کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پڕۆژەی گوتاری ڕامیار و پەتای ڕوناکبیرانی سیاسی!

Monday, 25/04/2011, 12:00






١
کوردستانی نوێ وتارێک بۆ ڕامیار بڵاودەکاتەوە کە هەر سەرەتاکەی باسی ئەوە دەکات کە یەکێتی درێژبوونەوەی جەلالیەکانە و، بڵاوکردنەوەی وتارەکەش دانپێدانانێکە بەوەی کە زۆرێک لە دەنگە ناڕازییەکان ئاماژەی پێدەکەن.

ئەو باس لە کۆمەڵێک ڕۆشنبیری سیاسی دەکات کە دروستکەری کێشەکانن و، لە شەستەکانەوە بونەتە هۆکاری ئینشقاق و، لە ئێستەشدا بە ئینشقاق دەژین و، هۆکاریشن بۆ ئەوەی کە دنیای سیاسی و خەباتی کوردی بەدەردی سەرنەکەوتن بردبێت. ئەو دەیەوێت پێمان بڵێت کە ئەوانە ئەقڵیان بە سەهوو بردووە و تا هەنوکەش هەر بەردەوامن لەسەر ئەو بە سەهووبردنە. دەیەوێت بڵێت کە ئەو ئەقڵە وێنایەکی هەڵەی بە خەڵکی ئێمە داوە، وێناکردنێک کە پارتی سەر بە سەدەکانی نێوەڕاست و یەکێتی مۆدێرن بێت.
دواجار دێت و داوای میانڕەویی و بە ئەقڵانی کردن دەکات.

ئەو سەرەتای کێشەکان نابەستێتەوە بە خودی پارتی و یەکێتی و، بە ئەو بەحیزبیکردنەی کۆمەڵگە کە لەسەردەستیاندا هاتۆتە ئاراوە، بەڵكو دەنوسێت:

"جیابوونەوەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە جەستەی پارتی دیموکراتی کوردستان یەکێکە لەو پەتا کوشندانەی لە شەستەکانەوە بۆ ئێستا کاریگەریی خۆی هەیە. هەمیشە بەشێک لە سیاسیە ڕوناکبیرەکان ئەم جیابوونەوەیەیان وەک جیابوونەوەی دوو ستراکچەری کۆمەڵایەتی و کلتووریی وێناکردووە."

بڵاوکردنەوەی ئەم وتارە لە کودستانی نوێدا دوو لێکدانەوە هەڵدەگرێت. یەکەمیان ئەوەیە کە یەکێتی وەکو حیزب باوەڕی بە پەشیمانبونەوەکەی تاڵەبانی هێناوەو، ئەویش تۆبەی لە خەباتی خۆی کردووە و، پەشیمانە لە بە جیا هەڵگرتنی ئاڵای خۆی لە پارتی و، لە هەمان کاتیشدا داننانێکە بەوەی کە یەکێتی درێژبوونەوەی جەلالییە، ئەگینا کوا یەکێتی لە شەستەکاندا دروست بووە. لەو نێوانەدا جەلالیەکان بە ناوی شۆڕشگێڕ هەبوون و، لە دوای ئاشبەتاڵ یەکێتی دروست بووە و، دواتر کە هەموو تواناکانی لەلایەن تاڵەبانییەوە قۆرخکراوە بووەتەوە بە نیمچە جەلالیەکەی شەستەکان. دووەمیان ئەوەیە کە میدیاکانی یەکێتی هەموو جۆرە وتارێک کە بە ڕەخنە و تانە لێدانی بزانن لە ئۆپۆزسیۆن و لە دەنگە ناڕازییەکان، بە بێ خوێنەنەوەو لێتێگەیشتن بڵاوی دەکەنەوە، واتە گرنگ نییە چی بڵاودەکەنەوە تەنیا تانەدان بێت لە بەرانبەر.

گەر لێکدانەوەیەکیش بۆ ئەم قسەیەی ڕامیار بکەین ئەوا دەیەوێت پێمان بڵێت کە ئەگەر جەلالیەکان لە پارتی جیانەبونایەتەوە، شۆڕشەکەی پارتی سەرکەوتوو دەبوو و، ئێستا کورد لە هەلومەرجێکی تردا دەژیا. ئەمە هەمان ئەو هێڵەیە کە پارتی لە تارماییدا بونیاتی دەنێت، بۆ ئەوەی شکستەکانی خۆی لەژێر دەستی بنەماڵە بشارێتەوە و بیداتە پاڵ جەلالیەکان و لەو ڕێگەیەشەوە یەکێتی بە ڕێگر لە بەردەم سەرکەوتنی کورد لەسەر دەستی پارتی و ڕێبازی بارزانیدا دابنێت.

ئەو ئەو خوێندەوارانە ،کە بێگومان مەبەستی نەوشیروانە تا دەگاتە ڕۆژنامەنوسەکانی گۆڕانیش، دەکاتە سەبەبکاری ئەوەی کە پارتی وەکو حیزبی سەدەکانی نێوەڕاست و یەکێتیش وەکو پاشکۆ وێنابکرێت و، گۆڕانیش وەکو مۆدێرن. ئێستاش بە پێی ئەو لەبەر ئەوەی گۆڕان درێژەپێدەری ئەو ئینشقاقەیە کە لە شەستەکاندا لەسەر دەستی تاڵەبانی ڕوویداوە، کەواتە هەمان پەتای سیاسی ئەو سەردەمەیە درێژدەبێتەوە. ئەم پەتا سیاسیەش لەسەر دەستی ڕووناکبیرە سیاسیەکاندا دەیەوێت گۆڕان وەکو مۆدێرن و، لەولاشەوە پارتی وەکو حیزبی سەدەکانی نێوەڕاست و یەکێتیش بە پاشکۆی ئەو دابنێت و، سەرئەنجام هەمان نەهامەتی شەستەکان و حەفتاکان و هەشتاکان و نەوەدەکان دووبارە دەکاتەوە.

دواتر دێت و باسی بە ئەقڵانیکردنی هەلومەرجەکە دەکات و داوای میانڕەویی و لیبرالیزەکردن دەکات.
ئەو پێی وایە گەر داوای ئەوە بکرێت کە بنەماڵەکان دەست لە بینەقاقای حیزب بەربدەن و، حیزب دەست لە فەرزکردنی ئیرادەی خۆی بەسەر حکومەت و جومگەکانی ئابوریدا هەڵگرێت ئەوا هەمان مێژووی ململانێی شەستەکانی نێوان جەلالی و مەلایی و حەفتاکان و هاشتاکان و نەوەدەکانی نێوان پارتی و یەکێتی درێژدەبێتەوە و هەمان هەڵەی کوشندە دووبارە دەبێتەوە.

جارێ گەر ئەو پۆلە ڕوناکبیرە سیاسییە ئەوەندە تۆمەتباربن لەوەی کە نەیانهێشتووە پارتی کورد سەربخات، ئەوا سەرقافڵەی ئەو ڕوناکبیرانە جەلال تاڵەبانیە کە خاوەنی حیزبەکەی کوردستانی نوێیە.
ئەو کە ئێستا پاکانەی بۆ پارتی کردووە و لەو ژیانە سیاسییەی خۆی پەشیمان بۆتەوەو، پۆزشی بۆ پارتی و بنەماڵەی بارزانی هێناوەتەوە. ئەوە ڕوناکبیرانیش نین کە یەکێتیان بەو دەردەی ئەمڕۆی بردووە جا ئیتر کارتۆنی بێت یان بوبێتە پاشکۆی پارتی، بەڵکو ئەوە جەلال و بنەماڵەکەیەتی. دەنگیش زۆرن لە نێو خودی یەکێتیدا کە حاشا لەو وەزعەی ئەمڕۆی یەکێتی ناکەن.

کە ئایا گۆڕانیش هەمان درێژکردنەوەی هەلومەرجی پەنجاساڵی پێشوترە کە تاڵەبانی خوڵقاندویەتی ئەوا با وەکو پرسیار لە زاکیرەی خۆماندا هەڵیگرین. تێبینی لەسەر گۆڕان زۆرە بەڵام ئەو بزوتنەوەیە هێشتا وەکو ئەزمونێکی نوێ بەڕێوەیە و، بە دێواندنی ئایندەکەی کە هێشتا نەهاتووە، کوشتن و لەباربردنی ئایندەیەتی بە مەلۆتکەیی.

کە ئایا گۆڕان باشتر دەبێت لە یەکێتی یان نا ئەوە کێشەکە نییە، کێشەکە ئەمڕۆ یەکێتی و پارتین کە ڕامیار نایەوێت بیبینێت یان ئەقڵی پێی ناشکێت، گەر باسی ئەوە نەکەین کە ناوێرێت خۆی لێبدات.

ئەو پێی وایە ئەو ئەقڵەی لە شەستەکاندا ئینشقاقی دروست کرد ئەقڵی بە سەهوودا بردووە، کەواتە ئەویش پشتڕاستی دەکاتەوە کە دەوترێت تاڵەبانی هۆکاری هەرە گەورەیە بۆ ئەوەی بیرە جیاوازەکانی نێو یەکێتی لەباربردبێ.

ئەو پرسیارەی کە دووبارە دەبێت بکرێتەوە ئەوەیە ئایا پارتی سەر بە سەدەکانی نێوەڕاستە و یەکێتی مۆدێرنە؟

 
 ٢
 ڕامیار هەندێک بیرۆکە دەخاتە ڕوو کە ئەگەر لە دەقەکە دەریان بهێنن ڕێگەیان تێدەچێت، بەڵام کە ئەو دەیەوێت بە باڵای ئەو حیزبەیان بپێوێت کە ماوەی ٥٠ ساڵە پارادیمی ژیانی سیاسی کوردستانی دیاریکردووە ئەوا هەڵەدەبن.
 
 ڕامیار زاتی ئەوە ناکات یان ئەقڵی بۆی ناچێت کە لە کۆمەڵگە زیندووەکاندا کاتێک کە حیزبێک یان دەسەڵاتێک هەموو ڕەسیدەکانی خۆی لەدەست دەدات، زۆر ئاسایی و تەندروستە کە ئەو حیزبە یان دەسەڵاتە هەڵبوەشێنرێتەوە و وەکو ئەو دەیڵێت بخرێتە مۆزەخانەی مێژووەوە. ئاخر ئەگەر ئەو سەیری ڕووداوەکانی بیستوپنج ساڵی پێشوو بکات بە ڕوونی دەبینێت کە لە ژمارەیەکی زۆری وڵاتەکان، ژمارەیەکی دیار لە حیزبە هاوتەمەنەکانی پارتی خراونەتە سەر ڕەفە تۆزلێنیشتووەکانی مۆزەخانەی مێژوو.
 
 لە کەوتنی دیواری بەرلینەوە ئەوە بە باشی دەبینرێت، چونکە زۆرێک لەو حیزبانە دەرهاویشتەی جەنگی ساردو بلۆکی خۆرهەڵات بوون. پارتیش دەستەخوشکی زڕی ئەو حیزبانەیە. گەر کورد میلەتێکی زیندووبێت، کە گومانی تێدا نییە، ئەوە زۆر ئاساییە کە نەک پارتی، بەڵکوو گەر پیویستی کرد یەکێتی، گۆڕان، کۆمەڵ و یەکگرتووش بخرێنە سەر ڕەفەکانی ئەو مۆزەخانەیە.
 
 حیزب کە پێکهاتەیەکی سیاسیە، کە هەندێک ئامانجی بۆ دادەنرێت و، کاتێک ئەو ئامانجانەی بۆ هاتەدی یان بۆی نەهاتەدی و، لەگەڵ زەمەندا ڕەوی نەکرد و کاتی بەسەرچوو ئیتر زۆر ئاساییە هەڵبوەشێنرێتەوە.
 لە عێراق پێش و پاش روخانی دیواری بەرلینیش دەیان حیزب و ڕێکخراوی سیاسی هەبوون کە ئەمڕۆ ناوهێنانیشیان لە لاپەڕەکانی مێژوودا کاڵبۆتەوە.
 نزیکترین نمونە حیزبە شیوعییە جۆراوجۆرەکانی عێراق و کوردستان و حیزبە قەومییە عەرەبییە عێراقیەکانن. کاتی خۆی کە هەڕەتی لاوێتی کۆمەڵەی ڕەنجدەران بوو گەر یەکێک بیوتایە ڕۆژێک دێت کۆمەڵە نامێنێت، ئەوە وەکو کوفری سیاسی دادەنرا و، گەر یەکێک ڕەخنەی لە شۆڕش بگرتایە یان وەسوەسەی نیشان بدایە ئەوە دنیایان بەسەردا دەڕوخاند. هەرچەندە کۆمەڵە ڕێکخراوێکی شۆڕشگێڕبوو کە هەر دوای سەرکەوتنی ڕاپەڕین لەسەر دەستی جەلال زیندەبەچاڵکرا کەچی ئەوە وای نەکرد ئیتر دنیا وێران ببێت.
 حەمە موکری لە "سەگوەڕ"ەکەیدا وەسوەسەی پێشمەرگەیەکی کرد بە ڕۆمان کەچی شاخبەدەریان کرد و، ناچاریان کرد لە بەرزایی شۆڕبێتەوەو بچێتەوە بەغداد، کەچی ئەمڕۆ سەدان و هەزاران پێشمەرگە هەیە کە بە ئاشکرا بە پەشیمانییەوە ئاوڕ لە خەباتی چەند ساڵەی خۆیان دەدەنەوە، لەبەر ئەوەی کە ئەنجامی ئەو خەبات و ماندوبونەی خۆیان دەبینن کە چۆن سەرانی دوو بنەماڵەی گەندەڵ و کوردفرۆش بەری ڕەنجیان دەبەن.
 
 ڕامیار باشی بۆچووە کە ئەرکی ڕوناکبیریی "دروستکردنی عەقڵی ئازادە" و هەڵەیە کە هەموو هیواکان بخرێنە سەر حیزبێک کە لە ئینشقاقەوە دەرهاتووە، بەڵام ئەوەی ئەو هەڵە لێی تێگەیشتووە ئەوەیە کە وا تێبگات ڕوناکبیران وتبێتیان کە لە حزوری پارتی و یەکێتیدا ئەقڵ ئامادەگیی نەبووە.
 لە حزوری ئەو دوو حیزبەدا ئەقڵ بوونی هەبووە. ئەو ئەقڵە ئەقلێکی نائەقڵانی و ئازادی خنکێنەر بووە و لە ژێر پەردەی سێکولاریزمدا کۆمەڵگەی بەرەو هەڵدێر و دەردیسەری بردووە.
 ئەم دوو حیزبە هەردوکیان لە بونیادی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر و مۆدێرندا شکستیان هێناوە.
 
 کۆمەڵگە زیندووەکانی دنیاش کە عەلمانیەتیان بە تەنیا پەیڕەو کردووە لە نادادپەروەریی خاڵی نەبوون.
 
 ئەوەی ئەمڕۆ کۆمەڵگەی کوردیی پێویستیەتی پەنا بردنە بۆ ئەقڵ و دڵ و خۆشەویستی و بەها مرۆڤایەتییەکان پێکەوە لەگەڵ ئازادیە مەدەنی و ئاینیەکان، نەک بە تەنیا ئەقڵانیەت و عیلمانیەت کە یەکێتی زۆری هەوڵ لەگەڵ دا بەڵام شکستی تیاهێنا و، نەک وەکو پارتیش کە جەختی زۆری لەسەر لایەنە ڕوحیەکە کردۆتەوە کەچی لە زۆر حیزب و لایەن بێبەزەیی تر بووە، ئەوە گەر سەیری لیستی ئەو تاوانکاریانە بکەین کە بەرانبەر تاکەکانی کۆمەڵگەی ئێمە ئەنجامی داوە.
 
 کێشەی هەرە گەورەی ئەو دوو حیزبە ئەوەیە کە دروشمەکانیان هەر بە ڕوکەشە و لە ناواخندا تەنیا بۆ بەرژەوەندی دوو بنەماڵەکە کاردەکەن و هەن و ئنجا لە ژێر سایەیاندا دەستودایەرەکانیشیان حەساونەتەوە. ئەوەی لەو نێوەندەدا تیاچووە میللەت و بێلایەنەکانن، هەروەک چۆن مەنتک ئاماژەی پێداوە.
 
 ئەوەی ڕامیار لێی تێناگات ئەوەیە کە نەوەکانی ئەمڕۆ ئەوەندەی ژیان و کەرامەت و بوون بە بەشێک لە جیهان بەلایانەوە گرنگە، ئەوەندە حیزبەکان بەلایانەوە گرنگ نییە.
 
 کۆمەڵێک پیرەمێردی ستۆک ناتوانن رێگە لەو خواست و ئیرادەیە بگرن.
 
 تارماییەکانی ڕابردوو بەوەی نەهامەتییەکانی شەست ساڵی پێشووتر درێژەی دەبێت و، پارتی و یەکێتی بەهەمان شێوەی جاران کۆمەڵگە لەت و پەرت دەکەن شتێکی مەحاڵە و ئیتر لەمەودوا ئەوەیان بۆ ناچێتەسەر.
 گۆڕانیش نابێتە جەلالیەکانی جاران تا پارتی خۆی پێ بژێنێتەوە و درێژە بە قۆرخکاریەکانی بدات. ئەوە بەسەر چوو!
 
 
 ٣
 ڕامیار دەڵێت "کۆمەڵگەی کوردی پێویستی بە لیبرالیزەکردنی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و کەلتووریی هەیە کە لە ڕووی سیاسیەوە دەخوازێت هەموو هێزەکان میانڕەوو کراوەو عەقڵانی بن."
 
 پێش ئەوەی لەسەر ئەو گوتەیەی بدوێم پێم باشە ئەوەی بیر بخەمەوە کە داواکاریەکی بەربڵاو هەیە لە دژی گەندەڵی و بێ ئیرادەیی هەڵسوڕێنەرانی حکومەتی هەرێم.
 کە داواکاری هەیە بۆ ئەوەی دەست تێوەردانی حیزب لە کایەکانی ژیانی کۆمەڵگەدا کۆتایی پێ بێت و حیزب نیشتمان و حکومەت نەکات بە داردەستی خۆی و نەبێتە ڕێگر لەبەردەم بەرەوپێشچوندا.
 ئەو چارەسەرەی میللەت و دەنگە ناڕازیەکان بە گونجاوی دەزانن حکومەت و پەرلەمانێکی کارا و لەشکرو سوپایەکی نیشتمانییە.
 
 سیستەمێکی حوکمە کە دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات فەراهەمبکات.
 
 لەوە کەمتر بەکەڵکی میللەتی ئێمە نایەت.
 
 دەشێت بپرسین ڕامیار مەبەستی چییە لە لیبرالیزەکردنی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و کەلتووریی؟
 گەر مەبەستی لە لیبرالیزەکردنی سیاسی ئەوەیە کە ئازادییە سیاسیەکان و ئازادییەکانی تاکەکەس گرنگییان پێبدرێت و حیزبەکان ئامادە بن دەست لە کورسی هەڵگبرن و ببن بە ئۆپۆزسیۆن و بە ئاشتیانە دەسەڵات دەستاودست بکەن ئەوە بەم وەزعەی ئێستەی پارتی و یەکێتی دەیانەوێت بیهێڵنەوە ناکرێت. تا پارتی و یەکێتی سامانی وڵات بدزن و ڕێگە نەدەن کەسی تر داوای کورسیەکانیان بکات بۆ ئەوەی پرۆژەی چاکسازیی جیبەجێ بکات ئەوە مەحاڵە ئەو لیبرالکردنە بێتە دی. گەر مەبەستی ئەوەیە کە ئۆپۆزسیۆن و شەقام هێورببنەوەو بە دڵی پارتی و یەکێتی بجوڵێنەوە و قبوڵی بکەن کە کورسیەکە تەنیا و تەنیا بۆ مەسعود و بنەماڵەکەی بێت ئەوە کارێکە کە دەسەڵات دەبێت دەستی لێ بشوات.
 کاتێکیش لیبرالیزەکردن ئەوە نەبێت کە پارتی و یەکێتی دەست لە دزی و گەندەڵی هەڵبگرن و، دەسەڵاتی سیاسی قۆرخ بکەن و، وڵات و داهاتی وڵات نەدەنە دەست میللەت و حکومەتەکەی و هەموو هاونیشتمانیان تیایدا پشکدار نەبن ئەوە مەحاڵە سیاسەت ڕزگاربکرێت و، لە دەرئەنجامیشدا لیبرالکردنی کۆمەڵایەتی و ئابووری و کەلتووریی هەر مەحاڵتردەبێت.
 
 ئەوەی پەیوەندی بە کراوەیی و میانڕەوێتی پارتی و یەکێتیشەوە هەیە ئەوە باوەڕناکەم ڕامیار خۆشی لەو باوەڕەدا بێت کە ئەوە شتێکە لە توانای ئەو دوو حیزبەدابێت.
 
 بەڕاستی گرنگە ڕامیار لە بیری نەچێت کە گەنجانی ئەمڕۆ و مرۆڤی ئەمڕۆ دەیانەوێت و داوا دەکەن کە گەندەڵیی دائیرەکان نەمێنێت و ئەو بیرۆکراتیە گەندەڵە نەمێنێت کە حیزب و مەسولەکان بەرهەمیان هێناوە. نەوەکانی ئەمڕۆ دەخوازن هەر کاتێک کارێکی ڕەسمییان هەبوو بە بێ کتابوناوکتابەک بۆیان جیبەجێبکرێت. ئەوان تاقەتی ئەوەیان نییە بە عەریزەیەکەوە بە دوای ئەرسەلان بایزێکدا ڕابکەن و هیواداربن لێیان وەربگرێت. ئەوان ناتوانن و نایانەوێت و لە خوار بەهای مرۆڤایەتییانەوەیە بەردەستی مەسولێکی حیزبیی بکەن، مەسولێک کە خۆی ئاوگێڕی ماڵە مەسولێکی تر بووە و لەڕێگەی ماستاوکردن و ئاوساردکردنەوەوە بووەتە ئەو مەسولەی ئەمڕۆ.
 
 مرۆڤی ئێمە ئەمڕۆ ئیدارەیەکی چالاکی دەوێت.
 دەیەوێت گەر پێویستی کرد سەنەوی سەیارەکەی بگۆڕێتە سەر کەسێکی تر، ئەوە لەڕێگەی پۆستەوە بیکات نەوەکو سێ مانگ بێت و بچێت و گیانی بەدەستیەوە دەربچێت.
 گەنجی ئێمە دەیەوێت لە جیهانە پێشکەوتوەکەی ئەمڕۆدا لەڕیگەی ئینەرنێتەوە یان بە ڕێگەی پۆستدا ئیستمارەی داوای جیابونەوە یان چونە ناو ژیانی هاوسەرێتیەوە یەکلایی بکاتەوە. گەنجی ئێمە نایەوێت چیتر بۆ ئیمزایەک هەرچی حورمەت و کەرامەتی خۆیەتی بیخاتە بەرپێی مەسولێکی حیزبیی لە کاتێکدا ئەو ئیشەی کە دەیەوێت ڕایبپەڕێنێت ئیشێک بێت حکومەت بتوانێت بۆی جێبەجێ بکات.
 
 ٤
 
 ڕامیار لەبیری چووە یان ئەویش وەکو پارتی و یەکێتی فۆبیای گۆڕانی هەیە و هەموو خوێندەوار و ڕوناکبیرێکی لێ بووە بە گۆڕان، بۆیە داوا دەکات با تەنیا ڕەخنە لە پارتی و یەکێتی نەگیرێت بەڵکو ڕەخنە لە گۆڕان و حیزبەکانی تریش بگیرێت و میانڕەوانە ڕەخنەکان ئاڕاستەبکرێن. واتە گەر ڕەخنەیەک لە پارتی گیرا  دانەیەکیش لە گۆڕان و گەر ڕەخنەیەک لە یەکێتی گیرا ئەوا ڕەخنەیەک لە یەکگرتوش بگیرێت.
 
 بە ڕوحیەتی فیفتی فیفتیەوە کە سەرچاوەی زۆربەی نەهامەتییەکانە.
 
 ئەو هەموو ڕوناکبیرەکان کورت دەکاتەوە نەک تەنیا لە گۆڕاندا بەڵکو لە شەخسی نەوشیروان دا.
 
 لە کۆتاییدا دەمەوێت بە ڕامیار بڵێم کە ئەو پەتا سیاسیەی توشی ژیانی سیاسی کوردستان بووە ڕوناکبیرەکان توشیان نەکردووە، بەڵکو ئەوە بنەماڵە و بیرکردنەوەی خێڵەکیانە و گرنگی نەدان بە مەسەلە نەتەوەییەکان توشیان کردووە. ئەو پەتایەی هەیە ڕوناکبیرەکان توشی کوردیان نەکردووە بەڵکو مەسعود و جەلال میللەتیان دووچاری کردووە.
 
 ئەو پەتایەی کە هەیە پەتای ئەو کۆمەڵە بەرپرسە پیرەیە کە لە ژیان دواکەوتوون و،  بەشێکیان بە ئەقڵیەتی سەدەکانی نێوەڕاست بیردەکەنەوە و، بەشەکەی تریان بە ئەقڵیەتی حولحولیانە و بێ پرنسیپیانەی جەلال تاڵەبانی پیری کەنەفت بیردەکەنەوەو دەچن بەڕێوە.
 
 ئەو تاعونە سیاسییەی کە دەسەڵات تووشی بووە بەهۆی پیرە پیاوەکانی مەکتەب سیاسییەکانی ئەو دوو حیزبەوەیە نەک بە هۆی گەنجەکان و روناکبیرەکانەوە.
 
 ئەو پەتایەی کە هەیە پەتای قەڵەمبەدەستەکانی دیوەخانی دوو بنەماڵەیە کە میللەتیان دووچاریی دەردیسەریی کردووە.
 
 ئەو پەتایە پەتای باوەڕی بەهێزی جەلال و مەسعودە بە بەکارهێنانی هێز و بە بەموعەسکەرکردنی کۆمەڵگەی کوردیی نەک ڕوناکبیرەکان، گەندەڵی و دزینی داهاتی وڵاتیش لەولاوە بوەستێت!
 
 

تێبینی:
نوسینەکەی ڕامیار لەم لینکەدا ببینن:
http://www.knwe.org/Direje.aspx?Jimare=7370&Cor=2&Besh=Witar

  

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە