سۆسیالیست ئینتەرناسیونال و هەڵوێستەیەک
Sunday, 05/06/2011, 12:00
لەبەر ئەوەی خەرەندێکی مەزن دروست بووە لە نێوان بانگەواز و کرداری ڕاستەقینەی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی سۆسیالیست ئینتەرناسیونال و هەڵسوکەوتی لەسەر ئەرزی واقیع یان دەرەقەت نەهاتنی بەو هەموو ئامانجەی هەڵی گرتووە، بە پێویستم زانی ئەم کورتەیە لەسەر ئەو ڕێکخراوە بخەمە بەر دیدی ئازادیخوازانی کوردستان، ئەویش بۆ بەرچاو ڕوونی.
دوای ئەوەی یەکێتی و پارتی دەستدرێژی گەورەیان کردە سەر مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان و، دوای کۆبوونەوەی کوردەکانی بەریتانیا لە بەردەم بنکەی ئەو ڕێکخراوەدا لە لەندەن و، ناڕەزایەتی دەربڕینیان بەرانبەر ئەو ڕێکخراوە کە یەکێتی تیایدا ئەندامە و، بەڵێندانی بە هەڵوێست وەرگرتن بەرانبەر یەکێتی و، دواتر بێهەڵوێستییان و، ناردنی نامەکەی پاپاندرێۆ و ئایالا بۆ تاڵەبانی و، باسکردنی مافەکانی مرۆڤ تەنیا وەک موجامەلە و قسەی بۆش ئەم بابەتە بوو بە پێویستییەک.
مافەکانی مرۆڤ گرنگن، جا داکۆکیکردن لێیان یەک مرۆڤ یان ژمارەیەکی زۆر لە مرۆڤ بگرێتەوە. کاتێک یەکێتی ژمارەیەک مرۆڤ شەهید و بریندار دەکات و ئەشکەنجەی خەڵکی دەدات و ئەو ڕێکخراوە لە بری ئەوەی هەڵوێستی هەبێت نامەی گەرم و گووڕ بۆ تاڵەبانی دەنێرێت، پێویستە هەڵوێستەکانی ئەو ڕێکخراوە لە ئاست مافەکانی مرۆڤ لە سەر ئاستی جیهان لە ئێستادا بۆ خوێنەری کورد ڕونبکرێتەوە بۆ ئەوەی بە قسەی پڕ بریقوباقی ئەو ڕێکخراوە فریونەخۆن و، بە قەبەکردنەکان و پیاهەڵدانەکانی یەکێتی و جوندیانیش دڵگران نەبن.
کورتەیەک لە سەر ڕێکخراوەکە و پێکهاتەکەی و پێشینەیەک: پێشینەیەک:
ساڵی ١٨٨٩ ڕێکخراوێک بە ناوی ئینتەرناسیونالی دووەم دروست بوو، ئەم ڕێکخراوە تاکو هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی دووەم لە ١٩١٤ دا مایەوە و لەو ساڵەدا نەما. دوای جەنگ سۆسیالیستی کرێکاری نێونەتەوەیی جێی گرتەوە و، مایەوە تا جەنگی جیهانی دووەم و، لە ١٩٤٠دا هەڵوەشایەوە.
لە دوای جەنگی دووەم ڕێکخراوی سۆسیالیست ئینتەرناسیونال پێکهێنرا.
کە دروستکرایەوە ژمارەیەک حیزبی سۆسیالیستی و حیزبی سۆسیالیست ـ دیموکراتی گرتە خۆی، بەڵام تا ساڵی ١٩٧٦ ئەم ڕێکخراوە ژمارەیەکی کەم حیزبی لە دەرەوەی ئەوروپا وەکو ئەندام گرتبووە خۆی.
لە دوای ئەو ساڵە ئیتر هێدی هێدی حیزبە جۆراوجۆرەکانی وڵاتانی جیهانی گرتە خۆی.
لە مێژووی ئەم ڕێکخراوەدا تەنیا ٣ حیزب دەرکراوە، ئەویش گوایە لەسەر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بووە. ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەو حیزبانە ساڵانێکی زۆر لە دەسەڵاتدا بوون و، سەرباری پێشێلکارییەکانیان بەرانبەر مافەکانی مرۆڤ دەرنەکراون تا لە وڵاتەکانی خۆیاندا شۆڕشیان لە دژ کراوە و لە دەسەڵات لابراون، ئەوسا ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکە ئەندامەتی لێسەندونەتەوە.
ئەو حیزبانەش حیزبەکەی موبارەک و حیزبەکەی بن عەلی و حێزبەکەی لۆرەنت گباگبو بوون.
ئەوەی بن عەلی ناوی تەجەموعی دەستوریی دیموکراتی بوو، لە دوای شۆڕشی تونس لە ژانویەی ٢٠١١ دا لە ڕێکخراوی سۆسیالیست ئینتەرناسیونال دەرکرا. ئەوەی موبارەک ناوی حیزبی نیشتمانی دایک بوو لە دوای شۆڕشی گەنجانی میسر لە ڕێکخراوەکە دەرکرا. ئەوەی گبابگۆش لە دوای کێشەی خۆ سەپاندنی گبابگۆ بە دەسەڵاتدا و کێشەی بە دیکتاتۆربوونی و لابردنی بە زۆری هێزی نێونەتەوەیی دەرکرا.
دەکرێت بپرسین ئایا ڕێکخراوی سۆسیالیست ئینتەرناسیونال کە دروشمی گەورەی مافەکانی مرۆڤی هەڵگرتووە بۆ هەستی بەو هەموو پێشێلکارییانە نەکردووە لەو سێ وڵاتەدا تاکو شۆڕشیان تیا نەکراوە؟
پێکهاتەی ڕێکخراوەکە:
وەکو خۆیان دەڵێن مەبەست لێی کۆکردنەوەی حیزبە سۆسیالیستیەکانی جیهانە، بە هێزکردنی پێوەندی نێوانیانە. ئەو حیزبانەی دەیانەوێت سۆسیالیزمی دیموکراتی دەستەبەربکەن.
ئەندامەکانی ئەم حیزبە ژمارەیان زۆرە، مافی قسەکردنی تەواویان هەیە لە گەڵ دەنگداندا، لە هەمان کاتدا ئەرکی سەرشانیانە کە پارەی ئەندامیەتیی بدەن بە ڕێکخراوەکە.
پارتە ڕاوێژکارەکان مافی قسەکردنیان هەیە لەگەڵ ئەرکی ئەندامیەتی دان بە ڕێکخراوەکە، بەڵام بۆیان نییە دەنگ بدەن.
پارتە چاودێرەکان بۆیان هەیە لە کۆبوونەوەدا بەشداربن وەکو چاودێر بەڵام مافی قسەکردن و دەنگدانیان نییە، ئەرکی سەر شانیانە پارەی ساڵانە بدەن.
ئۆرگانەکانی ڕێکخراوەکە لە چەند بەشێک لەوانە کۆنگرێس و سکرتاریەت و کۆمیتەی ئەخلاقی و کۆمیتەی پارەداریی و ئیداری وکۆنسوڵ پێکهاتووە.
ئەوەی جێگەی گرنگیدانە ئەوەیە ئەندامە تەواوەکانی ڕێکخراوەکە کاتێک مافی ئامادەبوون و دەنگدانیان هەیە کە پارەی ئەندامەتیەکەیان دابێت، واتە پارەی ئەندامەکان بۆ ڕێکخراوەکە زۆر گرنگە.
گرنگە ئاماژەش بەوە بکرێت کە سەرکردەی هەموو حیزبە ئەندامەکان ئۆتۆماتیکی دەبنە جێگری سەرۆکی ڕێکخراوەکە، واتە یەک سەرۆک و ژمارەیەکی زۆر جێگرسەرۆک. بۆیە گرنگە بزانرێت کە تاڵەبانی بە هۆی ئەندامەتیی یەکێتییەوە ئۆتۆماتیکی دەبێتە جێگرسەرۆک لە نێو جێگر سەرۆکەکانی تردا و تاکە جێگرسەرۆک نییە.
کاتێک سەیری حیزبە ئەندامەکانی ئەم ڕێکخراوە دەکەین دەبینین کە ژمارەیەکی زۆریان لە دەسەڵاتدان و، لەو وڵاتانەی تیایدا خاوەن دەسەڵاتن پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ کاری ڕۆژانەیە.
تەنانەت پارتێکی وەکو پارتی گەلی کۆماری تورکیا تیایدا ئەندامە.
بانگەشە و پرنسیپەکانی:
گرنگیدان بە جیهان و بە دواڕۆژی جیهان
ئازادی و دادوەری کۆمەڵایەتی و سۆڵیداریتی
دیموکراتی و مافەکانی مرۆڤ
ئاشتی و دەستپێشخەریی بۆ ئاشتی
پرسەکانی ژینگە و جیهانگیریی
ڕامکردنی گەشەکردنی تەکنەلۆژی
بەرەوپێشچوون و لە چەک داماڵین
لەم سەدە تازەیەشدا هەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنی دیموکراسی سیاسی و ئابوری
گەشەپێدانی کلتوری و خوێندەواری و کۆمەڵگە
لە بواری یەکسانی نێرومێدا
مۆدێلێکی نوێ بۆ گەشەپێدانی دنیا
سۆڵیداریتی لە نێوان باکور و باشوردا
یەکبوونی سۆسیالیزمی جیهانی
ڕێکخستنەوەیەکی دیموکراسیانەی نوێ
دیارە ڕێکخراوێک ئەم هەموو ئەرک و ئامانجەی خستبێتە ئەستۆ، لە جیهانێکی وا فرە ڕەنگدا لە پرسی حیزب و رێکخراوەکاندا، ئاسان نییە بۆی هەڵوێستە تەنیا لەسەر مافەکانی مرۆڤ بکات و گورجوگۆڵ بێت.
بۆیە دەتوانرێت بوترێت کە ئەندامێتی یەکێتی یان حیزبێکی کوردی لەو ڕێکخراوەدا بۆ برەوپێدانی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان هیچ مژدەیەکی پێ نییە، بە پێچەوانەوە دەبینین ئەندامەتیەکەی لەو ڕێکخراوەدا وەکو پەردەپۆشکردن و، بۆ ڕەواکردنی پێشێلکاریەکانی بەرانبەر مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان بەکار دەهێنێت.
یەکێتی بە هۆی ئەندامەتی لەو ڕێکخراوەدا سەرباری هەموو پێشێلکاریەکانی باڵ بەسەر خەڵکی کورددا با دەدات، وەکو ئەوەی پێمان بڵێت چی بوێت دەیکات و، هەر بە ئەندامەتی ڕێکخراوەکەش دەمێنێتەوە.
بێ شەرمی یەکێتی لەوەدایە کە سەرباری تاوانەکانی کە هێشتا بۆنی خوێنی گەنجەکانی لێ دێت، دێت و فشەی پەرۆشبوونی خۆیمان بۆ پرسەکانی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان بۆ باسدەکات.
ژمارەیەکی زۆر لە کوردی دەنگدەر یان ئەندام لە حیزبە ئەندامەکانی ئەو ڕێکخراوەدا لە ئەوروپا و دانیشتووی ئەوروپا، وا چاوەڕوان دەکرێت لە ئایندەدا دەنگ بە حیزبە ئەندامەکانی ئەو ڕێکخراوە نەدەن!
لەبەر ڕۆشنایی نامەکەی ئایالا و پاپاندریۆ دا، گرنگە دووبارە بەڵگەکانی پێشێلکارییەکانی یەکێتی لە دوای حەڤدەی شوباتەوە ڕاستەوخۆ بنێردرێت بۆ ئەو دوو زاتە بۆ ئەوەی بزانین کە ئایا سەرباری ئەوەش هەر شانازی بە یەکێتییەوە دەکەن!
سەرچاوەکان:
http://en.wikipedia.org/wiki/National_Democratic_Party_(Egypt)
http://en.wikipedia.org/wiki/Socialist_International
http://en.wikipedia.org/wiki/Tunisia
http://en.wikipedia.org/wiki/2010%E2%80%932011_Ivorian_crisis
http://en.wikipedia.org/wiki/2010%E2%80%932011_Ivorian_crisis ئەم لینکانە ٥/٦/٢٠١١ سودیان لێوەرگیراوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست