داوای ئۆپۆزسیۆن و شەقام؟
Thursday, 07/04/2011, 12:00
ئۆپۆزسیۆن داوای هەڵوەشاندنەوەی حکومەت دەکات و دەیەوێت حکومەتی تەوافوق لەگەڵ پارتی/یەکێتی/بەیەکبوو دابمەزرێنێت.
شەقام داوای دەستبەجێ هەڵوەشاندنەوەی هەر سێ سەرۆکایەتیەکە دەکات و، متمانەی لە وەزیرەکان سەندۆتەوە.
ئۆپۆزسیۆن و هەندێک لە نوسەر و ڕوناکبیرەکانیش دەڵێن کە داوای ئەو دوو لایەنە یەکە، بەڵام میکانیزمی جیایان هەیە بۆ بە ئامانج گەیشتن!
با بڵێین ئۆپۆزسیۆن هەموو مەرجەکانی خۆی سەپاند و، هەموو ئامانجەکانی خۆی هێنایەدی و، گەندەڵی چارەسەر کرا و، کوردستان لە ناوخۆیدا ئاشت بوەوەو، هەموو تاوانبارەکان درانە دادگا و، ئەوانەش کە ئەمریان پێکردوون خرانە ناو قەفەسەوە و وڵات هەمووی بوو بە دوبەی و پاریس، وەک چۆن جەلال و مەسعود دەیانەوێت وای بە خەڵکی کوردستان پیشان بدەن.
شەقامیش لە داواکانیاندا سەرکەوتوو نەبوون و هیچ کام لە سەرۆکایەتیەکان دانەبەزین و، شەقام سەرکوت کراو و، چوینەوە خاڵی پێش سفر نەک سفر.
ئایا ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە داواکانی شەقام و ئۆپۆزسیۆن یەکن؟
ئۆپۆزسیۆن بە حسابی خۆی میکانیزمی جێبەجێکردنی پێیە و نایەوێت بۆشایی ئیدارەیی و دامودەزگایی دروست ببێت و، ئەوەی شەقام بە بێ میکانیزم دادەنێت، هەروەک چۆن لە زمانی یوسفی قسەکەری گۆڕانەوە بیستمان!
لەلایەکی ترەوە هەندێک لە نوسەران و ڕوناکبیران پێیان وایە کە داواکان یەکن و، میکانیزمی جێبەجێکردنیان جیایە. واتە ئەوان پێیان وایە هەردوو لا میکانیزمیان پێیە و، بەو جۆرە نییە کە ئۆپۆزسیۆن دەیڵێت کە گوایە شەقام میکانیزمی جێبەجێکردنی نەخستۆتە ڕوو.
تۆ بڵێیت مەبەستیان ئەوە بێت کە کاتێک ئەو حکومەتە بێ گەندەڵییە مەدەنیە تەوافوقیە دامەزرا ئیتر ئۆتۆماتیکی، سەرۆکەکانیش لە کورسی لادەچن!
تا ئێرە با بڵێین کێشە نییە، چونکە پێویست ناکات شەقام و ئۆپۆزسیۆن هەمان داواکارییان هەبێت، بەڵام کێشەکە کاتێک دەست پێدەکات کە ئۆپۆزسیۆن بەرگریی لەوەی خۆی بکات و، ئەوەی شەقام بە بێ میکانیزم دابنێت. کاتێک بیەوێت بە هێزی قەناعەتپێکردن و باوەڕپێهێنان، شەقام و خەڵک وا لێبکات ئەو داواکاریانەی هەردوولایان لێ بکات بەیەک.
لەبری ئەوەی بێن و بڵێن کە ئەوان لە توانایاندا نییە لەوە زیاتر داوا بکەن و، دەرەقەت نایەن و، هۆکاری ناوچەیی و ناوخۆیی وایان لێدەکات لەوە زیاتر نەڕۆن، دێن و دەیانەوێت باوەڕمان پێبکەن کە داواکاریەکان یەکن.
ئەوەی پەیوەندی بە نوسەرەکانیشەوە هەیە، کە جارجار بە چاودێری سیاسی ناویشیان دەبەن، ئەوا پێم وایە زیاتر بۆ مجامەلە وا دەڵێن، بۆ ئەوەی درز نەکەنە نێوان شەقام و ئۆپۆزسیۆنەوە و، وەکو هەندێک کەس دەڵێن حەساسیەت دروست نەبێت، ئەگینا گەر وانییە، بۆ خاتری خواو هەموو عیلمی سیاسە و حاسەی شەشەم ئەو داواکاریانە چۆن یەکن؟
دابەزاندنی سەرۆک و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان کەی هەمان شتە وەکو حکومەتە ئینتقالییە تەوافوقیەکەی ئۆپۆزسیۆن!
با بڵێین لە کوردستان گەندەڵی بوونی نەبووەو، کێشە هیچ نەبووە و، بەڵام سەرۆک X لە یاسا لایداوە یان بەرتیلی لە شەریکەیەک وەرگرتووە، ئەی نابێت داوای دابەزینی لێبکرێت؟
با بڵێین سەرۆکی پەرلەمان مستەر Y دەستدرێژی سێکسی کردۆتە سەر کچێکی تەمەن خوار هەژدە ساڵان، نابێت داوای دابەزینی لێبکرێت؟ ئەمانە چ پەیوەنیەکیان بە حکومەتەوە و بە ئەدای حکومەتەوە هەیە؟
لە رۆژی ئەمڕۆدا دەزانین کە کوردستان دیموکراتی نییەو، حکومەت گیرۆدەی دەستی حیزبە و، سەبەبکاری یەکەمیش سەرۆکەکانن.
شەقام کە داوای دەست لەکارکێشانەوەی هەر سێ سەرۆکایەتیەکە دەکات هۆکاری خۆی هەیە، لابردنی مەسعود بارزانی لەبەر ئەوەیە کە ئەو سەرۆکێکە لە ئاست بەرپرسیارەتیدا نییە. ئایا گەر کوردستان بوو بە شامی شەریف و، سەرۆکێکی هەبوو کەم توانا، نابێت داوای دابەزینی لێبکرێت تەنیا لەبەر ئەوەی وڵات خۆشە؟
سەرۆک پەرلەمان مستەر Y توشی نەخۆشی وشە لێ تێکەڵاو بوون بوو، نابێت شەقام بڵێت با ئەو لاچێت و، یەکێکی تر بێت کە زمانی لە دەمدایە و هەموان وەکو یەک سەیر دەکات؟
بەڕای من ئەوەی شەقام بێزار دەکات داواکەی ئۆپۆزسیۆن و میکانیزمەکەی نییە بە قەد ئەوەی هەوڵدانیان بێت بۆ قەناعەت پێکردنی شەقام بەوەی کە داواکان هەمووی یەکن!
ئیتر ئێستا گەر باسی ئەوەش نەکەین کە ئاسۆی سەرکەوتنی ئۆپۆزسیۆن زۆر لێڵە و گەشبینی تیا بەدی ناکرێت.
سەری ڕەش و قەڵاچوالان دوو چەنەبازی وەکو B یان هەبێت بەسیانە بۆ تێکدان و دواخستنی پرۆسەکەی ئۆپۆزسیۆن بۆ یەک دوو ساڵێکی تر.
لە وەڵامیشیاندا بۆ ئەوەی کە شەقام میکانیزمی دیاری نەکردووە و، بۆشایی ئیدارەیی دروست دەبێت، دەڵێم ئەمە وەکو بیانوی نەبونی بەدیلەکە وایە، بەڵام چۆنێتی وتنەکەی جیایە و بە دەنگ و ئاوازی ترە.
ساڵی نەوەدویەک کە بەرە هاتە ناوشار هیچ میکانیزمێکی بەڕێوەبردنی پێنەبوو بێجگە لە کۆبونەوەپێکردنی مەکتەب سیاسی حیزبەکان.
مرۆڤ کە سەیری دەکرد ئیدارات و وڵات دەچێت بەڕێوە بە خۆی دەوت کە وڵات ئاشی نەزانە خوا دەیبات بەڕێوە.
خۆی لە خۆیدا وا نەبوو، هەرچەند سەدام ئیدارەکانی هەموو لە کوردستان کێشایەوە بەڵام لەبەر ئەوەی کوردستان و دائیرەکانی پڕ بوون لە کەسانی لێوەشاوەو دڵسۆز و ئیداریی باش، توانیان ئیشوکاری هاوڵاتیان بەڕێبکەن و باج وەرگرن و کرێ بدەن و ئاسایش تا ڕادەیەک بەرقەرار بکەن و وڵات ببەن بەڕێوە و بیکەن بەو ئاشەی خوا دەیبرد بەڕێوە. هەرچی بەرەش بوو ساڵ و کەمێکی پێویست بوو تا پەرلەمان و حکومەتێکیان دروست کرد.
ئەمڕۆ گەر هەرسێ سەرۆکایەتیەکە دابەزن وڵات لەو کات باشتر دەڕوات بەڕێوە، چونکە ئەمڕۆ کادری ئیداریی باش زۆرن، یاساکان جێبەجێبکرێن و دادگا بێلایەن بکرێت ئاساییش بەرقەرار دەبێت و لە ماوەی دوو هەفتەشدا هێزە چەکدارەکان بێلایەن بکرێن بە نیسبەت پابەندبونیان بە حیزبەوە ئەوا دەتوانن وڵات بپارێزن و ئاسایشی ناوخۆ لە ئێستا باشتر ڕاگرن، چونکە ئەوکات کەس نیە هاوڵاتیانیان پێ تیرۆر و ئەشکەنجە بدات. هەتادوایی!
بۆیە بیانوی نەبونی میکانیزم لەلایەن شەقامەوە بیانوی بێبناغەیە و، بۆ درێژەپێدانی حیزبایەتییە لەو فۆرمەی ئێستایدا!
داواکاریەکانی شەقام و ئۆپۆزسیۆن یەک نین و، ئەوەی ئۆپۆزسیۆن داوای دەکات سەر ڕێگەکەی دڕکاوییە و جێبەجێ ناکرێت، لە کاتێکدا ئەوەی شەقام داوای دەکات واقعیانەترە و سەرباری قورسیی ئەرکەکە کێشەکان باشتر چارەسەر دەکات.
بۆیە زۆر گرنگە شەقام چۆڵ نەکرێت، هەر بەردەوام بێت و، ئەو سەرۆکانە شەرعیەتییان نەماوە و دەبێت بڕۆن.
گەرنا ئەوا لە ئایندەدا سەقفی داواکاریەکان بۆیان هەیە بەرزتریش بکرێنەوە. ئێستە داوای هەڵوەشاندنەوەیان دەکرێت، سبەینێ داواکاریەکان دەبنە دادگایی کردن و شاربەدەرکردن.
جا با بێنە خوارەوە و میللەت ئەوانی ناوێت!
ئەوەی ئۆپۆزسیۆنیش داوای دەکات داواکاری شەقام نییە و زۆر لەو کەمترە!
ئەوەی ئۆپۆزسیۆن داوای دەکات دەیانتوانی دوای ٢٥ ی حەوت داوای بکەن و، بەشداری حکومەت بکەن بە هەمان پرۆژەی ئێستەیانەوە. خۆ پارتییەکێتی خۆیان پێیان نە دەوتن نەخێر، گەر ئەو کاتەش ئەو داوایەی ئێستەیان هەبوایە. حکومەتەکەش بە هەمان دەردی ئەو پەرلەمانە دەچوو کە ئەوە ساڵ و نیوێکە ئەوان تیایدا بەشدارن!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست