یادەوەریەکی مەشروب خواردنەوەم لە نیشتیمان لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆداو ڕوبەڕوبونەوەی یاسا!
Thursday, 24/01/2013, 12:00
لە یادمه لە گەڵ هاوڕێیەکمدا جاروبار کە دەوامی یەک هەفتە یان دوو هەفتەیمان تەواو دەبوو لە یەکێک لە هۆڵی مەشروبفرۆشەکانی شاردا کەمێک خەمی ئەو چەند ڕۆژانەی دەرەوەی شارو دووری دۆستانمان بۆ یەکدی هەڵدەڕشت و پاشان خۆمان بۆ سەرەمەرگی باسەکانی ئاوەدانی ئامادەدەکرد. لە بیرمە خۆمان تەنها کەس بووین ئەو ڕۆژە لەو هۆڵە گەورەیەدا، هێندە چۆڵبوو بۆنی مردنی لێدەهات، دەمگوتم تۆبڵەیت شتێک ڕویدابێت لە شارو ئێمە بە هیچمان نەزانیبێت؟ تۆ بڵەی خەڵکی وازیان لەخواردنەوە هێنابێت ئەم شارە شتێکی تێدانەمابێت پێیبڵەن خەم و بۆ ئەبەدی ئیدی خەڵکی ئەم شارە لە خەڵوەتدابن زۆر پێڕانەگەیشتم پرسیاریتر لەخۆمبکەم کاکی مەیگێڕ بە بەخێرهاتنیێکی سارد لەو جیهانە ئەفسانەییەی شاری دابڕیم کە دەمویست لە خەیاڵمدا بۆ دروستبکەم، هەردیاربوو ئەو دەبوو ئەوڕۆژە هۆڵەکەی کراوەبوایە لە کاتێکدا دەیزانی لە بێبازاڕیدا مێش لێیدەدات، دیاربوو کە تاکە هۆکاری بێخوڵقییەکەی ئەو بێبازاڕیەبوو!!! دوای بەخێرهاتنمان دەستی دایە قەڵەمو وەرەقەکەی تا داواکانی ئێمە ڕیزبەندبکات ئێ داواکەی ئێمەش هێند کەمبوو کە پێویستی بە نوسینوشتیوا نەدەکرد!!!
هاوڕێکەم بە پێکەنینەوە گوتی کاکی من بڕوابکە پێویست بە وەرەقەو شتیواناکات نە ئێمە هێندە مەشروبخۆرین وە نە پارەیەکی ئەوتۆشمان لە گیرفاندایە تا زۆر بخۆینەوە، ئەو دوو پێکەی دەخۆین و هەتا چەند مانگی دی نامانبینیەوە لە وانەشە ئەمە دواهەمینجاربێت ئیدی هەرنەمانبینیەوە. چۆڵی هۆڵەکە کەشێکی وا هێمنی خوڵقاندبوو نە دەکرا نەپرسیت ئەوە خێرە وا شار چۆڵبووە؟! لە وەڵامدا کاکی مەیگێڕ گوتی کاکە ئەمڕۆ یادی لەدایکبوونی پێغەمبەرمانە محمد یادی خوای لەسەر، بەڵێ لەبەر ئەوەیە واچۆڵە!!! ئێ کاکە ئەی بەیانی ، بەیانیش هەروادەبێت؟ نا برا ئەگەر بەیانی بێنەوە لەوانیە وا بە ئاسانی وەک ئەڕۆ جێگاتان، دەستنەکەوێت! گوتم ئێ کاکی برا خۆ ئیسلام نەیگوتووە لەو ڕۆژەی مەشروب حەرامە، ئەو دەڵێ هەر نابێ بیخۆن، مەیگێڕ؛ کاکە ئەگەر من مەلابومایە ئێستا لەو مزگەوتانە بانگی خەڵکیمدەکرد بۆ خواپەرستی و توشی ئەو پرسیارەی تۆنەدەبووم هەتا مردنیش شتی وانەدەهات بەخەیاڵمدا من چوزانم ئەو خەڵکە بۆ وا بیردەکاتەوە !
لەو گفتوگۆیانەدا بوین کاکی مەیگێڕ گوتی بەڕێزان ئێوە لەپیاوی میری دەچن، ئەرێ دەمانچەو شتیواتان پێیە؟ هاوڕێکەم گوتی بۆ کاکە ئەگەر پێمانبێت چ لەگۆڕێیە؟ مەی گێڕ؛ گوتی ئەگەر پێتانبێت من مەشروبتان بۆناهێنم دەبێت دەمانچەکانتان بدەنە من هەتا لێرەبن لە باڕەکە دایاندەنێم ئەگەر ڕۆیشتن ئەوکاتە دەیدەمەوە دەستتان! ئێ بۆ بەقوربان خۆ ئێمە هەرخۆمانین لە ئێمە زیاتر کێی لێیە ئێرە؟ سوێندیشت بۆ دەخۆم بە هەرچی کەوچکەچای دونیا هەیە ئامادەنیم باڵندەیەکیش لەئاو بکەم تەنانەت ڕقیشم لە مرۆڤ دەبێتەوە کە گۆشتی تەیروتوور دەخوات جا نەکا مرۆڤ ئازاردان ، بۆخۆتدەزانی برا مەشروبخۆر دڵی چەند گەورەیە ئێمە مەشروبخۆرین مەشروبخۆرێکی ڕاستەقینە، لەو مەخلوقانەین کەلامانوایە دەبێت هیچ شتێک ئازارنەدرێت و هەموو شتێک بەبێترس بژی بەڵێ هەموو شتێک چونکە ئێمە تەنها یەکجار دەژین وباوەڕمان بە پاداشتی خوێنڕشتننییە! لەوەڵامدا کاکی مەیگێڕ گوتی؛ کاکە ئەوە پەیوەندی بە قەرەباڵغیو چۆڵی ئێرەوە نییە و ئێوە چۆنن یان چ جۆرە باوەڕێکتان هەیە، بەڵکە ئەوە یاسایە یاسا! گوتم ئای کاکی برا چەندە لەدەمت خۆشە وشەی یاسا کە لە زارت دێتە دەرێ خۆزگا وابویایەو ئەو یاسایەی تۆ باسیدەکەیت ئاوا لەسەروی هەمووشتێکەوەبویایە، ئەو یاسایەی تۆ وا بەجۆشی بۆ، "بە مێشکێکی ساف کە هێشتا مەستنەبوین چەکماندەکات!!! بەڵام بەسەرخۆشی دەیداتەوە دەستمان" !؟.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست