کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


یۆنانی پاپاندریۆ

Saturday, 25/06/2011, 12:00


وڵاتی گرێک، کە خۆمان پێی دەڵێین یۆنان لە یونیاوە هاتووە. یونیا بەشێکی کۆنی گرێک بووە و ژمارەیەک لە فەیلەسوفە بەناوبانگە کۆنەکانی گرێک لەوێوە هاتوون، لەم ڕۆژانەدا بە نێو کێشەیەکی زۆر قوڵدا تێدەپەڕێت کە هەموو ئەوروپای بە خۆیەوە سەرقاڵکردووە و، لەسەر ئاستی جیهانیش کاریگەریی دیاری لەسەر بۆرسەکان هەبووە و هەیە. کێشەکە پەیوەستە بە باری نالەباری ئابووری وڵاتەوە.
یۆنانی نوێ لەسەرەتای دامەزراندنیەوە تا ئێستا وا ڕاهاتووە بە قەرزوقۆڵە بژی.

گەر بە گرێکییەک بڵێیت خەڵکی یۆنان هەژارن خێرا پێت دەڵێت یۆنان وەکو وڵات هەژارە بەڵام وەکو میللەت دەوڵەمەند و پارەدارە.

ئەم گوتەیە ئاماژە و لێکدانەوەی وا هەڵدەگرێت کە بۆی هەیە هۆکاری هەرە گەورەی ئەو کێشەیە بێت کە ئێستا وڵاتەکەی تێدایە.

ئەمڕۆ گۆرگیۆس پاپاندریۆ سەرەک وەرزیری گرێکە. ئەم پیاوە بە سێ پشت دەچێتەوە سەر پاپاندریٶی کۆنە سیاسەتمەداری یۆنان و، بەم جۆرە وەکو گرێکیەکان خۆیان دەڵێن ئەم خێزانە بە سیلالە دیناستی بوون، واتە وەکو میر ژیاون و دەسەڵاتیان هەبووە. میر بە مانا کۆنەکەی سەدەکانی نێوەڕاست نا بەڵکو بە مانایەکی نوێتر. ئەو لە سایەی ئەو سامانە مەعنەویەدا کە پاپاندریۆی باپیرەی و خێزانەکەی پێشتر لە مێژووی سیاسی خۆیاندا پێکەوەیان ناوە توانیویەتی بگاتە ئەو پایە سیاسییە. وەکو تر ئەوەی لەسەر ئەم پیاوە دەوترێت ئەوەیە کە وەکو سیاسەتمەدار شکۆی نییە و، لەڕووی خیتابی سیاسی و زمانی سیاسیشەوە هێند بە توانا نییە. دەوترێت کە لە ڕووی زمانی سیاسی و دیبلۆماسییەوە فەرهەنگە زمانەوانییەکەی لاوازە و زیاتر ڕۆژانەییە.

کاتێک سەردانی سایتەکەی لە ئینتەرنێت دەکەیت ژمارەیەک پۆست و چالاکی ئەم پیاوەی تیدا ڕیزکراوە کە زیاتر شێوە خستنەڕووی جیهانی سێمان بۆ سیاسەتمەدارەکان بیردەخاتەوە، دیارە یەکێک لە پۆستە زۆر دیارەکانی ئەوەیە کە سەرۆکی سۆسیالیست ئینتەرناسیونالە و، ناسیاوێتی نزیکی لە گەڵ پارتی و یەکێتی هەیە. گەر ئەو نامەیەی لە کوردستانی نوێدا بڵاوکرایەوە کە بە هۆی یادی یەکێتییەوە بۆ تاڵەبانی ناردبوو دەقاودەق ڕاست بێت ئەوا وێنەیەکی ڕونمان لە سەر کەسایەتی ئەو پیاوە بۆ دەردەکەوێت.
لەلای سیاسەتمەدار بەرژەوەندی هەیە هاوڕێیەتی نییە، دەبێت ئەو بەرژەوەندیانە بۆ وڵات بێت یان بۆ خود، بەڵام بۆ ئێمەی کورد ئەو پرسیارەمان لا دروست دەبێت کە ئایا تاڵەبانی دەتوانێت چی بۆ یۆنان بکات یان کام سودی بۆ یۆنان هەبێت کە پاپاندریۆ نامەیەکی وای بۆ دەنێرێت یان باشتر وایە بپرسین ئایا یەکێتی دەتوانێت چ سودێک بە یۆنان بگەیەنێت کە پاپاندریۆ بەو شێوەیە وەسفی یەکێتی و تاڵەبانی دەکات؟

وڵاتی گرێک بە گوتەی هەندێک لە چالاکوانە یۆنانییە نیشیەجێکانی سوید گەیشتبووە ئەو یەقینەی کە ناتوانێت بە قەرز و قۆڵە بژی و، خەریک بوو خۆی مۆدێرن بکاتەوە و خۆی لە تەنگژە دەربازبکات بەڵام لەو کاتەدا پرسی بوون بە ئەندام لە خێزانی ئەوروپادا هاتە پێشەوە و، بووە هۆی ئەوەی گەردنی وڵات لە سیاسەتمەدارە بە هەژمونەکانی و لەو گەندەڵییە ئابوریەی دووچاری بووە ڕزگاری نەبێت. ئەوروپا پارەیەکی بێشوماری خستە دەستی سیاسەتمەدارە گەندەڵەکانی وڵاتەوە و تەمەنی مانەوەیانی لە دەسەڵاتدا درێژ کردەوە.

وڵاتی گرێك لە ژێر باری قەرزدا دەناڵێنێت و بە هۆی گەندەڵییەوە لەسەر لێواری ئیفلاس بوونە. لەم ڕۆژانەدا بێ گەڕانەوە بۆ هەڵبژاردن پاپاندریۆ لە تەنگژەی متمانە لێسەندنەوە دەربازی بوو، ئەویش بە تەوافوقی سیاسی. لە ژێر فشاری ئەوروپادا هەندێک لە ئەندام پەرلەمانە ڕاستڕەوەکان و ئەندامەکانی پاسۆک دەنگیان بۆ دایەوە و ماوەی حوکمەکەیان بۆ درێژکردەوە.

گرێک قەرزێکی زۆری ئەوروپای لەلایە و لە لێواری سەرەونگون بوندایە. بۆ دەربازبوون لەو تەنگژەیە و بۆ ئەوەی بتوانێت باری قەرزەکانی کەمبکاتەوە حکومەت پەنای بۆ کردەی سکگوشینی هاونیشتمانیان برد و، زەریبەی سەر داهاتی لەسەر فەرمانبەران زیاد کرد. ئەمەش بووە هۆی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی و کار گەیشتە ئەوەی خەریکبوو متمانە لە سەرەکوەزیر بسەنرێتەوە، گەر ئەوروپا فریای نەکەوتایە دەبوو پۆستەکەی جێبهێڵێت.

سیاسەتمەدارانی یۆنان تۆوی گەندەڵییان لەنێو هاونیشتمانیاندا چاندووە و، بۆ کڕینی دەنگ بە بێ حساب خەڵکیان دامەزراندووە و کاری فەرمانبەرییان پێداون. یۆنان خاوەنی یەک ملیۆن فەرمانبەرە، فەرمانبەر بە مانای کارمەندی حکومی و دائیرەکان. بۆ وڵاتێکی کەم دانیشتوانی وەک یۆنان یەک ملیۆن فەرمانبەر ژمارەیەکی زۆر زۆرە. ئەمە لەڕووی ئابورییەوە ئەرکێکی قورس دەخاتە ئەستۆی خەزێنەی دەوڵەت.

لەم ڕۆژانەدا پەیامنێرێکی ڕادیۆی سویدی لە یۆنان چوبوو بۆ بانقێک بۆ گواستنەوەی پارە لە حسابێکی بانقیی خۆیەوە بۆ حسابێکی تری، لەو کاتەدا تاکە مشتەری بووە لە بانقەکە، بە هەشت کارمەند کارەکەیان بۆ ڕانەپەڕاندبوو و پێیان وتبوو بڕوات و ڕۆژێکی تر بگەڕێتەوە، دوای ئەوەی وتبوی کە پەیامنێرە و هاتووە بۆ هەواڵناردن و لێکۆڵینەوە لەسەر بیروکراتی یۆنان و خاوی کارکردنیان، ئنجا کارەکەیان بۆ ڕاپەڕاندبوو.

یۆنان بە ئەوروپای ئاسیا و بە ئاسیای ئەوروپا ناوی دەرکردووە.

کە یۆنان هەژاربێت و خەڵکەکەی دەوڵەمەند بێت مانای وایە گەندەلی و خۆ دزینەوە لە باجدان بەربڵاوە.

گەندەڵی بە یۆنانی "دیاتورا" و بەرتیلیش "ڕوتفێتیس" ی پێدەوترێت کە لە بنەچەدا وشەیەکی تورکییە، ئەمە بە قسەی دوو یۆنانی کە دەیانناسم.

ئەو گەندەڵییەی یۆنان بەدەستییەوە دەناڵێنێت سیاسەتمەدارەکان دەستی زۆریان تیادا هەیە.

ئەمڕۆ یۆنان لە سایەی گەندەڵی و قەرزاریدا لە نێو بازنەیەکی داخراوی بەددا دەخولێتەوە. کێشەکە ئەوروپای دووچاری تەنگژەیەک کردووە کە دەربازبوون لێی ئاسان نییە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە