کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بەڵێ وشە گرنگە، بە تەنیا هێما نییە!

Sunday, 11/09/2011, 12:00





وشە گرنگە، زۆر گرنگە!

با بەراوردی هەندێک ڕستە بکەین کە لە وشە پێکهاتوون، بۆ ئەوەی بزانین ڕاستە وشە گرنگە.

لە بواری ڕێتوریکدا گەر ژنێک لێهاتوو بێت پێی دەڵێن دەمەوەرە، بەڵام گەر پیاوێک بوو پێی دەڵێن زیرەکە.

لە سەرمایەداریدا کاتێک کرێکارێک پێویست نامێنێت و لە کارەکەی دەردەکرێت لە لایەن سەرمایەدارەکەوە دەوترێت لە کار ئازادکراوە، نەقابەکەشی بە دەرکراو ناوی دەبات.

نمونە زۆرن گەر بمانەوێت و دەتوانین چەندان کتێب لەو بارەیە بهۆنینەوە.

بە کوردیەکەی خۆمان دەڵێن شەل نییە پای شکاوە!

لە پشت هەموو وشەیەکەوە مەبەستێک هەیە. ئەوانەی دەڵێن وشە تەنیا ئامڕازێکە بۆ دیالۆگ خۆیان گێل دەکەن.

لە ماوەی ڕاپەڕینەکەی کوردستاندا کە ناونرا خۆپیشاندان هەندێک ئاماژە دەخرانە ڕوو کە جێگەی سەرسوڕمان بوون، لەوانە هێنانەوەی هەندێک زاراوە و گوتەزا کە مۆرکی ئاینییان هەیە بۆ وەسفکردنی ئەو ڕۆژگارە تازەیەی بەڕێوە بوو.

قسەی زۆرکرا و بەرهەمی کەم.

نوسەرێکی وەک بەختیار لە مینبەرەکەی سەراوە بە ڕوونی وتی کە ئەو باوەڕی بە بەهەشتێک نییە. ئەو پێدەچێت لە قوڵایی ناخییەوە ئەوەی گوتبێت و مەبەستەکەشی بگەڕێتەوە بۆ ئەو پێشینە فەلسەفی و ڕۆشنبیرییەی کە هەیەتی. واتە لە مەسەلەی بوون و بونگەرێتیدا وای گوتبێت، بەڵام ئایا جەماوەرەکە وا لێی تێدەگەیشتن؟ وەکو ئەوە وابوو لە گەرمەی شۆڕشدا بە جەنگاوەرەکان بوترێت بەڕاستی گێلن ئەوە بۆ خۆیان ماندوو دەکەن. ئاخر شەل شۆڕش بۆ ئەوە ناکات لاقی ڕاست بکاتەوە بەڵکو بۆ ژیانێکی گونجاوتر و بۆ بەهایەکی مرۆڤانەتر ئەوە دەکات.

لە بابەتێکدا نوسیم کە گەنجان داوای داگرتنی بەهەشت بۆ سەر زەمین دەکەن، بە مانا دینییەکەی نا، بەڵکو بەو مەبەستەی کە دەیانەوێت ژینگەیەکی گونجاو بۆ ژیانی خۆیان دابین بکەن و بهێننە دی. دواجار هەندێک نوسینی کەسانی تر بینرا لەوانە ناونانی ئەو بەهەشتە بە یۆتۆپیاو بە خەون و بە مەحاڵ.

ئەو بەهەشتەی مەبەست بوو هێنانەدی کۆمەڵگەیەک بوو کە ماف و ئەرکەکان تیایدا بە پێی یاسا و دەستوور دیاری بکرێن و لەسەر بنەمایەکی مرۆدۆستانە دابڕێژرێن، نەک بۆهێنانەدی کۆمەڵگەیەکی نمونەیی و بەهەشتێک وەکو ئەوەی ئاینەکان بەڵێنمان پێدەدەن.

وشە گرنگە و تەلیسمی زۆرە!

هەروەک چۆن دەسەڵاتەکان لەوە تێدەگەن و بە ئارەزووی خۆیان بەکاری دێنن و دەیهۆننەوە بە هەمان شێوە گرنگە ئەوانەش کە لە دەرەوەی دەسەڵاتن و دەیانەوێت ئەو دۆخە بگۆڕن لە گرنگی وشە و لە تەلیسمەکەی تێبگەن.

با بێینە سەر ١٧ شوبات و ناونانەکان و دواتر ناونانە تازەکان بخەینەوە بیر خۆمان.

تا ١٩ ئاپریل:

ڕیژوان بە گوللە گیان لە دەست دەدات و لە لایەن دەنگە ناڕازیەکانەوە دەکرێت بە یەکەم شەهیدی ڕاپەڕین.

سەرانی دەسەڵات دەکرێن بە فیرعەون و بە سەدام.

لە دوای ١٩ ئاپریل:

هەوڵەکانی دەسەڵات بۆ لەباربردنی ئەو ناوانە و گۆڕینیانە بۆ وشەی بێلایەن و نیوتراڵ و، بۆ ئەوەی تەلیسمەکەیان لێبسەنێتەوە و، لەمەشدا میدیای ئەهلی تا ڕادەیەکی زۆر هاریکاری دەسەڵات دەکات ئیتر بە مەبەست بێت یان بێ مەبەست، خۆ ئەوەندە گێلیش نین لە وشەکان تێنەگەن.

بە ئەشکەنجەدانەکەی ئیسماعیلی بێژەر دەگوترێت تێهەڵدان و،
لە میدیای ئەهلیشدا بە شەهید رێژوان دەگوترێت مێردمنداڵێک کە بە گوللەی تەقەکەرەکان گیانی لەدەستداوە.

خوێنەر با خۆی سەرپشک بێت لەوەی ئایا وشە گرنگە یان نا، گەر گرنگ نییە ئەو هەوڵی ناونانە بە جۆری جیا جیا بۆ؟

کردار و ناونانەکان کە لە دەسەڵاتەوە سەرچاوە دەگرن بە مەبەستی تێکشکاندن و پوچەڵکردنەوەی ئیرادەی میللەتە و هیچی تر، بۆ درێژەدانە بە مانەوەی خۆی.

لە کاتێکدا ئیسماعیل و ئاسۆس و برای میرە ئەشکەنجە دەدرێن پێیان دەڵێن تێیان هەڵدراوە و لێیان دراوە.

هەمومان دەزانین ئەو زاراوانە لای خەڵکی کورد بە کام مانا دەشکێنەوە، تێهەڵدراو ئەو کەسەیە کە نەیتوانیوە دیفاع لە خۆی بکات و بێدەسەڵاتە، کەواتە نابێت خەڵک دوای بکەوێت.

لە کاتێکدا ئەوان نەتوانن دیفاع لە خۆیان بکەن چۆن دەبێت خەڵکی دوایان بکەوێت؟

بە تایبەتی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا کە تا هەنوکە عەشایر پێیان عەیبە بە پانتۆڵەوە بچنە بەرەی شەڕ و ژن بە جەنگاوەر دانانێن.

دەسەڵاتیش لە ناو ئەو کەشوهەوایەدا دەژی و درێژە بە تەمەنیشی دەدات!

گەر گوترا ئەشکەنجەدراو، ئەوە ئاماژەیەکی سیاسیمان دەداتێ و لە کەسێتی دەردەچێت و، ئەشکەنجەدراو دەبێت بە پاڵەوان، لەولاشەوە تێهەڵدراو حەیای دەبرێت و کێشەکەی دەکرێت بە کێشەیەکی تاکەکەسیی!

کاتێک شەهید ڕێژوان دەکرێت بەو مێردمنداڵەی گیانی لەدەستداوە، ڕەوایەتی ڕاپەرینەکە پووچەڵدەکریتەوە و ڕەهەندە سیاسیەکانی ئەو کێشەیە فەرامۆش دەکرێن و دەستدرێژیەکە دەکرێتە کێشەیەکی یاسایی و، بکوژ بۆی هەیە وەک بەرزەکی بانان بۆی دەرچێت و لە دواجاریشدا بۆی هەیە تەعویزیش وەرگرێت بەوەی کە ناوی زڕێنراوە!

بۆیە وشە و ناونان گرنگە.

وشە تەلیسمی کاریگەرە!
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە