کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


شەقامی سالم لەبەردەمی لقی چوار هەولێرێکی بچکۆلەیە

Sunday, 03/04/2011, 12:00






پارتی لەهەر شوێنێک بێت حەسار دروست دەکات.
وەکو حیزب لەژێر سایەی ئەو سەرکردەیەدا ترسنۆک و شەرمنە. ئازایەتی و جورئەتی ڕوبەڕوبونەوەی بیروڕای جیاوازی نییە.
نازدارە و دڵی زۆر ناسکەو زو دڵی دێشێت. دەبێت بەهەموو شێوەیەک دڵی ڕاگیرێت.

تاقانەی ماڵە.

ئەوە نیە لە هەولێر قاپی شارەکەی لەسەر سلێمانی داخستووەو زاتی ئەوەی نیە گوێ بگرێت.
ئەوەتا لە سلێمانیش وەکو ئەوەی لقی چوار سەفارەتی ولاتێک بێت و حەسانەی هەبێت کەس بۆی نیە لێی نزیک بێتەوە.

ئەو تەوقەی پارتی خستویەتە سەر شاری هەولێر لە سلێمانیش بە شێوەی گچکەهەولێر جێبەجێی دەکات.

تەحەدایەکی زۆر گرنگە لەبەردەم ئازادیخوازاندا کە ئەو تەوق و حەسارە بشکێنن. ئەوێ لاوازترین ئەڵقەی تەوقە بەزۆر سەپاوەکەیە لەلایەن پارتییەوە بەسەر دەنگی ئازادو خۆپیشانداندا.

شکاندنی تەوقی شاری هەولێر مەرجە، بەڵام شکاندنی تەوقی لقی چوار و شەقامی سالمیش مەرجە.

ئەو تەحەدایەی پارتی لە لقی چوار دروستی کردووە شکاندنی لە ئەستۆی ئۆپۆزسیۆن و ئازادیخوازانە.
بیانوو چیە کە ناهێڵن لە دوای ١٧ ی شوباتەوە کەسێکی خۆپیشاندەر بەبەردەم ئەو بینایەی مونەزەمەی کۆندا تێپەڕببێت.

ئۆپۆزسیۆن و ئازادیخوازان گرنگە ١٠٠ کەس هەڵبژێرن کە سرەوتی ئەوەیان هەبێت بەرگەی ئیسارەکردن و هەوڵی توڕەکردن بگرن لەلایەن بیکەیسی بەدەستەکانی سەر بیناکەوە و بەرنامە دانێن ئەو تەوقە بشکێنن. بەبەردهاویشتنەکانی لقپەرستەکان توڕە نەبن و کاردانەوەیان نەبێت.

ئەمە ئەو تەحەدایەیە کە گرنگە بیری لێبکرێتەوە.
پارتی نابێت ئەو نازکردنەی لێ قبوڵبکرێت.
ئەم کێشانەی ئەمڕۆ لە ئارادان لە ئاکامی ئەو نازونوزەی پارتی و مەسعودی سەرۆکیەوە دروستبووە.
پارتی زۆر جار هەڵەش بووە بەڵام نازی هەبووە و دڵی ڕاگیراوە.

بەردەم لقی چوار موڵکی پارتی نییە، ئەوێ موڵکی شاری سلێمانی و خەڵکەکەیەتی، دەبێت هەژمونی پارتی بەسەریدا کە بە ناحەقە بشکێنرێت.

ئەوێ هەولێرێکی بچکۆلەیەو گەمارۆدراوە. دەسەڵاتدارانی سلێمانی دەبێت لەوە تێبگەن کە ئەو یارمەتیدانەی پارتی بۆ دانانی تەوق بەناوی بەربەستی ئەمنیەوە هەمان جۆری تەوقە کە خراوەتە سەر شاری هەولێر.
خەڵکی ئازادیخوازی سلێمانی دەبێت ڕێگەیان بدرێت لە شەقامی سالم خۆپیشاندان بکەن و تاجەگوڵینەی ڕێزلێنان لەسەر جێگەی خوینی ڕژاوی شەهیدەکان و بریندارەکان دابنێن.

پارتی شەقامی سالمی کردووە بە هەولێرێکی بچکۆلەو گەمارۆی داوە. شکاندنی تەوقی هەولێر بە شکاندنی تەوقی سەر شەقامی سالم دەست پێدەکات.
پارتی دەبێت ئەو نازو نازداریەی تەسلیم بە خەڵکی کوردستان بکاتەوە. ئەو چیتر ڕۆڵە نازدارەکەی کورد نیە.
لەسەر شەقامی ڕاپەڕین لە فڕۆکەخانەوە تا سلێمانی تاقە تەجاوزێک کە کراوە تەجاوزی بینایەی لقیانە لە سەر ئەو ڕێگەیە. دۆستێک دەڵێت ئەو لقەی پارتی دیوارێکیان هەیە هێناویانەتە نزیک شەقامە سەرەکیەکە، ئەمە لە کاتێکدا کە ئەو تەجاوزە لە لایەن قایمقامی سلێمانیەوە ڕەتکراوەتەوە، بەلام بەرواری جێگری سەرۆکی حکومەتەکەی بەرهەم لەسەر لیستی پارتی بە شەخسی تەلەفونی بۆ قایماقمی سلێمانی کردووە و پێی ڕاگەیاندووە کە ئەوە عایدی پارتیەو قایمقام نابێت تەداخولی بکات!

بۆ پیشەوە بەرەو شکاندنی تەوقی نا ئەمنی شەقامی سالم و، لابردنی ئەو تەجاوزەی لقەکەی تری پارتی لەسەر شەقامی ڕاپەڕین لە پێش دەروازەی سلێمانیدا کە موڵکی خەڵکی سلێمانی و کوردستانە.

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە