بە سیستەمکردنی گەندەڵی و لاڵکردنی زمانی تاکەکان!
Sunday, 03/04/2011, 12:00
دوو نمونەو دواتر چونە ناو مەبەستی نوسینەکە. لەم بابەتەدا شێوازەکانی گەندەڵی باس ناکەم و، باسی کاریگەرییە خراپەکانیشی لەسەر کۆمەڵگە ناکەم، ئەوەی جێی بایەخی ئەم نوسینەیە ئەو کاریگەرییە دەرونیەیە کە گەندەڵی هەیەتی لەسەر بوێری ئینسانەکان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی.
نمونەکان:
جەلال تاڵەبانی لە سەرەتای نەوەدەکاندا کاتێک بەرە مابوو کۆبونەوەیەکی بەربڵاوی بە ٢٠٠ تا ٣٠٠ کادری یەکێتی کردبوو. یەکێک لەو پێشمەرگانە لە دەرفەتێکدا لە تاڵەبانی پرسیبوو کە بۆ ڕێگە دەدات خەڵکی دزی بکەن و بەرتیل وەربگرن و حساب بۆ واسیتەو واسیتەکاری بکەن!
ئەوکاتە هێشا کەسانێک هەبوون لە کەسێتی جەلال باش تێنەگەیشتبوون و ئەوانە ژمارەشیان زۆر بوو. بەشیکی زۆر بوون لە میللەت.
ئەو کادرەی یەکێتیش لە تێڕوانینی پاکدەستی و دڵسۆزیی خۆیەوە ئەو پرسیارەی کردبوو.
جەلال لە وەڵامدا وتبووی لەبەر ئەوە ڕێگەیان دەدات تا لەبەر دەمیدا چاوشۆڕ دەبن.
واتە ئەو خۆی هانی دزی و پارەخواردن و مەنسوبیەت و مەحسوبیەتی دابوو کە هەموی ڕێگەخۆشکەربوون بۆ گەندەڵبوون. دەشێت بپرسین ئەو بۆچی خوازیاربووە کادرەکانی حیزبەکەی خۆی چاوشۆڕبکات لە ئاستی خۆیدا؟ وەڵامەکەی ڕون و ئاشکرایە، بۆ ئەوەی کەس نەوێرێت و زات نەکات پێی بڵێت لەل!
نێچیربارزانی و مەسعود:
لە گەرمەی حەساری پارتیدا لەسەر یەکێتی و سلێمانی، ئەوکاتەی هەلومەرجی ژیانی ئابوریی خەڵکی زۆر خراپ بوو، ئەمان داوەتنامەیان دەنارد بۆ نوسەرانی سلێمانی تا بچنە هەولێر و لە کۆڕوکۆبونەوەکانیاندا ببنە گوێگر. پاداشتی ئەو سەردانانەشیان منحەی مۆڵ بوو کە دەدرایە دەستیان. لە هەمان کاتدا جەلالیش فێر ببوو هەمان شتی دەکرد. کەچی هەمان ئەو نوسەرانەی بە هەزارتەکلیف داوەتنامەیەکی هەولێریان دەپچڕی بەپەلە خۆیان دەگەیاندە کۆڕوکۆبونەوەکانی جەلالیش.
سەیرەکەی لەوەدا بوو جارجار کە داوەتنامەشیان دەست نەدەکەوت خۆیان لەسەر حسابی خۆیان دەچونە هەولێر و ئامادە دەبوون بەو هیوایەی هەرچۆنێک بێت مینحەکان بیان گرێتەوە، کەچی لەوێ پێیان دەوترا کە ئەوان داوەت نەکراون بۆیە مینحەکە نایان گرێتەوە.
ئەم جۆرە لە هەڵسوکەوت کەسێتی نوسەرەکانی تێکدەشکاند. بێگومان لەژێریشەوە پێیان دەوترا کە ببنە لایەنگری پارتی و خۆیان ساغبکەنەوە.
ئەم نمونانە چیمان پێدەڵێن ئەوە نەبێت کە ئەم دوو بنەماڵەیە بە بەرنامەو بە پلانی پێشوەخت کاریان بۆ ئەوە کردووە کە گەندەڵی بکەن بە سیستەم و چاوی تاکەکانی کۆمەڵی پێ شۆڕبکەن بۆ ئەوەی دواتر هەست بە قەرزاری و شەرمەزاری بکەن و زاتی ئەوە نەکەن بەو جەنابانە بڵێن لەل.
ماوەی بیست ساڵ زۆر دورو درێژەو کەم کەس و تاکی کۆمەڵ هەیە تێوە نەگلێنرابێت لە گەندەڵی، بۆیە ئیتر هیچ پێویست ناکات خەڵکی خۆی بە شەرمندەو چاوشۆڕی بەردەم ئەوانە بزانێت. گرنگ ئەوەیە ئەمڕۆ هەمومان دەزانین ئیتر ژیان لە ناو ژینگەیەکی گەندەڵدا مەحاڵە.
کەس پێویست ناکات بترسێت و نەوێرێت ناڕەزایەتی خۆی دەرخات، گرنگ ئەوەیە ئێمە ئەمڕۆ هەمومان بەیەک دەنگ بڵێین نا بۆ گەندەڵی بەڵێ بۆ ئازادی و گەندەڵیەکانمان لەگەڵ خۆمان نەبەین بۆ ئایندە!
ئیتر پێویست ناکات زمانمان لە ئاستیاندا لاڵ بێت و نەوێرین قسەبکەین لەبەر ئەوەی نەخوازەڵا پێمان بڵێن خۆ ئێوە خۆشتان گەندەڵ بون و لەبەری گەندەڵیەکەتان خواردووە.
تێبینی:
ئەم دوو نمونەیە دوو هاوڵاتی بەڕێز بۆیان باسکردووم و منیش کردمن بەم نوسینە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست