کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


چارەسەر بۆ هەولێر

Saturday, 12/03/2011, 12:00


هەڵمەتی پێچەوانە، گورزی کاریگەر.

ئەوەی من لە مەسعود بینیم لەو دیوی وتارەکەیەوە دەریخست ئەو پیاوە لە ڕوی سیاسیەوە لە پیاوەتی کەوتوە.
ئەو قسەی کرد بەڵام بەڕەنگی زەرد هەڵگەڕاوەوە. ئەو قسەی کرد بەڵام بە ڕستەی لێک دابڕاوەوە. ئەو خەڵکی کۆکردەوە بەڵام بە ژمارەی بێ سفرەوە.

لە قسەکەیدا دەرکەوت کە هەندێک لە دروشمەکانی ڕاپەڕینی ١٧ ی شوباتی دزیوە، ئەوەی ئێمە وتمان کە ئەم نیمچەکیانە لەناوناچێت، ئەو ئێستا دەڵێت ئەم "ئەزمونە لە ناو ناچێت"، ئەو بەوە دەیەوێت بە پیاوەکانی خۆی بڵێت کە ئەزمونی گەندەڵێتیەکەیان لەناوناچێت، و بە میللەتیش بڵێت کە کیانەکە لەناوناچێت. دوبارە دەیەوێت بەرچاومان لێڵ بکات و ئەزمونی گەندەڵیەکانی خۆیان و کیانەکەی میللەتمان لێ بکات بەیەک.
ئێمە هەر لەیەکەم ساتی پێش گردبونەوەی شەقام وتمان ئەوە کۆتایی کۆتایی ئەزمونە گەندەڵەکەیانە.

وتەکانی و کۆکردنەوەی خەڵکەکە لەلایەن ئەوانەوە لە ڕۆژی یانزەی ئازاردا پێی وتین تازە ئیتر ئەزمونەکەیان لەناوچووە.
لەناو خۆشیاندا کەوتونەتە ئەوەی هەریەکەیان بەشی زۆر لە خۆدەرخستن بۆخۆیان بپچڕن.
مەسعود و جەماعەتەکەی بە عەلەمە زەردەکانیانەوە و جەلالیش بە عەلەمە سەوزەکانیانەوە. دواتریش تانە لە یەکدان.

هەولێر چی بکات باشە؟

بۆ ئەوەی هەولێر گەمارۆکەی سەری بشکێنێت، باشتر وایە قەڵا بگوێزنەوە بۆ مەیدانی ئازادی. بۆیە داوا لە هەولێریان دەکەم لە هەنگاوی یەکەمدا تا قەڵا لە ژێر پێی لەرزۆکی مەسعود دەردێنن، خەباتیان بگوێزنەوە بۆ مەیدانی ئازادی.
با کۆڕەوێکی تر دەست پێبکەن، کۆڕەوی سپی.
با بەردەوامی بدەن بە کۆڕەوی ٩١.
ڕۆژانە کۆمەڵ کۆمەڵ ڕوبکەنە سلێمانی و بە ئاڵای هەولێرەوە نمایشی خۆتان لەگەڵ ئازادەکانی مەیدانی ئازادی بکەن، ئیوارانیش یان دواتر بگەڕێنەوە بۆ هەولێر و باسی چالاکیەکانتان بکەن.
بە هەولیریەکان بڵێن کە مەیدانی ئازادی ئازادە.

کۆڕەوێکی سپی دەست پێبکەن و ڕۆژانی هەینی نوێژی ئازادی خۆتان لە گەڵ ئازادەکانی سلێمانی بکەن.

کۆبونەوەی یەک ملیۆن کەسی لە سلێمانی:

لە بەرامبەر کەڕو لاڵی سەرانی چەکبەدەستی کوردستان تەنیا یەک ڕێگە ماوە بگیرێتەبەر، ئەویش شکاندنی تەوقی گەمارۆی سەر میللەتە.
لە هەولێرو دهۆک و کەرکوک ڕێگەمان نادەن قەڵا دەگوێزینەوە بۆ سلێمانی.
ئەمە تاکە چارەسەری هەنوکەییە بۆ شکاندنی تەوقە لەرزۆکە کاتیەکەی بنەماڵە، لەسەر خواستی خۆپیشاندانی خەڵکی قەڵاو منارە.
پارتی و یەکێتی بە هەموو توانایانەوە نەیان توانی لە یەک دو هەزار کەسێک زیاتر کۆبکەنەوە، ئێوە بە کۆڕەوی سپیتان پیشانی بدەن کە دەتوانن یەک ملیۆن کۆببنەوە، ئەویش لە مەیدانی ئازادی سلێمانی کە رۆژانی هەینی جوگرافیاکەی سنوری سەرا تێدەپەڕێنێت.

کۆڕەوی سپی دەست پێبکەن، با بە دنیا بڵێین کە ئەوەتا لە هەولێر ڕێگەنادەن ڕاپەڕین بۆیە دەچین بۆ سلێمانی بۆ لای کەسوکارەکانمان.
با بە سەرانی دو بنەماڵە بڵێین کە ئەگەر وەک سەدام دەتانەوێت چٶڵی بکەین فەرمون!
با بە گەمارۆدەران بڵێین هیچ کەسێک ناتوانێت ڕێگەمان لێبگرێت چەندە حیلەش بەکاربێنێت.

بۆیە گرنگە لەم ساتە وەختەوە هەمو هەولێریە ئازادیخوازەکان، هەمو کوردستانی ئازادی خواز ڕوبکەنە سلێمانی و مەیدانەکەی بکەنە جێگەی خەباتی خۆیان.

بەرەو کۆبونەوەی یەک ملیۆنی!

لە هەنگاوی یەکەمدا هەینی چوارەم با ببێ بە هەینی یەکەم هەنگاو بەرەو کۆبونەوەی یەک ملیۆنی لە مەیدانی ئازادی.

ئنجا با ئەو کاتە مەسعود لە سەر قەڵاوە وەک بایەقوش بۆ خانووە چۆڵەکان قسەبکات و بلەرزێت.

ئنجا با ئەو کاتە هێزەکانی دژی گەل غیرەت بکەن ڕێگە بگرن لە ئێوە، نەورۆز لە مەیدانی ئازادی بکەن.

با لەم چرکە ساتە بەدواوە پێیان بڵێی:

زانکۆمان لێ دادەخەن ئەوە زانکۆ لە مەیدانی ئازادی،
قەلامان لێ پەرژین دەکەن ئەوە قەڵا لە مەیدانی ئازادی،
لە دهۆک بێدەنگمان دەکەن ئەوە دهۆک لە مەیدانی ئازادی،
چەتەکانمان تێبەردەدەن ئەوە خانوەکانمان بلۆکەکانیان لە بری ئێمە بخۆن،
ڕێگە نادەن لێرە کۆببینەوەوە ئێمە لە مەیدانی ئازادی کۆ دەبینەوە.
ناهێڵن نوێژی ئازادی لە قەڵای هەولێربکەین ئەوە دەچینە سلێمانی.

هەمو بەیانیەک کۆمەڵ کۆمەڵ روبکەنە سلێمانی و ئێوارانیش بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانتان.
تا لەدواجاردا یەکەم هەینی یەک ملیۆنی نوێژی ئازادی دەکەن.

ئەم کۆڕەوە سپییە بکەن بە ڕێگەچارە بۆ هەولێری گەمارۆدراو!

هەڵمەتی پێچەوانەتان دەست پێبکەن، گورزی کاریگەرتر بوەشێنن!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە