کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کاریزمای پارتی و سەرۆک

Sunday, 04/03/2012, 12:00






 





ئەوەی پارتی هەیەتی و پێی دەدرەوشێتەوە کاریزما نییە بەڵکو هەیبەتە، هەیبەتیش بەشێکی ڕاستە و بەشەکەی تر کارتۆنییە.
تێگەیشتن بۆ کاریزما لە وڵات و کولتورە جیاجیاکاندا یەک نییە، بۆ نمونە لە خۆرئاوا پەیوەندی چاو نیشانەی بە کاریزما بوونە، بەڵام لە لای هەندێک میللەت و کولتور و خێڵ نیشانەی بێئەدەبییە، واتە چاوتێبڕین شورەییە.

کە منداڵ بووم دەیانگێڕایەوە مەلا مستەفا لە لایەن چەند ڕۆژنامەوانێکی بیانییەوە گفتوگۆی لەگەڵدا کراوە و لە هەموو ماوەی بینینەکەدا سەری هەڵنەبڕیوە و خەریکی چیلکەداتاشین بووە، ئەمە وەکو لێهاتویی بۆ کەسی ئەو باسدەکرا. بەو زانیاریەی لەمدەمەدا لەبەر دەستدایە دەزانم کە ئەوە لای خۆرئاواییەکان بە پشتگوێخستن و دوریی لە کاریزما دادەنرێت.

پارتی لە ماوەی تەمەنیدا ناووناوبانگی لەسەر بناغەی حاڵەتی مەعنەوی و مادی جیا بنیاتناوە. سەرەتا سەرچاوەی برەوی پشتئەستوری بووە بە کوردایەتی، بزوتنەوەی مافخوازی بۆ کورد و دانیشتوانی کوردستان. بە ئیلهاموەرگرتن لە گەشەکردنی خواستی نەتەوایەتی میللەتە داگیرکراو و بە موستەعمەرەکراوەکان ئەم بزاڤەی هێناوەتە ئاراوە. ئەو کاتە ئەو حیزبە وەکو کەسێتی مەعنەوی خاوەن کاریزما بووە، دواتر بارگاویکردنی بە شێخایەتی و تایتڵی ئیسلامدۆستانە ئەویش لەڕێگەی پێدانی پێشناوی مەلا و شێخ بە کادر و سەرکردەکانی لای خەڵکە خاکیەکەی کوردستان تەلیسمبەخشبووە.
(ئەوە نییە لە لای حیزبێکی وەکو یەکێتیش مەلا بووە بە نازناو).

لە دوا قۆناغیشدا تێکەڵکردنی خێڵ و حیزب بەیەک وەلائی بۆ دروستکردووە نەک کاریزما. ئەم قۆناغەی دوایی دابڕینی بووە لە کاریزما و پڕچەککردنی بووە بە هەیبەت لە ڕێگەی بەخێڵکردنی حیزبەوەو ئاوێتە کردنی بە کەسی سەرۆکەوە کە خۆی خێڵی لە حیزب بەلاوە گرنگترە چونکە خێڵ پشتوپایەی مانەوەیەتی نەک حیزب.

کاریزما هەیبەت نییە و هەیبەتیش بە نەمانی کۆڵەکەکانی تەلیسمەکەی دەدۆڕێنێت.
بینیمان قەزافی چۆن دوای لەدەستدانی لەشکرەکەی و دابڕانی ئەوەی هەیبەت بوو نەیما، ئەوەی بەسەر ئەو هات ئایندەی هەموو هاوشێوەکانیەتی.

کەواتە بە درێژایی تەمەنی خۆی پارتی:
سەرەتا کوردایەتی سەرچاوەی کاریزمای بووە.
ئاین و ڕوحانیەت پێگەی جەماوەریی بۆ زیاد کردووە.
خێڵ ئاوێتەی بووە و لە بری ئەوەی خێڵ لە حیزبدا بتوێتەوە حیزبی قوتداوە.

کوردایەتی وەکو دروشم و ئامانج بەرجەستە نەبووە و زیاتر وەکو تەلیسمێکی بێ ناوەڕۆکی مرۆڤپەرستانە بووە، بۆ لە خشتەبردنی خەڵک بووە تا دوای بکەون و خۆیانی بۆ بە کوشت بدەن.

ئاین و ڕوحانیەت و تایتڵە ئاینیەکانیش بۆ ڕاکێشانی سۆزی موسڵمانەکانی کورد بووە و هیچی تر.

خێڵ کە لە هەمویان زۆرتر زیانی بە حیزب گەیاندووە ئەمڕۆ خەریکە لە ڕیگەی حیزبی ئیفلیجەوە کورد و کوردستان بەرەو گەورەترین هەڵدێر لە مێژوودا دەبات کە لە ئاشبەتاڵ پڕ کارەساتترە.

خێڵ و بنەماڵەی بارزان کە داخراوترین گردبوونەوەیە، بووەتە مۆتەکەی سەر حیزب و لەوێشەوە بەربەست لەبەردەم ئازادبوونی کورد و وڵاتەکەیدا.

لە کۆمەڵگە کراوەکاندا خێڵ و گردبوونەوەی داخراو بە دوژمنی دیموکراتی و ئازادییەکانی مرۆڤ دادەنرێت، کەواتە لە کاتێکدا گەر خێڵ ببێ بە ترپەبەخش بە کۆمەڵگا، لاوازترین ترپە دەبێت، نەک ئەوە بەڵکو ترپە خنکێنەریش دەبێت. لێرەدا خێڵ دەیەوێت کۆمەڵگە قوتبدات و گەر بۆشی نەکرا لە ناوی دەبات.

کەواتە ئەوەی سەرۆکی پارتی هەیەتی کاریزمایە یان هەیبەت؟
گەر بە پێوەرەکانی کاریزما لە دێرینترینیاندا سەیری بکەین خودی مەسعود بارزانی نە وتاربێژێکی کارامەیە، نە شۆخ و شەنگە، نە ئامادەیی هەیە لەڕێگەی پەیامەکانی چاوەوە، نە جێی باوەڕیشە. کەواتە چییە وا دەکات گەر بە ڕووکەشیش بێت پارتیەکان ئەویان قبوڵبێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارە با خوێنەر خۆی پێمان بڵێت!

لایەنە دیارەکانی ئەو کەسایەتییە پارەیە، جەور و ستەمە، هێشتا لەخشتەبردنی خەڵکە بە گفتی کوردایەتی و بێ بەڵێنییە.

ئەم باسە زۆر هەڵدەگرێت، کە ئەوە مەبەستی ئەم بابەتە نییە، بەڵام پێمباشە ئەوەش بڵێم، کە لەم سێ بەشەی لە سەر پارتی نووسیومە کوردپەروەرە ڕاستەقینەکانم باسنەکردووە، کە بە هەر هۆیەک بێت تا ئێستاش متمانەیان بە پارتی و سەرۆکەکەی ماوە. هەوڵمداوە بیری گەورەی پارتی کە ڕێبازەکەیەتی لە کەسی ڕاستەقینەی مەلا مستەفا جیابکەمەوە. بەو بەڵگەیەی مەلا مستەفا خۆی داڕێژەری ڕێبازێکی وا نەبووە و لێی بێئاگابووە، بەڵکو ئەوە مەسعودە ئەو ڕێبازەی کردووە بە بیری گەورەی خۆی و دواجاریش نەبوونی کاریزما لای ئەو پارتە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە