کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تاڵەبانی و شەرعیەتی شۆڕشگێڕی و شەرعیەتی یاسایی

Monday, 04/04/2011, 12:00








تاڵەبانی دەڵێت کە ئەوان شەرعیەتی شۆڕشگێڕی و شەرعیەتی یاسایشیان هەیە.
ئەو بێجگە لەوەی خۆی بە شۆڕگێڕ و سەرەک کۆمارو دەمڕاستی کوردستان دادەنێت، زۆربەی کات لافیتەی ئەوەش بەرزدەکاتەوە کە پاریزەرە واتە موحامی.

شەرعیەتی شۆڕشگێری چیە؟

لێرەدا پەنا دەبەمە بەر جۆن لۆک. ئەم فەیلەسوفە لە کتیبێکیدا بە ناوی "دوو ئەتروحە لە بارەی شێوازی حوکم ـ Two Treatises fo Governement" کە تیایدا باسی شۆڕشەکان دەکات و، دەڵێت کە ئەو شٶڕشانە زۆربەی کات شەرعین و پێویستیشن، واتە دەبێت شۆڕش بکرێت. ئەم کتێبە 1690 چاپ و بڵاوکراوەتەوە. ئەم باسە لە یەکێک لە ئەتروحەکاندا خراوەتە ڕوو. ئەمە وەڵامدانەوەیەک بوو لە دژی ئەو بڕوایەی کە دەسەڵاتی شاهانە درێژکراوەی دەسەڵاتی خوداوەندی و دەسەڵاتی سروشتی باوکانەیە. گەر ئەمەی دوایی ڕاست بوایە ئەوا بە هیچ جۆرێک شۆڕش شەرعیەتی نەدەبوو. بۆیە لۆک دیت و دژی ئەوە دەوەستێتەوەو شەرعیەت دەدات بە شۆڕش.
بە کورتیەکەی بڵێین لۆک دەیەوێت بڵێت کە دەسەڵات بە پێی کۆنتراکتێک یان پەیمانێکی کۆمەڵایەتی شەرعیەت وەردەگرێت.
بەڕای ئەو پێش ئەم پەیمانە کۆمەڵایەتییە حاڵەتێک لە ئازادی و یەکسانی تەواو بەرقەرارە. ئەوە قۆناغێکە یاسای سروشتی باڵادەستە. لەو یاسایەدا ئەوەی پێی دەوترێت "مافی یان حەقی خۆ پاراستن یان ژیان" یاسایەکی نەنوسراوی بەڵگەنەویستە. بە پێی ئەو یاسایە مافی هەموو مرۆڤێکە کە بژی و پارێزگاری لە ژیان و موڵک و ماڵی خۆی بکات. لە هەمان کاتدا نابێت دەستدرێژی بکاتە سەر مافی خەڵکی تر و دەبێت هەوڵبدات ئاشتی و ژیانێکی پڕ لەش ساغی بۆ هەموان دەستەبەر بکات. لەم قۆناغە سروشتیەدا هەمووان ماف و ئەرکیانە کە سزای ئەو کەسە بدەن کە دژی یاسای سروشتی هەڵسوکەوت دەکات.
لەم قۆناغەدا بە هیچ جۆرێک جەنگ ڕونادات.
کەواتە بۆچی تاکەکان ئەم بەهەشتە کۆتایی پێدینن و پەیمانێکی کۆمەلایەتی دەنوسن؟
ئەم گفتوگۆیانە لە ئەتروحەی دووەمدا گەشە پێدەدات.
ئەو پێی وایە کە لە قۆناغی سروشتیدا لەبەر ئەوەی هەرکەس کە غەدری لێکرا بۆی هەیە یاسا بگرێتە دەست خۆی و، ئەمەش بۆی هەیە زیادەڕۆیی تیادا بکرێت و لە ئەنجامدا ببێتە هۆی ئاژاوەو شەڕی ناوخۆ، بۆیە مرۆڤەکان واز لەو بەهەشتەی خۆیان دێنن و پەیمانە کۆمەلایەتیەکە دەنوسن. بۆ ئەوەی توشی شەڕی ناوخۆ نەبن. بۆیە تاکەکان هەمویان لەو مافەی خۆیان کە یاسا بگرنە دەست خۆیان خۆش دەبن و دەیدەن بە دەسەڵاتێک کە لە بری ئەوان حوکم دەکات و سزا پەیڕەو دەکات.
ئەمەش هەموی لەبەر ئەوەی تاکەکان ژیانیان پارێزراو بێت. کەواتە وەکو خۆمان ناومان ناوە "خوێن خەتی سورە".
کەواتە هێزی پاڵنەر لە پشت پەیمانەکەوە پاراستنی ژیان و موڵکی تاکەکانە.
لەبەر ئەوەیە ئەوان لە هەندێک مافی خۆیان کە لە قۆناغی سروشتیدا هەیانە خۆش دەبن و دەست هەڵدەگرن.
بەڵام ئەم پەیمانی کۆمەلایەتیە لە هەمان کاتدا نابێتە لێسەنەرەوەی یان لابەری یاسای سروشتیی، بە پێچەوانەوە بۆ ئەوەیە ئەو مافانە بپاریزێت کە یاسا سروشتیەکە دەیدات بە مرۆڤەکان.
لێرەدا زۆر ناچمە ناو ئەوەی لای لۆک موڵکوماڵ چیە، بەڵام ئەو دەڵیت کە خوداوەند شتێکی داوینەتێ کە موڵکی تاکەکەسیی خۆمانە وەکو تاکە کەس، ئەویش لاشەمانە و پەلوپۆکانمانە و لە هەمان کاتدا ئەو بەرهەمەش کە لەشمان بەرهەمی دێنێت هی خۆمانە.
ئەو لەسەر خاڵی شەرعیەتبوونی دەسەڵاتی سیاسی هەڵوێستە دەکات و، پێی وایە کە ئەو شەرعیەتە لە ڕازی بوون و ڕەزامەندیی خەڵکیەوە سەرچاوەدەگرێت.
بۆیە مەرجیشی هەیە بۆ ئەوەی دەسەڵات بە چ شێوەیەک ئەو شەرعیەتە بەکار بهێنێت.
ئەو پێی وایە کە هەر کاتێک میر یان حاکمی سیاسی توندوتیژیی بە بێ هۆ و بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی خۆی و بە قازانجی خۆی بەکارهێنا ئەوا دەبێتە دیکتاتۆر.
خەڵکی، پەیمانە کۆمەڵایەتیەکەیان بۆیە نوسیوە تاکو ژیان و موڵک و ماڵیان بپارێزرێت لەلایەن دەسەڵاتە سیاسیەکەوە. هەر کاتێک ئەو دەسەڵاتە یان ئەو حاکمە سیاسیە، جا دیموکراتی، ئەرستۆکراتی یان شاهانە بێت، پەلاماری ژیان و موڵکوماڵی هاوڵاتیانی خۆی دا ئەوا شەرعیەتی نامێنێت و پەیمانە کۆمەلایەتیەکە هەڵدەوەشێتەوە.
بە پێی لۆک ئەو لایەنەش کە بڕیاردەدات کە دەسەڵات شەرعیەتی نەماوە خەڵک و میللەتە.
هەرکاتێکیش خەڵک بۆی دەرکەوت کە دەسەڵات یان حاکمی سیاسی دەستدریژی کردۆتە سەر ژیان و موڵکی تاکەکان، ئەوا مافی خۆیەتی بەرەنگاری ئەو دەسەڵاتە ببێتەوەو، لە دوا حاڵەتدا پەنا بەرێتە بەر شۆڕش و، تا ئەو ڕادەیەی دەسەڵات و حاکمەکەشی بخاتە بەردەم دادگا.
لۆک هەموو شۆڕشەکانی بە شەرعی دادەنا.
ئەو پێی وابوو مرۆڤەکان زۆربەی ماف و ئازادیەکانی خۆیان هەڵدەگرن و لەگەڵ خۆیاندا دەیبەنە ناو قۆناغی دوای نوسینی پەیمانە کۆمەڵایەتیەکە.

لەم نوسینەدا تەنیا دیدی لۆک بۆ پەیمانی کۆمەڵایەتی و مافی شۆڕشکردن و شەرعیەتی شۆڕشگێڕێتی باس دەکەم.

تیۆری و بەڵگەکانی شەرعیەتی شۆڕشگێڕتی لە دوای لۆکەوە زۆری خراوەتە سەر و لێرەدا پێویست ناکات هەموی بهێنینەوە.
بە ڕای خۆم شەرعیەتی شۆڕگێڕی تا ئەوکاتە دەخوات کە قۆناغی شۆڕشە و دوایی ئەوەی کە دەسەڵات و میر لابران و شۆڕش سەرکەوت ئیتر ئەو شەرعیەتە بە دەسەڵاتە نوێکە و بە پەیمانە کۆمەلایەتیە نوێکە جێی دەگیرێتەوە و، ئەوانەی شۆڕشەکەیان کردووە شەرعیەتی شۆڕش دەگۆڕنەوە بە شەرعیەتی دەسەڵات، چونکە تۆ وەکو دەسەڵاتدار ناتوانیت خاوەنی دوو شەرعیەت بیت لە هەمان کاتدا. کاتێک وەکو دەسەڵاتدار غەدرت لێکرا و دەستدریژیتکرایە سەر دەتوانیت شەرعیەتی یاساییت بەکاربێنیت. شەرعیەتی شۆڕش تەنیا بۆ هاوڵاتیانە کاتێک کە دەسەلات غەدریان لێدەکات و موڵک و ماڵیان داگیر دەکات بۆ قازانجی خۆیی و دەیان کوژێت.

کەواتە جەلال تاڵەبای پاریزەر بە میهنە، خراپی لێ تێگەیشتووە. ئەو شەرعیەتی شۆرشگێریی ئەو ڕۆژە لە دەست دا کە بو بە حاکم. واتە لە سەرکەوتنی ڕاپەڕینی ٩١ وە.
ئەو کاتە شۆڕشگێرەکان لە شەرعیەتی شۆڕشگێڕیان دەستبەرداربوون کە پەرلەمان و حکومەتیان دامەزراند.

شەرعیەتی یاسایی

لە دوای پێشەواکانی فیکری فەلسەفە و سیاسەتەوە، واتە لە دوای لۆک و رۆسۆ و ئەکوینی و ئەوانی ترەوە شەرعیەتی یاسایی خەرمانێکی زۆری خراوەتە سەر.
ئەمرۆ تەنیا یاسا ناوخۆییەکان خاوەن قسەو بڕیارنین، بەڵکو یاسا نێو دەوڵەتیەکان و پرنسیپە ئەخلاقی و یاساییەکانی وڵاتانی دیموکراتی و جاڕنامەکانی مافی مرۆڤ و پرۆگرامەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش قسەی خۆیان هەیە لەسەر شەرعیەتی یاسایی.
جەلال تاڵەبانی لە کوردستان هیچ پلەو پایەیەکی یاسایی و دەسەڵاتی دامەزراوەیی نیە، بۆیە هیچ شەرعیەتێکی یاسایشی نیە وەکو دەسەڵاتدارێک قسە بکات، گەر وەکو سەرەک کۆماری عێراقیش باسی شەرعیەتی خۆی دەکات ئەوا سەرباری ئەو هەموو پێشێلکاریە یاساییانەی کە پێیان هەستاوە ئەو لە کوردستان دەسەڵاتدار نیە بۆیە بۆی نیە خۆی بکات بە دەمڕاستی دەسەڵاتە لۆکاڵیەکە. گەر وەکو کوێخای حیزبیی یەکێتیش قسە دەکات، ئەوا یەکێتی وەک حیزب شەرعیەتی دەسەڵاتداریی نیە و کەسیش نەیداوەتێ.

کەواتە بای بای جەلال، برۆرەوە بۆ بەغداد.

کەواتە ئەی شەرعیەتی یاسایی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی پەرلەمان؟

ئەمانە هەرهەمویان شەرعیەتیان نەماوە و بە زۆر خۆیان هێشتۆتەوە، ئەوکاتە شەرعیەتەکەیان لەدەست دا کە سەرۆکەکە دەستی خەڵک و بەردهاوێژەکانی دەبڕییەوە لە بری ئەوەی یاسا سەروەربکات. سەرۆکی حکومەت ئەو کاتە شەرعیەتی لەدەست دا کە چووە لق و دەستخۆشی لە بکوژەکان کردوو خۆی کردە شەریکە بکوژ و رێگەی دا ئەمبولانسەکان بکوژەکان دەرباز بکەن.
سەرۆکی پەرلەمانیش ئەو کاتە شەرعیەتی لەدەست دا کە وەکو نوێنەری پارتی و دەستی درێژکراوەی پارتی پەرلەمانی برد بەڕێوەو لە کورسیەکەیدا هەر بە دڵسۆزی حیزبەکەی مایەوە و پشتی کردە خەڵکی کوردستان.

ئەمە گەر تەنیا باسی ئەو شەرعیەتەیان بکەم لە ساتە وەختی کوشتارەکەی بەردەم لقی چوار و دواترەوە بە هی خۆیانی دادەنێن.

بەڵام گەر باسی موڵک و ماڵ و داهاتی وڵات و خەڵکی و دزینیان بکەین لەلایەن ئەو سێ دەسەڵاتەوە ئەوا هەر دەمێکە شەرعیەتی یاسایشیان لە دەستداوە.

بۆیە من بە جەلال تاڵەبانی دەڵێم نەک تۆ بەڵکو هیچکام لە سێ سەرۆکایەتیەکە کە لە کوردستانن شەرعیەتی یاساییان نەماوە. بۆیە گەر دەستبەرداری ئەو کورسیانە نەبن ئەوا خەلکی کوردستان شەرعیەتی شۆڕشکردنی هەیە. ئەو شۆڕشەش دەستی پێکردووە. کەواتە ئێستا لە کوردستان تەنیا یەک شەرعیەت بەرقەرارە ئەویش شەرعیەتی شۆرشگێریە و ئەو شەرعیەتەش شەرعیەتی شەقام و ئۆپۆزسیۆنە نەک هی تۆ!
با باشیش بزانێت و بیری دەخەمەمەوە کە ئەمڕۆ لە دنیادا شتێکیش نەماوە ناوی کێشەی ناوخۆیی بێت، ئەوە لە ساڵی نەوەدویەکدا کۆتایی هات کە کۆڕەوەکە ڕویدا و، UN بڕیاری دا کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی مافی تەداخول و چونەناوەوەی هەیە هەر کاتێک دەسەڵاتدارێک خەڵکی خۆی کوشت. ئەو بڕیارە بە هۆی کوشتاری سەدامەوە بۆ کورد خرایە ناو ئەجندای کاری نەتەوە یەکگرتووەکانەوەو بوو بە یاسا و ئەمڕۆش لە لیبیا کاری پێدەکەن.

تۆش لە خەیاڵی خۆتی دەرکە کە بتوانیت قەتڵوعامی بەردهاوێژەکان بکەیت.
ئەوان شەرعیەتی بەردهاویشتنیان هەیە چونکە ئێوە لێتان کوشتون و موڵک وماڵیانتان داگیرکردووە.
ئەوان مافی خۆیانە شۆڕش بکەن و پەنا ببەنە بەر هەر شێوازێک بۆ پاراستنی ژیانی خۆیان و بۆ سەندنەوەی موڵک و ماڵی خۆیان و میللەت. ئەوان مافی خۆیانە یاسای سروشتی بەکاربهێنن و مافە سروشتیەکانیان بسەننەوە کە ئێوە لێتان داگیر کردون و دەستدرێژیتان کردۆتە سەر.

بەڵام ئێمە کە دەڵێین باوەڕمان بە شێوازی خەباتی ناتوندوتیژیە لەو باوەڕەمانەوەیە کە حەزناکەین تەنانەت خوێنی دەست و دایەرەو پیاوکوژەکانی ئێوەش بڕێژرێت.

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە