کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەوە ڕێباز نییە و بارزانی باوک نییە بەشی دووەم

Tuesday, 12/04/2011, 12:00


لەسەر ئاستی ناوخۆ و خودی مەلا مستەفای بارزانی شتێکی وا جێنەهێڵراوە بە نوسین یان بە گێڕانەوە تا لەسەر دەستی دواکەوتووەکانی کۆ بکرێتەوەو خەڵکی پەیڕەوی ڕێنماییەکانی بکەن و ناو بنرێت ڕێباز.

شتێک هەیە کە حاشا هەڵنەگرە ئەویش ئەوەیە ئەو پیاوە ماوەیەکی زەمەنیی دورودرێژ لە سەر ئاستی واقیعی کوردستان بە باش یان بە خراپ وجودی هەبووە.
بوونی ئەو چەندی لە چاکە یان خراپە لەگەڵ خۆی بۆ کورد وەکو مییلەت هێناوە دواتر باسدەکەین. لە دنیای بیر و نوسیندا هەموو دیاردە و کەسایەتییەکان جێگەی تێڕامان و دیراسەکردن و لێکۆڵینەوەن.

ئەوەی کە گونجاوبێت و بکرێتە ڕێبازێک بۆی هەیە لەم حاڵەتانەی خوارەوەدا خۆیان ببیننەوە، گەر حاڵەتیکیش هەیە و لێرەدا باس نەکراوە ئەوە با ئەوانەی باسی ڕێبازێک دەکەن بەناوی ڕێبازی بەرزانییەوە بێنە پێشەوەو، بەبێ پیاهەڵدان قەناعەتمان پێبکەن لە بوونی ڕێبازێکی لەو جۆرە!

حاڵەتەکان بریتین لە:

مرۆڤ وەکو بیرمەند و خاوەن بەرهەمی گێڕدراوە و نوسراوە.

١ـ بۆی هەیە بپرسین کە ئایا مەلا مستەفا بنەماکانی ئەو فیکرە یان ڕێبازەی خۆی بۆ کەسانی دواکەوتوی خۆی باسکردووە و ڕونکردۆتەوە تا ئەوان لە دواییدا نوسیبێتیانەوە و دوای کەوتبن و کردبێتیانە ڕێباز؟
ئایا ئەو خۆی هاتووە بە نوسین ئەو ڕێبازەی خۆی نوسیبێتەوە و سەرە قەڵەمەکانی خستبێتە سەر کاغەز؟
٢ـ ئایا ئەو ڕێبازەی ئەو لەسەر بنەمایەکی تیۆریی سیاسی کەخۆی داهێنەرێتی بنیاتنراوە؟
٣ـ ئایا ئەو بیرمەند و داهێنەری ئیدیۆلۆژیایەکی تایبەتە، تا ئەو ئیدیۆلۆژیایە گەشەی کردبێت و لایەنگرانی بۆ پەیدابوبێت و، بوبێت بە ڕێبازێک کە هەڵگری زاراوەیەکی وا بێت پاشگری (ـ یزم یان ـ یست) ی بۆ دابنرێت؟
٤ـ ئایا ئەوانەی بانگەشەی ڕیبازێکی لەو جۆرە دەکەن مەبەستیان تەریقەتی نەقشبەندییە، و ئەو تەریقەتە بە چوارچێوەبەخشی رێبازی ئەو دا بنێن! لەبەر ئەوە ئەم بابەتە خۆی دێنێتە پێشەوە کە مەسعود بارزانی زۆر جار ڕێبازەکەی بارزانی دەباتەوە بۆ سەر شێخانی بارزان و باووباپیرانی خۆی. ئەوە زیاتر بۆی هەیە تەریقەتی نەقشبەندیمان بیربێنێتەوە. یان مەبەست لەو ڕێبازە ئاوێتەیەکە لە فیکر و بیرە سیاسی و جیهانبینیەکانی مەلا مستەفا و گرێدانیان بە دنیابینی و بنەماکانی تەریقەتی نەقشبەندییەوە؟

خوێنەر ئێستە بۆی دەردەکەوێت کە ئاماژەکردن بۆ وەها ڕێبازیک چەند کێشە ئامێز و تەمومژاویە!

گەر بێینە سەر جەلالیزم ئەوا خودی جەلال تاڵەبانی چەند هەوڵێکی داوە بۆ داڕشتنەوەو نوسینەوەی ئەوەی ناوی ناوە کوردایەتی و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد و، پاشان پراکتیزەکردنی ئەو کوردایەتییە بەو جۆرەی ئەو کردویەتی و زۆربەمان لێی ئاگادارین کە لێرەدا بابەتی ئەم نوسینە نییە و لەو باوەڕەشدام لەگەڵ مردنی ئەو کەس دوای ناکەوێت، بەڵام مەلا مستەفا بێجگە لە ژمارەیەکی کەم وتار و قسە و باس کە لێی دەگێڕنەوە شتێکی وای لەدوو بەجێنەماوە تا بەشی ئەوە بکات ببێتە بنەما تیۆریەکانی شتێک کە پێی بوترێت ڕێباز!

گەر بێینە سەر ئەوەی لە ١٩٦٤ بە دواوە کوردستانی کردووە بە دوو بەشەوە و، بە مەلایی و جەلالی ناسراوە و، ئەو مەلاییە بە ڕێباز دابنێین و بڵێین ئەوە ڕێبازی بارزانی یە، ئەوا باسەکە باشتر ڕوندەبێتەوەو لێتێگەیشتنی ئاسانتر دەبێت، بەڵام لەبەر ئەوەی زۆرجار ئەو ڕێبازە درێژدەکرێتەوەو دەبرێتەوە سەر شێخانی باووباپیری مەسعود بارزانی ئەوا ئەو ڕێبازە ڕەهەندەکانی جەلالیزم و مەلایزم دەبەزێنێت و، چیتر لە بەرگی تەسکی مەلایزمدا نامینێتەوە.

بانگدەرانی ئەو ڕێبازە بە گوێماندا و، منەتکەرانی ئەو ڕیبازە بەسەرماندا، لەوەش زیاتر دەڕۆن و هەنگاو دەنێن و، باسی بارزانیمان وەکو باوکی ڕوحی کورد بۆ دەکەن کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا کێشە ئامێزە و تەمو مژیی تر دروست دەکات و جێگەی لێوردبونەوەیە.

لێکۆڵینەوە و ڕەخنەگرتن و شرۆڤەکردنی مێژووی میللەتی خۆمان و، دیراسەکردنی کەسایەتیە دیارەکان کە بە باش یان خراپ کاریگەرییان لەسەر ئەمڕۆی کوردستان و کورد هەبووە و هەیە، مانای حاشاکردن یان ڕەتکردنەوەی مێژووی رابردوو نییە، بەڵکو ئەوە ئاشتبونەوەیە لە گەڵ ئەو مێژووەدا و، هەوڵدانە بۆ پەند وەرگرتن و ڕەواندنەوەی تەمومژاویەکانی ئەو میژووە و، ڕێگە نەدان بە دوبارەبونەوەیان و، بە ئاڕاستەبردنی ژیانمان بەرەو گونجاوتر و سەرکەوتن و، دوا نەکەوتنی کڵاوی بابردوو!
زۆر گرنگیشە بپرسین ئایا لە کاتێکدا مەسعود بارزانی بانگەشەی ڕێبازی بارزانی دەکات بۆ کام مەبەست ئەوە دەکات، بۆ سودی خەڵکیی یان بۆ بەرژەوەندیی خۆی و بنەماڵەکەی؟
من لێرەدا تەنیا ئاماژە بە ئاوارە پارتیەکانی هەولێر دەکەم کە لە چ ژیانێکی سەختدا دەژین، تەنیا لەبەر ئەوەی دوای ئەوە کەوتبون کە مەسعود پێی دەڵێت ڕێبازی بارزانی. ئایا ئەو ڕێبازە ئەوەیە مژدەی ئەو هەموو نەهامەتییە بە مرۆڤەکانی لایەنگری خۆی دەدات؟

ماویەتی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە