کام سۆسیالدیموکرات، ئەوەی سوید و مۆنا سالین یان ئەوەی یەکێتی و تاڵەبانی؟
Wednesday, 09/03/2011, 12:00
سەرەتا پێش ئەوەی بچمە سەر خستنە ڕووی پێکهاتەو بەرنامەی سۆسیالدیموکراتەکانی جیهان وەکو ڕێکخراو لە ناو سۆسیالیست ئینتەرناشونال، ئاماژەیەک بە ئاشنابون و سەرەتای دۆستایەتی ئەو ڕێکخراوە لەگەل کورد دەکەم.
لە نەوەدەکاندا لە ڕیگەی (توماس هامەربێری)ەوە زانیاری ئەوەم وەرگرت کە ئەو و هاوڕێ سویدی و ئەوروپیەکانی چۆن بون بە دۆستی کورد و چۆن بڕیاریان داوە بەرگری لە کورد بکەن. ئەو پێی وتم کە لە چیکۆسلۆڤاکیا پێش، و دواتریش لە کاتی، شۆڕشی پراگ دا قاسملۆیان ناسیوە. قاسملۆی وەکو مرۆڤێکی چالاک و کاریزما وەسف کردو وتی کە کاتێک سۆڤیەت ڕاپەرینی خەڵکی پراگ و چیکۆسلۆڤاکیای بە زنجیری دەبابە و تانک سەرکوت کرد، ئەو کاتە ئەوان کۆمەڵێک چالاکوانی سۆسیالیستی بون کە دژی کۆمۆنیستەکانی سۆڤیەت وەستانەوەو دژی پیاوەکانی سۆڤیەت لە پراگ هەڵوێستیان وەرگرت. قاسملۆ یەکێک بو لەوان. لە خۆشەویستی قاسملۆ تێروانینیان بۆ کورد و بۆ کێشەکەی گەشەی کردبوو.
جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی لە کام ڕێگەوە یەکەم جار داوەتی کۆبونەوەکانی سۆسیالدیموکراتە نێودەوڵەتیەکان کران؟
ئەو کەسەی دەستی گرتن و ئاسانکاری بۆ کردن بێنە بەرچاو کەس نەبو بێجگە لە قاسملۆ.
ئەوەی قاسملۆ جیادەکاتەوە لەمانی تر ئەوەیە ئەو باوەڕی بە بەرنامەکانی سۆسیالدیموکراتەکان هەبوو.
دواتر لە ڕێگەی خێرەومەندانی ترەوەو لە ڕێگەی کوردە ئاوارەکانی خۆرئاوا و پەیوەندی نزیکیان بە کەسایەتیە سۆسیالدیموکراتەکانەوە و لەسەرو هەموشیانەوە بە هۆی ڕەوایی کێشەی کورد و یەکگرتنەوەی لەگەڵ ئامانجەکانی سۆسیالدیموکراتەکان بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ و یەکسانی، ڕێگە خۆشبوو بۆ بە ئەندامکردنی یەکێتی لەو ڕێکخراوە جیهانیەدا.
ئەمڕۆ یەکێتی دێت و لەسەر دەستی جەلال و جوندیانیەکەی دەیانەوێت خۆڵ بکەنە چاوی خەڵکەوەو وا پیشان بدەن ئەوان گڵۆپی سەوزی تەواوەتیان پێدراوە لەلایەن ئەو ڕێکخراوەوەو قسەیان بە هەمو جۆرێک دەڕوات و بۆیان هەیە بێ سزا چییان دەوێت بیکەن.
بۆیە من بە ئەندام و پێشمەرگە دڵسۆزەکانی یەکێتی دەڵێم کە بە هیچ جۆرێک بەو درۆو دەلەسانەیان نەخەڵەتێن. گەر دەتانەوێت یەکێتی وەکو سۆسیالدیموکراتێک لە نێو نێوەندە دەولیەکان بمێنێتەوە، ئەوا خۆتان، جەلال و تاوانەکانی ئاشکرابکەن و لایبەرن و یەکێتی لەو تەنگژەیە ڕزگاربکەن کە تێیکەوەتووە.
گەر وا نەکەن ئێمە لێرەوە ئیشی خۆمان بۆ ڕیسواکردنی جەلال، و دواتر یەکێتیش دەکەین لەنێو ئەو ناوەندانە.
سۆسیالیست ئینتەرناسیونال:
من لێرەدا نامەوێت مێژوی دروست بونی باسبکەم، ئەوانەی حەزدەکەن دەتوانن بچنە ناو ئەم لینکەی خوارەوە، بۆ ئەوەی بزانن کامانەن ئەو حیزبانەی ئەندامن لە ڕێکخراوەکەدا و مێژوەکەو دروست بونەکەی کەی و چۆن بووە:
http://www.socialistinternational.org/viewArticle.cfm?ArticlePageID=931
دەبینین سۆسیالیست ئینتەرناسیونال ئەندامی تەواوەتی هەیە کە یەکێتی یەکێکە لەوان، حیزب و ڕێکخراوی ڕاوێژکار و، حیزب و ڕێکخراوی چاودێر و، رێکخراوی دەستەبرا و ڕێکخراوی هاوکاریان هەیە.
پرنسیپەکانی سۆسیال ئینتەرناسیونال:
لەم لینکەی خوارەوەدا دەتوانن بیانخوێننەوە،
http://www.socialistinternational.org/viewArticle.cfm?ArticleID=31
من ئەوەیان کە پەیوەندی بە دادوەری کۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤ و ئازادیەوە هەیە روندەکەمەوە.
لە خاڵی دودا کە پرنسیپەکانە، و لە بەندەکانی ١٢ تا ١٧ گرنگی دەدرێت بە مافی مرۆڤ و حورمەت و ئازادیی ئینسان و دادوەری کۆمەڵایەتی.
١٢) سۆسیالیزمی دیموکراتی بزاوتێکی نێونەتەوەییە بۆ ئازادی، دادوەریی کۆمەڵایەتی و سۆڵیداریتێت، واتە هەرەوەزیی، هەوڵدەدات. ئامانجی ئەوەیە جیهانێکی ئاشتیانە بێتەدی، بۆ ئەوەی ئەو بەها بنچینەییانە بەهێز بکرێن و، تیایدا هەمو تاکێک ژیانێکی پڕمانا بژی، بە جۆرێک بواری گەشەکردنی تەواو بۆ کەسایەتی و بەهرەکانی فەراهەم بکرێت، وە گەرەنتی بۆ مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی هاوڵاتیی بون لە چوارچێوەی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیدا دابین بکات.
١٣) ئازادی بە کٶششی تاکەکان و بە هەوڵی هاوبەش دێتە دی، ئەم دو کۆششە هەردوکیان بەشن لە هەمان پڕۆسەدا. هەمو تاکێک مافی ئەوەی هەیە ئازادبێت بە جۆرێک بە زۆر لە روی سیاسیەوە دوچارنەکرێت. وە هەلی گەورەتری بدرێتێ بۆ هەوڵدان لە گەیشتن بە ئامانجەکانی وەکو تاک و بتوانێت تواناکانی خۆی بەدی بهێنێت. ئەمەش تەنیا کاتێک بەدی دێت کە مرۆڤایەتی لە خەباتی چەندان ساڵەیدا سەرکەوتوو بێت و زەمانەتی ئەوە بکات کە هیچ کەسێک، هیچ چینێک، هیچ جنسێک، هیچ ئاینێک و هیچ ڕەگەزێک نەبێتە خزمەتکاری ئەوی تر.
(ئەم دو بەندەی سەرەوەم تەرجومە کرد، هیوادارم لە کەموکوڕیەکانی ببورن... بەڵام هەوڵمداوە مەبەستەکەی تیانەچێت.)
مۆنا سالین کە سەرۆکی سۆسیال دیموکراتەکانی سوید بو یەکێتی بۆ دوا کۆنگرەی خۆی داوەتی کرد، بۆ ئەوەی وا پیشان بدات کە ئەوەتا دۆستە سویدیەکانیان ئەوپەڕی پشتگیریان دەکەن و هاوڕێیانن.
ساڵانێک پێش ئەوەی ببێتە سەرۆکی سۆسیال دیموکراتەکان هەلێکی تری بۆ ڕەخسا ببێتە سەرۆک بەڵام ڕێگەی لێگیرا. لەبەر ئەوەی کارتی بانقیەکەی حیزبەکەی بەکارهێنابو بۆ کەلوپەل کرین بۆ خۆی. ئەوکاتە بو بە هەراو نەیانهێشت ببێت بە سەرۆکی سۆسیال دیموکراتەکان.
ئەمجارەش کە بو بەسەرۆک و لە هەڵبژاردن دەرنەچوون و دۆڕاندیان، سەرۆکی گەنجەکانی سۆسیالدیموکراتەکان وتی دەبێت پیرەکان وازبێنن، بۆیە مۆنا وازی هێنا.
وەکو ئەوە وایە سەرۆکی یەکێتی خوێندکارانی کوردستان یان قوتابیانی کوردستان بە جەلال و مەسعود بڵێن واز بێنن لە دەسەڵات و ئەوانیش بە قسەیان بکەن.
جەلال و مەسعود هەمو کورد بڵێت وازبێنن تێناگەن. تێناگەن چەند نەخوازراون.
لە کاتی کۆڕەوەکەدا کە کورد ڕوی کردبووە شاخەکان، ئێمەی کوردانی ئەوروپا بە سەهۆڵبەندان مانمان گرت و بۆ ئەو مەبەستەش چەندان جار سکرتێری سۆسیال دیموکراتەکانی سوید دەهاتە لامان و گوێی لە داواکاریەکانمان دەگرت.
ئەم ماوەیە ئەوەی تاڵەبانی حسابی بۆ نەکردبێت ئەو پرنسیپانەیە کە ئیمزای لەسەر کردون و هی ڕێکخراوێکن کە ئەو جێگرسەرۆکە تیایدا.
ئەو دەستخۆشی لە هاوڵاتی کوشتن دەکات و، بە مافی شەرعی بکوژانی دادەنێت.
ئەو تیرۆرکەرەکان دەنێرێتە سەر ئەوانەی هەوڵدەدەن هەلی ئەوەیان بۆ دەستەبەر بکرێت کەسایەتی خۆیان گەشە پێبدەن و تواناکانیان تاقی بکەنەوە.
ئەو بە ڕاپەرێوەکان، کە داوای دادوەری کۆمەڵایەتی دەکەن، دەڵێت ئێوە دەبێت هەر خزمەتکار بن لەبەر ئەوەی ئەو هەزارساڵ پێشتر پێشمەرگە بوە.
ئەو سیاسەتی تەسک بینانەو دزیەکانی خۆی دەسەپێنێت بەسەر هەمو ئەندامەکانی یەکێتیدا و بەسەر هەمو تاکێکی کورددا.
ئەو دەستی مەسعود دەگرێت و ڕێگەی دەدات ئەوەی نابێت بە مرۆڤ بکرێت، پێی بکات.
ئەو بە ئەندامەکانی خۆی دەڵێت بۆی هەیە هەرچی سوکایەتیە بە مرۆڤی کوردی بکات لەبەر ئەوەی ئەندامی سۆسیالیست ئینتەرناسیونالە.
ئەو بۆ یەک چرکەش نەچو بۆ لای گەنجە سەرمابردەڵەکانی ژێر خێمەکانی سەرا و هەڕەشەی کوشتنیشیان لێدەکات.
ئەوە ئەوو ئەوەش سکرتێری سۆسیال دیموکراتەکانی سوید.
ماوەتەوە بڵێم، ئێمە لێرەوە هەوڵەکانی خۆمان دەخەینە گەڕ بۆ ئاشکراکردنی هەمو لادان و تاوانەکانت بەرامبەر مرۆڤ و مرۆڤایەتی و بەرامبەر تاکی کورد و بەرامبەر پرنسیپەکانی سۆسیلیست ئینتەرناسیونال.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست