کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


كێ شەیتانە و کێ دەکرێت بە شەیتان؟

Thursday, 21/04/2011, 12:00







1
  حەکایەتی مێش:
 
 هەبوو نەبوو دوو حیزب هەبوون، یەکێکیان شەست و پێنج ساڵ و ئەوی تریان تەنیا نیوەی ئەوە تەمەنی بوو.
 هەبوو نەبوو میللەتێک هەبوو بە پێی ئەو دوو حیزبە، یان بە هەوڵی ئەوان هەموویان لە یەک دەچوون کەچی لە یەکیش نەدەچوون. ئەمە حەکایەتی مێش نییە، بەڵکو حەکایەتی پارتی و یەکێتییە، کۆنتریش حەکایەتی مەلایی و جەلالییە. یەکێتیەکانیشم لێ تووڕە دەبن کە ئەوان یەکێتین نەک جەلالی. تیاشیاندا هەیە بۆڕبۆڕێن دەکات لەسەر ئەوەی جەلالی بێ.  لەوە زیاتر بڵێم ئیتر ناخۆش دەبێت!
 
 با درێژی نەکەمەوەو بێمە سەر ئەمڕۆ!
 تا ئەمڕۆ ئەو دوو حیزبە ژیان و ژینگەیەکیان دروست کردووە پڕ لە کێشە. کێشەش بۆ چارەسەرکردنە، بەڵام ئەوان دروستیان نەکردووە چارەسەر بکرێت، بەڵکو بۆ مانەوەی خۆیان.
 
 شەیتان، ساتان یان دێڤڵ یان چی ناو دەنێین با وابێت، پێ دەچێت بە کوردی بڵێین ئەهریمەن، تەمەنی زۆر زۆرترە لە مێژووی هاتنە خوارەوەی قورئان!
 
 گەر باسی ئەو فرێشتەیە بکەین کە لە خوداوەندی خۆی هەڵگەڕایەوەو هەرچی خوا پێی خۆش بێت نایکات و، زیرەکیەکەشی لە ڕادە بەدەر بێت ئەوا ئەوە شەیتانە لە کورتترین پیناسەیدا!
 ئەو کە بە قسەی خوا ناکات و هەموو شت بە پێچەوانەوە دەکات کەواتە بەرجەستە بەدییە لە خۆیدا.
 
 کە دەشوترێت شەیتان ئەوا بە پێوەرە یەزدانی و ئیلاهیەکە مەحکومە بە توندترین سزا و ئەو کەسەش چاو لەو بکات یان ڕەفتاری لەو بچێت وەکو ئەو مەحکومە!
 
 لە ژیانی ڕۆژانەدا کە دەوترێت فڵان کەس شەیتانە، واتە لە هەڵسوکەوت و لە کردار و لە گفت دا ناجۆرە و جێی باوەڕ نییە، یان پێدەچێت بۆ وەسفکردن و پیا هەڵدانیش بە کەسێک بوترێت لە شەیتان دەچێت!
 
 کاتێکیش کەسێک بە مانا نێگەتیڤەکەی دەکرێت بە شەیتان ئەوا سزادانی  ڕەوایە!
 
 لەم ڕۆژانەدا کە سەیری کەناڵە تەلەفزۆنییەکان دەکەم، بە بێ جیاوازی، مۆدەی ئەوەیە بە شەیتانکردن و بە خوێن حەڵاڵکردن دەم دەکەنەوەو دەم دادەخەن.
 
 ئەم پرۆسەیە لە میدیای کوردی و لە فەزای پرۆپاگەندەی کوردیدا لە دەست پێکردنی شۆڕشی ئەیلولەوە دەستی پێکردووە. جەلالیەکان و مەلاییەکان شارەزاییەکی باشیان تێیدا هەبووە و، دواتر لە سەردەمی شۆڕشی حەفتاوشەشیشدا درێژەی پێدراوەو، ئەو بە شەیتان کردنە لە بەرامبەر دەسەڵاتی بەعس و،  لە لایەن ئەو دوو حیزبەوە بەرامبەر یەکتریش درێژەی کێشاوە. 
 
 لە سەردەمی ئەم ئەزمونە "ساوایەی" دوای نەوەدویەکیشەوە، بە تایبەتی لە شەڕی ناوخۆیاندا یەکێتی و پارتی زۆر بە شێوەیەکی چالاکانە لە دژی یەکتر پیادەیان کردوە.
 ئیتر ئەو بە شەیتان کردنە لە سنوری کەسە زیندووەکانیش تێپەڕێندراوە و دواتر خراوەتە ئاستی مردووەکان و کوژراوەکانیشەوە. بە کوژراوەکانی یەکتریان وتوە کەلاک و داڵەکەرخۆرەو، بە وانەی خۆشیان وتوە شەهید و باز!
 
 لە هەمووشی دیارتر لە کەسی سەرکردەدا چڕتر بۆتەوە، سەکردەی خۆ کراوە بە ئەفسانە و، سەرکردەی بەرامبەریش بە ئەهریمەن!
 
 یەکێتی بارزانی کردووە بە بەکرێگیراو و بە پیاو کوژ و، پارتیش جەلالی کردوە بە بەکرێگیراو و خائین و بە پیاوکوژ. ئەوەی خۆشیان کردووە بە ئەفسانە و بە فریادڕەس و بە فریشتەی پاک و بێگەرد!
 
 لەم ڕۆژانەدا گەر جیاوازیەک لە قسەکردندا لە لایەن ئۆپۆزسیۆن و جەماوەرەوە هەبێت ئەوا کەناڵەکانی دەسەڵات هەر زوو ئەو زمانە بەکاردێنن و بە هەمان شێوەو فۆرم ڕوداوەکان لە بەرژەوەندی خۆیان باس دەکەن و بەرامبەر دەکەن بە شەیتان.
 
 
2

پارتی وەکو حیزب و سەرکردە:

با نەچینە نێو مێژووی پێش حەڤدەی شوباتەوە و لەو مێژوەوە باسی بکەین.

کۆمەڵێک گەنجی تووڕە ڕادەکێشرێتە نێو شەڕێکی نابەرابەرەوە لەبەردەمی لقی چواری پارتی. پارتی ئامادەکاریی باشیکردووە و بە بیکەیسی و چەندان چەکی جۆراوجۆر پەلاماری ئەو حەشاماتە دەدات. دوو کەس دەکوژرێت و لانیکەم سەد کەس بریندار دەکرێت. شێوازی دەست وەشاندنەکە لەلایەن پارتییەوە دڵنیاییەکی باشی پێوە دیارە، لەوە دڵنیان کە هێزە ئەمنییەکان پەلاماریان نادەن. تەنانەت ئەو هێزانە کاتێک خۆپیشاندەرێک خۆی دەکات بە ناویاندا بەر شەقی دەدەن. دەبنە قەڵغانی لق و ئەوانەی لە لقەوە تەقە دەکەن.

ئەو سایت و کەناڵانەی لە میحوەری پارتیدا نەبوون دوای دڵەڕاوکێیەک ئیتر کە مەسەلەکەیان بۆ ڕوون بوەوە، کەوتنە گواستنەوەی وێنە و فیلمەکان و گێڕانەوەی کەسە بەشدارەکان و شایەتەکان.

کەناڵەکانی پارتیش کەوتنە گێڕانەوەی جۆرە چیرۆکێک کە ئەوان غەدریان لێکراوەو هێرشی بە ناحەقیان کراوەتە سەر و ماڵیان لێ تێکدراوە.
کەناڵەکانی یەکێتیش بەو ئاوازەی پارتی کەوتنە گێڕانەوەی حەکایەتەکە.

خەڵکیش کەوتنە پرسیار لە خۆکردن. ئەوانەی سەر بە پارتی و یەکێتی نەبوون و بێلایەن بوون، کەوتنە ناڕەزایەتی دەربڕین.

نوسەرانی بێلایەنیش، ئەوانەی نەیانویست بێدەنگ بن، کەوتنە نوسینی بابەت و شیکردنەوەی هەلومەرجەکە و بێگومان ئەوەش داخوازی ئەوەی دەکرد کە ئەو نوسەرانە بگەڕێنەوە بۆ مێژوو بۆ ئەوەی لە وەزعەکە تێبگەن و ئیتر کەوتنە باسکردنی سەرکردەکانی پارتی و یەکێتی.
دوایینەی ڕوداوەکانیش دەریانخست کە مەسولانی ئەو دوو حیزبە خوێنساردن و بڕیاردەری ئەو هەلومەرجەن و پارێزەری بکوژەکانن.

جۆرێک لە ڕیتۆریک و زمان بەکارهێنرا کە هەرزوو، قەڵەمبەدەستەکانی پارتی و یەکێتی کەوتنە بەکارهێنانی بۆ سڕینەوەی جیاوازی دەربڕینەکان و بۆ ئەوەی کە خەڵکانی خۆیان پڕچەک بکەن بە ئامڕازی بەرەنگاربوونەوەی بەڵگەکانی لایەنە بەرامبەرەکان.

کاتێک ئەو کەناڵانە کەوتنە تۆمەت و بوختان دروستکردن بۆ فاروق، فاروق لە KNN وتی کە ئەو کەناڵانە کەوتونەتە بە دێمۆنکردنی و رەواکردنی خوێنڕشتنی.

ئیتر کەناڵەکانی پارتی و یەکێتیش هەرزوو کەوتنە بەکارهێنانی هەمان ژانرە و، ئیتر ئۆپۆزسیۆن و میللەتیان تاوانبارکرد بەوەی کە خەریکی بە دیمۆنکردنی ئەوانن.

کار گەیشت بەوەی کە خۆپیشاندەریان کرد بە بەردهاویژ و بە غاز هاوێژ و بە پۆلیسکوژ و بە ئاژاوەچی، ئەمەش بۆ شاردنەوەی کردەوەکانی خۆیان کە هەواڵنێرەکانیان لە پەنای چەکدارەکانەوە بەردیان دەهاویشت و چەکدارەکانیان غازی خنکێنەریان دەهاویشت و تەقەیان لە خەڵک دەکرد و پۆلیسیان لە پشتەوە دەکوشت و تیرۆریان دەنایەوە.

ئەوەندەی سەیری وێنە و فلیمەکان دەکرێت تەنیا یەک فیلمیش نییە کە خۆپیشاندەرێک وێنەی گیرابێت چەکی بەدەستەوە بێت! بێگومانم کە لە ئایندەدا سیناریۆی وێنەگرتنێکی لەو جۆرەش ڕێکدەخەن.

ئەم بە دیمۆنکردنە خرایە ئاستێک کە شەخسی جەلال و مەسعود خۆیان دەستیان کرد بە بە دیمۆنکردنی خۆپیشاندەران. مەسعود کاتێک ئەوەی کرد کە خۆپیشاندەرانی کرد بە تاوانبار و خستنیە ئاستی پیاوکوژەکانی خۆی، چونکە ئەو زۆر باش دەیزانی کە پیاوکوژەکانی دیمۆن و شەیتانن و بۆ ئەوەی لەو ناشیرینیەیان کەمبکاتەوە هات بەرامبەریشی کرد بە شەریکە تاوان و بە دیمۆن. ئەمە بوو بە ئامڕازی دەستی گوێ لەمستەکانی و لەلایەکی تریشەوە بێمانایی هەوڵدانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە دەرخست.
جەلالیش لە گوتەیەکیدا وتی کە ئەوان جنێو قبوڵ دەکەن بەڵام بەرد قبوڵ ناکەن. ئەمە لەبەر ئەوەی خۆیان جنێوفرۆشن و بۆ ئەوەی لە کاریگەریی تۆمەتبارکردنیان بەوەی جنێوفرۆش و درۆزنن کەمبکاتەوە و، ئەو کاریگەریی و بە تاوانبارکردنە بخاتە سەرشانی بەردهاوێژەکان. ئیتر ئەو باسی ئەوە ناکات کە خۆیانیش بەردهاوێژیان هەیە، بەڵکو ئەوەی کرد بە تۆمەت و خستیە پاڵ خۆپیشاندەرەکان.

پارتی و یەکێتی و، هەردوو بنەماڵە، لە دزینی سامانی میللەت، لە کپکردنی دەنگی ئازاد، لە گرتن و ئەشکەنجەدانی خەڵکانی ناڕازی، لە فرۆشتنی وڵات و هەتادوایی کە پشکی سەددەرسەدیان هەیە چاک دەزانن کە دەستەکانیان کەشف بووەو، باشیش دەزانن کە ئەوەی ئەو سیفەتانەی هەبێت شەیتانی سەر زەمینە و مەحکومە، بۆیە هەوڵدەدەن بەرانبەریش بکەن بە شەریکە شەیتان و هەمووان لەگەڵ خۆیان مەحکوم بکەن.

ئەوەی من بەدواداچونم کردبێت کەناڵەکانی knn و پەیام و سپێدە خۆیان پاراستووە لە بە دیمۆنکردنی بەرامبەر و هەوڵیان داوە تیابهێڵنەوە، بەڵام کاتێک کە باسی پارتی و یەکێتی و پێشێلکاریەکانیان دەکەن بێگومان وێنەکانی شەیتان دەردەکەون. گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو لەبەر ئەوەی داوای چاکسازی دەکەن، ناتوانن بەرامبەر بکەن بە شەیتان و لەگەڵیشی دابنیشن، بەڵام پارتی و یەکێتی لەبەر ئەوەی دەتوانن بێباکانە لەگەڵ شەیتانەکان تێک بئاڵێن گوێنادەن بەوەی دوێنێ چییان وتوەو کام تۆمەتیان خستۆتە سەر بەرامبەر.
ئەوان کە نامەی سوپاسکردن بۆ سەدام بنێرن و لەشکری تورک بهێنن و کەسانی خۆیان ژارخواردو بکەن و هاوڵاتیانی خۆیان بە بێباکانە بدەنە بەر گوللە و سوێند بخۆن دەبابەکان ناقیلەن و ئێستاش چەکداری عەرەب بێنن ئیتر کوا سڵ لەوە دەکەنەوە کە بەرامبەر بکەن بە شەیتان و بە دیمۆن.
ئەوان هەرگیز نایانەوێت تیابهێڵنەوە.

تێبینی:
ئەم بابەتە زۆر هەڵدەگرێت، بەڵام هیوادارم بەم کورتەیە ئەو زاراوەیەم شیکردبێتەوە...



 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە