کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


خەباتی ناتوندوتیژی کوردستان بەرەو کوێ؟

Sunday, 17/04/2011, 12:00







خەباتی ناتوندوتیژی لە هەناوی خۆیدا کۆرپەیەک لە پارادۆکسی هەڵگرتووە، ئەو کۆرپەیەش لەگەڵ تێپەڕبونی زەمەندا و لەگەڵ درێژەکیشانی ڕوبەڕوبونەوەکەدا، لە لایەکەوە لایەنگرانی خۆی فێری خۆڕاگری و ئاشتیخوازی و ژیاندۆستی و، ڕێزگرتنی ئەوانی تر و کۆڵنەدان و بەرەو پێشچونیان دەکات. لەلایەکی ترەوە دەسەڵات پشوو کورتتر دەکات و، خواستی توندوتیژیانە و دژەژیانیی زیاد دەکات و، بێڕێزیەکانی بۆ ئەوانی تر زیاتر ئاشکرا دەکات و دەمامکەکانی لەسەر ڕادەماڵێت، ئیتر لە ساتێک لە ساتەکاندا کۆنترۆڵی خۆی لەدەست دەدات و پەنا دەباتە بەر توندوتیژی و کوشتن و لەناو بردنی ئاشتیخوازەکان.

لێرەدایە خاڵی وەرچەرخان دەست پێدەکات، ئیتر توندوتیژیەکانی دەسەڵات ئاڕاستەی جەستەی شۆڕشگێڕان دەکرێت. لە هەمان کاتدا لە ڕوی دەرونی و بەهای مرۆڤایەتییەوە ئەو پەلاماردانە، لێدانی عیزەتی دەرونیی مرۆڤدۆستان و ژیاندۆستیی هاونیشتمانیانی جوگرافیاکانی دەرەوەی جوگرافیای وڵاتە.

لە یەکەم چرکەساتی بەکارهێنانی توندتیژی لەلایەن دەسەڵاتەوە ئیتر دەنگە مرۆڤدۆستانەکانی خەڵکی وڵاتانی دیموکراتی بەرزدەبێتەوە و داوای دەستبەرداربونی دەسەڵاتداران لە کورسیەکانیان دەکەن.

لێرە بەدواوە سەرانی دەسەڵات هەموو کۆنترۆڵێک لە دەست دەدەن و نازانن چی بکەن.

ئیتر لە زۆربەی ئاستەکاندا ئازادیخوازان و لایەنگرانی ناتوندوتیژی باڵا دەست دەبن و سەرکەوتن نزیک دەبیتەوە.
زۆر لە ئەزمونی وڵاتان دەریان خستووە کە دەسەڵاتەکان توندوتیژیەکانیان چڕتر دەکەنەوە لە بری ئەوەی کۆڵ بدەن و دەستبەرداری کورسیەکانیان ببن.
کوردستان ئێستا لەبەردەم ئەم دوڕێیانەدایە.

دوای دوو مانگ لە گردبونەوە لە سەرای ئازادی و مەیدانە ئازادەکانی تر و گومڕایی دەسەڵات، ئیتر هەموو ئاماژەکان بەرەو ئەوە دەچن کە جوڵە دەکەوێتە خۆپیشاندەران و، دەسەڵاتیش گوێ لە ئەقڵ ناگرێت و پەنا دەباتە بەر ئەو تەنیا زمانەی کە قسەی پێدەکات، ئەویش زمانی توندوتیژییە!
ئیتر بە تەواوی هاوسەنگیی دەرونیی خۆی لەدەست دەدات و، هەموو سنورەکانی ژیاندۆستی دەبەزێنێت و ژیان دەکات بە نیشانە!

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە