پاپاندریۆ و ئایالا و یەکێتی و نامەکەیان!
Saturday, 04/06/2011, 12:00
بە پێی سایتی کوردستانی نوێی یەکێتی، "سۆسیال ئەنتەرناسیونال شانازی بە یەکێتییەوە دەکات".
لە ڕاپۆرتێکی هەواڵ و سیاسەت دا وەکو خۆیان ناویان ناوە، گوایە سەرۆک و سکرتێری ئەو ڕێکخراوە نێونەتەوەییە نامەی پیرۆزباییان بۆ یەکێتی و تاڵەبانی ناردووە و لەو نامەیەدا شانازی بە یەکێتییەوە دەکەن. کوردستانی نوێ بۆ بەڵگەی قسەکانی دوو کۆپلەی تەرجەمەکراوی نامەکەیان بڵاوکردۆتەوە و، دەیانەوێت بە پێی ئەو دوو کۆپلەیە پیشانی خوێنەری بدەن کە یەکێتی حەسانەی ئەو ڕێکخراوەی هەیە و، ئەو ڕێکخراوە هەرگیز دەستبەرداری یەکێتی نابێت.
پێش ئەوەی لێکدانەوەیەکی بەندە بۆ ئەو دوو کۆپلەیە بخوێننەوە باشە گەر خۆتان ئەو وتارەی کوردستانی نوێ بخوێننەوە و، دواتر لێکدانەوەکەی ئەم نوسینەی بەندە بخوێننەوەو، لە گەڵ ئەوەی ک.ن دا بەراوردی بکەن.
فەرمون لە گەڵ وتارەکەی کوردستانی نوێ:
http://www.knwe.org/DirejeHewal.aspx?Jimare=6689&Cor=1&Besh=Hewal بۆچونێکی جیاواز بۆ لێکدانەوەی ئەو دوو کۆپلەیە کە کوردستانی نوێ بە گرنگی زانیون بۆ چەواشەکردنمان:
کۆپلەی یەکەم:
"مێژوو و خهباتی یهكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، مایهی شانازییه بۆ نێونهتهوهییهكهمان." "
لەو کۆپلەیەدا باسی مێژووی خەباتی یەکێتی کراوە نەک ئەمڕۆی. دیارە مێژووی یەکێتی پێش ڕاپەڕین ئەم بەرپرسانەی ئەمڕۆی یەکێتی خاوەنی نین و، هەموو پێکهاتەکانی ئەو کاتەی یەکێتیش خاوەنی نین.
وە ئەو کۆپلەیە باسی ئەمڕۆی یەکێتی ناکات و، باسی ئەوە ناکات بۆچونی پاپاندریۆ و ئایالا بۆ دەستدرێژیەکانی یەکێتی بۆ سەر خۆپیشاندەران چۆنە. باسی ئەوە ناکات کە ڕایان چییە بەرامبەر ڕفاندن و ئەشکەنجەدانی چالاکوانەکانی خۆپیشاندان و، کوشتنی هەردی و ئومێد و شەهیدەکانی تر. باسی ئەوە ناکات ڕایان بەرانبەر بەرشەقدانی کەسوکاری ئەنفالەکان لە گەرمیان چییە!
باسی ناڕەزایەتیی دەربڕینی سۆسیالیستەکانی دەریای سپی ناوەڕاست ناکات لە دژی پێشێلکاریەکانی یەکێتی.
کۆپلەی دووەم:
"پشتیوانی بهردهوامی ئێمه بۆ ههموو ههوڵهكانتان لهبهر چاو بگرن كه ئامانجی بلاوكردنهوهی ئهو بههاو پرنسیپانهیه كه لهخێزانه سیاسیه نێونهتهوهییهكهمان هاوبهشه لهبهرژهوهندیی میللهتهكهتاندا،" "
دیارە جوندیانی و ئەعوانەکەی ئەم کۆپلەیەی دووەمیان بە لنگەوقوچی بۆ ئێمە لێکداوەتەوە. وای پیشان دەدەن کە ئەو دوو زاتە پشتیوانی یەکێتی دەکەن لە سیاسەتە چەوتو دژ بە مرۆڤانەکەی ئەمڕۆیدا، بەڵام لێکدانەوەی خوێنەر بۆی هەیە بە جۆرێکی تر بێت، ئەویش ئەوەبێت کە وەکو ئینزارکردنێک یان وەبیرهێنانەوەیەک بێت بۆ بەرپرسانی ئەمڕۆی یەکێتی کە مافەکانی مرۆڤ و پرنسیپەکان ڕێکخراوە نێونەتەوەیەکە لەبیر نەکەن و پێشێلی نەکەن. ئەوان کاتێک پشتیوانی یەکێتی دەبن کە هەوڵبدات بۆ بڵاوکردنەوەی ئەو بەهاو پرنسیپانەی کە هاوبەشە بۆ خێزانە سیاسیە نێونەتەوەییەکە، واتە بۆ ڕێکخراوی سۆسیالیست ئەنتەرناسیونال نەک بە پێچەوانەوە و، ئەوەش لە سودی میللەتی کورد دەبێت نەک چەوساندنەوەی میللەت لە لایەن یەکێتییەوە. واتە بە یەکێتی دەڵێن ڕێز لە مافەکانی مرۆڤی کورد بگرە و ئەوە بە سود و بەرژەوەندی کورد دەبێت نەک بە پێچەوانەوە!
ئەو ڕێکخراوە و کەسە دیارەکانی لە پێشێلکاریەکانی یەکێتی ئاگادارکراونەتەوە، دیارترینیان یاداشتەکەی چەتری ئازادی لەندەن بوو بۆ ئەو ڕێکخراوە لە لەندەن. هەڵوێستی ئەو ڕێکخراوەش بەرانبەر یەکێتی نەگۆڕ نابێت و، ئەوەش لە ئایندەدا دەردەکەوێت. گەر وەکو ئۆرگانەکەی جوندیانی دەڵێت و سەرباری هەموو جۆرە پێشێلکاریەکانی ئەمڕۆ و سبەینێی یەکێتی هەر بێدەنگ بن، ئەو کاتە ئێمەش بە دورو درێژی ڕای خۆمان لەسەر ئەو ڕێکراوە نێونەتەوەییە بڵاودەکەینەوە.
دیارە هەڵگرتنی دروشمی گەورە ئاسانە بەڵام پەیڕەوکردن و داکۆکیکردن لێیان سەلمێنەری ڕاستی بە پەرۆشبوونی لایەنی دروشمهەڵگرە!
با سۆسیال ئەنتەرناسیونال چی دروشمی جوانە هەڵیگرێت، بەڵام گەر لە بواری پراکتیکدا داکۆکیان لێنەکات یان سازشیان لەسەر بکات، ئەوە ماڵوێرانییە بۆ خودی ڕێکخراوەکە!
پرسی میللەتی کورد و مافەکانی مرۆڤی کورد پرسێکی ڕەوایە و هەر سەردەکەوێت.
مافەکانی مرۆڤی کورد لایەنگری زۆرە. لە پێش هەمویاندا کورد و تاکی کورد خۆیەتی، دواییش مرۆڤدۆستە نێونەتەوەییەکانن.
دیارە ڕێکخراوێکی بەربڵاوی وەک سوسیال ئەنتەرناسیونال بەو هەمو حیزبانەوە کە تێیدا ئەندامن دەبێت حاڵەتێکی میانڕەوانە پەیڕەو بکات، کە ئەمڕۆ تیایدا دەبینرێت، ئەویش بەوەی دوای ئەو پێشێلکارییە زەقانەی یەکێتی ئەو حیزبەیان هێشتا وەلا نەناوە. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ڕێکخراوەکە هەوڵدەدات لە کۆششی بەردەوامدا بێت بۆ وریاکردنەوەی ڕێکخراو و حیزبە جۆراوجۆرەکان بۆ بڵاوکردنەوەی پرەنسیپەکانی مافەکانی مرۆڤ و، وا بەباشتر دەزانێت کە هەر لەناو خۆیدا بیانهێڵێتەوە نەک لاتەریکیان بکات، بەو هیوایەی بیانگۆڕێت بۆ باشتر. ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە هەموو پێشێلکارییەکیان لێ قبوڵدەکات، گەر هاتوو کردیشی ئەوا ئەو ڕێکخراوە نێونەتەوەییە بەرەو تێکشکان دەچێت.
خاڵێکی تر هەیە کە گرنگە بوترێت ئەویش ئەوەیە کە کورد یەکێتی ژێر سایەی تاڵەبانی باش ناسیوە، پێویستی بە ئایالا و پاپاندریۆ نییە تا یەکێتی پێبناسێنن.
ئەوان حەیرانیش بۆ یەکێتی بڵێن، یەکێتی هەر ئەوەیە کە سەرای دایە بەر گوللە و، گەنجانی گەرمیانی دایە بەر شەق و موبارەکەی لقی چواری کرد بۆ قەتڵوعامکردنی گەنجەکان.
ئەمەیە بڵاوکردنەوەی پرەنسیپەکانی مافەکانی مرۆڤ؟
ئێمە یەکێتی باش دەناسین و مێژووەکەشی باش شارەزاین. ئەوەی لە یەکێتی تێنەگەیشتووە دیارە ئەوانەن تا ئێستا هیوایەک لە یەکێتی و سەرکردایەتییەکەی ئەمڕۆیدا دەبینن.
دواجاریش گەر هەموو دنیا بڵێت یەکێتی نادیموکراتیانەیە هەر دەبێت کورد خۆی قوربانیی چاککردنی یان لابردنی بدات.
ڕێکخراوی سۆسیال ئەنتەرناسیونال ژمارەی حیزبە ئەندامەکانی زۆرە و، ئەو حیزبانەش زۆربەیان لەو وڵاتانەن کە مافەکانی مرۆڤ تیایاندا پێشێلدەکرێت.
لەو وڵاتانەن کە ئەگەر لە ئایندەدا ئەو حیزبە ئەندامانە هاتنە سەر کورسی دەسەڵات هەڵسوکەوتەکانیان سەنگی مەحەک دەبێت نەک ئەندامیەتی ئەمڕۆیان لەو ڕێکخراوەدا، نمونەش یەکێتییە.
یەکێتی پیرۆزی ئەو ڕێکخراوە بێت، با هەر ئەندام بێت تیایدا، ئەوە هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە ئێمە دەیزانین، ئەویش ئەوەیە کە:
یەکێتی لە ئاست مافەکانی مرۆڤ و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و پرسە نەتەوایەتیەکاندا ئەوە نییە خۆی پرۆپاگەندەی بۆ دەکات، ئەمە سەرباری ئەوەی کە هێشتا خەڵکانێکی ماندوو و ڕەنجخوراوی تیایە کە پەراوێز خراون و بێدەسەڵاتن!
بێگومان ئەو دوو کۆپلەیە ک.ن خۆیان تەرجەمەیان کردووە، بۆمان هەیە بپرسین بۆچی نامە ئەسڵەکەیان بڵاونەکردۆتەوە؟
وتەکانی تاڵەبانیش دوای گەڕانەوەی لە ئەمەریکا و، داواکردنی لە نەوشیروان بۆ پیرۆزباییکردن لە یەکێتی بۆی هەیە لایەنێکی ئەوە بێت، بیەوێت، بەو ڕێکخراوە پیشان بدات کە هەوڵدەدات وەزعەکە ئاسایی بکاتەوە و ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ دەگرێت.
دیارە بۆ چاوبەستکردن!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست