شێخ جەعفەریش هەنگاوێک نزیکتر بەرەو لاهای!
Tuesday, 26/04/2011, 12:00
شێخ جەعفەر خەریکە کۆمەڵێک تاوانی تر دەخاتە سەر لیستی تاوانەکانی پێشوتری، سەیری ئەم قسانەی بکەن کە لە هاوڵاتیدا بڵاوکراوەتەوە:
"هاوڵاتی: بهپێی زانیارییهكان، فهرمانی تهقه دراوه بهو هێزانهی هاتوونهته پارێزگای سلێمانی؟
جهعفهر شێخ مستهفا: هێزی پێشمهرگه دهبێت خۆپیشاندهر لهگهڵ خهڵكی تێكدهر جیابكاتهوه، خۆپیشاندهر ئهوهیه دهچێت مۆڵهتی رهسمی لهحكومهت وهردهگرێتو خۆی نیشاندهداتو كاتو شوێنهكهی دیاریكراو دهبێتو دواتر دهچێتهوه ماڵی خۆی، ئێمه بهههموو توانایهكمان پشتیوانی لهو جۆره خۆپیشاندانه دهكهین، تێكدهریش ئهوهیه بهبێ مۆڵهت خۆپیشاندان دهكاتو بهرده فڕكێ دهكاتو ئیعلانی جیهاد دهكاتو سهروماڵی خهڵك حهڵاڵ دهكات، ئهوه فهرقی ههیهو فهرمانی تهقه بۆ ئهو كهسانهیه كه تێكدهرن.
"
بە پێی شێخ ئەو هێزانەی هێنراون ئەمریان پێیە تەقەبکەن و بکوژن. ئەوانە بکوژن کە تێکدەرن و خۆپیشاندانی بێ مۆڵەت ئەنجام دەدەن. واتە ئەو ئەمری تەقەکردنەی پێیاندراوە لە دژی هەموو ئازادیخوازان و هاوڵاتیانی شارەکانی سلێمانی و کەلار و هەڵەبجە و چەمچەماڵ و ڕانیە و قەڵادزێ و قەرەداغ و شوێنەکانی ترە، کە بە ئاشتیانە هاتونەتە مەیدانەکانی ئازادی و، داوای گۆڕانکاری و دەستلەکارکێشانەوەی هەرسێ سەرۆکایەتیەکەیان کردووە.
شێخ جەعفەر ئەمە یەکەمجاری نییە قسەو هەڕەشەو گوڕەشەی وادەکات.
پێشتریش لە دوای قەتڵوعامەکەی بەردەمی لقی چوار وتبوی کە بە ئەمری ئەوان زێرەڤانی هاتووە و، هەروەها گەر وا بە توندی وەڵامی خۆپیشانداندەرانیان نەدایەتەوە ئەوا شاربەدەردەکران. واتە لە کوشتارەکەدا هەمویان دەستیان هەبووە بە شێخیشەوە.
ئەو چاوپێکەوتنانەی هەموو لە ئەرشیفدا هەن و هەڵگیراون.
تا ئێستا ١٠ کەس لە ناوچەی سەوز شەهیدکراون و ئەوانەش بە بڕیاری راستەوخۆی تاڵەبانی و بارزانی و بە جێبەجێکردنی جەعفەر و سەنگاوی و حاکم قادر ئەنجامدراون.
بە هیچ جۆرێک ئازایەتی نییە تۆ بە چەکەوە پەلاماری خەڵکانی بێچەک بدەیت، ئازایەتی ئەوەیە گەنجەکان پیشانی دەدەن کە هیچ حسابێک بۆ چەکەکانی ئێوە ناکەن و بێباکانە ڕووبەڕوتان دەبنەوە.
شێخ ئەگەر ئازابوایە لە پەرلەمان ئەوەندە نەدەپاڕایەوەو ئەوەندە سوێندی ترسنۆکانەی نەدەخوارد.
کاتی ئەوە هاتووە کونیەیەکیش بۆ شێخ بکرێتەوە، وەکو ئەوەی بۆ سەنگاوی کراوەتەوە.
شێخ کە لە شاخیش بووە لەژێر کڵاوی پێشمەرگایەتیدا تاوانی زۆری ئەنجامداوە، لەوانە بە هاوکاری مچە چاوڕەش کوشتنی تەنزیمیەکی یەکێتی بە بیانوی جاسوسی، ئەوەش لەبەر ئەوەی برای مەسولێکی حیزبێکی ڕکابەربووە.
هەروەها شێخ بە بیانووی جاسوسیکردنەوە دوو پێشمەرگەی بە زیندوویی بە دوای سەیارەدا ڕاکێشاوە و کوشتوونی، ئەو دوانە برابوون ...، گوایە جاسوس بوون و خەریکی موئامەرەبوون لە دژی.
ئەمانە و چەندان تاوانی تر کە لەلایەن جەنابی شێخەوە ئەنجامدراون بەشی ئەوە دەکەن کە ڕاپێچی لاهای بکرێت.
شێخ خۆپیشاندەران بە ئینقلابچی دادەنێت و ئەمری کوشتنیانی پێیە. قوڕ بەسەری وا دەزانێت ئەمەش شاخە لە پەناوپەسێردا تاوانەکانی بە بێ لێپرسینەوە ئەنجام بدات. ڕۆژێک دێت کە وەکو سەدام و عەلی حەسەن مەجید ڕاپێچی دادگا دەکرێن. ئەو کاتە بیانووی شۆڕشگێڕێتیش دادی کەس نادات، چونکە تاوان دژ بە مرۆڤایەتی هەر تاوانە، لەلایەن دەسەڵاتەوە بێت یان لەلایەن شۆڕشگێڕانەوە.
لەم ڕۆژانەدا بوو دووان لە شۆڕشگێڕانی کرواتیا بە زیاتر لە بیست ساڵ حوکمی زیندانیان بەسەردا سەپێنرا بە هۆی تاوان دژ بە مرۆڤایەتی.
لەمەودوا کەس لەدەست دادپەروەریی نیودەوڵەتی دەربازی نابێت.
شێخ وادەزانێت نازانین ئەو هێزەی هێناویانە پێکهاتەکەی چۆنە.
زۆربەیان ئەو هەلومەرجیان پێناخۆشەو لەگەڵ ئێوە نین و زۆر بێزارن.
دوێنێکە دوان لە پێشمەرگەکان تەلەفۆنیان بۆ کردم و بیزاری خۆیان نیشانداو وتیان کە ژمارەیەکی زۆریان لەناو خۆیاندا بڕیاریان داوە وازبێنن، یان لە کاتی خۆیدا لولەی تفەنگەکانیان نەکەنە ڕووی هاونیشتمانیانی خۆیان. ئەوان وتیان کە زۆر هەست بە شەرمەزاریی دەکەن کاتێک دەبینن کە خەڵکی بەشەرەفی شاروشارۆچکەکانی سلێمانی و دوروپشتی سلێمانی بە قیزەوە سەیریان دەکەن و، وەکو دەستدریژیکەر دەیان بینن و، لە هەمان کاتدا تەئیدی هاوڵاتیانیان دەکرد کە بەو جۆرە سەیریان دەکەن!
لەبەر ئەوە زۆر گرنگە هەموو ئەوانەی لەلایەن شێخەوە لێیان کوژراوە یان غەدریان لێکراوە ڕاپۆرت بنێرن بۆ دادگای لاهای نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی کەیسێکی بۆ بکرێتەوە.
بۆیە دەڵێم یا شێخ خۆ گیڤکردنەوە سودی نییە، ئەمڕۆ نا سبەی لە پشت قەفەسەوە دەتان بینین!
بروانە ئەم لینکە:
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست