گۆچانە ئەفسوناویەکەی دەستی مەسعود و جەلال
Sunday, 13/03/2011, 12:00
دەکرێت بپرسین کێ دەبێت بە دیکتاتۆر؟ کەسێک دەبێت بە دیکتاتۆر کە ئامادە بێت خۆی لە میللەت جیابکاتەوە.
ئەو کەسە خۆی حەز بکات یان دوچاری ژینگەیەکی وا بکرێت کە بکرێت بە دیکتاتۆر یان تێکەڵەیەک لە هەموی. هەل و مەرجەکانی بە دیکتاتۆر بون زۆرن، بەڵام تاقە هەل و مەرج کە ڕێگرە لەبەردەم بە دیکتاتۆر بوندا دیموکراتیە.
کەسێتیی دیکتاتۆر دوانەیەکی دژبەیەکە لە ناوەوەی خۆیدا و، لە هەمو ئاستەکاندا. لە هەمان کاتدا کە یەکەم هەنگاوی خۆی دەنێت بۆ چونە ناو کەشوهەوای دیکتاتۆریەتەوە، یەکەم هەنگاویشی ناوە بۆ دروستکردنی دژەکانی خۆی. هەر کە خۆی جیاکردەوە، کۆمەڵێکی لە بەرامبەر خۆی داناوە.
مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی هەردوکیان دیکتاتۆرن. لەمەدا هیچ پێچوپەنا ناکەم. دیکتاتۆریش بۆ لابردنە و هیچی تر.
ئەوان کە ئەو هەمو ساڵە کەسێتی خۆیان لەسەر ئەوە بنیات نابێت کە تەنیا خۆیان خاوەن بڕیاربن، شێوازێکی تر نازانن و پێی ئاشنا نین بۆ پێڕەوکردن. ئەمە ئەرکی گۆڕینیان بۆ چاکبون قورس و گران دەکات. دەتوانم بڵێم مەحاڵ دەکات. کەواتە هەر دەبێت لابچن و بڕۆن.
ئەوانەی دژی دیکتاتۆر و دیکتاتۆریین لە یەکەم چرکەساتەکانی بە کردارکردنی بەرەنگاربونەوەیاندا پێویستیان بە شوبهاندنە بۆ ئەوەی کەسێتیە ڕاستەقینەکەی دیکتاتۆر بۆ کەسە توڕەکان پێناسە بکەن.
هەر لەم دیدو ڕوانگەیەشەوەیە بووە کە کاتی خۆی بە بەعس وتراوە فاشیست و، بە سەدام وتراوە هیتلەر و هەر لەو دیدو ڕوانگەیەشەوەیە کە لەم شۆڕشەی خەڵکی کوردستاندا لە دژی دەسەڵاتی هەردوو بنەماڵەی مەسعود و تاڵەبانی پەنا بۆ شوبهاندنی سەرانی ئەو دوو بنەماڵەیە بە کەسانی وەکو سەدام و موبارەک و فیرعەون و دیکتاتۆرەکانی تر نراوە.
ئێستە بەڕای من گەیشتوینەتە ئەو دوڕێیانەی ئیتر کەسەکانی ئەو دو دیکتاتۆرە بخەینەوە ناو قاوغەکانی خۆیان.
کە بە سەداممان دەوت هیتەلەرە ئەوەندە پێویستی کرد تا هەمو کەس سەدامی ناسی، ئەوسا ئیتر پێی وترا سەدام. سەدام دەربڕین بو لە کەسی سەدام و لە هەمو کارە دڕندانەکانی و لە هالە و لە ناشیرینیەکانی و لە خاڵە لاوازەکانیشی و ...
ئێستە ئیتر پێویستمان بە سەدامەکان و فیرعەونەکان و هیتلەرەکان نیە بۆ ئەوەی مەسعود و جەلال بناسینەوە.
ئەوان بە تەنیا خۆیان خۆیانن.
قەزافیش هەر خۆی قەزافیە.
هەروەک چۆن کەسیش لە سەرکردە کوردەکان ماندێلایەک نین.
ئێستا ئیتر خەڵکی ئێمە کە ناوی مەسعود و جەلال دەبیستن، تەنیا بیر لەوان دەکەنەوە وەکو دیکتاتۆر و گومڕاو دزو دەبەنگ و خوێن ڕێژو خوێن ساردو لاموبالات و کورسی خۆشویستەو درۆزن و هەتا بڵێیت شتی لەو جۆرانە.
ئەو تایبەتمەندیانەی لە مەسعود و جەلال دا هەیە لە کەسی تری دیکتاتۆری پێش خۆیاندا نیە. ئەمان بە تایبەتمەندێتیەکەیان و بە هەل و مەرجە جیاوازەکەی خۆیان زۆر زاراوەو وێنە و شێوازی قێزەونی نوێیان بۆ فەرهەنگی دیکتاتۆری و دیکتاتۆران زیاد کردوە.
ئەمڕۆ مەسعود مەسعودە و جەلال جەلال.
ئەوان دەبێت بڕۆن.
مەسعود کە ١١ ی ئازار لە سەر قەڵا وەستابو لە هەموکات زەلیلتر بو، جەلال دوێنێ کە هەڕەشەی لە مەیدانی ئازادی کرد و لەلایەن یەکێتیە ئازاکانەوە توشی بەرەنگاری بوەوە لە هەموکات زەلیلتر بو.
بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە ئیتر هیچیان پێنەماوە. ئەوان ئێستە لە هەمو کات بریندارترن و لە هەمو کات زیاتر تینوی خوێنن.
دو دیاردە هەیە حەزدەکەم باسیان بکەم:
دو ڕوداو هەیە بو بە میراتی هەردوکیان. دەڵێم میرات چونکە ئەوان ئیتر مردون، بەس بە جەستە زیندون. میللەتی کورد هەردو دیکتاتۆرەکەی کوشتوە ئێستە هەر ئەوە ماوە ڕایان ماڵێت.
دیاردەی یەکەم کۆنگرەی سیانزەی مەسعودە، ئەمە لە دوا وتاری چاوشێسکو دەچێت، کاتێک کە بۆ دواجار لە ئێران گەڕایەوەو ویستی وتار بۆ میللەت بدات، میللەت ئەو هەلەی قواستەوەو لێی ڕاپەڕین. مەسعودیش کۆنگرەی سیانزەکەی لەوەی کابرای ڕۆمانی دەچێت. ویستی پێگەی خۆی قایم کات، کەچی شەقێکی توندی لە کورسیەکەی خۆیدا. لەو کۆنگرەیەدا خەڵکی ئێمە ڕوی ڕاستی ئەوی بەباشی بینی.
جەلالیش کە بۆ خولە تازەکەی سەرۆکایەتیەکەی هەڵبژێردرایەوە بو بە میراتی.
مەسعود و جەلال وەکو دیاردە چیمان فێردەکەن؟
ئەوەمان فێردەکەن کە ئیتر ئەوانەی لە بێشەدان بۆ ئەوەی بە شێوازێکی تر بێنە پێشەوەو کورسیەکانی ئەوان وەرگرن و ببن بە دیکتاتۆر با لە بیری خۆیانی ببەنەوە، چونکە میللەتی ئێمە ئیتر دیکتاتۆری ناوێت.
بۆچی سەرکردە کوردەکان کەسیان نابنە ماندێلا؟
ماندێلا بۆ خۆی دیاردەیەکی زۆر ناوازەیە. ئەو دوای بیست و حەوت ساڵ ژیانی نێو زیندان، کە بەر بوو هاتە ناو ژینگەیەکی زۆر نامۆ وە. ویننی هاوسەری کێشەیەکی زۆر گەورە بو بۆی، لە گەڵی نەدەخەوت، گەندەل بو و حەزی زۆر لە کورسی و دەسەڵات بو، ماندێلا نەچو لە ناوی بەرێت، بەڵکو پەنای بۆ دادگا بردو لەوێ لێی جیابوەوە.
حیزبەکەی ماندێلا ببوە حیزبێکی زۆر بەهێز و کۆنترۆڵی هەمو لایەنەکانی ژیانی لە باشوری ئەفەریقا کردبو، ماندێلا بۆ ئەوەی نەکەوێتە داوی گەندەڵیەوە خۆی لەوان ڕزگارکردو لێیان کشایەوە و لە ماڵ دانیشت.
ماندێلا سیفەتێکی تریشی هەبو، ئەوەبو کە دوای ئەوەی وازی لە ویننی هێنا کەوتە داوی خۆشەویستیەوە و لەگەڵ ژنێکی تر چوە ژیانی هاوسەریەوە.
لەولاشەوە حیزبەکەی کۆنترٶڵی ولاتی کردو لە هەڵبژاردنەکاندا ماستەکەی موی تیابو. ئەوانیش ئێستا لە دەسەڵاتدان و بە ماڵی خۆیانی دەزانن، هەر بۆیە نەیانتوانیوە هەژاری نەهێڵن و بە هەمان شێوەی یەکێتی و پارتی جیاوازیەکی گەورەیان خستۆتە نێوان خەڵکانی خۆیانەوە. ژمارەی هەژارەکان زۆر زیاتر بون و دەوڵەمەندەکانی دەسەڵاتیش لە عیفریت دەچن.
ماندێلاش لە ماڵی خۆی دانیشتوەو بوە بە چیرۆکێکی زیندوی خەبات و موڕاڵ و نیشتمانپەروەرێتی. لە کوردستان هەل و مەرجەکان زۆر جیاوازن و ماندێلای تیا نابینم.
ئەوەش هەڵدەگرین بۆ ئایندەمان بۆمان بسەلمێنێت.
بێینەوە سەر مەسعود و جەلال: ئەمانەش ئەوە بیست ساڵە پارەو داهاتی ئەم وڵاتەی خۆمان بەکاردێنن بۆ ئەوەی هالەو رەونەقێک لە دەوری خۆیان دروست بکەن تا هەمومان نابینا بکات و بەدی یەکانیان قبوڵ بکەین. ئەو کەشوهەوایەیان وەکو گۆچانێکی سیحریی پیشان داوین، هەر کە داوامان کردبێت بیرێک لە میللەت بکەنەوە وتویانە ئەها ئەمساڵ یان ساڵێکی تر وڵات دەکەین بەبەهەشت.
وتویانە ئەوان سەرکردەی ئەفسانەیین و هەر ئەوان دەتوانن ڕزگارمان بکەن.
پییان وتوین هەر کە پێویستی کرد گۆچانە سیحریەکەیان هەلدەسوڕێنن و ئیتر دنیامان بۆ خۆش دەکەن.
بەلام هەر نەیان کرد.
ئەمڕۆش کە دەیانەوێت گۆچانەکەیان با بدەن بۆ ئەوەی بەرچاومان بە سیحر لێ بگۆرن و خۆیانمان جوان پیشان بدەن و ببنەوە بە کەسە ئەفسانەییەکان و ڕەونەقەکەیان بگەڕێننەوە، هەرچی دەکەن بۆ خۆیان بە خراپ دەشکێتەوە.
دەست لە هەرشتێک دەدەن لەبری ئەوەی بۆیان ببێت بە ئاڵتون دەبێت بە ژەنگ.
لەبری ئەوەی بۆیان بە چاکە و بە هەنگاوی باش حساب بکرێت دەبێتە خراپە و هەڵەیەکی تر و دەچێتە پاڵ ئەوانی پێشویان.
کەواتە دەتوانین بڵێین سیحرەکەیان کار لە خۆیان دەکات نەک لە ئێمە. سیحری ساحیر بەسەر ساحیرەکەدا دەشکێتەوە نەک بەسەر سیحرلێکراودا.
ئیتر سیحرەکانیان کارمان تێناکات.
مەسعود لەبری ئەوەی بێت بۆ لای ڕاپەڕیوەکان و هەمو داواکارییەکانیان بۆ جێبەجێبکات و دوای ئەوەش پایدۆزبکات، دەیەوێت سیحرمان لێبکات و بمێنێتەوە.
جەلالیش لەبری ئەوەی ڕێگە بۆ یەکێتیە گەنجەکان چۆڵ بکات و دارودەستە درۆزنەکەی لابەرێت و بچێت بۆلای راپەڕیوەکان، دێت و هەڕەشەیان لێدەکات و دەیەوێت بیانکوژێت.
ئەم دوو دیکتاتۆرە لە توانایاندا نیە خۆیان لەو ژینگە ژەهراویە ڕزگاربکەن کە خۆیانیان دوچارکردوە.
بۆیە تاقە ڕێگەچارە ئەوەیە لاببرێن و بڕۆن.
ڕێگەی تر نیە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست