کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەوە ڕێباز نییە و بارزانی باوک نیە! -بەشی یەکەم

Tuesday, 05/04/2011, 12:00






لە مێژوودا ڕێباز زۆر هەبووە و ئەمڕٶش زۆرن. لە نێو مەزهەبەکانی ئاینەکاندا، لە نێو فەلسەفە و فیکردا و لە بواری شۆڕش و شۆڕشگێڕیشدا.
مارکسیزم، کۆمۆنیزم، بەعسیزم، فاشیزم، نازیزم، لیبرالیزم، فێمینیزم، کۆنسەرڤاتیزم و هەتا دوایی.

لای بنەماڵەی مەسعود و خودی مەسعودیش ڕێبازی بارزانی و شێخەکانی بنەماڵە بووە بە بنێشتە خۆشەی سەر زمان.
هەرچەند ڕەوا نییە پاشکۆی "سیزم" بنرێت بە ناوی بەرزانییەوە چونکە ئەو خاوەنی هیچ ڕێبازێک نییە و، دواتریش ئیتر بنەماڵە دەیکەن بە وشەی خۆیان و بەکاری دێنن، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەوان ناویان ناوە ڕێبازی بارزانی، ئەوا من ئەو پاشکۆیەی لێدەدەم و هەڵوێستەیەکی لەسەر دەکەم.
با ناوی بنێم بارزانیزم و دواکەوتوەکانیشی ببن بە بارزانیست.
مەبەست لەم ناونانە چیە؟

کاتی خۆی لە عوسمانی قالەی فەرەجیان پرسیبوو ئەرێ (کۆمۆنیست) یانی چی؟ ئەویش وتبوی "کۆمۆ" یانی خوا و "نیست" یانی نیە! بەو جۆرە ویستبوی خەڵکە دڵپاکەکە لە حیزبی کۆمۆنیست بکات.

کەواتە بارزانیست یانی شتێک نییە ناوی ڕێبازی بارزانی بێت و، ئەوە بونی نییە و نیست!

بارزانیزم چییە؟

بارزانیزم یان بارزانیست ئەو زاراوەیەیە کە بۆ ئەو شتەی دادەنێم کە سەرانی بنەماڵە ناویان ناوە ڕێبازی بارزانی و، بۆ دواکەوتوەکانی.
خۆی هەر لە خۆیدا گوتەی ڕێبازی بارزانی گوتەیەکی تەمومژاوی و ناڕونە. ئەوان کە دەڵێن ڕێبازی بارزانی دەیانەوێت بمانبەنەوە سەر موستەفای باوکی ئیدریس و مەسعود و، ئەو جۆرە بیرکردنەوەو مەراقەی لە نێو کەللەی ئەودا بووە و، شێوازی هەڵسوکەوتەکانی و پاشان ئامانجەکانی و ئینجا درێژەپێدانی لەلایەن کوڕ و کوڕەزاکانییەوە.

تەمومژاویە لەبەر ئەوەی زۆرجار مەسعود سنوری مستەفا دەبەزێنێت و دەیباتەوە سەر شێخانی باووباپیری و دواتریش هیچ جۆرە پێناسێکی کۆنکرێتی و مەلموسمان ناداتێ و بە وەهمی دەیهێڵێتەوە. دیارە ئەوەش بۆیە دەکات کەموکورتیەکانی و ئامانجەڕاستەقینەکانی بشاریتەوەو بیانکات بە کوردایەتی و پێمانی بفرۆشێتەوە.
لە سەردەمی ژیانی مستەفا خۆیدا شتێک نەبووە بە ناوی ڕێبازی بارزانی، ئەمە لە دواییدا لەلایەن کوڕەکانیەوە داهێنرا بۆ ئەوەی بە لایەنگرانی پارتی بڵێن ئەمەی ئەوان دەیکەن هەمان شتە کە بارزانی هەوڵی بۆ داوە.
ئەو شۆڕشەی کورد کە مستەفا بارزانی خۆی سەپاند بە سەریدا شۆڕشی میللەتێکی چەوساوە بوو لە دژی داگیرکەرانی کوردستان.
شۆڕشێکی نەتەوایەتی بوو.
ئەو سەردەمە سەردەمی سەرکردە شۆڕشگێڕو ئەفسانەییەکان بوو. ئەوە لە لای شۆڕشگێڕەکان دیاردەیەکی زۆر ئاسایی بوو کە تەمومژ و قارەمانێتیەک بخەنە پاڵ سەرکردەکانی خۆیان کە لە ڕاستیدا بوونی نەبوو.
زۆربەی نوسەرانی چەپ و بە فیکر شۆڕشگێڕیش لە خۆرئاوا، کە خۆیان هاونیشتمانی وڵاتەکانی خۆرئاوا بوون و هاونیشتمانی ئەو وڵاتانە نەبوون کە شۆڕشەکانیان تیادا بەرپاببوو، بەڵام کە سۆز و پشگیریان بۆ خەباتی میللەتە چەوساوەکان دەردەبڕی کەوتبونە ژێر کاریگەریی سەرکردەی ئەفسانەییەوەو پرۆپاگەندەیان بۆ دەکرد. بە جۆرێک کە سەرکردە شۆڕگێڕەکانیان دەکرد بە سیمبۆلی ئەو میللەتە چەوساوەو راپەڕیوانە. ئەوەش هۆکاری تری زۆر بون بەڵام لە پێش هەمویانەوە بۆی هەیە ئەوە بوبێت کە میللەتانی خۆرئاوا ئەوکاتە گران بووە بۆیان ناوو وڵاتی هەموو میللەتە ڕاپەڕیوەکان لەیەکتر جیابکەنەوە، بۆیە نوسەرەکانی خۆیان هاتوون ناوی ئەو میللەتانەیان کردوە بە پاشکۆی سەرکردەکانیان. بۆ نمونە لەبری ئەوەی وتبێتیان کوردو کوردستان وتویانە بارزانی.
هەروەها بۆ ئەوەی نوسین و گێڕانەوەکانیان سەرنجڕاکێش و خۆشمەزە بکەن هاتون چیرۆک و ئەفسانەی بریقەداریان لە بارەی ئەو سەرکردانەو ژیانیان و بەسەرهاتەکانیانەوە خوڵقاندووە. ئەمەش لەبەر ئەوەی هاوڵاتیانی خۆرئاوای پیشەسازیی ماندوی دەستی کارکردن کاتی خوێندنەوەو لەبەر کردنی فاکتی زۆریان نەبووە، بەڵکو بۆ ئەوەی زانیاریان پێبدەن پەنا براوەتە بەر ئەفسانە و کاریکاتێر و شتی لەوجۆرە.

گەر بچینەوە سەردەمی ڕۆشنگەریی و سەیرێکی ڕۆژنامە ئەوروپی و ئەمەریکیەکان بکەین لەو جۆرە چیرۆکە پڕ ترش و خوێیانە زۆر دەبینین.
ئەوکاتە کە ڕۆسۆ داوای گەڕانەوەی بۆ ناو سروشت دەکرد و لە شارستانیەت ڕایدەکرد، میللەتانی خۆرئاوا بە هۆی ئاڵۆزبون و قورسبونی ژیانەوە لە سەردەستی بە پیشەسازیبوندا هاواریان لێ هەستابوو بەڵام چارەیەکیان نەبوو بۆ خۆ دەربازکردن، بۆیە پەنایان دەبردە بەر خەیاڵ و فەنتازیا بۆ خۆ ڕزگار کردن لە نەهامەتیەکانی ژیانی ڕۆژانە و قورسی باری ژیانی نێو کارگەکان و درێژی کاتی کارکردنی ڕۆژانە.
ئەو کاتە خەیاڵ لە رێگەی نوسین و ڕۆمانەکانەوە بەرەو سەرەتاکانی بێگەردیی لە ژیان و بەرەو کۆمەڵگەی سەرەتایی دەیگەڕاندنەوە.
کاتێک ئیسپانیەکان و هۆڵەندیەکان و پورتوگالیەکان و بەریتانیەکان کەشتیەکانیان دەناردە سەر دەریاکان بۆ ئەوەی کەشفێکی کیشوەرە تازەکان بکەن و دواتر داگیریان بکەن، کەشتیوانەکان بە دیدەنیی میللەتانی ڕەسەنی ئەو کیشوەرە تازە کەشفبوانە ئاشنا دەبوون. لەوانە ئاشنابوون بە هیندە سورەکان و بە ئەفەریقیەکان و بە ئاسیاییەکانی نێو دورگە دورەدەستەکان. پاشان لە ڕێی کەشتیوانەکان و گێڕانەوەکانیانەوە میللەتانی خۆرئاواش بە هیندە سورەکان و خەڵکە ڕەسەنەکانی تر ئاشنا دەبوون. ئەم میللەتانە دەکەوتنە پرسیار لە خۆکردن کە ئایا ئەوانە مرۆڤن یان چین!
گێڕەرەوەکان بۆ ئەوەی چیرۆکەکانیان خۆشمەزە بکەن ئەو مەخلوقانەیان بە مەخلوقی بێگەرد و پاک و خاڵی لە بەدیی باسدەکرد. بەڵام دواتر کە کەشتیوانەکان لەسەر دەستی ئەوانە دەکوژران، ئەوسا پرسیاری تر دروست دەبون و بێگەردیەکەیان دەکەوتە ژێر پرسیارەوەو بە کانیباڵ و دڕندە باسیان دەکردن.

ئەمە ئەفسانەی زۆری بۆ خۆرئاواییەکان دەخولقاند، لەوانە ڕۆبنسۆکرۆز و چیرۆکی هیندەسورەکان و باسی کۆیلەڕەشە ددانسپیەکانی ئەفەریقا.

لە سەر هەمان ڕێڕەو وبۆ هەمان مەبەست سەرکردەی شۆڕشەکانی سەدەی بیستەمیش لە لای خۆرئاواییەکان بە فەنتازیا دەکران.

لە زاکیرە و زیهنی ئەو خۆرئاوایانەدا سەرکردەی شۆڕشگێڕی بە ڕاستی پڕ بە پێستی گێڕانەوەکان هەبوون، لەوانە گاندی.

بۆیە نوسەرەکان هەوڵیان دەدا کە سەرکردەکانی وڵاتانی تریش بەوان بچوینن.
لەمەدا هەندێک حاڵەتمان بینیوە لەبارەی بارزانیەوە.

کوردستان لای خۆرئاواییەکان دەکرا بە بەهەشتێکی نەشێواو و دواتر شێوێنراو لە لایەن داگیرکەرانیەوە. چیرۆکەکان کە لە بارەی بارزانیەوە دەگێڕدرانەوە زیاتر بۆ خۆشنودی و کات بردنەسەری خۆرئاواییەکان بوو، لە هەمان کاتدا بۆ زیادکردنی فرۆشی ژمارەی ڕۆژنامەکانیش بوو.
بەڵام لە لایەن چەپەکان و مرۆڤدۆستەکانەوە بۆ ئەوە بوو کەسێتی بارزانی بە ئەفسانە بکەن و لەو ڕێگەیەوە پشتگیریی بۆ میللەتی کورد و داواکاریەکانی پەیدا بکەن، کە ئەوەتا سەرکردایەتی خەباتی میللەتێکی چەوساوەی پاک و بێگەردی سادە دەکات کە بێکەس و ماف زەوتکراون و تەنیا شاخەکان دۆستیانن. ئەمە خۆی لە خۆیدا زیانێکی گەورەی بە کورد و شۆڕشەکەی گەیاند. ڕێگەی گرت لەوەی کورد دۆستی ڕاستەقینەی بۆ پەیداببێت و بەدییەکان و تێکشکانەکانی سەرکردەکە دەبون بە موڵکی میللەتەکەش.

با بێینەوە ناوخۆ:

لەژێر کاریگەریی خەباتی گەلانی داگیرکراودا کوردستانیش لە شەستەکانی سەدەی پێشودا دەستی دایە شۆڕش.
پیاوێک بە ناوی مستەفاوە لە سۆڤیەتەوە دەهێنرێتەوە، ئەویش لەلایەن خوێندەوارەکانی کوردەوە کە کۆمەڵێک لەو چیرۆک و ئەفسانانەیان لەبارەی سەرکردە ئەفسانەییەکانی جیهانی سێ وە خوێندۆتەوەو، لە قودرەتی ئەفسانەو کاریگەریەکەی لەسەر خۆرئاواییەکان تێدەگەن. ئەم کابرایە دەکەن بەسەرۆک بەو هیوایەی سەرکردەیەکی ئەفسانەیی ببەخشن بە خۆرئاواییەکان و لەو ڕێگەیەوە پشت و پەنا و خوێنەر بۆ باسەکانی شۆڕشی کورد پەیدا بکەن.
بۆیە لەسەر دەستی ئەم خوێندەوارانەو لەسەر دەستی نوسەرەکانی خۆرئاوا ئەفسانەیەک دروستکرا بە ناوی مستەفا بارزانی و، دواتریش ئەم پیاوە لەسەر دەستی خوێندەوارەکانی کورد لە خۆرئاوا کە نوێنەری شۆڕشەکە بوون چیرۆک و گێڕانەوەی زیاتری دەدایە پاڵ خۆی.
بارزانی خۆشی دوایی لە ڕێگەی پارەپێدان و گفتوگۆ دان بە پەیامنێرە خۆرئاواییەکان بەبەرنامە کاری بۆ ئەو بە ئەفسانەکردنەی خۆی دەکرد.
وای کرد کە خۆرئاواییەکان لە ڕاپۆرتەکانیان دا باسی کورد کەمتر بکەن و، زیاتر باسی شەخسی بارزانی بکەن. ئەوەش بۆ ئەوەی لای ناوخۆ و دەرەوە چارەنوسی کورد و بزوتنەوەکەی ببەستێتەوە بە شەخسی خۆیەوە.
لەوەشدا سەرکەووتنی بەدەست هێنا.
دوایی کە مرد و کوڕەکانی بون بە سەرکردەی پارتی، ئەوانیش لەبەر ئەوەی لە فەراغی فیکریدا دەژیان و هیچیان پێنەبو و، بەرنامەیەکیان نەبوو بۆ ڕێبەریکردنی لایەنگرانی پارتی هاتن درۆیەکی شاخداریان دروست کرد، ئەویشیان ناونا ڕێبازی بارزانی.

لەبەر ئەوەی ئەوان ئەم ڕێبازەیان بە نوسین و فاکت ڕوننەکردۆتەوە کە بە مەبەستیشە ئەوا دەبێت خۆمان هەوڵبدەین بزانین ئەوە چیە کە ئەوان ناوی دەنێن ڕێبازی بارزانی.
هەنگاوی یەکەمیان ئەوەیە ئەوە ناوبنێن ڕێباز و ئنجا بە تەمومژاوی بیهێڵنەوە بۆ ئەوەی نەکەوێتە ژێر باری لێکۆڵینەوە و ڕەخنەلێگرتنەوە. ئەم تەمومژاویکردنە بۆ ئەوەشە کە وەهمی باوکێک دروست بکەن. باوکی میللەت و کڕنۆشی بۆ ببرێت. خۆشیان بە پارێزەر و موریدی ئەو رێبازە دانێن و زمانی هەرکەسێک ببڕنەوە کە بە خراپ باسی بکات یان ڕەخنەی لێبگرێت. ئەوە نیە مەسعود دەڵێت باسی ئەوان بکەن بەڵام نابێت باسی مستەفا بارزانی و شێخەکانی باپیرەی بکەن! تەنانەت ئەمە بووە بە ویردی سەر زمانی زۆرێک لە دواکەوتوەکانی پارتیش کە دەڵێن قەیناکە ڕەخنە لە مەسعود بگیرێت بەڵام ڕەخنەگرتن لە مستەفا بارزانی ڕێگەی پێنادرێت و وەکو کوفرە.

دواتریش کە کردیان بە باوک و ناوی بنێن باوکی میللەت و ئیتر بکەونە سەپاندنی بەسەر میللەتدا و وێنەکەی لە پەرلەمان و لە دائیرەکان و لە شوێنە گشتیەکان هەڵبواسن و بیکەن بە پاسەوان بەسەر هەمومانەوەو چاومان نەوی بکەن لە ئاستیدا.
هەرهەموشمان کڵۆڵی دەستی شتێک و وەهمێک بکەن کە ناویان ناوە ڕێبازی مستەفا و ملکەچی بین، بەو بیانوەی کە ئەگەر مستەفا نەبوایە کورد هیچی بەدەست نەدەهێنا وەکو ئەوەی کورد زۆری بەدەست هێنابێت!
بەڵام پرسیاری ئێمەش ئەوەیە ئایا گەر کورد و ڕۆڵەکانی کورد نەبونایە مستەفا و کڕو کوڕەزاکانی چی دەبوون؟ کێ باسی دەکردن؟

ماویەتی

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە