کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


خەباتی ناتوندوتیژی گەرەنتی دان نیە بۆ دەسەڵات

Sunday, 03/04/2011, 12:00






لەم رۆژانەدا گوێمان لە دوو جۆر دەنگە کە ئاڕاستەی مەیدانی ئازادی و ئەنجومەنی کاتی مەیدانی ئازادی دەکرێن، ئەو دەنگانەش لەلایەک لە دەسەڵاتەوەیە و، لە لاکەی تریشەوە لە بەشێک لە گەنجە ڕاپەریوەکانەوەیە.
دەنگەکان تۆماتبارکردنن.

لەلایەن ئەنجومەنی کاتی مەیدانی ئازادییەوە بانگەوازی ئەوە دەکرێت کە ئامڕازی دەستیان لە خەباتدا بەکارهێنانی ناتوندوتیژییە. ئەمە لەبەر ئەوە نیە کە گەرەنتی بدات بەدەسەڵات کە هەموو ڕاپەڕیوەکان لەگەڵ ئەو شێوازەدان، بەڵکو لەبەر ئەوەیە ناتوندوتیژی وەکو ئامڕاز و چەکی خەبات لە باوەڕێکەوە هەڵدەقوڵێت کە دەتوانرێت وەرچەرخانی گەورە بە دەست بهێنرێت بە بێ ئەوەی شۆڕشگێڕەکان دارودەستەی دەسەڵات بکوژن و لە ڕوی جەستەییەوە لەناویان بەرن.
ئەنجومەنەکە گەرەنتیش نادات بە لایەنگرانی خۆی کە دەسەڵات نایانکوژێت و، پەنا ناباتە بەر توندوتیژی. لە هەمان کاتدا ئەو شێوازە لە خەباتیشی نەگرتۆتە بەر تا گەرەنتی بە دەسەڵات بدات کە دەتوانێت ڕێگری بکات لە بەشە هەرە توڕەکەی گەنجەکان کە پەنا نەبەنە بەر توندوتیژی. ئەو پێویستی بەوە نیە هیچ گەرەنتیەک بدات بە دەسەڵات. دەسەڵات خەسمە و خەباتەکەش دژی ئەو دەسەڵاتەیە.
دەسەڵاتیش بۆیە تۆمەت دەخاتە سەر خەباتگێڕە ناتوندوتیژەکان بۆ ئەوەی تاوانباریان بکات بە توندوتیژی و بیانخاتە حاڵەتی بەرگری لەخۆکردن. وەکو ئەوەی ئەوە ئەنجومەنی کاتی مەیدانی ئازادی بێت تەقەی لە گەنجەکان کردبێت. ئەو دەسەڵاتە ئەوەندە بێ شەرمە، خۆی هەرچی توندوتیژیە بەکاری دێنێت بەڵام دەیەوێت گەنجێک بەردی تێنەگرێت و، هەرزوو دەیکات بە هاوار.
ئەو دەسەڵاتە هەموو پرنسیپە ئەخلاقیەکانی لە دەست داوە.

ئەم ڕونکردنەوەیە هەموو حەقێک لە دەسەڵات دەسەنێتەوە کە ئەنجومەنی مەیدانەکانی ئازادی تاوانبار بکات بەوەی کە ئەوەتا کۆمەڵێک هەن بەرد دەهاون کەواتە ئەنجومەنەکە درۆ دەکات و، ناتوندوتیژ نییە.
وە هەقیش نادات بە گەنجە هەرە توڕەکان تۆمەتی ئەوە بخەنە سەر ئەنجومەنەکە کە ڕێگرە لەبەردەمیان بۆ بەکارهێنانی توندوتیژی.

هەموو توانای ئەنجومەن بۆ قەناعەت پێکردنی گەنجەکان لە ڕوی فیکری و گفتوگۆوەیە و هیچی تر.

گاندی کاتی خۆی گەرەنتی نەدا بە بەریتانیا کە بە هیچ جۆرێک توندوتیژی بەکارنایەت، بەڵکو زیاتر لە نیوەی کاتی خۆی تەرخان کردبوو بۆ قەناعەت پێکردنی هیندە شۆڕشگێڕەکان کە پەنا نەبەنە بەر توندوتیژیی.
هێزە چەکدارەکانی موستەعمەرەش دەستیان نەدەپاراست تەنیا لەبەر ئەوەی گاندی و لایەنگرانی ناتوندوتیژ بون. ئەو وتی کە ئامڕازی سەربەخۆکردنی هیندستانی دۆزیوەتەوە، ئەویش هێنانی خوێ بوو لە دەریا بەبێ ئەوەی باج بدەن بە ئینگلیز. جارێک چوون خوێیان هێنا بە بێ گرفت چونکە هیچ پاسەوانێکی لێ نەبوو.
کاتێک لایەنگرانی گاندی بۆ دووەم جار کە چون خوێ لە دەریا بە بێ باجدان کۆبکەنەوە لەشکرێکی چوارسەد کەسی پڕچەک چاوەڕێی دەکردن. یەکەیەکە هەموو لایەنگرەکانی گاندییان بە بەرچاوی هەواڵنێرێکی خۆرئاواوە کوشت. ئەو لایەنگرانەی گاندی وا دیسیپلینکرابون کە نە ڕایانکرد نە بەرگرییان کرد. هەر کە کۆمەڵێکیان لێ دەکوژرا خێرا ئەوانی تر بەرەو ڕۆخی دەریاکە دەڕۆیشتن.
پەیامنێرەکە بە وێنە و بە نوسین بابەتەکەی لە خۆرئاوا بڵاوکردەوە. ئەمە بوو بە خاڵی وەرچەرخان بۆ هیند.

ئەو ئەرکەی ئەنجومەنی کاتی مەیدان گرتویەتەبەر قورسترین و بە جەرگترین شێوازە بۆ خەبات. پێشڕەوانی ئەم خەباتە لە هەموو کەس زیاتر لەژێر فشاردان و ڕوبەڕوی مەترسی دەبنەوە.
چونکە دەسەڵات کە تەنیا لە زمانی چەک تێدەگات ئەمان بەڕێگر دەزانێت لەبەردەم قەتڵوعامکردنی گەنجەکاندا.

کەواتە ئەرکی ئەنجومەن ئەوە نیە گەرەنتی بدات بە دەسەڵات و دەسەڵاتیش هیچ حەقێکی نیە داوای ئەوە بکات. بەڵکو ئەرکی ئەوەیە لە ڕێگەی ئەو خەباتە ناتوندوتیژەوە چۆک بە دەسەڵات بدات. ئەو چۆک پێدادانەش زۆری نەماوە.

سەرکەوتوو بن ئەنجومەنەکانی کاتیی مەیدانە ئازادەکان!



 



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە