شەهید شەهاب وەکو مارکە موسەجەلە و، سۆزان وەکو گیا؟
Thursday, 10/03/2011, 12:00
گیا لەسەر بنجی خۆی دەڕوێتەوە؟ ...
جیڤارا هەر لە تەمەنی لاوێتیەوە چاوی بڕیبووە یەک شت، ئەویش تێکۆشان و خەبات لە دژی ئیمپریالیزمی ئەمەریکی و خەباتکردن بۆ باشتر کردنی ژیانی کرێکاران و زەحمەتکێشان بوو.
لەو پێناوەشدا کوژرا.
ڕقی هەرە گەورەی لە کۆمەڵگەی سەرمایەداری بوو، بە هەمو میکانیزمەکانیەوە، لەوانەش لە کاڵایەک کە دەبووە بەرهەمهێنی زیادەبەها بۆ خاوەن سەرمایە، و لەسەر بناغەی ڕەنج و ماندوبونی کرێکار.
ئەو هەرگیز بە خەیاڵیا نەدەهات کە رۆژێک لە ڕۆژان خۆی ببێتە کاڵایەک و وەک مارکەیەک هەڵسوکەوتی پێوە بکرێت. هێندە بەسە کە سەیربکەین و، بزانین، کە چەندەها کارگە و شەریکە ئەو وەکو وێنەو وەکو ئیلهام بۆ یاخیبونی گەنجان و وەکو مۆدێل بۆ جل و بەرگ و تەنانەت ناوەکەشی وەکو مارکە بەکاردەهێنن. ئەمە شتێکە بە خەیاڵی هەمو کەسێکدا هاتبێت بە خەیاڵی خۆیدا نەدەهات.
ئەم جۆرە لە میکانیزم لەلای خۆشمان سەروبەرۆکی شەهیدەکانی کۆمەڵەیان گرتووە.
یەکێک لەو شەهیدانە شەهابە.
ئەو کرێکارێکی هەژاری کورد بو هیچ پەشیمان نەبو لەوەی کە کردی.
ئەمە ئەو کۆپلە هۆنراوەیە بو کە زۆر لە هاوڕێکانم لەسەری، خۆیان دا بەکوشت.
ئەو کاتە وایان لە ئێمە تێدەگەیاند کە وەسێتی بۆ ژنەکەی کردووە بە جلی ئاڵاو واڵاوە بچێت بۆ ناشتنەکەیی و، بە سرود گوتنەوە بەتایبەتی بەوتنەوەی ئەو کۆپلەیەوە بچێتە سەر گۆڕەکە.
ئەفسانەی جۆراوجۆری زۆریان لەو بابەتانە بۆ ئێمەی گەنجی ئەوکاتە هۆنیبوەوە، ئێمەش باوەڕمان پێکردبون و ویردی سەر زمانمان بون.
من خۆم بیستومە کە ژنەکەی شەهاب چەند بە ئازایەتی و قارەمانێتی بەو ئەرکەی هەستاوە و، کچە بچکۆلەکەشی بە بەرگی ئاڵاو واڵاوە بردوە بۆ سەر گۆڕەکە.
کە باسی ئەو کیژۆڵەیە دەکرا هەمومان هەستمان دەکرد کە چ غەدرێکی گەورە کراوە.
بۆیە حەزمان دەکرد هەمومان خۆمان بدەین بە کوشت بۆ ئەوەی ڕێگە نەدەین چیتر کیژۆڵەکانی تر هەتیو بکرێن.
ئەوکاتە کە هێشتا ڕاپەڕینی نەوەدویەک نەکرابو، لە کاتی شۆڕشدا ئازایەتی شەهاب و ئەفسانە هەڵبەستراوەکانی دەوری خۆیان لە خۆیاندا جۆرێک بون لە کاڵای ڕێکلامیی، جۆرێک لە کاڵای هەستەوەری بۆ ئەوەی ئیلهام ببەخشن تا گەنجان پەیوەندی بە شۆڕشەوە بکەن.
دواتریش کە کوردستان کەوتە دەست ئەم دو حیزبەی ئەمڕۆ، هەر زو تاڵەبانی قەدەغەی کرد بە شەهاب ناوببرێت و کردی بە شیهاب.
واتە گەورەتر لە شەهاب.
ئەمڕۆش بە دەست ژنێکی قەپۆلەی بنێشتخۆری، لچهەڵقورچێنی، بێ هەستی، چاوتێرنەبوی، دژ بە کرێکارو ڕەنجبەران و مرۆڤایەتیی، دوبارە بوە بە کاڵا.
خانوی پێ وەردەگیرێ و خەڵکی پێدەچەوسێنرێتەوەو ڕێگەی پێ لە گەشەکردنی کۆمەڵایەتی دەگیرێت و دژی دادوەری کۆمەڵایەتی بەکاردەهێنرێت و مەگەر هەر خوا خۆی بزانێت چەند غەدری لێ دەکرێت.
گەر جیڤارا لە لایەن میکانیزمەکانی بازاڕی سەرمایەدارییەوە غەدر لە ڕێبازو باوەڕەکەی بکرێت، ئەوا شەهاب لە لایەن ئەو ژنەو تاڵەبانییەوە لە ڕێگەی میکانیزمەکانی دەرەبەگایەتی و خزمایەتی و باندەکانی خوێنەوە غەدری لێدەکرێت.
زۆرجار کە سەیری کۆبونەوەکانی پەرلەمانەکەی ئەو ژنە دەکەم و دەیبینم لە خۆم دەپرسم دەبێت ئەو باوک و دایکە کێ بن ئەو ژنە خوێن ساردە چاو برسیە درۆزنەیان لێکەوتۆتەوە.
مەخابن بە ناوەکەیا بێت پیدەچێت لە شەهاب و ئەو ژنە ئەفسانەییە کەوتبێتەوە کە گەنجەکانی ئەو زەمانەیە خۆیان بۆ ڕێبازەکەی و بۆ کۆپلە شیعرەکەی بە کوشتدەدا.
من زۆر بەزەییم بە ناوچەوانە کڵۆڵەکەی شەهابی شەهیددا دێتەوە کە ئەم سۆزانە، ئەو کیژۆڵە ئاڵو واڵایەی ئەو کاتەیە و کچەکەی ئەوە.
من هەرچەند بیردەکەمەوە ناتوانم قەناعەت بەخۆم بکەم کە شەهاب لە سروشتیا وەکو ئەم کچە بووە.
من حەزناکەم و پێم وانیە ئەم کچە چوبێتەوە سەر باوکی. بە هیچ جۆرێک، چونکە هەمو شتەکان پێم دەڵێن کە ئەوەی لەبارەی خودی شەهاب دەوترا هەموی ڕاست بوون.
کەواتە لێرەدا نامەوێت باوەڕ بە پەندە کوردیەکە بکەم و پێم خۆشە هەمو گیایەک لەسەر بنجی خۆی نەڕوێتەوە، گەروانەبێت ئەوا ئەم کچە چوەتەوە سەرباوکی. لەو حاڵەتەدا هەمو ئەو چیرۆک و ئەفسانانەی لەویان دەگێڕایەوە درۆ بون.
من خۆم حەزدەکەم هەمویانم پێ ڕاست بێت، بۆیە دەڵێم با لەم مەسەلەیەدا گیا لەسەر بنجی خۆی نەڕوێتەوە.
چونکە حەز ناکەم سۆزان لە شەهاب بچێت.
هاید پارکەکەی سۆزان و مەیدانی ئازادیەکەی گەنجان:
سۆزان چونکە خۆی بێکارەو تێروتەسەلە لەسەر حسابی مارکە موسەجەلەکەی، و کاتی زۆرە بۆ هەڵەوەڕیی، وادەزانێت پێشمەرگە گەنجەکانی سەراش وەکو ئەو کاتیان زۆرەو پێویستیان بە شوێنێکی وەکو سەکۆکەی ناو حامیەیە بۆ ئەوەی بیستوچوارسەعاتە لەوێ کفتوگۆ بکەن. ئەو وادەزانێت بەرهەم دەتوانێت و جورئەت دەکات گەنجەکان و خەڵکەکە لەسەرا دەرکات.
مەیدانی ئازادی هایدپارک نیەو، ئەوێ بە مەرحەمەتی ئەو و بەرهەم نەدراوە بە ڕاپەریوەکان، تا بەرهەم بتوانێت پێیان چۆڵکات.
هیچ هێزێک نیە لە دنیادا سەرایان پێ چۆڵ بکات.
ئەوان ئەوێ جێناهێڵن تا حکومەتەکەی بەرهەم و چایخانەکەی سۆزان دانەخەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست