کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


حیزبی کوردی و تەڵەزگەی باڵە جیاکانی ناو حیزب

Thursday, 21/04/2011, 12:00


لە سەرەتای دروست بوونی حیزبەوە لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا باڵ و باڵچێتی دراوەتە پاڵ حیزبە جۆراوجۆرەکان. ئەمە باڵی چەپە، ئەوە باڵی ڕاستە، یان ئەمە باڵی پێشکەوتوخوازە و ئەوە باڵی محافزکارە و هەتادوایی.

با زۆر شۆڕنەبمەوە بۆ ناو مێژوو!

لە کوردستان هەرزوو بوونی ڕای جیا و تێڕوانینی جیا بۆ کێشەکان باڵچێتی و تەوژمی جیاجیای لە نێو حیزبەکاندا لێ کەوتۆتەوە.

لە شەستەکاندا کە نوێترین مێژووی حیزبی کوردیە و بە تایبەتی لە باشوری کوردستان دیاردەی باڵچێتی و ئینشقاق زۆر ڕووی داوە، جا ئیتر لە نێو حیزبە شیوعیەکاندا بێت یان لە نێو بەناو حیزبە نەتەوەییەکاندا بێت.

١٩٩٤ پارتی جەلالی لێکەوتەوە و،
دواتر یەکێتی حسک و ئاشی لێکەوەتەوە و، دواجاریش گۆڕانی لێکەوتەوە. پارتیش لە دوای ئاشبەتاڵەوە قیادەمۆقەتەی لێکەوتەوە. ئەمانە هەمویان لە ناو خۆیاندا باڵ و باڵچێتیان لێکەوتۆتەوە، یان گەر واش نەبێت بۆ چەواشەکردنی میللەت ئیدعای بوونی باڵی جیا لە نێو هەمان حیزبدا لە لایەن خودی سەرکردایەتی حیزبەکانەوە کراوە.

وەک دەزانین قیادەمۆقەتە هەرکاتێک پێویستی بکردایە دەبوون بە باڵی مەسعود و بە باڵی ئیدریس. ئەویش بۆ گلدانەوەی لایەنگران و بۆ چەواشەکردن و بیانوهێنانەوە بۆ هەڵوێست و هەڵسوکەوتە جیاکانی حیزب.

با بێمە سەر ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی:
ئەوەی پەیوەندی بە پارتییەوە هەیە وتراوە ئەوە باڵی مەسعودەو ئەوە باڵی نێچیرە، کەچی لە بچوکترین ئەندامیانەوە بیگرە هەتا گەورەکانیان خۆیان بە ئەندامی گوێ لە مستی حیزبی خۆیان دەزانن.

چی یەکێتیشە لەمڕۆدا هەوڵێک هەیە لەلایەنی جیاجیاوە بۆ ئەوەی وا پێشان بدرێت کە یەکێتی هۆمۆگێن نییە و باڵی جیاجیای تیایە.

من خۆم لە هەندێک نوسیندا باسم لە باشەکانی ناو یەکێتی و لە خراپەکانی ناو ئەو حیزبە کردووە. هەوڵیشم داوە هانی لایەنە باشەکانی بدەم خۆیان لە ڕکێفی جەلال دەربێنن. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەمە کارێکی ئاسان و مومکینە یان مەحاڵە؟

ئەمڕۆ لە دوا دەربڕینی مەریوانی وریا قانیع دا جۆرێک لەو دیدە دەربڕینی لێکراوە.
http://www.sbeiy.com/ku/article_detail.aspx?ArticleID=4582&AuthorID=482
بەڵام ئایا ئەوانە کێن لەناو یەکێتیدا کە ئێمە هیواکانی خۆمانیان بخەینە سەر؟

بە بارەکەی تردا بڵێین کە ئەوە جەلال تاڵەبانی پیری پەککەوتەیە کە لایەنی توندڕەوە لە ناو یەکێتیدا و، شانی لەسەر کادرە عەسکەرییە وەسەتییە لەلایەن ئەوەوە قەبەکراوەکانەوە داداوەو، کردونی بە دەمڕاست و دەستوەشێن لە میللەت. ئەوانەش حاکم قادر، مەحمود سەنگاوی و شێخ جەعفەرن.

ئەوەی پەیوەندی بە بەرهەم و، کۆسرەت و، مەلا بەختیار و ئەوانی ترەوەیە جارجارە خۆیان دەردەخەن و جارجارەش خۆیان دەخەنە پشتی پەردەوە. وای لێهاتووە کە ئیتر پێویست ناکات خۆمان بە لێکدانەوەی ئەوەوە خەریک بکەین کە خەریکی چین و لە کام باڵ و لایەنن.

هێرۆ و نەجمەدینی تازەپێگەیشتوو و هەندێکی تریان هەر باس مەکە!

ئەوەی گرنگە لەیادی نەکەین کە خودی یەکێتی و لەسەر دەستی جەلال تاڵەبانیدا هەر لە نیوەی دووەمی حەفتاکانەوە جۆرە سیاسەتێکی باڵ و باڵداریی لە بوونی بەعسدا بە ئێمە نیشان دەدا، لەوانەش باڵی سەدامی توندڕەو و، لەلاکەی تریشەوە باڵی حازمی پێشکەوتووخواز. ئەو هەموو گرنگییەی دا بە حازم کەچی ئەمڕۆ تۆزیشی دیار نییە و، کاتی خۆشی لە بەرانبەر سەدامدا هیچی پێنەکرا، ئەوە نەبێت کەجارجارە بەسەردان یان بۆ سیاحەت دەهات بۆ سەکردایەتی یەکێتی!

با ئیتر خۆمان بە یەکێتی و بە باڵەکانییەوە خەریک نەکەین، چونکە ئەگەر باڵی باشیشی تیا بێت ئەوا چارەنوسی خۆی داوەتە دەست تاڵەبانی و گەر واش نەبێت هیچی پێناکرێت.

مەلا بەختیار لە وتارێکیدا باسی لەوە کرد کە با تاڵەبانی وەکو کەسێکی دیموکراتیی بچێتە مێژوەوە، ئەو وتارە بۆی هەیە پەیامێک بووبێت بۆ تاڵەبانی، بۆی هەیە لەخشتەبردنێکی خەڵکی بووبێت و بۆشی هەیە لەو یەقینەوە بێت کە ئەو وای بۆبچێت کە سەردەمی تاڵەبانی لە کۆتایی نزیک بۆتەوەو هەوڵێک بدات هەنگاوێک بۆ ناو ئایندە و بەرەو مانەوە بنێت!

ئەمڕۆ لەم کاتە گرژەدا یەکێتی ئەو هێزە چەوسێنەرە عەسکەرتارییەیە کە لەسەر شەقامەکانە و ئیهانەی خەڵکی ئێمە دەکات. کەسی تیا نییە باش بێت، گەر تیایەتی و هیچی پێناکرێت با بێتە بەرەی میللەتەوە. ئەی خۆیان بۆ کەی هەڵگرتووە؟ برادەرێکی پێشمەرگە کە گوایە سەر بە کۆسرەتە لە کوردستان پۆستدا دەیەوێت وا پیشان بدات کە ئەوان خۆیان دەزانن چی دەکەن و کەی دەنگییان دەبێت، کە ئەوان پیویستیان بە پلان و بەرنامە و هاندانی خەڵکی تر نییە. ئایا ئەمانەن ئەو یەکێتییە باشانەی کە ئێمە موخاتەبەیان دەکەین؟ ئەرێ خۆیان بۆ کەی هەڵگرتووە؟ یان گەرواشە ئایا ئەوان دەتوانن شان بدەنە ژێر ئەو گۆڕانکارییەی میللەت داوای دەکات؟ بێگومان نەخێر!
یان خۆیان هەڵگرتووە تا ئەو کاتەی میللەت خۆی بارەکە یەکلایی دەکاتەوە و ئەوسا پێش ئەوەی کار لەکار بترازێت جەبهە دەگۆڕن بۆ ئەوەی درێژە بە پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندیەکانی خۆیان بدەن!

ڕۆژ لەمە گرژتر و زەرور تر هەیە بۆ ئەوەی کەسە باشەکانی ناو یەکێتی خۆیان ساغبکەنەوەو هەڵوێستێک بنوێنن؟ من باوەڕ ناکەم!

کار گەیشتووە ئەوەی دڵ بەوازهێنانی جەمال حوسێن لە کوردسات خۆشدەکرا و بە مەوقیف دادەنرا تا خۆی ڕایگەیاند کە ئەو هەر خزمەتکاری حیزبەکەی خۆیەتی و هیچ کێشەی لەگەڵ حیزبی خۆیدا نییە، یان گوترا کە گوایە کاوە موحەممەد موجادەلەی لەگەڵ تاڵەبانی کردووە و ئەوەی بە تۆمەت داناوە کە مەیلی گۆڕانی هەبوبێت!

ئەمڕۆ یەکێتی یەک هەڵوێستە، گەرنا سەرلێشێواوە و هیچی تر، گەرنا بۆ باشەکانی ناو یەکێتی بێدەنگن و شتێک ناکەن، خۆیان بۆ کەی هەڵگرتووە؟

با دەست لە یەکێتی و پارتی بشۆین و دەردی ڕێبین وتی خەریکی خۆمان بین!

نە پارتی و نە یەکێتی باڵی تیا نییە، چونکە لولەی بەلوعەی پارەکە لای مەسعود و جەلالە و حیزبیەکانیشیان شەریکە بەشن لە گەندەڵیدا و وا بە ئاسانی دەستبەرداری ئەو لێخواردنە نابنەوە.

ئەمڕۆ دەبێت یەکێتی بەیەک چاو سەیربکەین و خۆمان نەخەلەتێنین، ئەویش بەو چاوەی کە بڕیاردەری یەکەم و ئەخیر جەلالە و ئەوەی لە میحوەری ئەودا نەبێت، نییە! ئەو باوەڕبوونە بە بوونی باڵی باش لە نێو یەکێتیدا تەڵەزگەیەکە لە کات و وزە بە خۆڕایی بە فیڕۆدان.

با کاری خۆمان لەسەر ئەوە بکەین کە ئەو دوو حیزبە، واتە پارتی و یەکێتی بە چارەنوسی خۆیان بگەیەنین و بەرەو هەڵوەشاندنەوەیان بەرین و مۆڵەتی بونیان لێبسەنینەوە!

ئەمە تەنیا ڕێگە چارەیە. ئەندامەکانیشیان با دواتر حیزبی نوێ بە شێواز و بە پێوەری نوێ پێک بهێنن!

ئەگینا هەرچی تر بڵێین وەهمە و پشت بەستنە بە باڵی پێشکەتووخوازی حازمی حیزبی بەعس، لەناو یەکێتی و پارتیدا و، دواجاریش ڕیس بە خوری بونەوە!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە