کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


خەباتی ناتوندوتیژیی لەدەستدانی دەستپێشخەریی و جوڵە نییە!

Saturday, 09/04/2011, 12:00


خەباتی ناتوندوتیژی پاڕانەوە نیە لە دەسەڵات. ئەو خەباتە گردبونەوەو چەقبەستن نییە. ترس نییە لە توندوتیژی کە لەلایەن دەسەڵاتەوە ئاڕاستەی خەباتگێڕان بکرێت.
مەیدانی ئازادی دوای ڕاگەیاندنی رێگەچارەکان و میکانیزم دەبێت ئیتر بکەوێتە جوڵە.
ئەکشن!
واتە دەبێت ئیتر بجوڵێت بە ئاڕاستەی دەسەڵات و مۆڵگەکانی و، زەردەواڵە و زەردەزیڕەکانی هەراسان بکات. لە کونەکانیان دەریان پەڕێنێت و چزوەکانیان پێ بخاتە حاڵەتی ئامادەباشی و بەکارهێنان.
چونکە ئیتر ئەوکاتەیە شت ڕوودەدات!
گەر ئەمە نەکرێت خەباتی ناتوندوتیژیەکە دەبێتە فلیمێکی خاو و بینەر بەدیاریەوە خەوی لێدەکەوێت.

خەباتی ناتوندوتیژی پەنا نەبردنە بۆ توندوتیژی، لە هەمان کاتدا تەحەدایە.
گرتنە بەریی ڕێگەی وایە کە دەسەڵات چاوەڕێ دەکات پەنای بۆ نەبرێت.
ئەو مۆڵگەکانی تژی کردووە لە چەکدار و بەربەست، جوڵان و "خۆ" پێشاندان پێیان حەرەکە دروست دەکات.
گەر نا ئیتر نوێژکردنەکانی مەیدانی ئازادی دەبن بە پاڕانەوەو لەوە تێناپەڕن.
ئێستا کە میللەت تا ڕادەیەک لە شۆکی کوشتارەکان بەخەبەر هاتووە، دەبێت بیکات بە توڕەیی، بەو مانایەی بکەوێتە ڕێ. گەر نا ئەوا دوعا و پاڕانەوەکانمان سنوری مەیدانی ئازادی بە ئاڕاستەیەکی ئاسۆیی نابەزێنێت و، دەسەڵات هێندەی تر جێگەی خۆی قایم دەکات.

گەر ئەم ڕەوتە ڕاپەڕین نەبێت و وەک گۆڕان دەڵێت خۆپیشاندان بێت، ئەوا خۆپیشاندانیش نیە، ئەوە بووە بە گردبونەوە و سودمەندی یەکەم لێی حیزبە ئیسلامیەکان و دەسەڵاتن.
حیزبە ئیسلامیەکان لەوەتەی هەن زاتی ئەوەیان نەکردووە نوێژێکی ئاوا ئاشکرا لە شوینێکی گشتیدا بکەن و دەسەڵاتیش موبادەرەکان لە ڕەوتەکە دەسەنێتەوە و دواتر ئاسانتر دەیکات بە ئامانج.

جەلال و مەسعودیش کە لێی بێزارن لەبەر ئەوەیە ئەوان لای خۆرئاوا خۆیان وەکو سێکولار نیشان داوەو، میللەتی کوردیان بەهەمان شێوە ناساندووە. ئەمڕۆ کە ئەوان بێزار دەبن لەبەر ئەوەیە کە ئیحراج دەبن لەبەردەم دۆستەکانیان لە خۆرئاوا!

دوعا و نوێژەکانمان بەری نابێت، گەر خۆمان یارمەتییان نەدەین و جوڵەیەکمان نەبێت!

گەر خەباتی ناتوندوتیژی سستکردنی خەباتگێڕان بێت و، دەستپێشخەریی جوڵە ئامێز و تەحەدای نەبێت هیچ ناکرێت!

گەر مامۆستا بڵێت با ئەوان لە کورسیەکانیان بمێننەوە ئەوا هیچمان نەکردووە!

کێشەکە کورسیەکەیە، کە ڕێگرە لەبەردەم بنیاتنانی سیستەمێکی گونجاو و لەبار بۆ کوردستان.





نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە