گەر تاڵەبانی مرد و نەگەڕایەوە!
Wednesday, 18/05/2011, 12:00
هەتا حەڤدەی شوبات بە لۆژیک تێگەیشتبووم پارتی و یەکێتی دوو هێزی نا دیموکراتی گەندەڵن، بەڵام لە ناخی دڵەوە وەکو زۆربەی کورد هیوادار بووم کە دواجار بەزەییەکیان بە میللەتدا بێتەوە و پەلاماری خەڵک نەدەن. دەمزانی کە لە چرکەساتێکدا هەردەبێت تاقیبکرێنەوە بۆ ئەوەی ماسکەکەیان بکەوێتە خوارەوە، جا یان وەک ئێستەیان لێدەردەچوو یان بە پێچەوانەوە و بە ڕێڕەوی میللەتدا دەڕۆیشتن.
مرۆڤ زۆر خۆشباوەڕە و زۆرجار خۆی دەخەڵەتێنێت، ئەگینا سەرباری ئەو هەموو مێژووە لە فاکتی ڕەش و ڕۆژانی ڕەش کە ئەو دوو حیزبە بەسەر میللەتیان هێناوە دەبوو خەیاڵاتی وا بە مێشکی مرۆڤدا نەهاتایە.
بەڵام وەسوەسە لە دڵی پیرۆزترین کەشیش و زاناترین مەلاشدا ڕێی تێدەچێت.
لە حەڤدەی شوباتەوە ئەو سەرابە لە مێشکمدا ڕەویەوە و، لە خەونی ناواقیعی و ڕێتێنەچوو بە هۆش خۆمدا هاتمەوە.
ئەو دوو حیزبە تەواو لەگەڵ مێژووی خۆیاندا دڵسۆز بوون، تەواو لەگەڵ فەلسەفەی سیاسەتکردن و داگیرکردنی کۆمەڵگەدا هاوتەریب بوون. ئەوان خۆیان چۆن بوون هەروایان کرد، بە پێچەوانەی خەونی سەرابیی نێو مێشکی زۆربەمان.
لەگەڵ یەکەم دەنگی تەقەدا، کە پێشتر بەرنامەیان بۆ دانابوو بە ئەمری سەرکردە باڵاکانیان هەموو ئەو دوودڵییەیان ڕەواندینەوە. لەم ساتەوەختەدا زۆریشن ئەوانەی هێشتا دەربارەی ئەو دووانە لە سەرابدا دەژین.
زەمانە کاری خۆی هەردەکات.
ئێستا کە خەبەری ئەوە هەیە یەکێک لە دوو دێوەزمەکەی کوردستان تەندروستی زۆر خراپە و نزیکە لە مەرگ، چاوەڕێی چاکە نەبێت بۆ میللەت هیچی تر پێشبینی ناکرێت.
جاری پێشوو کە بەهەمان شێوەی ئێستا کەوتە خەتەرەوە زۆر بوون ئەوانەی مەڕیان بۆ دا بە عەرز دا، ئەم جارەش تووشی شۆک نابم گەر هەندێک کەس یان حیزبەکەیی و بنەماڵەکەی سیناریۆیەکی لەو جۆرە دروستبکەنەوە.
لە حەڤدەی شوباتەوە گوێم لە مۆسیقا نەگرتووە، بەڵام لە دوێنێ شەوەوە کە ئەو هەواڵەم بیستووە خۆم بە مۆسیقا شادکردۆتەوە، ئەویش لەبەر خاتری ئەو ١٠ شەهیدە و بریندارەکان و ئەشکەنجەدراوەکان. گونجاویش دەبوو گەر مرد هەر کەسە و پارەی تێچوونی مەڕێک ببەخشێتەوە، نەک بۆ گیانی ئەو بەڵکو بۆ ئەوەی لە کۆڵمان دەبێتەوە.
ئەمساڵ پێدەچێت گۆڕانی زۆر گەورە ڕووبدەن، ئەوە حەڤدەی شوبات نوقتەی خستە دوای دوا ڕستە لە مێژووی پێش ئەو ڕۆژە، بە مردنی تاڵەبانیش نوقتە دەخرێتە دوای دوا ڕستە لە ژیانی ئەو پیرەمێردە و مێژووە پڕ کارەساتەکەی بۆ میللەتی ئێمە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست