كەمپینى داكۆكیكردن لەمافى مامۆستایان / هەولێر
Tuesday, 19/07/2011, 12:00
بەیاننامە
بەرێزان /
سەرۆكایەتى ئەنجومەنى وەزیران
سەرۆكایەتى پەرلەمانى كوردستان
لیژنەى پەروەردە و خوێندنى باڵاى پەرلەمان
وەزارەتى پەروەردەى حكومەتى هەرێمى كوردستان
یەكێتى مامۆستایانى كوردستان
دەزگاكانى راگەیاندن
سەرجەم مامۆستایانى بەرێز
بەیاننامە
دواى ئەوەى چەندین جار لەرێگەى هەڵوێست و رێكارى مەدەنیانە و لەرێگەى نوسراو و كۆبونەوە لەگەڵ لایەنە جیاوازەكان و بەپێشكەشكردنى سەدان واژووى مامۆستایانى بەرێز بەلایەنەپەیوەندیدارو جیاوازەكان بەمەبەستى دابینكردنى دەرماڵەى پیشەیى بۆسەرجەم مامۆستایانى بەرێزى كوردستان بەبێ جیاوازى بەڵام بەداخەوە بەبیانووى جۆراوجۆر و بەدەستى دەستى و ئەمرۆ سبەى ، لایەنە پەیوەندیدارەكان خۆیان لەم داوا رەوایەى مامۆستایان كەچینێكى كارا و پێشەنگى كۆمەڵگەیە دەدزنەوە و بێهەڵوێستى یەكێتى مامۆستایانیش ئێمەى لەكەمپینى داكۆكیكردن لەمافى مامۆستایان بێزار و نیگەران كردووە ،هەموولایەكیش درك بەوە دەكەن خراپى گوزەرانى مامۆستایان ئاستى پەروەردە و زانستى هەرێمى بەرەوئاستێكى نزم بردووە ، بۆیە لەدوایین هەڵوێستمان بەهەموو لایەكى رادەگەیەنین لەمرۆ بەدواوە رازى نابین یەكێتى مامۆستایان بەهیچ جۆرێك ئابونەوە بەئیجبارى لەمووچەى مامۆستایان بگێڕێتەوە و مامۆستایان بەزۆر بكاتە ئەندامى خۆى و نەشتوانێ داكۆكیان لێبكات و بەپێچەوانەوە رێگاى دادگا لەیەكێتى مامۆستایان دەگرینەبەر چونكە كەس نازانێت ئەم هەموو ئابونەوە كەمانگانە دەگاتە زیاتر لە110ملیۆن دینار چى بەسەردێت !!! لەم بەیاننامەشەوە رایدەگەیەنین ئەگەر تا 15/9/2011 كەیەكەم رۆژى دەستپێكردنەوەى ساڵى نوێى خوێندنە دەرماڵەى پیشەیى بۆسەرجەم مامۆستایان دابین نەكرێت ئەوا بەدڵنیاییەوە ماندەگرین و ناچینە هۆڵەكانى خوێندنەوە ، داواش لەخودى وەزیرى پەروەردە دەكەین كەتائێستا بێدەنگە لەئاست گوزەرانى مامۆستایان بێتەدەنگ و پێداگرى بكات لەم داوایەمان.
لەگەڵ رێزدا
كەمپینى داكۆكیكردن لەمافى مامۆستایان / هەولێر
19/7/2011
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست