بۆ ئەوانەی کە دەڵێن، ناڵێن با پارتی و یەکێتی بڕوات!
Tuesday, 19/04/2011, 12:00
کێشەکە یاسایە.
دەبێت لە بەردەم یاسادا هەموو کەس یەکسان بێت، جا ئەو کەسایەتییانە کەسایەتی جەستەیی یان کەسایەتی قانونی بن. مرۆڤ بن، شەریکات بن یان حیزب.
ئەو لە یاسا لادانانەی ڕوو دەدەن تەنیا بە یاسا دەتوانرێت یەکلایی بکرێنەوە. هەموو کەسێک یان کەسایەتییەک بەرپرسە لەوەی لە یاسا لانەدات، یان باشتر بڵێین ئاگاداری یاساکان بێت.
کاتێک کەسێک یان کەسایەتییەک لە یاسا لادەدات، ئەوە دادی نادات و، بیانووهێنانەوە بەوەی ئاگاداری یاساکە نەبووە لە سزا نایپارێزێت.
یاساکان گەر ئەوانە بن کە وا مرۆڤ نوسیونیەتەوە، ئەوا لە سەروو ئەو یاسایانەشەوە یاسا سروشتیەکان وەکو چاودێر لە بێشەدان.
ئەم نوسینە ڕوو لەو کەسانەیە کە هێشتا شەرم دەکەن بڵێن کە پارتی و یەکێتی، یان هەر حیزب و لایەنێکی تر، دەبێت بڕۆن! کە دەوترێت پارتی و یەکێتی دەبێت بڕۆن ئەمە زۆر ئاماژە لە خۆیدا هەڵدەگرێت.
زەمانەتی مانەوەی پارتی و یەکێتی سەرباری کەمووکورتیەکانیان تا ئێستا میللەت بووە. کاتێک کە دەوترێت فڵان یان فیسار حیزب دەبێت بڕوات مانای ئەوە نییە کە ئەندامەکانی ئەو حیزبە ئیتر لە ڕووی جەستەییەوە لەناو دەبرێن، بەڵکو مانای ئەوەیە کە ئەو گرێبەستەی ئەو ئەندامانە پێکەوە گرێدەدات هەڵدەوەشێنرێتەوە.
ئەوەش کۆتایی دنیا نییە!
حیزبی نیشتمانی میسریی و یەکێتی نیشتمانی کوردستان پارتی دیموکراتی کوردستان پێش مێژووی دروست بوونیان، نەبوون. دواییش کە دروست بوون ئەوە میللەت بووە دروستی کردون و دواتریش میللەت درێژەی بە ژیانیان داوە. بۆیە زۆر ئاساییشە میللەت بڕیاری چارەنوسیشیان بدات.
ئەو حیزبانەش لەبەر دەم یاسادا بەرپرسن.
پارتی نیشتمانی میسر کە حیزبەکەی موبارەک بوو لە ساڵی ١٩٧٨ ەوە دروست بووە، ئەو پارتە بە قەد ژمارەی دانیشتوانی هەرێم ئەندامی هەبووە، بەڵام دوای ئەو هەموو پێشێلکاریانەی یاسا و، ئەو هەموو دەستدرێژیەی کردیە سەر میللەتی میسر دواجار بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی درا.
ئەو مەسول و ئەندامانەش کە تیایدا بون و تاوانیان ئەنجامداوە ئەمڕۆ بابەتی دادگا و دادگایی کردنن.
پارتی و یەکێتیش دەبێت باش بزانن ئەوان لە حیزبی بەعس و لە نیشتمانیەکەی موبارەک گەورەتر نین. ئەوان دەستێکی خوداوەندی لە پشتیانەوە نییە تا نەتوانرێت هەڵبوەشێنرێنەوە.
ئەو دوو حیزبەو ئەندامەکانیان، بە هێزە چەکدارەکانیشیانەوە دەبێت بزانن کە یاسا ئەوانیش دەگرێتەوە. ئەوان لەسەرو یاساوە نین. گەر ئەمڕۆ میللەت ئامرازەکانی مەحکوم کردنیانی پێنەبێت ئەوا سبەینێ ئەمڕۆ نییە.
ئەندام و لایەنگرەکانی ئەو دوو حیزبە دەبێت باش بزانن کە ئەوان حەسانەی یاساییان نییە، دەبێت یاساکان ڕێز لێبگرن، لە پێش هەموشیانەوە یاسا سروشتیەکان و مافەکانی مرۆڤ.
ئەوان برامان بن، خوشکمان بن، باوک و کەسوکارمان بن دەبێت هەروەک چۆن ئێمە هەڵوێستمان ڕوونە بەرامبەریان و حەز ناکەین ئەوان پەنجەیەکیان خوێنی لێبێت، ئەوا دەبێت ئەوانیش کە ئەمڕۆ ئامڕازەکانی سەرکوتکردنیان بەدەستەوەیە، وەکو ئێمە هەمان هەڵوێستیان بەرامبەر ئێمە هەبێت و حەز نەکەن پەنجەیەکی ئێمەش خوێنی لیبێت!
دەبێت ڕێز لەو نیازپاکییەی ئێمە بگرن. گەرنا ئەوا ئەوانیش وەکو ئێمە یەکسانن لە بەردەم یاسادا، چ لە ڕووی مافەوە و چ لە ڕووی ئەرکەوە. ئەرکی سەرشانیانە یاساکان بزانن و پێشێلیان نەکەن، گەرنا ئەوا سبەینێ بیانوهێنانەوە بەوەی ئەمریان پێکراوە یان یاساکان شارەزا نەبوون دادیان نادات. ئەوان دەبێت بزانن کاتێک کە زەمینەی پشتگیریکردنیان لە لایەن میللەتەوە لە دەستدا، ئیتر زۆر ئاساییە داوای دادگایی کردنیان بکرێت و داوای هەڵوەشاندنەوەی حیزبەکانیشیان بکرێت.
یاساش بەرامبەر تاوانباران خاوەن بەزەیی نییە.
ئەو خوشک و برایانەی کە لایەنگری خەباتی ناتوندوتیژیین دەبێت بزانن کە ئێمە گیانی خۆمان خۆش دەوێت، وە لە پێش هەموشیەوە گیانی گەنجەکانی خۆمان خۆش دەوێت. کە بە گەنجەکانمان دەڵێین ئاگاتان لە پێشمەرگەو هێزە چەکدارەکان بێت و خوشک و برای خۆتانن مانای ئەوەیە کە ڕەحمیان پێبکەن، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە ئەگەر ئەو چەکدارانە تاوانیان ئەنجام دا لێیان ببورن!
ئەو چەکدارانە دەبێت زۆر چاک بزانن کاتێک کە تاوانیان ئەنجامدا و لە یاسا لایاندا، ئەوا چارەنوسیان چارەنوسی شەماڵەکان دەبێت!
بە کورتیەکەی تا ئیستا کات بەدەست ئەوانەوە ماوە کە لەناو پارتی و یەکێتیدان و خۆیان بە بەرەی میللەت دەزانن کە دەبێت هەڵوێست وەربگرن، دەنا ئیتر هیچ پاساوێکیان بەدەستەوە نامێنێت بۆ بەردەوام بون لەسەر ئەوەی لە هەردوولا بخۆن.
پارتی و یەکێتیش میللەتی کورد دروستی کردون و میللەتی کوردیش دەتوانێت هەڵیان وەشێنێتەوە و پێیان بڵێت بڕۆن.
بۆیە ئەرکی سەرشانیانە لە یاسا لانەدەن.
ئەو تاوانانەی ئەم دوو ڕۆژەی دوایی ئەنجامیان داوە هیچ پاساوێکی نییە، نە پاساوی ئەوەی کە ئەندامەکانیان براو کەس و کارمانن، نە پاساوی یاسایی، بۆیە ئەوان بەرپرسن لە هەر کردارێک کە ئەنجامی دەدەن. ئەندامەکان و پیاوەکانیشیان بە هەمان شێوە لە هەڵسوکەوتەکانی خۆیان بەرپرسن!
یەکێتیەکان دەبێت باش بزانن کە خەتی سوری حکومەتیان خەتێکی کاڵ و تەزویرە و زوو ون دەبێت،. دەبێت بزانن کە لیژنەی ئەمنیەکەیان نائەمنییە و قسەکانیان ئەوەندە بڕ ناکات!
پارتی دەبێت باش بزانێت کە ئەو ژاراویکردنی ژینگەیەی هەولێری بۆ ناچێتە سەر. ١٨ ی مانگ بەو هەموو هێز و جەبەروتەی خۆیەوە نەیتوانی ڕێگە لە خۆپیشاندانی دوو سەد کەسێک بگرێت، باشە گەر هەموو خەڵکی هەولێریان لێ هەستا چی دەکەن؟
با ئەندام و چەکدارەکانیان ئاقڵ بن و خۆیان بێئەقڵ نەکەن!
لە دەستی درێژی یاسا دەربازیان نابێت. لە دوای حەڤدەی شوباتەوە ژینگەی دوو حکومەتی ڕەفزکراوەتەوە. جارێکی تر ناتوانن سەرباری تاوانەکانیان لە پاڵ لایەنێکدا خۆیان حەشار بدەن!
میللەتی ئیمە لەو میژووە بەدواوە ژینگەیەکی حیزبایەتی لە چەشنی ژینگەی ئێستای پارتی یەکێتی ناوێت. ژینگەیەکی دەوێت تیایدا یاسا سەروەر بێت و تاوانبار حەشارگەی نەبێت و جێگەی دروستی بەردەم دادگایەکی بێلایەن بێت!
جا بۆیە بە هەموو گەنجان و کوردانی ناڕازی و شۆڕشگێڕ دەڵێم کە پارتی و یەکێتی موقەدەس نین، با کەسوکارەکانیشمان ئەندام بن تیایاندا! ئەو کەسوکارانەمان دەبێت وەکو ئێمە حسابێک بۆ دڵی ئێمەش و بۆ خواستەکانی ئێمە و، بۆ یاساش بکەن. دەبێت ئەوان خۆیان لە ئەنجامدانی تاوان بەرامبەر ئێمە بپارێزن، گەرنا ئەوا تاوانبار هەر تاوانبارە و دەبێت حەقی یاسایی خۆی وەرگرێت.
هەر حیزبێکیش تەمەنی چەند بێت دەبێت بزانێت ئەو لە پێناو میللەتدا دروست بووە نەک بە پێچەوانەوە.
لە فەرهەنگی میللەت و لەبەردەم یاسادا شتێک نییە ناوی مەحاڵ بێت.
حیزبەکەی موبارەکیش حیزبی خوشک و برا و ئامۆزا و کەسوکاری میسریەکان بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو حیزبە ببووە ئامڕازێکی چەوساندنەوە بە دەست موبارەک و ئەندامەکانی ئەو حیزبەوە، گەلی میسر حوکمی هەڵوەشاندنەوەی بەسەردا دا و، هیچ حسابێکی بۆ ئەوە نەکرد کە ئەو حیزبە لە سەرەتادا تا چەند نیشتمان و میللەت دۆست بووە!
پارتی و یەکێتیش گەر لەسەر ئەو ملهوڕی و تاوانکاریانەیان بەردەوام بن ئەوا زۆر ئاساییە داوای ڕۆیشتن و هەڵوەشاندنەوەشیان بکرێت.
ئەوکاتە با ئەندامە پاکەکانیان بۆ خۆیان حیزبی تازە و مۆدێرنتر دروست بکەن و درێژە بە کارکردن بدەن تیایاندا!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست