کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


داواکاریەکانی ڕاپەرین ئەولەویەتیان هەیە نەک دەوڵەتێکی کرچ وکاڵ

Wednesday, 02/03/2011, 12:00


لەسەر دروستکردنی دەوڵەت نوکتەی زۆر خۆش هەیە. ئەم مەسەلەیە بوەتە جێی گەمەو خۆشی پێکردن لەناو ناوەندە عەرەبیەکانی ئەنجومەنی نیشتمانی عێراق و ڕارەوە سیاسیەکان لە بەغداد.. لە ئەنجومەنی نیشتمانی عێراق نەک تەنیا جارێک، بەڵکو هەزاران جار ئەندامە عەرەبەکان، تەنانەت بەعسیەکانیش کە بێزاربون، لەزۆر بۆنەدا، لەلاوە، بەڕاشکاوانە بە مەسعود و جەلالیان وتوە گەر عێراقتان زۆر بەدڵ نیە برۆن جیاببنەوە. لە رۆژنامەو چاوپێکەوتنەکانیشدا دەریان بڕیوە.
سەرۆکەکەی ئەنجومەنەکە وای پێنەوتن!
واتە برۆن دەوڵەتی خۆتان دروست بکەن. ئەی بۆچی بەقسەیان نەکردن؟ یان لەبەر چی عەرەبەکان وایان پێدەوتن؟
هەر لە دەمێکەوە، واتە لەسەرەتای دروستکردنەوەی عێراقی عەرەبیەوە لەسەر دەستی مەسعود و جەلال، عەرەبەکان ئەوەیان نەشاردۆتەوە کە کاکات دەتوانن برۆنەوە ناوچەکەی خۆیان و دەوڵەتی خۆیان دروستبکەن، چونکە ئەو عەرەبانە پێیان وابو بە چەند کەسێکی کەم لە کورد، جا گەر ئەو کوردانە وەکو مەسعود و جەلال تەنیا بە ڕەگەزیش کورد بن نەک بە ئیرادەو بە خواستی پاک، بەغدایان لێ تەنگ دەکەن. ئەمە لە کاتێکدا کە ئەم دو جەنابە سلێمانی و هەولێر و دهۆکیان پڕکردوە لە عەرەب.
عەرەبەکانی ئەنجومەنی نیشتمانی و حیزبە عەرەبیەکان پێیان گران بو چەند کەسێکی بەرەگەز کورد جار جار بۆ فشەش بڵێن کە عێراقین و عێراق موڵکی هەموانە. ئەمە عەرەبەکانی زۆر توڕە دەکردو ئێستەش هەر توڕەیان دەکات.
کەواتە بۆچی مەسعود و جەلال ئەو دەمە دەوڵەتی کوردیان دروست نەدەکرد؟ هۆکار زۆربون، لەوانە ئەو ئەرکەی لەلایەن ئاغاکانیانەوە پێیان سپێردرابو هێشتا زۆری مابو جێبەجێبکرێت. هێشتا کەرکوکیان بۆ نەفرۆشرابو، ناوچەکانی تریان هیشتا بە هەدیە لە دەستورە نوقسانەکەیان دەرنەکردبوو. دەشیان زانی گەر بگەڕێنەوە کوردستان و ئەو دەوڵەتە دروست بکەن ئەوا هەر کوردەکان خۆیان لێیان قبوڵ ناکەن. واتە مەسعود و جەلال جێیان نەدەبوەوە و لەلایەن کوردەوە دەردەکران. ڕاپەڕین روی دەدا لە دژیان.
ئەو ناوەندە سیاسیە عێراقیانەش بۆ خواخوایان بو مەسعود وئەتباعەکەی لە کۆڵیان ببنەوە؟ لەبەر ئەوەی لەناو نوێنەرە کوردەکاندا چەند کەسێکی کەمی خەمخۆر هەبون بەڕاستی داوای کەرکوک و ناوچەکانی تریان دەکرد.
مەسعودو جەلالیش دەیانزانی بە دەوڵەتێکی لەوجۆرەی عەرەبەکان ڕێیان پێدەدا کورد هەرگیز ڕازی نابێت، چونکە ئەو جوگرافیایەی عەرەبەکان بە کوردیان دەدا بە نابەدڵی، هەر ئەو پارێزگایانە بون کە ئێستە لە ژێر ئیدارەی کوردیدایە.
ئەمرۆ مەسعود گەر بیەوێت ئەوەمان بە دەستکەوت پێ بفرۆشێت زۆر خراپ تێگەیشتوە. ئەو دەوڵەتەی ئەمرۆ مەسعود دروستی دەکات خۆی لەسەر ئەمری واقیع هەیە. ئەویش ئەو شارانەیە کە ئێستا خەڵکەکەی لە مەسعود و جەلال ڕاپەرێون. گەر دەوڵەتێکی لەو جۆرە دروست بکات ئەوا هەمو خەڵکی کوردستان بەیەکجاری، بە لایەنگرانی خۆشیانەوە لێیان هەڵدەستن.
ئێمەی کورد و ڕاپەریوەکان لە مەرام و مەبەستی ڕاستەقینەی ئەم ئیعلان کردنەی هەنوکە لەلایەن مەسعود تێدەگەین. ئێمەش وەکو عەرەبەکانی ڕارەوە دیپلۆماسیەکانی بەغداد گاڵتەمان پێدێت، و بە گەورەترین خیانەت و کۆسپیشی دەزانین لە ڕێی داوا رەواکانی میللەتەکەماندا.
دەوڵەتێکی لەو جۆرە گەورەترین خیانەت و گورز دەبێت لە کوردو کوردستان. ئێمە دەوڵەتێک کە هەمو ناوچەکانی تری نەخرابێتەوە سەر، یان زەمانەتی خستنەوە سەر کوردستانیان لە مەحفەلە دەولیەکاندا بۆ وەرنەگیرابێت، بەو سەفقەیە دەزانین کە لەگەڵ دوژمنانی کورد لەژێرەوە لەسەری ڕێککەوتون. ئەویش فرۆشتنی کەرکوک و بەدرەوجەسان و جەلەولا و شەنگارو شوێنەکانی ترە.
لەسەروی هەمو ئەمانەشەوە درێژەدانە بە حوکمی ستەمکارانەی خۆیان و دەربازکردنی ئەو لەسەرکار لابردنە حەتمیەیانە کە بە خوێنی بەناحەق ڕژاوی ڕێژوان یەکەم هەنگاوی بۆنرا.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە