەتەی تێیدایە، ئەوا عورف وایە بۆ ئەوەی زیاتر خۆی و ئەو حكومەتەی تێیدا بەشدارە بریندار نەكات، لە حكومەت دەكشێتەوە یان لانی كەم وەزیر و ئەندام پەرلەمانەكانی هە ڵدەپسێرێت و بەمەش سنورێك دیاری دەكات بۆ ئەو لایەنی دەسەڵاتەی كە ئەو رەخنەی لێی هەیە و سەقفێكی زەمەنیشی بۆ دادەنێت كە ئەگەر بێت و ئەو لایەنە خۆی چاك نەكات ئەوا ئەم هەڵوێستە روون و ئاشكرایەی دەبێت و بەمەش دەتوانین بڵێین مەودای ململانێكە كورت دە بێتەوە، لایەنی بەرامبەریش ناچار بەوە دەكرێت كە بیر لە چارەسەر كردنی كێشەكان بكاتەوە، یان هەر ڕێگایەكیتری رێگە پێدرا و یاسایی و مەدەنی كە لە دونیای دیموكراسیدا بۆ ئەم جۆرە كێشانە دە گیرێتە بەر كە یەكێكیتر لەو ڕێگەیانە كشانەوەیە لە حكومەت و كاركردنە بە شێوەی ئۆپۆزسیۆن لە دەرەوەی حكومەت... بەڵام وەك دەبینین و لەسەرەتاشدا باسمانكرد ئەوەی تا ئێستا لە لایەن بارزانیەوە لە وتەكانیدا بەدی دەكرێت تەنیا لە چوارچێوەی وتەدا ماوەتەوە و هیچ هەڵوێَستێكی كردەییمان لەم كێشانەدا نەبینی، لەكاتێكدا گومان لەوەدا نیە ئەگەر كێشەكانی نێوان بەغداد و هەرێم لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە بۆ كورد شیبكرێتەوە و كێشەكان دووربن لە ململانێی شەخسی و حزبی و نێو دەوڵەتی، ئەوا گومانی تێدا نیە كە كورد پشتیوانیەكی تەواوی دەسەڵاتدارانی كورد لەبەغداد دەكات، ئەمەش بەوپێیەی كە كورد هەرگیز ئامادەنییە بۆ مالیكی یان هەر دەسەڵاتدارێكیتر لە عێراق قوربانی بدات، لەبەر ئەوەی تاڵی زۆر لە رابردوودا بەدەست دەسەڵاتدارانی عێراقەوە بینیوە... كە ئەم روونكردنەوەیەش بۆ خەڵك بە ئاشكرا نەكرێت ئەوا بەرپرسیارێتی رووداوەكانیش لە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی هەرێمە لە بەغداد و كێشەكەش وەك كێشەیەكی شەخسی دەمێنێتەوە...
دەتوانین بڵێین بە جۆرێك لە جۆرەكان سەرجەم وتەكانی بارزانی دژی بەغداد لەماوەی رابردوودا وتەی باشبوون و لە بەرژەوەندی دەسەڵاتدارانی هەرێم بوون لە بەغداد، ئەو حەقەش مافێكی رەوای بارزانییە لەوەش توندتر دژی دەسەڵاتی بەغداد بوەستێتەوە و لەوەش زیاتر دڵگرانی چارەسەر نەكردنی كێشەكان بێت و بارزانی حەقی خۆشیەتی لەوە زیاتریش هەڕەشە بكات و سەرۆك وەزیرانی عێراق بەر رەخنە بدات... بەڵام لەهەمانكاتدا حەقی خۆشیەتی بارزانی ئۆپزسیۆن لەبەغداد ئەوەشی لەبەر چاو بێت كە خۆی بارزانی دەسەڵاتدارە لەهەرێمی كوردستان و گرنگیشە لەوە باشتر تێبگات كە چەند ناخۆشە، خەڵكی ناڕازی هەرێمیش كە گوێ لە خواستەكانی ناگیرێت چەندە دە ئێشێت و چەندەی پێناخۆشە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست