ئەمڕۆ کێ هەولێرە؟
Friday, 11/03/2011, 12:00
ئەمڕۆ مەنتک هەولێرە!
هەولێر پایتەختی داگیرکراوی کوردستان.
هەولێر چۆن داگرکرا؟
هەولێرێک کە هۆلاکۆی بەزاندبێ و، سەردارەکەی سەعید سۆفیی بە ڕۆژی نیوەڕۆ پارێزگارەکەی بەعسی تیادا دابێتە بەر گوللە و دواتر تەلەفۆنی بۆ کردبێت بۆ خەستەخانە، ناڵێم نەخۆشخانە چونکە ئەو ڕۆژە جێگەی کەسێکی خەستەی وەکو پارێزگارە بەعسیەکە بوو نەک نەخۆشەکان، و پێی بڵێت هەر دەتکوژم و، دواتر لە ترسا بە فڕۆکە بیبەن بۆ کەرکوک و بەغداد چۆن توانرا لە لایەن بنەماڵەوە داگیربکرێت؟
پارتی و مەسعود ئەوە نەبون بتوانن بە ئاسانی هەولێر داگیربکەن گەر چەند هۆکارێک نەبونایە:
یەکێتی وەکو هۆکار: سیاسەت و هەڵسوکەوتی هەڵەی یەکێتی گیرۆدەی دەستی جەلال و مەسولەکانی لە هەولێر، لە ساتەوەختەکانی پێش ٣١ ی ئابدا. من تەنیا یەک نمونە دەهێنمەوە ئەویش ئەوە بوو ئەو ڕۆژەی هەولێر داگیرکرا لە ماڵەکەی بەرامبەر ماڵی کۆسرەتەوە تەقە لە ماڵی کۆسرەت کرابو. ئەمە یانی چی؟ ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە یەکێتی لە ڕێگەی مەسولەکانیەوە نەیتوانیبو دڵی خەڵکەکە ڕابگرێت.
لە خۆبایی بون و گوێ نەگرتنی یەکێتی لەو هەواڵانەی پێیان دەگەیەنرا بەوەی کە مەسعود نیازی هێرشێکی هەیە. یەکێتی زۆر جار توشی لە خۆباییبون بوەو لە واقیع تێنەگەیشتووە.
سەرلێشێواوی دانیشتوانەکەی هەولێر لە نێوان پرۆپاگەندەی پارتی و یەکێتیدا.
ئەوەی هەولێری داگیرکرد لەشکرێکی چل هەزاریی بەعس بو بە تانک و تۆپ و هەمو جۆرە چەکێکەوە. هەرچەند پێشمەرگەکان و خەڵکێکی زۆر بۆ ماوەی پانزە کاژێر بەرەنگارییان کرد بەڵام دواتر نەیانتوانی خۆیان ڕابگرن. ئەم لەشکرەی بەعسیش هەروا بە ئاسانی نەیدەتوانی بچێت ئەو هێرشە بکات گەر پارتی نەبوایە بە ئەسپەکەی تەروادە. واتە پارتی و مەسعود بونە سوری بەرلەشکر و، مەسعود لە ڕێگەی ناردنی نامەی سوپاسکردنەکەی و داواکردنەکەیەوە بۆ هاتنی لەشکرەکە، وەکو لایەنێکی کوردی شەرعیەتی دا بە سەدام و دەستی گرت. بەوجۆرە هاوپەیمانان دەستیان گیرا لە ئاست وەڵامدانەوەی هێرشەکەدا.
ئێستەش کە خەڵک دەیانەوێت ڕاپەڕن هەلومەرجەکە بەبارێکی تردایە، ئەسپەکەی تەروادە مەسولەکانی یەکێتین و مانەوەی پارتی و مەسعود درێژدەکەنەوە. بەوەی کۆسرەت و جەماعەت، مەسعود بکەن بە ڕابەری ڕاپەڕین، دەیانەوێت داگیرکاریەکەی ٣١ ی ئاب مەشروع بکەن.
ئەمڕۆ بەشێک لە قەڵەمفرۆشەکانی هەولێر وادەدەن بە گوێی خەڵکی هەولێری قارەماندا کە ئەوان هەولێرن.
بۆیە گرنگە هەمومان ئەمرۆ بەیەک دەنگ بڵێین ئێمە ئەمڕۆ هەولێرین نەکو مەسعود و بنەماڵە و کۆسرەت و ئەتباعەکانیان.
ئەمڕۆ هەولێر کامەران مەنتکە نەک پیرباڵ.
ئەمڕۆ هەولێر مامۆستا و مەلا بەڕێزەکانن نەکو بەشیر.
ئەمڕۆ هەولێر شۆڕشی ١٧ ی شوباتە نەک هێزی داگیرکەر و داپڵۆسێنەری پارتی.
ئەمڕۆ هەولێر، هەولێریانی خێر نەدیتەن نەکو دزەکانی سەری ڕەش و قەڵاچوالان.
ئەمڕۆ چاوی هەمومان لەسەر هەولێرە لە هەر کوێ بین.
لە قامیشلۆ تا مهاباد، لە دیاربەکر تا کەرکوک. لەپێش هەموشیانەوە ئەمڕۆ ئازادیخوازانی سەرای ئازادیی هەولێرن.
ئەمڕۆ هەولێر مەنتکە و کەسی تر.
بژی هەولێر بەرەو ڕاپەڕینی یەکجارەکی.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست