کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پڕۆژەی ماڵی هەڵەبجە و ئەنفال

Saturday, 16/04/2011, 12:00


سڵاوێکی گەرم بۆ سەرای ئازادی سلێمانی و، بۆ مەیدانە ئازادەکانی تر!
سڵاو ئەی ئازادیخوازان!
ئێوە پرۆسەی دوبارە پێناسەکردنەوەی ئەنفال و هەڵەبجەتان دەستپێکردوەو، ئەو زاراوانەتان رەتکردۆتەوە کە حیزبەکان بۆیان داناون بە مەبەستی بچوککردنەوەو لە بیربردن. ئێوە ئێستا زاکیرەی مرۆڤی کوردتان خستۆتە سەرپشت بۆ وەرگرتن و تۆمار کردنی فاکتەکان و بەسەرهاتەکان و زانیاریەکان و ڕاستیەکان لە بارەی ئەنفال و هەڵەبجەوە.
ئێوە بۆ یەکەم جارە مینبەرێکی ئازاد و ڕاستگۆتان بە کەسوکاری ئەنفال کراوەکان و ڕزگاربووەکان لە ئەنفال و، بە کەسوکاری شەهیدەکانی هەڵەبجەو ڕزگاربووەکان لە مەرگەساتی هەڵەبجە بەخشیوە!
ئەوانیش خۆیان بۆ یەکەم جارە دەروازەیەکیان بەدی کردووە بۆ چونە ناو دنیاوەو، بۆ باسکردن لە ژان و ئازارەکانی خۆیان!

سڵاو ئەی ئازادیخوازان!

بایکۆتکردنی مینبەرە حیزبی و درۆزنەکانی دوو بنەماڵەی ستەمکار لەلایەن هەڵەبجەییەکان و کەسوکاری ئەنفالکراوەکانەوە یەکەم هەنگاوی جدییە بۆ ناساندنی ئەو دوو کارەساتەو گرنگی پێدانیان.

ئەمە یەکەمجارە دوای بیستوسێ ساڵ هەموو تاکێکی میللەتی کورد بە گەورەو بچوکەوە گوێیان لە باسەکانی ئەنفال و هەڵەبجە بێت و، ئەمساڵ یەکەم ساڵە مرۆڤە کوردەکان زۆرترین فرمێسکیان بۆ قوربانیەکانی ئەو دوو کارەساتە ڕشتبێت و بۆیان گریابێتن، لەبەر ئەوەی ئەمساڵ لە ڕۆژی هەڵەبجە و ئەنفال دا بە ڕاستگۆیی و بەشێوەیەکی دروست ئەو کارەساتانە باسیان لێکرا و، ئەوانەی ڕزگاریان بووە لێی پەنجەرەیەکیان لێکرایەوە تا لێیەوە سەردەربێنن و فرمێسک بۆ کەسوکارەکانیان هەڵوەرێنن!

ماڵێک بۆ ئەنفال و هەڵەبجە:

هیچ سیاسەتمەدارێک و دەسەڵاتدارێک ناتوانێت ببێتە نوێنەری ڕاستەقینەی ئەو دوو کارەساتە. هیچ حیزبێک و لایەنێک ناتوانێت ببێتە وتەبێژ و نوێنەری ڕاستەقینەی ئەو دوو کارەساتە، بۆیە گرنگە لە ئێستاوە هەندێک هەنگاوی زانستیانە بنرێت بۆ ئەوەی تاکو زووەو کاتی تر بە فیڕۆ نەچووە کار بۆ ئەنفال و هەڵەبجە بکرێت!
گرنگە هەوڵ بدەین ماڵێک بۆ ئەنفال و هەڵەبجە لە سوید، لە سویسرا، لە بەریتانیا یان لە هەر وڵاتێکی تری ئەوروپا بێت دروست بکەین!
ئەو ماڵە ببێتە بنکەیەکی زانستی بۆ کۆکردنەوەو پاراستن و ئەرشیف کردنی هەرچی هەیە لە بارەی ئەنفال و هەڵەبجە!
بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی زانستیانە کاربکرێت بۆ دیراسەکردن و خستنەڕووی ئەنفال و هەڵەبجە!
بۆ ئەوەی ئەو ماڵە ببێتە سەفارەتی ئەنفال و هەڵەبجە و هەرکەسێک خواستی زانیاری کرد لەبارەی ئەو دوو کارەساتەوە ڕوو لەوێ بکات!
هەنگاوی یەکەم بۆ بەرجەستەکردنی ئەو پڕۆژەیە بۆی هەیە پێکهێنانی دەستەیەک بێت کە خۆبەخشانە دوور لە مەرامی حیزبیانەی دوو بنەماڵە دەست بکات بە کارکردن بۆ ئەو ئامانجە.
بەڵام سەرەتا گرنگە هەموو خەمخۆران بە نوسین و بە پێشنیار ئەم پرۆژەیە دەوڵەمەند بکەن و بزانرێت کام شێوازە گونجاوترینە بۆ دەست بەکاربوون. بۆیە بانگەوازی من ڕوو لە ئێوەیە کە پێشنیاری خۆتان بخەنە ڕوو.
ئێمە دەبێت خۆمان کار بۆ ئەنفال و هەڵەبجە بکەین و، ماڵێکی ئازاد وەکو مینبەرە ئازادەکان دابین بکەین تا دەربڕینی ڕاست لەو دوو کارەساتە بکرێت و، وەکو میللەت چارەنوسی خۆمان بخەینە دەست خۆمان.

سەرەتا پڕۆژەی بینایەک بخرێتە ڕوو کە بتوانرێت ببێتە ئەرشیف بۆ کەیسەکە، لە هەمان کاتدا ببێتە شوێنی بیستوچوار سەعاتە نمایشکردنی ئەو فیلم و وێنانەی کە لەسەر ئەنفال و هەڵەبجە هەیە و، دواتر جێگەی حەوانەوەی لایەنی کەم ١٠ـ٢٠ کەسی تیابێت ئەویش بۆ ئەوەی هەرجارە و ژمارەیەک لە ڕزگاربووەکان لە کارەساتەکان بانگ بکرێن و لەسەر مەسرەفی ئەو ماڵە بۆ ماوەیەک بمێننەوەو لە پەیوەندیدا بن لەگەڵ حکومەت و لایەنەکانی وڵاتانی خۆرئاوا بۆ ناساندن و باسکردنی ئەو دوو کەیسە!
ئەو خانووە یان ئەو ماڵە بە موڵکی بکڕدرێت و بۆ ئەو مەبەستە تەرخان بکرێت!
با هەمومان بەیەکەوە ڕەشنوسی پڕۆژەیەکی لەو جۆرە بخەینە ڕوو و دەستەیەک پێک بێت بۆ بە واقیعکردنی ماڵێکی لەو جۆرە!
ڕێگە نەدەین ئەو ماڵەش بە دەردی فیدراسیۆنە کوردیەکان بچێت و حیزبەکان لەڕێگەی دەنگدانەوە کۆنترۆڵی بکەن!

سڵاو بۆ هەموو هەوڵێکی بەبەرنامە بۆ ناساندن و کار کردن بۆ ئەنفال و بۆ هەڵەبجە!
سڵاو لە ئازادیخوازان!




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە