بەرد و چاکسازیی
Monday, 04/04/2011, 12:00
جەلال تاڵەبانی بەرد قبوڵ ناکات و مەسعود بارزانیش خۆی داهێنەری چاکسازی یە.
دەمێک نییە تاڵەبانی دەیوت کە ئەو منداڵانەی لە سەر شەقامەکانن جگەرگۆشەی خۆیانن.
زۆر لەوە پێشیش نیە بارزانی دنیای دەهێنایە لەرزە لە دژی داواکەی گۆڕان بۆ چاکسازیی لە ڕێگەی حەوت خاڵەکەوە.
تاڵەبانی دەڵێت ئەوان جنێو قبوڵ دەکەن بەڵام بەرد قبوڵ ناکەن. تۆ بڵێی بۆ جنێو قبوڵبکات! دیارە لەبەر ئەوەیە خۆیان لە جنێو دروستکردندا وەستان، ئەوە پیشەی لەمێژینەیانە. بۆیە جگەرگۆشەکانی خۆی کە ڕژاونەتە سەر شەقام دابەشکرد بە دوو بەشەوە. ئەوانەی جنێو دەدەن، کە بە جگەرگۆشەی خۆی دەیان هێڵێتەوە و، ئەوانەی بەرد دەهاون کە حاشایان لێدەکات و دەیانکات بە جگەرگۆشەی ئۆپۆزسیۆن و ئازادیخوازەکان و ئنجا بەردهاویشتنیان لێ قبوڵناکات. ئەمە پرسیارێک دێنێتە پێشەوە، ئایا کە لێیان قبوڵناکات چۆن وەڵامیان دەداتەوە؟ خۆ ئەو هێزی بەردهاویشتنی نیە، کەواتە بە گوللەی بچوک وەڵامیان دەداتەوەو بە شەقام و ئۆپۆزسیۆنیشەوە ڕایان دەماڵێت.
بارزانیش پیشەی خۆیەتی هەموو دەستپێشخەرییەکان بکات بە هی خۆی و ئەوانیش وەکو سەروەت و سامانی میللەت بدزێت.
لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ کە یەکەم تەلەفزیۆنی کوردستان دامەزرا، ئەویش لە سەر دەستی عەباس عەبدولڕەزاق، وتبوی خۆ ئەوان دەوڵەت نین تەلەفزیۆن دانێن. کەچی دوایی دەیانوت کە ئەوە ئەوان بون یەکەم تەلەفزیۆنی کوردستانیان داناوە.
ئەم پیاوە لە ڕێبازەکەی بارزانیەوە فێر بووە هەموو دەستپێشخەریەکان لرف لێبدات. باوکی نەبوو پارتی دامەزراند ئێستا ئەوانن دایانمەزراندووە، شۆڕشی نوێی ١٩٧٦ ئەوان نەبون هەڵیانگیرساندەوە ئێشتا دەڵێن ئەوان بون، گەردەلولی تۆڵەیان کرد بە لافاوی زەرد و هەتادوایی. ئەمڕۆش ئەوان بوون بە داهێنەری چاکسازی و، ئەو حەق و دەستپێشخەرییە لە ئۆپۆزسیۆن و گۆڕان دەسێننەوە.
ئەم قسەیەی مەسعود چەند ئاماژەیەک هەڵدەگرێت، یەکەم ئەوەیە کە وتمان، کە هەموو شت دەدزن بۆ خۆیان و قۆرخی دەکەن ئیتر لە موڵک و ماڵ و لە شتی مەعنەوی. دووەم رەفزکردنەوەی ئۆپۆزسیۆنە بە هەموو شێوەیەک. سێیەم بەرەنگاربونەوەی ئەو یەقینەیە کە لای ئێمە دروست بووەو وتومانە کە چاکسازیی بە پیاوێکی وەکو مەسعود و دەستودایەرەکەی ناکرێت.
لە کۆتاییدا دەڵێم کە نە تاڵەبانی دەتوانێت بەسەر بەردهاوێژەراندا زاڵبێت، کە خۆم لەم ساتەدا لەگەڵ بەردهاویشتن نیم، و نە مەسعود بارزانیش دەتوانێت چاکسازیی بکات و گەر خوانەخواستە کردیشی ئەوا لەبەر ئەوە نییە ئەو چاکسازە بەڵکو ئەوە شەقی شەقامە بەو ئاڕاستەیەی دەبات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست