پیاوە سەر سپی و ڕوو ڕەشەكەی وەزیری نەوت
Sunday, 15/07/2012, 12:00
تەنها من مابووم دەستی ئەم چەپەڵانەم بەر كەوێت ، تەنها من مابووم بە پێوە و شاهیدی دزینی ئەم سامانە میللەی كوردستان بووم ، پەنجا ساڵە مندالأ و گەورە بە سەرم دا دەڕۆن و ورتەیەكم لێوە نەهات ، مرۆڤ و ئاژەڵەكان لە باوەشم دەگرم و بەو پەڕی ئەمانەتەوە تا دەروازەی ڕووناكی بە ڕێیان دەخەم ، ئێوە..دوژمنە سەرسەختەكانی ڕووناكی و ئاوەدانكردنەوە .. منداڵ نەما نەیكوژن و سەرچۆپی بە خوێنەكەیەوە نەگێڕن ، ئافرەت نەما بێوەژنى نەخەن و چاوتان نەخەنە سەر شەرەفی ، پیاو نەما نەیكەن بە قەڵغانی غەریزەی ئاژەڵیانەی خۆتان و لەسەر مێزی گفتوگۆ كوشتنى حەڵاڵ نەكەن ، بستێ خاكی ئەم كوردستانە نەما تۆوی پیس و بۆگەنى خۆتانی تێدا ڕۆ نەكەن .. بە دار و بەرد و عەرزی ئەم كوردستانە تێر نەبوون و لە فرۆشتنى نەحەساونەتەوە .. دوژمنى ئەم وڵاتە نەما نەیهێنن و نەخشە و نهێنی ئەم مەملەكەتە نەما نەیخەنە بەردەستی.. ماستاوچی و چڵكاو خۆری فارس و تورك و عەرەب و یەهودی نەما نەیكەن بە میوانى ئەم خاكە ئازیزە.. ریسوایی دونیا نەما نەیچێژن لە پێناو دەستكەوتنى پارە و گەورە كردنی گیرفانتەكانتان... درۆ و فێڵ و ریسوایی نەما تامی نەكەن تا ئەوەندەی ئەم خاكە هەراج كەن.. بە سنوور و شاخ و دۆڵەكانیەوە نەوەستان .. بە بەرهەمی سەر زەویەكەی قوڕگتان تێر نەبوو ، وا خەریكە هەوا و نەوت و غازەكەشی هەڕاج دەكەن.. شەرمەزار بن بۆ خۆتان و دەسەڵات و حكومڕانیتان .. برا نەما لە یەكی نەكەن و دایك نەما پێشوازی لە تەرمی ئەزیزێكی نەكات.. خونچە نەما نەیكەن بە دڕك ، و دەوەن نەما پۆخڵەواتی ئێوە بۆگەنی نەكرد بێ ... باوك نەما لە تاو هەڵڕشتنى فرمێسك چاوى ڕەش نەبێ ، و ژن نەما لەبەر دەغەزاریی ئێوە جلی ڕەش نەپۆشێ .. مندالأ نەما یاریە ئاگرینەكانی ئێوە داخی نەكرد بێ و گەنج نەما لە ترسی جەبەروتی ئێوە ئەم وڵاتە نەكاتە خەو .. ئاژەڵ نەما نەیكەن بە ژەمی ژەهری گەدەتان و سروشت نەما كیمیاوی ئێوەی بەرنەكەوتبێ .. لالەزار نەما ڕەنگی سیس نەبێ لە داخی مرۆڤە سیسە پارتیەكان ، باخچە نەما نەسووتێ لە داخی سەوزی پاشەڕۆی یەكێتیەكان .. نەفرەت لە خۆتان و ڕاپەڕین و سەروەریتان ... نەفرەت لە دەسەڵات و پایە و سەربەرزیتان.. نەفرەت لە خەون و خەیالأ و بێ دەربەستیتان .. نەفرەتی شەیتانتان بە سەر دا بڕژێ..ئەی قەلە ڕەشە نابووتەكانی كوردستان .. نەفرەتی جەهەنەمتان لێ بێت .. پیاوە گرگن و ورگن و جەردەكان.. ئاگری دۆزەختتان لە ڕوو بپرژێ .. گەندەڵە بەد فەساڵە بێ دەرماڵەكانی كوردستان ..
تەنها ئەوەندە دڵم خۆش بوو كە وەك تونێلێكی بێدەنگ خزمەتی ئەم شارەم دەكرد .. بە سەرمدا دەڕۆشتن و بەهێزتر دەبووم .. بە ناو تاریكی دڵم دا گوزرەیان دەكرد و دڵنیا بوون كە دەگەنە مەنزڵ .. لە ناو سینەم دا وێنەیان دەگرت و بە دیواى ماڵەكانیان دا هەڵیاندەواسیم... لە قەراغم دا ئێواران خەمێكی شاریان باس دەكرد .. لەگەلأ ئەوان ..خەڵكانی بەستەزمانی شار ... چەندە دڵم ڕۆشن و ناخم ڕووناكتر دەبوو .. چۆن ناخم دەكردەوە و بێ دەنگ بێ دەنگ لەگەڵ خەمەكانیان خۆم دەكردە فەرش .. لەگەلأ ئێوە .. زلە بێ هونەرەكانی دەسەڵات ، زۆڵە كوردەكانی ناو حیزب.. مڵەكانى زەوی و زاری كوردستان.. لەگەڵ ئێوە ڕەش ڕەش دەچمەوە .. كە بە لاشم دا دەڕِۆن قەتران لە سینەم دەتكێ .
تۆ ... ئەی پیاوە سەر سپی یە ڕوو ڕەشەكەى وەزیری نەوت .. لە دایك و باوكی خۆت نەكردوو ، نەهەنگەكەی نەوتى هەرێم .. ئەمجارە منیش شاهێدم .. گەواهی ئەوە دەدەم درۆ دەكەی ، وەك سەرۆكە خەواڵوەكەت ، وەك بەرازەكەی ناوچەی بەرزان ، وەك نێچیرە ڕاوكراوەكەی تورك و ئێران ، گەواهی دەدەم درۆ دەكەن ، لەبەر دەنگی زڕی ئێوە ، نە دەهێڵن خۆم پشوو دەم ، نە دەهێڵن وەكو ڕەمزی ئەم شارە دێرینە ، چەند ساڵێ تر ، ئەوەی لە توانام دا ماوە ، بیكەم بە چەپكە گوڵی خزمەت و بیدەم لە یەخەى نیشتیمان .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست