شێعر و ئەنتیشێعر و وەستاکانی کێش و قافیە!
Thursday, 28/04/2011, 12:00
میللەت نییە وەکو کورد شاعیری زۆربن. ئەوان لە هۆنینەوە و بەکارهێنانی قافیە و عروز و بەحر و بەڕ و بڕگەکانی پەنجە و وێنەشێعریەکانی ئەدۆنیس و ویتمان و تاغور و فەروغ و سەهراب و هەرچی شیعرهۆنەرەوەی دنیا هەیە شارەزان. لە پێش ساڵی نەوەدویەک لە هەڵوێست وەرگرتنیش حەمکێکیان دیار و ئازابوون.
ئەوەندەی من شێعرم خوێندبێتەوە و شێعری کوردی وەکو خۆیان دەڵێن شێعری هاوچەرخم خوێندبێتەوە و بە شاعیرەکان ئاشنابووبم، ئەوا دەزانم کە دیوەخانی پاداشت و مەکرەمەشیان هەر زۆر بووە. لە هەموو دەور و زەمانێکدا لێیان زانیوە.
ئەوان خۆیان بە خۆیان میهنەکەی خۆیان بێبایەخدەکەن، دەڵێم میهنە یان پیشە چونکە دیارە خۆخەریک کردن بە خۆشارەزاکردن و فێربوونی ئەو هەموو عەرز و عروز و بڕگە و قافێیە، کاتی زۆر دەوێتن و، کە مرۆڤ فێریشیان بوو دەبێت دیفاع لەو میهنەیەی خۆی بکات. هەرکەسێک هەستاو گووتی شاعێرە دەبێت هەرزوو گاڵتە بە لاسەنگی ئاواز و ئیقاعی هۆنینەوەکانی بکرێتن، ئەگینا هەموو دنیا دەبێتن بە شاعێر و بەردەرکی دەرباری نێچیر و تاڵەبانی تژی دەبن و سەرە بەر کەس ناکەوێتن!
نێچیر کە گوتبووی کورد زۆر سەیرە، کوا نوسەر و شاعێری هەڵوێستیان هەیە، ئەوانەی دەیانبینم و دەیانناسم دێن داوای پارەدەکەن، لە خۆڕا نەیگوتبوو!
لەم دوومانگ و کەمەی کە ڕۆیی و ئەو هەموو پیشێلکاری و تەعەدایە کە لە مرۆڤی کورد کرا، زۆر چاوەڕێمان کرد و بە هیوابووین شاعێران و نوسەرە بەتواناکانی کورد دەنگ و رەنگیان هەبێت. بابە با گەر میللەتیان بە هەڵە دەزانی دژی میللەتیش قسەیان بکردبا. قەڵەمبەدەستەکانی دەسەڵات نەبێت کە لە یەکەم ڕۆژەوە بەرەی دژی میللەتیان هەڵبژارد، کەسی تر دەنگی نەبوو. بێگومان مەبەستم لە ناوە دیارەکانە، ئەگینا زۆر نوسەری نوێ پەیدا بوون کە دەسەڵاتیان هێناوەتە لەرزە.
هەرچەند بەباڵا و بە مێزەری شاعێران سوێندمان خوارد و بەباڵایان و بە هەڵوێستیاندا هەڵمان دا دەنگیان نەبوو.
سابیر سدیق و ڕەنج و حەمەکاکەڕەش و میراودەلی و فاروق و بەختیار عەلی نەبێت کێ قسەی کرد. سابیر و ڕەنج و کاکەڕەش بەشێعرو ئەوانی تر بە نوسین. ئاراس و رێبین و مەریوان و چەندێکی تر لە نوسەران دەنگیان هەبوو، ژمارەیەکی تریش لە مەیدانی ئازادیەکان ئامادەبوون، شێرکۆش هەرچەند لۆمەی زۆری دەکرا کە بە ڕاسپاردەهاتووە، لەسەرا شێعری بۆ ئازادەکان هەر گۆت.
لەولاشەوە لە پەرلەمان دوای لۆمەیەکی زۆر ڕەفیق سابیریش هەڵویستێکی یەکلاکەرەوەی بەرامبەر گەندەڵی و دەسەڵات مانیفێستکرد.
کێی تر باس بکەم؟
ئەو هەموو خوێنە ڕژا، ئەو هەموو سوکایەتییە بە هاوڕێکانیان و بە هاوپیشەکانیان کرا، کەچی شاعیرەکانمان نەبزوان. دیارە شێعرەکانیان و کێش و قافیەکانیان بۆ ڕۆژی ڕەش هەڵگرتووە.
شاعێرەکانی ئێمە هەڵوێستیان لە خەوی قوڵدایە و بە ئاسانی بێدارنابێتەوە.
لەو ماوەیەدا نیوەی میللەت لەتاودا و لە حەشمەتدا بوونە شاعێر و لەڕێگەی هۆنینەوەوە ئازارەکانی خۆیان دەربڕی کەچی شاعێرەکانمان دەنگیان نەبوو.
گەنجەکان هێندە داوای شاعێرانیان کرد بکەونە دەنگ، هێندە تامەزرۆی ئەوە بوون شێعر وەکو چەک بەکاربێنن و ڕوی بکەنە گوللە و تفەنگەکانی چەتە و جاشەکانی یەکێتی و پارتی، کەچی ئەو کارخانانەی شێعردروسکردن هەر نەکەوتنە گەڕ.
بۆیە لە بەرانبەر ئەوەدا هەستێکی ئەنتیشێعرم لەلا دروست بوو. لە نوسینەکانمدا پەخشان و کێش و بڕگە و هەرچی شتە تێکەڵاوم کرد.
هاتم نوسینم بڵاوکردەوە بە شێوەی ستونی شێعر دامنا، بەڵام شێعر نەبوو بەڵکو ئەنتیشێعر بوو، لەگەڵ ئەوەشدا خوێنەری زۆریان هەبوو.
یەکێک لەوانە ئەم نوسینەبوو:
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=cd8a244cدیارە تا ئێستا تەنیا لە کوردستانپۆست زیاتر لە چوارهەزار جار کلیک کراوە. کەسانێکیش هاتوون کۆپییەیان کردووە و لە فەیسبوک و شوێنانی تر بەناوی پەشێو بڵاویان کردۆتەوە کە من ئەوە تەنیا وەکو خۆشەویستی ئەوان بۆ شێعرو بۆ پەشێو دادەنێم و هیچی تر، یان تۆ بڵێیت بۆ هێنانە دەنگ نەبێت.
دڵنیام ژمارەیەکی زۆر زۆر لە خوینەر چاویان بەو نوسینەکەوتووە.
ئەو نوسینە شیعری کەس نییە، شێعری پەشێویش نییە تا لێی شێوێنرابێت و لێی دزرابێت و هەتک کرابێت. نوسینی منە و لە شێعری زۆر لە شاعێرەکانیشم پێ جوانترە و کێش پێی خۆشە دەتوانێت بەکاری بێنێت.
فەرید مەخموری ئەو نوسینەی بینیوە لە فەیسبوک و وەکو خۆی دەڵێت بۆی دەرکەوتووە ستایڵ و شێوەی نوسینەکە لە شێعری پەشێو نەچووە بۆیە هاتووە پەیوەندی بە پەشێوەوە کردووە و ئەویش بۆی پشتڕاستکردۆتەوە کە ئەو شێعری وای نەنوسیوە.
فەریدیش کە پانزەساڵ لەمەوبەر دژی دەسەڵات شێعری نوسیوە و زیندانی کراوە و ئەمڕۆش سەر بەدەسەڵات نییە هاتووە ڕونکردنەوەیەکی لە کوردستانپۆستدا داوە. من دەستخۆشی لێدەکەم کە فریای ناوی پەشێو کەوتووە و نەیهێشتووە گەنجان ناوەکەی بەکاربهێنن، بەڵام لەو نوسینەدا وا نیشاندەدا کە ئەو "شێعرەکەی" لە فەیسبوک دا بینیوە، دیارە خۆی بڵاوکردنەوەی رونکردنەوەکەی دەریدەخات کە ئەو نوسینەی لە کوردستانپۆستیش بینیوە و ئەو هەستکردنەی بە جیاوازی ستایڵەکەش لەو یەقینەوە بووە کە لە کوردستانپۆست بینیویەتی کە ئەو نوسینە شێعری پەشێو نییە، بەڵام باسی ئەوە ناکات.
ئەو دەنوسێت:
هاوکات له ڕابردوودا چهندین جار نهک ههر ناحهقیی، بگره تاوانی ئاوای بهرامبهر کراوهو بێ پرسی ئهو هۆنراوهکانی ههتک کراون!
ئنجا لێی دەپرسم کە پەشێو پێی وتووە ئەوە شێعری ئەو نییە ئیتر بۆ دەڵێت تاوانی "ئاوای بەرامبەر کراوەو بێ پرسی ئەو هۆنراوەکانی هەتک کراون"؟
خۆ ئەوە هۆنراوەی پەشێو نییە تا هەتک کرابێت و، لە هۆنراوەی نەگوتراوی زۆربەی هەرەزۆری شاعێرەکانیش زۆر جوانترە!
بۆ خوێندەوەی بابەتەکەشی ئەم لینکەببینن:
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=3d6a214dنازانم ئەو هەتک کردنە و وێرانکردنەی مەخموری لەو نوسینەدا بینیویەتی کە بە شێعری پەشێو کراوە کامەیە؟
خۆ ئەوە شێعری پەشێو نییە دزرابێت و گۆڕدرابێت.
ڕوداوەکانی ئەم ساتەوەختە هێندەزۆرن تەنیا باسیان بکەیت وەقعەیان لە شێعری هەزاران وەستای کێش و قافیە گەورەترن. من تەنیا باسی بوتڵەکانم کردووە و باسی کوڕە ئازاکانم کردووە و کەچی لەبەر ئەوەی ڕاستگۆیی تیایە و یەک دوو دێڕی لە وێنەی شێعری دەچن ئەو هەموو خەڵکە خویندویەتییەوە.
دڵنیاشی دەکەمەوە کە نوسینیش بە کێش و قافیە و ئیقاع هێند گران نییە و ئەو نوسینە چەند دژی دەسەڵاتە ئەوەندەش دژی شاعێرانە. ئەوە توڕە بونێکە لەوان کە دەنگیان نییە.
بەوە پێیان دەڵێم کە ئەگەر ئامڕازەکانی هۆنینەوەیان بەکار ناهێنن منەتمان پێیان نییە، خۆمان شێعری ئەنتیشێعری خۆمان دەنوسین و خوێنەریشی دەبێتن و کاریگەریی خۆشیان دەبێتن.
بۆیە ئێستە بڕیاریشمدا کە پێڵاوەکانی پەشێو بگۆڕم بە پێڵاوەکانی سەردەشت.
با ببێت بە
پێڵاوە ڕەشە بێکەڵکەکانی سەردەشت بوون!
کاک مەخموریش دڵنیادەکەمەوە کە شێعری پانزەساڵ لەمەو پێش ناتوانێت وەسفی ئەم ڕوداوانەی ئەمڕ و ئەم ساتە وەختە بکات.
ئەوەش وەکو ئیدعای مەسولەکان و شۆڕشگێڕەکانی زووە کە دەڵێن ئەوان خەباتیان کردووە و ئەمڕۆ بە میللەتی دەفرۆشنەوە.
ئەوەی ئەمڕۆ ڕودەدات کەرەسەی نوێ و نوسین و شێعری نوێی دەوێت بۆ ئەوەی گەنجەکان و ڕاپەریوەکان خۆیانی تیا بناسنەوە.
گەر تۆ دژ بە دەسەڵاتی وەرە شێعری کۆنی خۆت بۆ ئەم ساتە وەختە بەکار مەهێنە و شێعری نوێ بنوسە!
هەرچەند من گەنجەکان هان دەدەم شێعری ئەنتیشێعر بنوسن و گوێ نەدەنە قافیە و عروز و لۆمەی وەستا و شاعێرە کۆنەکانمان گوێ لێنەگرن. با خۆیان شێوازێکی نوێ بدۆزنەوە بۆ ئەوەی دەربڕین لە نەهامەتی و ڕق و توڕەبونەکانیان بکەن، هەروەک چۆن شێوازی خەباتەکەی ئەوان زۆر جیاوازە لەوەی کۆنەکان.
زۆر ئاسانە لە پشت تاشە بەردەوە کەمین دانێیت، بەڵام ئاسان نییە بە سنگی ڕوتەوە بەرەنگاری تفەنگ ببیتەوە. ئێوە ئەمڕۆ چەکی دەستتان تا ئێستا هەر سنگ و لاشەتان بووە بەڵام کۆنەکان چەکە کۆنەکانی خۆیان هەر پێماوە و بەکاری دێنن. وەکو ئەوە وایە تا ئێستاش هەر بە دزیەوە لە پشت تاشە بەردەکانەوە خۆیان حەشاردابێت!
شاعێرەکانیش دەیانەوێت بە شێعرەکۆنەکانیان بجەنگن، بەڵام ئەو شێعرە قافیە شکاوانەی ئێوە دەیاننوسن زۆر لە ئیقاع و قافیەی هەزاران شاعێری بێدەنگ جوانترن!
دەمەوێت تابلۆکانی شیلان جەبار و "کاڵێ" ش بەرز بنرخێنم کە بۆ دایکی گەرمیان و بۆ تاجەکەی عەرشی خوێناویی فیرعەون پێشکەشی ڕاپەڕینەکەیان کرد!هەربژی گەنجان و میللەت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست