قەوزەكەى دوكان و قەزافیەكەى لیبیا..!
Monday, 05/12/2011, 12:00
ئاسۆ عەلى گەڵاڵى
لەماوەى ڕابردوودا موعەممەر قەزافیى سەرۆكى گشت یەكە ئیدارییەكانى لیبیا (بەسەرەك كۆمارو سەرەك وەزیران و پاشاو وەزیرو سەرۆكى تەواوى وڵاتەوە) بەدەستى چەند كەسێكى سادەى لیبی و هاوڵاتیى ئاسایى ئەو ڵاتە كە نازناوى شۆڕشگێڕیان هەڵگرتبوو و لاى قەزافى (ئاژاوەگێڕەكان بوون هەروەك لاى خۆمان و چەند مانگێك پێشتر)، كوژرا، بەڵێ كوژرا، بەڵام نەك كوشتنێكى ئاسایى بەڵكو كوشتنێك كۆتایى بە: 42 ساڵ داگیركردن و خوێنمژینى زوحاكانەى سامانى فرە زۆرى لیبی و دەیان و سەدان كارى ناشایستەو ناڕاست و ناموسوڵمانانە "وەك خۆى بنگەشەى بۆدەكردو باسى ئیسلامییبونى سیستمى لیبیى دەكرد"و نادیموكراسیانەو نامرۆژانەو چەندان "نا"ى تر، هێنا.
تائێرە بۆبەشى دووەمى مانشێت و ناونیشانە سەیرە سەرنجڕاكێشە ڕاستەكە بەسە، بابێینە ئەملاتر.
ماوەیەك پێشتر هەواڵى پیسبوونى تاكە سەرچاوە ئاوییەكەى شارە حەیاتەكە بڵاوبووەوە، بەڵام بەچى؟ بەقەوزە، قەزەكەى دوكان بووە هۆیەك بۆ پیسبوونى ڕووبارى دوكان كە گەورەترین سەرچاوەى ئاویى شارى سلێمانییە، بوونى ئەم قەزە سەوزە پیسكەرانە لە ئاوەكەدا گوامانى لەدڵى بەشێكى زۆرى خەڵكى شارەكەو تەنانەت دەورەبەرەكەشیدا دروستكرد، گومانیان لەو ئاوە هەبوو كە ئەیخۆنەوە بەپاك نەبوونى ئاوەكە، بەزیانمەندیى، جا ئەم گومانە لەسەر هەقە بووەهۆى ئەوەى داوا بۆ پاككردنەوەى ئاوى دوكان لەو قەوزانە لەلایەن بەشێكى زۆرى هاوڵاتیانەوە بەرزبكرێتەوەو دواترییش لەلایەن بەناو حكومەتەكەمانەوە، حكومەتە پشتگوێخەرەكەمانەوە بەڕوكەش پاك كرایەوە هەڵبەتە بەشێوەیەكى كاتیی وەك هەموو پرۆژەكانى ترى.
مەبەستى من لەم نوسینە بیرخستنەوەى ئەم دوو ڕووداوە نییەو نەبووە، بەڵكو بەراودكردنییان بەیەكترو خستنەڕووى خاڵە لێكچوەكانیانە زۆر بەكورتى، جا ئەمەى پێشوو بەشى سەرەتاى ڕووداوەكان و ساتى یەكەمى ڕووداوەكانیان بوو بەڵام:
قەزەكەى دوكان ئاوى ڕووبارى دوكانى پیسكردو بەجۆرێكى لێكرد تەنانەت گومان لە خواردنەوەى كرا لەلایەن خەڵكى شارەوە، ئەو قەوزەیە تەنها ڕووبارى دوكانى نەگۆڕى بەڵكو بیركردنەوەى خەڵكیشی بەرامبەر ڕووبارەكە (هیچ نەبێت بۆماوەیەك) گۆڕى، قەزافی سەرۆكى ڕۆشتوو بەرەو دۆزەخ و زبڵدانى مێژوو و قیامەتیی لیبیا، وڵاتى تێكداو دامودەزگاكانى لەخزمەتى خۆیى و خێزانەكەیدا ڕامكردو گشت كەلەبەرەكانى لیبیاى بە گەندەڵیى تاكەكەسى پڕكردەوە، كەواتە هەردولا تێكدەربوون و قەوزەكە دەریاچەكەو قەزافییش زەریا بەپییتە نەوتییەكەى لیبیایان لەناوبرد.
قەوزەكەى دوكان پاك كرایەوە، بەڵام وا سەرهەڵدەداتەوەو لە دروستبوونەوەدایە، قەزافییەكەى ئەولاش مەرج نییە خۆى زیندوو بێتەوە بەڵكو دروستبوون و لەسەر هەمان پرنسیپ ڕۆشتنى دەروێشەكانى هەمان مانای هەیە، كەواتە هەردوولا لە زیندووبوونەوەو تازەگەرییدان هەرجارەو بەبەرگ و ناوێكى نوێ، ئەمانە جگە لە سەوزیى هەردووكیان بەوەى قەوزە ڕەنگى سەوزەو زۆرترین جارییش بەرگەكانى قەزافى سەوز بوون.
*
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست