قونسوڵی فەڕەنسا و مەسعود دوو پەیامی جیا!
Saturday, 16/07/2011, 12:00
یەکێک لە دروشمە هەرە دیارەکانی شۆرشی فەڕەنسی ئازادی و یەکسانی بوو. لە یادی شۆڕشی فەڕەنسیدا لە هەولێر قونسوڵی فەڕەنسی جەختی لەسەر ئەو ئازادییانە کردەوە و نەشیاو دەبوو گەر لەو ڕۆژە نیشتمانییەدا داکۆکی لە ئازادی مرۆڤ نەکردایە.
مەسعود بارزانی پیاوێکی کڵۆڵە، کوردیشی دووچاری کڵۆڵیەکەی خۆی کردووە، گەرنا کام سەرکردە لە کاتی داکۆکیکردن لە ئازادی و مافەکانی مرۆڤدا ڕەنگی تێکدەچێت و تەنگەنەفەس دەبێت دیکتاتۆر نەبێت!
گوتەکەی قونسوڵ پەیامێکی مرۆڤایەتی و ڕەسمییانەی دیدی ئەو و وڵاتەکەی بوو بۆ کەسێک کە فەڕەنسا داکۆکی زۆری لێکردووە نەک لەبەر خاتری خۆی بەڵکو لەبەر داکۆکیکردن لەو بەهایانەی شۆڕشی فەرەنسی دنیای پێگۆڕی.
قونسوڵ خۆی لە کاتی ڕاپەڕینی گەنجانی فەرەنسادا لە ٦٨ دا لاو بووە و لە داواو ئاوات و خواستی گەنجان تێدەگات لە هەمان کاتدا ڕۆڵەی ئەو وڵاتەیە کە لانکەی لاگراند ڕیڤولوسیۆن و تریکۆلۆرە، لە لایەکی ترەوە مەسعود بارزانی وەک منداڵی پیاوێکی پاتریارک لە ژیانیدا نەیزانیوە گەنج و گەنجێتی مانای چییە. ئەوێک لە دیوەخانەکانی پیرەپیاوەکانی خێڵ دا گەورە بووبێت و، هەردەم لە گەڵ باوکی و پیرەپیاوەکانی تردا سەرقاڵی هۆنینەوەی موئامەرە و پاشقولگرتن بووبێت لە کوێ لە مانای گەنجێتی و مەراقەکانیان تێدەگات!
ئەوێک تێگەیشتنی بۆ شۆڕش پەنا بردنە بەر دوژمنانی کورد بووبێت لە کوێ لە ماناو بەهای شۆڕش تێدەگات بۆ بەرژەوەندی خۆیی و بنەماڵەکەی نەبێت!
قونسوڵی فەرەنسا نوینەری وڵاتەکەی خۆیەتی، ئەو راپۆرتانەی ئەو بۆ سەرەوەی خۆی بەرزدەکاتەوە بۆ هەڵوێستی ئایندەی وڵاتەکەی لەبەرانبەر دەسەڵاتی مەسعود بارزانیدا گرنگییان زۆرە. مەسعود بارزانی بە هۆی کڵۆڵییەکەیەوە و تێنەگەیشتنییەوە لە بەهای قسەکانی قونسوڵ و لە پەیامەکەی ڕەنگوڕوخساری بەتەواوی تێکدەچێت و تەنگەنەفەس دەبێت. ماسکەکەی بەتەواوی دەکەوێت و بەدرۆش بێت ناتوانێت داکۆکی لە داواکانی گەنجان بکات. ئەو کە فێری ئەوەیە هەر گوێی لە ئەزبەنی و گەورەم بێت لە کوێ فریای ئەوە دەکەوێت وەکو ئەکتەریش بێت خۆی نمایش بکات!
لە دنیای خۆرئاوادا و لەسەر ئاستی دنیاش فەڕەنسا و بڕیارەکانی جێگەی هەڵوێستە لەسەرکردن و لێوردبونەوەن، ناکرێت هەروا بە ئاسانی و بە سەرپێیی بەهەند وەرنەگیرێن!
لە کاتێکدا فەڕەنسا وەکو یەکەم دەوڵەت ئامادەیی دەربڕی داکۆکی لە دەوڵەتی کوردی بکات مەسعود بارزانی و خاڵەکەی بە پەلەپروزێ خەبەرەکەیان گەیاندە تورکەکانی دوژمنی کورد و ئەو نەخشەیەیان پوچەڵکردەوە ئیتر دەبێت چاوەڕێی چی لێبکرێت بێجگە لەو ڕەنگ هەڵبزڕکان و دەمووچاو ترشانە!
مەسعود دەیەوێت بە هەموو ئەقڵی خۆیەوە دەرسی شۆڕش و شۆڕشگێڕێتی بە نەوەکانی فەڕەنسا بڵێتەوە و پێیان بڵێت نابێت شۆڕشەکانی خۆیان لەبیربکەن. فەڕەنسا کە میترانی هەڵبژارد بۆ سەرۆک، کە دواتر بوو بە یەکێک لە سەرۆکە هەرە شکۆمەندەکانی ئەو وڵاتە لە دوای چارڵس دیگۆل، هەروا بە هەوانتە نەبوو هەڵبژێردرا، بەڵکو لە قبوڵکردن و متمانەپێدانیدا ئیعتیبارێکی زۆر بۆ خەباتی ئەو وەکو پارتیزان لە جەنگدا دانرا. زۆرێک لە گەنجەکانی فەرەنسا و میللەتی فەڕەنسی کە هەڵیان بژراد بێجگە لە پڕۆژە سیاسییەکەی ڕیزێکی زۆریان بۆ ڕابردووە شۆڕشگێڕێتییەکەشی دانابوو. فەڕەنسا و میللەتی فەڕەنسی گرنگیی زۆر بە شۆڕشەکانی خۆیان دەدەن و لە هەمان کاتدا بەرەو پێشیش دەڕوانن و لە پاڵ تاشەبەردێکی زەمانی پارتیزانیدا جێنامێنن و دەیانەوێت بەرەو ئایندەیەکی ڕوونتر هەنگاو بنێن.
گەر لەڕووی ئابووری و گەشەسەندنی ئابووریشەوە نەتوانن ئاواتەکانی هەموو گەنجان بەدیبهێنن ئەوا لەڕوای ئینسانی و بیرکردنەوەوە لە بیری گەنجان و مرۆڤەکانی خۆیاندان.
وەکو تریش، لە بواری سیاسەت و قورسایی تێڕوانین و هەڵوێستی ئەواندا بڕیارەکانیان لە سەر ئاستی نێونەتەوەیی فەرامۆش ناکرێت. لە کاتێکدا ئەوروپا و نوێنەرەکانیان لە ئیتالیا کۆببونەوە و ئەنجومەنی ڕزگاریخوازی لیبیا بەنغازیان ڕزگارکردبوو و بەڕێوەبوون تەرابلوس ئازادبکەن، نوێنەرەکانی ئەوروپا و بە تایبەتی ئیتالیا زۆر نیگەران بوون و، لەبەر خاتری نەوت هاواریان لێهەستابوو و بە نیازبوون پێشێلکاریەکانی قەزافی فەرامۆش بکەن، فەڕەنسا و سارکۆزی کۆنە هاوڕێی قەزافی هەڵویستێکی تریان وەرگرت و وتیان نابێت قەزافی لەبەر خاتری نەوت بۆی بچێتە سەر و دانیان نا بە ئەنجومەنی خەڵکی شۆڕشگێڕی لیبیادا و بە نوێنەری ڕاستەقینەی لیبیەکانیان دانا. سەرەتا لەلایەن خۆرئاواوە وەکو سەرەڕۆییەکی سیاسیانە سەیرکرا بەڵام دواتر بینیمان چۆن ئەوانی تریش بەدوایدا چوون و تا وای لێهات ٣٠ وڵات لە تورکیا ئەو ئەنجومەنەیان بە نوێنەری ڕاستەقینەی لیبیەکان ناسی و بڕیاریان دا پارە بلۆککراوەکانی قەزافی لە ئەمەریکا و وڵاتانی تر ڕادەستی ئەنجومەنەکە بکەن و هاریکارییە سەربازیەکانیان بۆ لێدانی قەزافی زیادبکەن و شۆڕشگێڕەکانیش پڕچەک بکەن.
مەسعود کەسێکە هەر بەباڵای رابردوودا هەڵدەدات ئەوەش بە خۆڕایی نییە، چونکە هەموو سەرمایەی مەعنەوی ئەو بۆ مانەوە و بۆ خۆکڵۆمدان لەسەر کورسی دەسەڵات ئەو ڕابردووە درۆینەیەیە کە بۆ خۆیی و بۆ ڕێبازەکەی باوکی دروستی کردووە. ئەو چاک دەزانێت لەم کاتەدا مرۆڤی کورد و گەنجەکان بەباشی لەو ڕێبازە و لە مەبەستەکانی تێگەیشتوون و بە فەرامۆشکردنی و دۆزینەوە و ئاشکراکردنی درۆکانی هەرزوو وەکو بڵقی ئاو بەتاڵدەبێتەوە بۆیە ویردی سەروژێری زمانی تەلیسم دانە بەو ڕابردووە.
ئەوەی مەسعود لێی تێناگات ئەوەیە کە مێژوو بە زۆر ناخرێتە بواری لەبیرنەچونەوەوە، بەڵکو هەتا زیاتر جەخت لەسەر لەبیرنەکردنی بکرێت زیاتر دژایەتی ئەو مێژووە دەکرێت.
مرۆڤ بۆ ئەوەی مێژوو و سەروەریەکانی ڕابردووی لەبیر نەکات و داکۆکیان لێبکات و بە خۆشییەوە یادیان بکاتەوە دەبێت ئازادیەکانی دەستەبەربکرێت و ئایندەی گرنگیی پێبدرێت.
لە کاتێکدا چەتەکانی ئەو لەبەردەم لقی چواردا بەوپەڕی ڕقەوە دەستڕێژی گوللە دەنێن بە گەنجەکانەوە، گەنجەکان حەقیانە تفونەعلەت لەو مێژووە بکەن کە مەسعود خۆی بە خاوەنی دەزانێت و بە شانازییەوە باسی لێدەکات.
پەیامی قونسوڵی فەڕەنسا یادکردنەوەی شۆڕشە لە هەمان کاتدا گوێگرتنە لە خواستەکانی گەنجان و گرنگیدانە بە ئازادییە مەدەنییەکان و مافەکانی مرۆڤ، لە کاتێکدا پەیامی مەسعود تەنیا ستران بێژییە بۆ ڕابردوویەکی درۆیینە، کە هەموومان دەزانین بەو جۆرە نییە کە پێمانی دەفرۆشێتەوە.
گوتەکانی قونسول و مەسعود دوو پەیامی جیایان پێ بوو هەریەکەیان بەرەو ئاڕاستەیەک دەچوون، ئەوەی قونسوڵ بەرەو ئایندەو ئەوەی مەسعود بەرەو دواوە و بەرەو چەقبەستنی زیاتر.
ڕاپەڕینی گەنجانی کوردستان بە بەهاری شۆڕش ناونرا و، ١٥ ی حەوتیش هەڵسانەوەیە. مێژووی مەسعود مێژووی پاتریارکێکە ڕوو لە خەزانە و لە هەڵوەریندایە و ئایندەش دەریدەخات چۆن یاد دەکرێتەوە!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست