کەمپینەکان جیاوازی دەکەن
Saturday, 11/06/2011, 12:00
لە مەیدانی ئازادی یەکسانی هەبوو. فاروق و ناسک و ئیسماعیل عەبدوڵا و یادگار و مەلا کامەران و هەموو ئەوانی تر بۆ ئێمە یەک مانایان دەگەیاند:
خولیای ئازادی و کەرامەتی ئینسان.
دوای ئەوەی سەرا داگیرکرا و ئازادیخوازان لێکترازان و دەسەڵات کەوتە ڕاوەدونانیان، یەکەیەکە کەوتە ئەشکەنجەدان و سوکایەتی پێکردنیان.
سوکایەتیپێکردن و تیرۆری ئەو بەڕیزانە لەڕووی دەرونی و لە ڕووی جەستەییەوە تیرۆرە بەرانبەر هەموو ئازادیخوازانی سەرا و کوردستان. تیرۆر و ستەمە بەرانبەر هەموو تاکێکی کورد.
ئەوەی جێگەی سەرنج و داخە کاتێک کەمپینەکان لەدژی ئەو دەستدرێژیانەی دەسەڵات ڕێکدەخرێن جیاکاریەک دەبینرێت.
بۆ من هیچ جیاوازیە نییە لە نێوان ئیسماعیل عەبدوڵای بێژەر و یادگار و فاروق و ناسک و ڕێبین. هەرکامێکیان دەستدرێژی بکرێتە سەر بە دەستدرێژی دەزانم بۆ سەر ئازادیەکان و هیوای ئایندە. من پێموایە دەبوو کەمپین بۆ ئیسماعیل پێش ڕێبین و بۆ یادگار پێش ئیسماعیل و تاد بکرایە.
لەم ساتە وەختەدا کە دەبینم کەمپین بۆ ڕێبین دەکرێت لە کاتێکدا کە کەمپینێکی لەو جۆرە بۆ ئیسماعیل نەکرا، کە دەبینم کەمپین بۆ ڕێبین دەکرێت و ناوی ئەوانی تر لە بیر دەکرێت، جیاکارییەک دەبینم.
پرسیار ئەوەیە ئایا کەمپین ئەنجامدەران بۆچی بە دەستی خۆیان جیاکاری لە نێوان ستەملێکراوەکاندا کە نوێنەری میللەتن دەکەن؟ ئایا ئەو کەسەی دۆست و هاوڕێی نوسەر و ڕوناکبیری نەبوو دەبێت بیری لێنەکرێتەوە؟ ئایا کۆتکردنی ئازادیەکان و مافە مرۆییەکانی ئەوان لە هەمان کاتدا دەستدرێژیی نیە بۆ سەر هەمومان؟ گەر دەستدرێژییە بۆ سەر هەمومان بۆچی جیاوازی بکەین لە نێوانیاندا؟
با لەمەودوا هەموو ئازادیخوازان بە یەک چاو سەیربکەین!
لێدانی سمکۆ لێدانە لە هەمومان، لێدان لە ڕێبین لێدانە لە هەمومان، لێدان لە هەر کەسێکی بەشدار بوو یان بەشدار نەبوو لە خۆپیشاندانەکاندا لێدانە لە خودی ئازادی و سەرفرازی.
تا سەر ئێسک لەگەڵ ڕێبیندام. تا سەر ئێسک لەگەڵ ئیسماعیلدام، تا سەر ئێسک لەگەڵ هەموو دەنگە ئازادەکانی سەرام!
با کەمپینەکان بۆ ئازادی بێت لە ڕێگەی ئەوانەوە کە کەمپینیان بۆ دەکرێت!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست