"ڕێگری لە خۆپیشاندان سیمایەکی دیموکراتییە"!
Thursday, 07/04/2011, 12:00
لاپەڕەکەی سورمێ لەسەر زاری فەرهاد، کە گوایە لە نەوا فتوای دیموکراسی بۆ هەولێریان داوە، دەنوسێت:
"سهبارهت به رێگری له خۆپیشاندان لهشاری ههولێر ، پیرباڵ ئهوهی وت ئهوه به سیمایهكی دیموكراسی دهزانم ، چونكه خهڵكی ههولێر لهوه تێگهیشتوون ههر خۆپیشاندانێك لهو شاره بكرێت دهچێته گیرفانی بهرهی ئۆپۆزسیۆنهوهو له حاڵی دروست كردنی حكومهتێكی ئینتیقالی بهرهلڵایی دروست دهبێت." 2011-04-06
ڕێگریی لە خۆپیشاندان لە هەولێر بە سیمایەکی دیموکراسی دەزانێت. بۆچی؟ لەبەر ئەوەی وەک ئەو دەڵێت هەر خۆپیشاندانێک لەو شارە بکرێت دەچێتە گیرفانی بەرەی ئۆپۆزسیۆنەوە. دەکرێت بپرسین دەی ئەگەر خۆپیشاندان لەو شارە نەکرێت دەچێتە گیرفانی کێوە؟ دیارە گیرفانی بنەماڵەی ئاغاکانی فەرهاد!
ئەو دەڵێت کە دروستکردنی حکومەتی ئینتقالیی بەرەڵایی دروست دەکات! مەگەر لەوە بەرەڵایی زیاتر هەیە کە لەناو هەولێردا هەیە، کە ئەوەی بنەماڵە حسابی بۆنەکات یاسایە. دەکرێت بپرسین ئەوە کێیە ناهێڵێت بەرەڵایی ڕوبدات؟
دیارە کەس نیە نەڵێت یاسا!
ئەوان دەڵێن یاسا هەیە.
بەڵام ئەو یاسایە یاسایەکە کە بنەماڵە دەپارێزێت و هەولێر دەکات بە کۆیلە.
فەرهاد ئەوە چەندان جارە خۆی دەکات بە کوێخای هەولێر و بە زمانحاڵ و، گوایە وا پیشان دەدات کە لە بەرژەوەندی هەولێر قسە دەکات.
بزانین چی تری وتووە:
"ههولێر مهشغولی ژیانهو فرۆكهخانهی توركیش ئۆن لاین دهكاتهوهو ههولێر كهم بیر لهوه دهكاتهوه خۆپیشاندان بكاتهوه. " هەولێر مەشغوڵی ژیانە، لای فەرهاد ژیان تەنیا نان و خەوتن و پارە پەیدا کردنە. ژیانێک بە هەولێریان رەوا دەبینێت کە بە تەنیا خواردن و خەوتن و پارەپەیداکردنە. حورمەت و کەرامەت نا. ئەم قسەیە ئاماژەیەکی تریش هەڵدەگرێت کە نەگوتراوە، ئەویش ئەوەیە کە فەرهاد بە مەبەست بێت یان بەبێ مەبەست هەولێر بە خۆپەرست دەخاتە روو، پێی وایە هەولێر ئەوەی لێ قبوڵ دەکات. ئەی هەر دوێنێ نەبوو ١٠٠ کەس لە نوێنەری چین و توێژە جیاجیاکانی هەولێر داوای مۆڵەتی خۆپیشاندانیان کرد بە مەبەستی یەکگرتنەوەیان لەگەڵ شەقامی سلێمانی و شارەکانی تر؟
دیارە کاکی نوسەر ئەوان بە هەولێریی دانانێت!
تەنیا خۆی هەولیریە.
ئەم کابرایە جا خۆی بێت یان قەڵەم بەدەستە نەخوێندەوارەکەی خەبات ئەوا "تورکیش ئەیرلاین"ی کردووە بە تورکیش ئۆن لاین.
"تورکیش ئۆن لاین"!
تۆبڵێیت فڕۆکەخانەکەی هەولێریان ناو بنێن تورکیش ئۆن لاین؟ کەواتە تورکیا لەو حاڵەتەدا هەمان تابلۆی سەر دەروازەکانی شارەکانی باکوری کوردستانی بەسەر هەولێریشدا سەپاندوە بە موبارەکەی بنەماڵە و فەرهاد.
لە باکوری کوردستان دەنوسن کە ئەوان شانازی دەکەن کە تورکن. ئەمە هەرچەند کوردەکان بە هیچ جۆرێک قبوڵیان نیە.
کەواتە گەر ئەمەی هەولێر ناوی تورکیش ئۆن لاین بێت ئەوا تورکەکان بە موبارەکەی بنەماڵە و فەرهاد هەموو سەرنشینەکانی فرۆکەکانی ئەو فڕۆکەخانەیە دەکەن بە تورک و بە تورکیی. ئەی تورکیش ئۆن لاین یانی چی؟
یانی "تورکی لەسەر خەت" نییە؟
کەواتە ئەو کوردانەی کە دەچنە ناو ئەو فرۆکانەوە کە لەوێوە گوزەردەکەن تورکن، وا نیە؟
بزانە خەباتی مەسعود و بنەماڵە چۆن هەموو کورد دەکەن بە تورک و بە تورکی!
بۆیە فەرهاد وتویە هەولێر تورکیش ئۆن لاین دەکاتەوە و کەم بیر لەوە دەکاتەوە خۆپیشاندان بکاتەوە.
واتە ئەوان کە بکرێن بە تورک ئیتر بۆ بیر لە خۆپیشاندانێک بکەنەوە کە بۆ کوردە!
ئەوان هەموو هەولێرێکان دەکەن بە تورک و، ڕێگریی لە خۆپیشاندانیان لێ دەکەن بە سیمای دیموکراتی و، دەشیانکەن بە خۆپەرست و، لە سلێمانی و باقی شوێنەکانی تری کوردستانیان دادەبڕن!
فەرهاد دەوڵەتی کوردیی بۆ هەرچوار پارچەی کوردستان دادەمەزراند، کەچی ئێستە لەگەڵ ئاغاکانی شانازی بە تورکیش ئۆن لاینەوە دەکات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست