بۆق و دیموکراتی و بۆینباخ و جەمال عەبدوڵا!
Friday, 22/04/2011, 12:00
بۆق:
ئەو زیندەوەرەی کە جەمال زۆر پێی بێ نرخە.
جەمال عەبدوڵا:
خاوەن گۆڤارێک کە بەڵگەی پێیە و تەحەدا دەکات و بەو هەموو ساڵەش کە وتەبێژبووە و پارێزەر بووە و چی و چی بووە نەیتوانیوە بە نیوەی ئیسماعیل و یادگار جەماوەر بۆ خۆی کۆبکاتەوە.
ئیسماعیل و یادگار:
دوو بێژەر کە دوو مانگە هەموو کورد گوێیان لێدەگرێت و بونەتە خۆشەویستی میللەت.
بۆینباخ:
بە بڕوای جەمال کاڵایەکە کە پێگەی بەهێزە و دەهێنێت کۆمپانیاکان ئیسترادی بکەن تا جەمال و هاوەڵەکانی لە ملی بکەن.
ئەو بە ئیسماعیلی بێژەری سەرای ئازادی دەڵێت سمەی بۆق. وەکو ئەوەی بۆق لە بۆینباخ بێ نرختر بێت.
دەیەوێت وا نیسشان بدات کە بۆق و دیموکراتی نەشیاون پێکەوە. من قسەم لەسەر ئەوە نییە کە ئایا ئیسماعیل کام پەیوەندی بە بۆقەوە هەیە، بەڵام لەبیرمە کە منداڵ بووین زۆربەی منداڵەکانی گەڕەک بۆقیان دەگرت و لەسەر لەپی دەستیان دایان دەنا و دواتر بە قەڵەمبازێک تێیان دەتەقاند.
گەر ئیسماعیل لەو منداڵانە بووە بۆقی بەلاوە مەخلوقێکی سەرنجڕاکێش بووە ئەوا ئەو تەنیا نییە. ئێمە زۆربەمان لەبەر ئەوەی لە ژینگەیەکی ئێکۆلۆژیدا ژیاوین و، لەبەر ئەوەی گەڕەکەکانمان بۆقی زۆر تێدابووە ئەوا لە نزیک بۆقەکان ژیاوین. ئەمڕۆش داوای دیموکراتی و مافی خۆشمان دەکەین و بۆقیشمان پێ مەخلوقێکی جوان و بەستەزمانە.
دیارە جەمال نازانێت کە مەسعود و جەلال لە چیا دراوسێی بۆق بوون . من خۆم جەلالم بینیوە بە پوزەوانەکانییەوە بە لای بۆقەکاندا ڕەوی کردووە!
دیارە ئەو مەسولەکانی خۆی و بۆقەکانی لە یەک ژینگەدا پێکەوە نەبینیوە!
ئەو دیارە لەبری سەیرکردنی بۆق سەیری بۆینباخ دەکات و پێی شەخسیەتە.
جەمال پێی خۆشە پێی بوترێت جەمالی بۆینباخ نەکو جەمالی بۆق!
دیموکراتی:
جەمال ئاگادار نییە و ئەوەندەی بیر لە ڕەنگ و نەوعیەتی بۆینباخەکانی دەکاتەوە بیر لەوە ناکاتەوە لە دنیای دیموکراتی چ باسە و پەیوەندی مرۆڤەکان بە بۆق و ئاژەڵانەوە چییە و چۆنە!
لە سوید ژمارەیەکی زۆر لە ماڵەکان مشک و بۆق و کیسەڵ و گچکەبەراز و سەگ و پشیلە و ئاژەڵی تریان تێدایە. وەکو هاوەڵ و ئاژەڵی ماڵیکراو بەخێو دەکرێن و هەر بردنە لای پزیشکێکیان دە هێندەی بۆینباخە گرانبەهاکانی جەمالیان تێدەچێت، کەچی بە خۆشحاڵیەوە ئەو مەسرەفە دەگرنە ئەستۆ. ئەوە خۆشەویستی و خولیایە بۆ ئاژەڵ و بۆ هاوسەنگڕاگرتنی دەروون. ئەوان لە بەهای مرۆڤایەتیشیان کەم نابێتەوە و داوای دیموکراتیانەشیان لێ کاڵناکرێتەوە بە بیانووی ئەوەی ئاژەڵ و دیموکراتی بەیەکەوە نەگونجێن.
جەمال کە پارێزەرە و بە گرنگییەوە باسی حەقی دیفاعی شەرعی پیاوکوژەکانی لقی چوار دەکات، ئاگادار نییە کە لە دنیای دیموکراتیدا حەقێک هەیە پێی دەوترێت حەقی ژیانی گونجاو بۆ ئاژەڵان.
دیموکراتی و بۆق و ئاژەڵان بە گوتەی ئەو کوجا مەرحەبا!
ناو و ناواخن:
گوڵ گوڵە و ناویشی بنێیت دڕک کە بینرا گوڵێتی دەردەکەوێت، دڕکیش دڕکە بە دەست بەرکەوتنی تیژیەکەی هەستی پێدەکرێت.
شتەکان چۆن ناو دەنێیت بینێ، تۆ تازە ناچیتە دڵی گەنجانەوە و سەردەمی تۆ و ئاغاکانت بەسەرچووە، دەیانکەیت بە نوێنەری میللەت، بە پێشڕەویی دیموکراتی، بە خواداوەندی پاکی و بێگەردیی، بە چیان دەکەیت بیانکە.
ئێمە میللەتین و، ئێوە دەناسین و ئۆپۆزسیۆنیش. نە ڕێگە بەوان دەدەین و نە بە ئێوە یاری بە دواڕۆژمان بکەن!
ئێمە بەرچاومان ڕوونە، سبەینێ هەر کەس و لایەنێک بێت و بە نیوەی ئێوەش غەدرمان لێبکات مەیدانەکانی ئازادییان لێدەگرین! هەر هەنگاوێک بنێن لە مافەکانمان کەمکاتەوە سەراکانی ئازادیمان هەیە!
نە بە قسەکەی تۆ بۆقمان لا ناشیرین دەبێت و، نە ئێوەشمان لێ دەبێت بە کۆتری ئاشتی و خوداوەندی دیموکراتی!
بۆق بۆقە و ئێوەش ئێوە!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست