کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گەندەڵی و چاوترساندن

Saturday, 16/04/2011, 12:00








گەندەڵی و پلانی دوو بنەماڵە بۆ دەمکوتکردنی تاکی کورد ڕەگوڕیشەی ئەستوورە.
کوردیش وەکو هەموو میللەتانی دنیا فریشتەو مەلائیکە نین و، چەند ساڵێکە کاریان لەسەر دەکرێت تا بەرگی ئەهریمەن بپۆشن. ئەوانیش مرۆڤن و ئارەزوویان هەیە. ئارەزووی مرۆڤیش بۆ هەندێک پێویستی ژیان خۆڕسک و غەریزییە، وە بۆ هەندێک پێویستی و شتی تر دروستکراوی کۆمەڵگەیە.
ئاخر کێ هەیە بتوانێت لۆمەی کەسێکی برسی بکات کە هیچ دەربازبونێکی نییە و پەنا بۆ خواردنی پارچە نانی کەسێکی تر دەبات کە لەو کەسەی تر زیادەیە. ئەوە خۆی لە خۆیدا دزی و داگیرکارییە، بەڵام گەر لە ئارەزووی مرۆڤ بۆ ژیان و خۆشەویستی بۆ دەرباز بوون لە مردن وردبینەوە ئەوا ئەو نان داگیرکردنە بیانووی هەیە. ئەوەی پەیوەندی بەو کاڵا و کەلوپەلانەشەوە هەیە کە لە پێویستییە بنەڕەتییەکان زیاترن، ئەوا شوێن و کات و باکگراوندی دیاردەکان دەبێت لەبەر چاو بگیرێت.
گەر سەیری کۆمەڵگەی کوردی بکەین، بە تایبەتی لە دوای ١٩٩١ ەوەو، ئەو هەموو حەسار و نەبونی و دەردیسەرییەی تاکی کورد لە ژێر باری ئەو هەلومەرجەدا تووشی هاتووە و، فڕکان فڕکانی مەسولان و کەسوکارەکانیان بێنینەوە بەرچاو کە لەچ نازونیعمەتێکدا ژیاون و لە هیچیان کەم نەبووە، ئەوا دەبێت هەڵوێستەیەک بکەین!
پێشتر لە نوسینێکدا دەلالەتی ئەوەم داوە کە تاڵەبانی و بارزانی هەر لە سەرەتاوە هەوڵی بەگەندەڵکردنی کۆمەلگەیان داوەو، لە ڕێگەی چاوپۆشیکردن لە سوکە دزی و فزی هەندێک کادری مامناوەندییەوە هەوڵیان داوە چاویان شۆڕبکەن و دەستەمۆیان بکەن، دواتریش ئەم هەوڵانەیان چڕکردۆتەوە بۆ ناو کۆمەڵگە و تاک بە تاکی کوردیان کردۆتە ئامانج.
ئەوەش بۆ کڕینی دەنگیان و بێدەنگکردنیان و نوزە لێبڕینیان. ئەم دوو جەنابە ئەوەندەش بێ چاوەڕوو بوون هەمیشە ئەو یارمەتییانەیان داوەتەوە بە چاوی وەرگرەکانیاندا.
سەدام حسێن لەسەروبەندی حوکمدان و ئیعدامکردنی محەممەد عایش و هەڤاڵەکانیدا ئەوەی دایەوە بە چاویاندا کە ئەوان لات و پاتی سەر جادە بوون و جەنابی دەستی گرتووە بە ژێر باڵیانەوەو هێناونی و تێروتەسەل بوون و کەچی ئەو چاکەیەی ئەویان لەبەر چاو نەبوە و موئامەرەیان لێکردووە، بە قسەی ئەو!

ئەم دوو جەنابەی لای ئێمەش دەرسی باشیان لە سەدام و دیکتاتۆرەکانی تر بینیوە. گەر ڕۆژێک نانێکیان دابێت بە یەکێک، گەر ئەو نانە نانی باوکیشیان نەبوبێت، ئەوا لە هەموو چرکەساتێکدا ئامادەن بە پێچەوانەی نەریتی هاریکاری و یارمەتیدانی مرۆڤدۆستانەی کوردەوە ئەوەندە بێ ئابڕوو بوون خێرا منەتی ئەو نانەیان بیر وەرگرەکەی خستۆتەوە. جا نەخوازەڵا گەر ئەو بەخشیشە لە نانێک تێپەڕی کردبێت و بوبێتە قاتێک جلوبەرگ، تایەی سەیارەیەک، پارچەیەک ئەرز یان هەر شتێکی تر. هەر کە وەرگرەکە دەمی کردبێتەوە و گلەیی لە دزییە گەورەکانی ئەو دوو بنەماڵەیە کردبێت خێرا گوتویانە تۆ تەماشا، ئەو بێ سفەتە شتیشمان داوەتێ و لە بەری گەندەڵیەکەی ئێمەی خواردووە کەچی ئێستە بە ئێمە دەڵێت گەندەڵ!
ئەم دیاردە و هەلسوکەوتەیان زیاتر لە دوای حەڤدەی شوباتەوە زەق بۆتەوە.
لە یەکێک لەو هەوڵانەیاندا هاتوون شاڵاویان بۆ سەر مامۆستای وتارخوێنی هەینی حەوتەمی مەیدانی ئازادی دەستپێکردووە و هەندێک بوختانی نابەجێیان بۆ دروست کردووە. من لای خۆمەوە دەڵێم گەر ئەو بەڕێزە ئەرزەشی وەرگرتبێت ئەوا ماڵی باوکی کەسیان نەبووە و دواتر گەر یاسا بڕیاری دا ئەو مامۆستا بەڕێزە قیستەکانی بدات بێگومانم کە ناڵێت نا! ئەمە لە کاتێکدا کە وەکو خۆی فەرموی بیست مەتری ئەرزە وەرگرتبێت.

گەندەڵی لە کوردستان هێند بەربڵاوەو ئەوەندە بەبەرنامە کاری بۆ کراوە کە ئیتر کۆمەڵگەی کوردەواری گەر ڕوبەڕوی نەبێتەوە ئەوا مردن و لەناوچونی زۆر نزیکە.

ئەو گەندەڵییە هەموو بوارەکانی گرتۆتەوە، لە فیکر، بیرکردنەوە، مادە و ماڵی دنیا و، هەتا لە تەئیدکردن و لە بەرەنگاربونەوەشدا!

ئەو هەوایەی هەڵیشی دەمژین گەندەڵە، ئەو ئاوەی دەیخۆینەوە گەندەڵە، ئەو قسانەی دەیکەین گەندەڵیی دایگرتوون، ئەی ئەوە گەندەڵیی قسەکردن نییە هێشتا ناوێرین یان پێمان شورەییە قسەی سوک بەوانە بڵێین کە کۆمەڵگەی ئێمەیان دوچاری ئەو نەخۆشییە کوشندەیە کردووە!
هەرچی شتە گەندەڵە.
جا بۆ دەربازبوون لێی گونجاوترین شێواز ئەوەیە کورد و تاکەکانی کورد بە بێ ترس، لە خۆیانەوە دەست پێبکەن. کەس نابێت سڵ لەوە بکاتەوە کە دوو بنەماڵە و کارگەکانی درۆ و بوختانسازییان بێن و باسی ئەوە بکەن فڵان پارچە زەوییەک یان پارچە نانێکی وەرگرتووە. سبەینێ پێشمان دەڵێن ئەو هەوایەی هەڵی دەمژین موڵکی بنەماڵەیە و ئەو ئاوەی دەیخۆینەوە سەرچاوەکەی موڵکی ئەوانە، مادامەکی بەکاریان دێنن نابێت باسی گەندەڵیی بکەن!

ئەگەر لە دوای ئەو هەموو ساڵە لە بەگەندەڵکردنی کۆمەڵگە بەتەمای ئەوە بین بە ژمارەیەکی کەم لە پاکژەکان بتوانین بەرەنگاری ئەو هەموو گەندەڵییە ببینەوە ئەوا سەرکەوتوو نابین. دەبێت هەنگاوی ئینکارکردن و ڕەتکردنەوەی گەندەلی بنێین ئەوسا هەنگاوەکانی تر.

ئنجا ئەگەر مەوداکانی گەندەڵی ئەوەندە درێژ نەبوبنەوە کە خەڵکی شمەکی پێدرابێت و فیری چاوپۆشیکردن کرابێت کەواتە گەندەڵییەکە ئەوەندە کوشندە نییە!

نوسەرێک لەبارەی گەندەڵی فیکرو بواری ڕۆشنبیریی کوردیەوە کتێبێکی زۆر ئەکادیمی و دانسقەی نوسیوە، دەتوانم بڵێم وەکو مانیفێستی ئاشکراکردنی بیرکردنەوەی گەندەڵیی رۆشنبیرانەیە، کەچی ئەوەی جێی سەرنجە ئەو کتێبە لە دەزگاکەی بەدران چاپکراوە.
لێرەدا دوو شت دەبنە جێی سەرنج:
١ـ بەدران لەبارەی گەندەڵیی رۆشنبیرییەوە کتێب چاپ دەکات.
٢ـ نوسەر کە بەو جوانییە و بەو هەموو چاو تیژییەوە ئەو کتێبەی نوسیوە، هاتووە لای دەزگایەکی گەندەڵی حیزبێکی سەرچاوە گەندەڵ چاپیکردووە.

بە کورتی دەمەوێت بڵێم با دەسەڵات بەوە نەمان ترسێنێت کە بداتەوە بە چاوماندا کە ڕۆژێک لە ڕۆژان نانێکی داوە پێمان یان شتێک زیاتر، خۆ ئەو نانە یان ئەو شتە موڵکی باپیرە گەورەیان نەبووە! گرنگ ئەوەیە ئێمە ئەمڕۆ لەو ڕاستییە تێبگەین کە گەندەڵی هەمومان بەیەکەوە دەکوژێت و دەبێت چارەسەری بکەین. یەکەم هەنگاویش بەرەو ئەو چارەسەرە ئەوەیە بڵێین نا بۆ گەندەڵی. گەر ئێمەش تێوە گلاوین با کۆمەڵگەی ئایندەی کوردستانی بێ گەندەڵیی و، یاساکانی بڕیار بدەن کام چارەسەر دەدۆزنەوە و بە گونجاوی دەزانن بۆ ڕاستکردنەوەمان. ئەمڕۆ گرنگ ئەوەیە ئێمە هەموو بەیەک دەنگ بڵێین نا بۆ گەندەڵی و نەخێر بۆ سەرانی گەندەڵکار و بەڵێ بۆ چارەسەر لەم ڕۆوەو بەڵێ بۆ کۆمەلگەیەکی دادپەروەر و پاک.
بەڵێ بۆ یەکسانی و ئازادی و بەڵێ بۆ وڵاتێک کە ببێتە ماڵی میللەت.

لە ئایندەدا ئەزمونی وڵاتی سوید و کردنی ئەو وڵاتە بە سیستەمی "ماڵی خەڵک" دەخەمە بەر دیدی خوێنەران و ئەو میکانیزمانە باس دەکەم کە دژایەتی گەندەڵیی و بەرتیل دەکەن و ڕیگەیان لێدەگرن.

 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە