بکوژانی بەناز بە سزای خٶیان گەیەنران، نوخشە لە تاوانبارانی تریش

Friday, 12/11/2010, 12:00




دادگای بەریتانیا ڕۆژی 10/11/2010 دوو لە بکوژانی بەناز مەحمودی بە زیندانیی هەتاهەتایی سزا دا. دادگای بەریتانیا حوکمی ٢٢ ساڵی زیندانیی بەسەر عەلیی تەمەن ٣٠ ساڵ و ٢٠ ساڵ زیندانییشی بەسەر حسێنی تەمەن ٣٢ ساڵدا سەپاند کە هەردووکیان ئامۆزای بەنازی جوانەمەرگ بوون و، لە کوردستانەوە پەلکێشی دادگای بەریتانیا کرابوون .
ساڵی ٢٠٠٧ یش باوک و مامی بەناز لەلایەن دادگای ئەم وڵاتەوە بە زیندانیی هەتا هەتایی حوکم دران. لە کاتێکدا بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە دووبارە قەتماغەی برینەکانی هەڵدایەوە، هەواڵێکی مژدەبەخشیش بوو کە، خٶشبەختانە، تاوانبارانی ئەو تاوانە نەیانتوانی قوتار بن و بە سزای خٶیان گەیشتن. مایەی خٶشحاڵیە کە لە وڵاتێکی بیانیدا بێ جیاوازی تٶڵەی قوربانیەکی کورد لە بکوژانی دەکرێتەوە. بەڵام جێی داخە تائێستا لە سایەی دەسەڵاتێکی خۆماڵیدا سەدان تاوانباری لەو جۆرە بە شەقام و کٶڵانەکاندا دەسوڕێنەوە. تەنانەت هەندێکیشیان بە پشتیوانیی هەندێ کاربەدەست و دەسەڵاتدار توانیویانە لە لێپێچینەوەو سزادان دەرباز ببن.
ئامارەکانی کوشتن و دەسدرێژی و ڕەفتاری ناشایستە دژی ژنان لەناو کۆمەڵگای کوردیدا هێندە ترسناکن کە بوونەتە مایەی نیگەرانیی ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی چاودێری مافی مرۆڤ. سەرباری تەلاتێنی دەیان ڕێکخراوی بەناو ژنان و کۆمەڵگای مەدەنی و مافی مرۆڤی کوردی لە کوردستان، بەداخەوە، ژمارەی ئەم تاوانانە هێشتا ڕوو لە هەڵکشانە. بۆیە حەقە لەو ڕێکخراوو ناوەندانە بپرسین، ئاخۆ کەی دەست لە بەکارهێنانی دۆزی ژنان بۆ بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆتان و پاشکۆییتان بۆ حزب و لایەنە جیاجیاکانی گۆڕەپانەکە هەڵدەگرن و ئیتر دەبنە هێزێکی سەربەخۆی داکۆکیکاری ڕاستەقینە لە مافی قوربانیانی سیستمی پیاوسالاریی کۆمەڵگای کوردی؟! ئاخۆ کەی شەڕی کورسی و گیرفان و، لەهەموو قێزەونتر، حزبحزبێنەتان دەنێنە لاوەو دەبنە جێگای ئومێد بۆ باشکردنی ژیانی ژنی کورد و ڕەوتی کۆمەڵگا؟! ئایا توانیوتانە چەند تاوانبار بە سزای شایستەی خۆی بگەیەنن؟ ئەمە جگە لەوەی کە زۆرێکتان هەر بێئاگایشن لەوەی کە چەندین تاونباری کوشتن و دەستدرێژی و تاوانی دیکەی وەکو [مامەند رەسوول، ناسراو بە (کوردۆ)، ئاگا ئەژی ئالان، سەرکەوت عەبدوڵا قادر، عەلی کاردۆ و شەماڵ حوسێن] لە وڵاتانی ئەوروپاوە لەدەست یاسا هەڵاتوون و گوماندەکرێ گەڕابنەوە هەرێمی کوردستان. خۆ ئەگەر ئەم گومانانە ڕاست بن، ئەوا ئەو تاوانبارانە بەڕاستی مەترسین لەسەر کۆمەڵگای کوردی و دەبێ سزا بدرێن. کەچی حکومەت و دەزگاو ڕێکخراوەکانی کوردستان، جگە لەم حاڵەتەی بەناز، کە بێگومان لەژێر گوشاری دادو پۆلیسی نێدەوڵەتیدا بووە، نە ک هەر بەدوایشیاندا نەچوون، بەڵکو ڕەنگە ئەو تاوانبارە هەڵاتوانە ئێستا خۆیان لەپال ئەم حزب و ئەو لایەندا مەڵاس دابێ و لە زۆر خەڵکی بەشەرەف لەپێشتریش بن.

تێبینی، که‌ڵک له‌م سه‌رچاوانه‌ وه‌رگیراوه‌:

http://www.bbc.co.uk
http://www.facebook.com





نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە