ئەوە ڕێباز نییە و بارزانی باوک نییە! - بهشی چوارهم
Saturday, 30/04/2011, 12:00
کە ئەو سەرکردەیە خاوەن و داڕێژەری تیۆرێک یان هەندێک بنەما نەبێت تا بکرێنە بناغەی شتێک کە پێی بوترێت ڕێباز، کەواتە مەسعود بارزانی بۆچی دەیەوێت بارزانی بکات، لەلایەکەوە بە خاوەن رێباز و لەلایەکی ترەوە بە باوک و، دواجاریش بە باوکی ڕوحی؟
دێمە سەر شرۆڤە کردنی ئەم پرسیارە، بەڵام باشترە پێش ئەوە هەندێک لە کەسایەتی و ناوی مستەفا بارزانی ڕامێنین و بزانین ناو هێنانی ئەو خەیاڵی مرۆڤە جیاجیاکانی کورد و هاونیشتمانیانی کورد بەرەو کوێ دەبات!
کە دەوترێت بارزانی هەر زوو وێنەکانی و مێژووەکەیمان بیردەکەوێتەوە و دێتە پێش چاو.
هەستێکمان لا بەرجەستە دەبێت کە سۆز بزوێنە جا یان بە باشی یان بە خراپی.
لەبەر ئەوەی ئەو وەکو سەرکردە، لە هەموو ژیانی سیاسی و شۆڕشگێڕیی خۆیدا فیگەرێکی یەکخەر نەبووە و، لەبەر ئەوەی کەس بەزۆر ناتوانێت مێژووی ئەو بسڕێتەوە لەو هەموو دژایەتییەی تیایدا بووە و کە تا ئێستاش تیایدا دەمێنێتەوە. هەر کە ناوی هێنرا، خێرا تاکەکانی کورد هەندێکیان بە شانازی و هەندێکی تریان بە سۆزێکی نەخوازراوەوە دێتە پێش چاویان، و هزریان داگیردەکات.
ناوهێنانی ئەو، بە پێچەوانەی کەسانێکەوە کە دەیانەوێت پێمان بڵێن سیمبۆلی نەتەوەییە، ناکۆکی و دووبەرەکیمان بیردێنێتەوە و، هەنوکەش دەمانباتەوە بەردەم درێژەدان بەو دووبەرەکییە. جا کە کەسێک ئەو هەستەمان لا دروستبکات بۆ دەبێت بە زۆر بیکەین بە سیمبۆلی نەتەوەیی؟ دەبوو لەبەر ئەوەی بەشێکی چالاک و ئەکتیڤی میللەت ئەو گریمانەیە ڕەتدەکاتەوە یان بەلایەوە گرنگ نییە، ئیتر دەست لەو جۆرە کۆششە هەڵگیرایە. هەتا هەوڵەکانی بە سیمبۆلی نەتەوەییکردنی ئەو لە ئارادا بێت زامەکانمان دەکولێتەوە و دەکەوینەوە بەردەم ئەو ڕاستییەی کە تارماییەک باڵ بەسەرمانا دەکێشێت، ئەو تارماییەش ئەوەیە کە ئەو بە سیمبۆلکردنە بەزۆر بەسەرمانا دەسەپێنرێت. تۆ چۆن دەتوانیت کەسێک بکەیت بە سیمبۆلی یەکبوون و شانازی پێوەکردن کە ئەو کەسە هەموو ژیانی تژی بووبێت لە دوبەرەکی و خەریکبوون بە یەکلاییکردنەوەی وەزعەکان بە بەرژەوەندی خۆی.
ناوهێنانی بارزانی هەر زوو ئەندێشەمان دەباتەوە بۆ لای دژەجەمسەرەکانی و، لەوانە جەلال تاڵەبانی و ئیبراهیم ئەحمەد کە ئەوانیش لای خۆیانەوە دوبەرەکیمان بیردەخەنەوە، و ئەو خەونی یەکبونەمان لێ لەباردەبات.
کاتێکیش هەندێک کەس دێن و دەڵێن ئەوانە هەموو سیمبۆلی نەتەوەیی کوردن، وە پێکەوە، ئەوا ئەو ئیدعایە لێوردبونەوەی دەوێت. دەشێت بپرسین کام جۆر لە سیمبۆلی نەتەوەیی؟
ئاخر سیمبۆل هەیە باسی بەستەزمانی نەتەوە دەکات، وەکو هێرۆشیما و ناکازاکی و هەڵەبجە و ئەنفال و هۆڵۆکۆست و قەتڵوعامی ئەرمەن، لە هەمان کاتیشدا باسی دڵڕەقی و تاوان و تاوانباران دەکات.
سیمبۆل هەیە باسی ئاستی بەرزی رۆشنبیری و بیرمەندی دەکات، هەیە باسی شارستانێتی و، هەیە باسی ئایین و هەیە باسی قارەمانێتی و یەکخستن دەکات.
سیمبۆل بەکام مەبەست و لەناو کام چوارچێوەدا و لە کام ئاستدا؟
دیارە کە بارزانی دەکرێت بە سیمبۆلی نەتەوەیی، بە سودی کێ دەکرێت، بە سوودی نەتەوەی کورد یان بە سوودی ئەوانەی ئیستا هاونیشتمانیان شاربەدەردەکەن لەسەر خستنە بەر پرسیاری ئەو بە سیمبۆلکردنەوە.
پارتی گەر وەکو حیزب بیەوێت ئەو بکات بە سیمبۆلی خۆی وابەستەیە بە خۆیانەوە، بەڵام دەبێت لە بیریشیان نەچێت کە لە هەمان کاتدا بەشێکی چالاک و زیندووی کورد لە کوردستانی باشوور دەکەن بە ڕەخنەلێگری. جا گەر کرا بە ڕێباز و بەزۆر فەرزکرا بەسەر خەڵکی تردا ئەوا لە سیمبۆل دەردەچێت و دەچێتە خانەی ستەمەوە.
دیارە بەرنامە داڕێژەری ئەو ڕیبازە مەسعود بارزانی یە و، ئەوەش لە بەرژەوەندی خۆیی و بنەماڵەکەیەتی نەک لە بەرژەوەندی نەتەوەی کورد. تۆ گەر دەتەوێت زامی دوبەرەکی و پەرتبوونی بیرنەخەیتەوە و بە زیندویی نەیهێڵیتەوە دەبێت یان واز لەوە بێنیت بەزۆر بیکەیت بە سیمبۆل یان لەگەڵ مێژوەکەیدا ئاشتببیتەوە، بەو مانایەی هەڵەکانی بڵێیت و هەوڵ بدەیت دووبارە نەبنەوە و رەخنە لێگرتنی بە کفری سیاسی و بە جوێن بەرانبەر بنەماڵەکەت نەزانی.
کاتێک کەسانێک هەبن ئەویان وەکو سیمبۆل قبوڵ نەبێت نابێت تۆ توڕە ببیت، چونکە کە تووڕە بویت هەرزوو ئەو تەلیسمی بەسیمبۆلکردنەت تەمومژاوی کردووە.
پرسیارێکی تر کە گرنگە بیکەین ئەوەیە ئایا گەر بوو بە سیمبۆل تا کام سنوور تێدەپەرێت، هەر لە ناو سنوری کوردستاندا دەمێنێتەوە یان تیدەپەڕێت و دەچێتە دنیای دەرەوە؟
بارزانی ناشبێتە باوک، لەبەر ئەوەی کە کردتە باوک دەبێت بە بێ ڕەخنە قبوڵی بکەین.
دواتر کە نەتوانێت ببێتە باوک چۆن دەبێتە باوکی ڕوحی کە خۆی ڕوحی بوون ئیقاعێکی ئایینی و خوداپەرستی هەیە؟ ئەو کە کرا بەباوکی ڕوحی ئەوا دەبێتە باوکی ڕوحی ئەوانەی باوەڕیان بە هەمان تەریقەت و ئاینزای ئەو هەیە و لەوان تێپەڕناکات. گەر مەبەست ئەوە بێت باوکێکی ئایینیە و، مەلایە و لەلای موسڵمانان باوکی ڕوحییە، ئەوا موسڵمانەکان ڕابەری ڕوحی و مەزهەبییان زۆرە و تا ئیستاش لە هیچ شوینێکدا بەرچاووم نەکەوتووە کە ئەو وەکو خاوەن مەزهەب یان تەریقەت یان ڕچە و رێباز لە ناو موسڵمانەکاندا باسبکرێت.
گەر مەبەستیش لەوەیە ئەو وەکو باوکێکی ڕوحی لە رووی ڕوحیەتی نەتەوایەتییەوە و ئیلهامبەخش بۆ شۆڕشگێڕێتی وێنا بکرێت ئەوە شتێکی ترە و ئەویش دەکەوێتە بەردەم پرسیار و نیشانەی پرسیارکردنەوە.
کەواتە کە ئەو باوک نەبێت و باوکی ڕوحی نەبێت و سیمبۆل نەبێت بۆ هەموو کورد وەکو گروپ و، وەکو نەتەوە، ئەوە کێیە هەوڵدەدات بیکات بە سیمبۆل و بە باوک و بە باوکی ڕوحیی؟ دیارە ئەوەش پیشتر وەڵامم داوەتەوە. وە ئەمە بە قازانجی کورد نییە وەکو نەتەوە، بەڵکو هەوڵێکە لە بنەماڵەی بارزانییەوە بۆ خۆ مەڵاسدان و مانەوە لەسەر کورسی و عەرش!
ئەوانەش کە لە بیری جیاوازن و بۆ مجامەلە یان بۆ ئەوەی زامەکانی کۆن نەکولێننەوە قبوڵی دەکەن ئەو وەکو سیمبۆلی نەتەوەیی قبوڵبکەن نازانن چەند زیان بە جەستەی کورد وەکو نەتەوە دەگەیەنن و چەندی تر ئەو ئاشتبونەوەیە لەگەل مێژووی کورددا دوادەخەن.
بۆیە دەبێت لەبەرچاومان بیت کە ئەو جۆرە سیمبۆلە بەزۆر سەپێنراوانە سیمبۆلی کاتین و لەگەڵ زەمەن و گۆڕانی زەمەندا دەتوێنەوە و دەڕمێن و دواتر چاکەو خراپەیان بە یەک تای تەرازوو دەپێورێت.
میللەتی ئێمە ئەمڕۆ لە کوردستانی باشوور پێویستی بە سیمبۆل نییە، پیویستی بە دیموکراتی و ئازادی هەیە. پیویستی بە سیستەمێکی حوکمە کە ژیانێکی پڕ کەرامەت و ئازادی بۆ دەستەبەربکات.
ئەمڕۆ کورد لە دنیای دەرەوە کەم کەس هەیە نەیناسێت و نەزانێت کام میللەتەیە، بۆیە پێویستی بە سیمبۆلی وەکو بارزانی نییە بۆ خۆ ناساندنی!
کوردانی هەندەران سی ساڵە بە هەموو توانایانەوە رٶژانە خەریکی ناساندنی کوردن بە دنیا، بە زیندوویی نەک وەکو ئەفسانە و سیمبۆل.کورد خۆشی وەکو نەتەوە قورسایی زۆرە بۆ ئەوەی جێگەی خۆی لە نێو نێوەندە دەولییەکاندا بکاتەوە.
ماندێلا و گاندی گەر سیمبۆل بن، مرۆڤی ئەم سەردەمە کە قبوڵیکردن وەکو سیمبۆل دەیانکات بە سیمبۆلی خۆی بێ ئەوەی ئینتمای هەبێت بۆ هیندستان یان بۆ ئەفەریقای خواروو!
جیڤارا ئەمڕۆ سیمبۆلە لە هەموو دنیا بێ ئەوەی بتوانێت کوبا خۆشەویست بکات لای ئەوانەی دژی سیاسەتی دەسەلاتدارانی وڵاتی کوبان.
هەندێک لەو سیمبۆلانە بوون بە حەکایەت و وەکو پاڵەوانی ناو حەکایەت و رۆمانەکان سەیر دەکرێن و بەس. ئەمڕۆ کەسایەتی حەمەدۆک لە لای خۆرئاواییەکان لەهەر کەسێکی سیاسی کورد ناسراوترە!
کە دەوترێت کەسێک سیمبۆل نییە یان نابێتە سیمبۆل خیانەت نییە، بەڵکو کە تۆ هاتیت کردت بە سیمبۆل هەر هەمان ساتەوەخت ڕوبەرێک بۆ پرسیارکردن و رەخنە لێگرتن دروستدەکەیت!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست