قبوڵکردنی فاروق رەفیق بۆ چونە زیندان بڕیارێکی سوکراتیانە!
Sunday, 17/04/2011, 12:00
ئەو یاسایەی فاروقی پێ حوکمدراوەو پێی دەخرێتە زیندانەوە یاسایەکە ڕێگرە لە ئازادی، بەڵام لە هەمان کاتدا شتێکە پێی دەوترێت یاسا.
فاروقی رۆشنبیر کە داکۆکی لە یاسا دەکات و، بۆ سەروەریی یاسا خەبات دەکات، زۆر ئاگادارە لەوەی کە ئەو کاتێک بە گەنجەکان دەڵێت ڕێز لە یاسا بگرن چی دەڵێت. ئەو لە کاتێکدا کە داوا لە گەنجەکان دەکات ئەخلاقی ڕێز لە یاسا گرتن بکەنە ڕێنیشاندەری ژیانی مەدەنیانەیان، ناتوانێت خۆی بەو شێوەیە نەکات کە بەوان دەڵێت بیکەن.
لەبەر ئەوەیە و لەبەر ڕۆشنایی ئەو پرنسیپە ئەخلاقیەدایە ئامادەیە بچێتە زیندانەوە.
سۆکرات کە هەموو ژیانی تەرخان کرد بۆ چەسپاندنی ئەخلاقی سیاسی و، بۆ گویڕایەڵی بۆ یاسا، کە حوکم درا نەیتوانی ئەو هەڵویستەی خۆی بێ هەڵوێست بکات، بۆیە جامی ژارەکەی نۆشی.
ئەو کاتێک بە زۆرینەیەکی کەم لەلایەن ٥٠١ حاکمەکانەوە حوکم درا و، دوای ئەوەی ئەفلاتۆن و قوتابیەکانی تر ئامادەییان پیشاندا ئەو بڕە پارەیەی بۆ بدەن کە لە مردن ڕزگاری دەکرد حاکمەکان ڕازی نەبوون. بۆیە کە حوکمەکەی کرا بە مردن ئەوا خۆشی هەوڵی ئەوەی نەدا بە شێوازێک دیفاع لە خۆکردنەکەی بهۆنێتەوە کە لە پایەو ڕێزی بهێنایەتە خوارەوە. بۆیە حوکم درا بە مردن و قبوڵی کرد. ئەو وتی کە خۆ دزینەوە لە مردن ئاسانە بەڵام خۆ دزینەوە لە داتەپینی ئەخلاقی مەحاڵە، چونکە لە بۆڕبۆڕێنی نێوان مردن و لە دەستدانی ئەخلاقدا، لەدەستدانی ئەخلاق تیژڕەوترە.
لە دوای وتاری لە خۆ بەرگریکردنەکەی و، حوکمدانی بە مردن، زەمەنێک لە حەرامکردنی کوشتن هاتە پێش ، لەو کاتەدا کەشتییەکی پیرۆز لە سەر دەریا بوو، بۆیە حوکمی مردن بەسەر کەسدا جێبەجێ نەدەکرا. دەبوو چاوەڕێ بکەن تا کەشتییەکە دەگەڕێتەوە ئنجا حوکمەکەی سۆکرات جێبەجێ بکرێت.
لەو ماوەیەدا چەند ڕۆژێک لە نێوان حوکمەکە و جێبەجێکردنەکەدا تێدەپەڕێت. ئەفلاتۆن لە دوو دیالۆگی کریتۆن و فایدۆندا باسی سۆکرات و هەڵوێستی دەکات، باسی هەوڵێک دەکات کە بۆ دەربازکردنی لە زیندان دەدرێت.
لە دیالۆگی کریتۆن دا ئەفلاتۆن باسی پلانێک دەکات کە بۆ ڕزگارکردنی سۆکراتە.
لەم کاتەدا سۆکرات لە زینداندا چاوەڕێی کوشتنەکەی خۆی دەکات. کریتۆن و هەندێک لە هاوڕێکانی تری سۆکرات لە هەوڵی ئەوەدان دەربازی بکەن و هەڵبێت بۆ تێسالیا. پلانەکە شانسی سەرکەوتنی زۆر باش بوو بەڵام سۆکرات قبوڵی نەکرد. ئەو پێی وابوو کە ژیان کاتێک بەهای دەبێت کە ژیانێکی "باش" بێت، ژیانێکیش کە بە لاساری بەرامبەر یاسا بێت ژیانێکی باش نییە. ژیانێک نییە کە بەهای ئەوەی هەبێت تیایدا ژیان بەسەر ببرێت.
هەرچەند ناحەقیش کرابێت بەرامبەری ئەو نایەوێت خراپە بە خراپە وەڵام بداتەوە.
لەبەر ئەوەی ئەو بە پێی ڕێنمایی ئەو یاسایانەی لە ئارادابوون حوکم دراوە ئەوا ئەو گوێڕایەڵی یاسایە، هەرچەند حاکمەکان موئامەرەیان لێکرد.
جیاوازیەک هەیە لە نێوان حوکمەکانی سۆکرات و فاروق دا، سۆکرات بە مردن و فاروق بە زیندانی کردن...
ئەو یاسایانەش کە لە یۆنان هەبوون و سۆکراتی پێ حوکم درا ئەوپەڕی داکۆکیکار بوون لە تاک، ئەو یاسایەی لە کوردستان حوکمی فاروقی پێدراوە مافەکانی تاک پێشێل دەکات و بێدەنگی دەکات.
فاروق بڕیارەکەی دادگا تەمیز ناکاتەوە، لەبەر بڕوابونێتی بەیاسا، نەک لەبەر ئەوەی نەتوانێت خۆی دەربازبکات، جا هەرچەند ئەو ئەو یاسایەشی پێ هەڵە و نا دادپەروەرانە بێت، ئەوە نییە ئەو حوکم دەدرێت کەچی بکوژەکان ئازادن و لەلایەن سەرۆکە شەرعیەت لێسەنراوەکانەوە داڵدە دەدرێن.
ئەو سەرۆکانەی بە پەرلەمانتارەکانی خۆیان لە بەغداد وت کە دەنگ بۆ دادگایی کردنی موستەشارە کوردەکان کە دەستیان لە ئەنفالکردنی کورددا هەبووە، نەدەن.
ئەوانەی باوەڕیان بە یاسا نییە و گوێ
ڕایەڵی یاسا نین و داڵدەی تاوانباران دەدەن دەسەڵاتدارانن.
فاروق ئەمڕۆ قبوڵکردنێکی سوکراتیانە هەڵدەبژێرێت لەبەر باوەڕبونی پتەوی بە خودی سەروەریی یاسا و لەبەر ئەوەی ئەو بووەتە سۆکراتی شەقامی کوردی(بەحەرفیی).
دەبێت چی بکەین؟
دەسەڵاتداران دەبێت بزانن کە پاراستنی ژیانی فاروق لە ئەستۆی ئەوانە، نینۆکێکی خوێنی لێ بێت ئەوان لێی بەرپرسیارن.
ئێمەش هەمومان فاروقین، فاروق ئێمەیە! فاروقێکمان زیندانی دەکەن هەمومان لەسەر شەقامین!
سڵاو بۆ فاروق و بژی سەروەریی یاسا، هەموو کەس دەبێت لە بەر دەم یاسادا یەکسان بن!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست