دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت بۆ ماوەی ١٥٣ ڕۆژ چەند وشەیەکی پێویستە
Friday, 21/02/2014, 12:00
دیارە لەسەرەتای بانگەشەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ٢١/٩ی ساڵی ڕابردوو دوای هەڵبژاردن و بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باشی دەنگ لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕانەوە گۆڕان بەردەوام پێداگری لەوە کردووە کە بەشداری لە حکومەتی داهاتودا دەکات، لەسەرەتادا ئەم وتەیەی ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەکە بۆ بەشداری لە حکومەت قسەیەکی تازە بوو بۆ لایەنگرانی، بەڵام ئەوەی جێگای دڵخۆشییە لێدوانی یەکێک لە ئەندامانی دیاری جڤاتی نیشتمانیە کەدەڵێت: "بە خۆشحاڵییەوە گۆڕان یەکەمین هێز دەبێت کە قاچێکی لەناو حکومەتدا و قاچێکی لەناو ئۆپۆزسیۆندا دەبێت" ئەوەش ڕونە کە حكومهتی بنكه فراوانی بێ ئۆپۆزیسیۆن حكومهتێكی لاواز دهبێت.
لەدوای هەنگاوەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان، لەسەرەتادا هەموو ئاماژەکانی هەردوو حزب خۆشحاڵی بوو لە بەشداری گۆڕان لە کابینەی نوێی حکومەتدا بەتایبەت دوای ئەوەی کە شکستەکەی یەکێتی بینرا، چونکە هەستیان بە قەبارەی گەورەیی گۆڕان کرد کە بووە بە واقعێک نکوڵی لێناکرێت و هەیە.
دوای ئەوەی چەند کۆبونەوەیەک لە نێوان وەفدی حزبەکان ئەنجامدرا بۆ پێکهێنانی حکومەت و دەست تێوەردانەکەی ئێرانیش لەولاوە بوەستێت، سەرئەنجام یەکێتی پێداگری لەسەر وەرگرتنی پۆستی "جێگری سەرۆکی حکومەت" کرد لە کاتێکدا ئەگەر دیموکراسی هەبێت، هێزی دووەم سەر پشکە بەپێی ئیستحقاقی دەنگی خۆی هەڵبژاردە لەنێوان پۆستەکاندا بکات، ماوەیەکی باش دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت لەسەر ئەم پێداگرییە دواکەوت بە جۆرێک لەدوای پێکهێنانی یەکەم کابینەی حکومەت لەساڵی ١٩٩١ ئەمە ئەکەم جارە پێکهێنانی حکومەت لە هەرێمی کوردستان بەمشێوەیەی ئێستا دوا بکەوێت، بە پێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی نیقاشی ئەڵمانیش هەرێمی کوردستان بەهۆی دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت یەکێكە لەو وڵاتانەی کە ڕیزبەندی پێشەوەی گرتووە لەناو وڵاتاندا .
ئێستا گۆڕان کە سازشی لەسەر جێگری سەرۆکی حکومەت کردوە لەبەرامبەر وەرگرتنی وەزارەتی ناوخۆ، ئەو خۆشحاڵیەیی پارتی و یەکێتی ڕەوییەوە لە بەشداری گۆڕان لە حکومەتدا، چونکە خۆیان باش دەزانن کە وەزارەتی ناوخۆ بەدەست گۆڕانەوە بێت باڵانسی هێز لای گۆڕان زیاد دەبێت بە تایبەت لەسنوری پارێزگای سلێمانی، چونکە لە دەنگدانی گشتیدا لە کۆی ١٤قەزا گۆڕان لە ١٢ قەزا دەنگی یەکەمی هەبوو گۆڕانیش بۆ زیادکردنی هێز و ژمارەی دەنگی لەناو هێزەکانی ناوخۆدا پێداگری لەسەر ئەو وەزارەتە دەکات.
لە ئێستادا هەردوو حزب دەیانەوێ گۆڕان بێزار بێت لەدواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت و بە بەیاننامەیەک هەڵوێستی ڕەقی گۆڕان ببینن و بە دەمی خۆی بەشدارینەکردن لەحکومەت هەڵبژێرێ، چونکە پارتی ترسێکی زۆری هەیە لە بەهێزبونی گۆڕان بە تایبەت لەناو حکومەتدا.
بۆیە دەبێت لایەنگرانی گٶڕان و دەنگدەرانی زۆر لەوە پشوو درێژتر بن کە ئەو گۆڕانەی دەیانەوێت لە سیستەمی حکومڕانیدا بکرێت مەرج نییە بە ٤ ساڵ بێتە دی ، گۆڕانیش خۆڕاگرتر بێت لە ئاست هەموو ئەو ڕەخنانەی کەلێی دەگیرێت لەبەرامبەر بێدەنگ بوونی لە دواکەوتنی حکومەت ، هەر جۆرە سازشکردنێکی تری گۆڕان دوای سازشی جێگری سەرۆکی حکومەت ، بەوەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و وەزارەتی دارایی ڕازی بێت ئەوا جگە لە "پاسەوانی پارە" هیچ شتێکی تر نابەخشێ بە گۆڕان و کاریگەری لەسەر ئاستی جەماوەری و کەمبونەوەی ڕێژەی دەنگەکانی دەبێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست