ڕاستی ڕوداوه‌کانی بادینان که باسی لێوه‌ناکرێت
Sunday, 18/12/2011, 12:00
ڕوداوه‌کانی ئه‌م مانگه‌ی ده‌ڤه‌ری بادینان و له‌سه‌رووی هه‌موشیانه‌وه سوتاندنی باره‌گاکانی یه‌کگرتوو له زۆربه‌ی که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندن شیکردنه‌وه و شرۆڤه‌یان بۆکرا. تێکڕای حیزبه‌کان به حیزبه‌که‌ی خۆشمه‌وه به به‌یاننامه ده‌رکردن و به‌شداری له ڕوونکردنه‌وه‌ی ڕووداوه‌که پانتاییه‌کی زۆری به‌رنامه‌کانی ڕاگه‌یاندنیان داگیرکرد.
ڕاسته یه‌کگرتوو هه‌رزوو پارتی به به‌رپرسی یه‌که‌می سوتاندنی باره‌گاکانمان دانا، به‌ڵام کادیرانی خۆمان هه‌موویان به‌و ئاڕاسته‌یه قسه‌یان کرد که مه‌زڵومیه‌تی یه‌کگرتوو نیشان بده‌ن بێ ئه‌وه‌ی بپرژێنه سه‌ر قسه کردن له هۆکاره‌کانی به به‌رپرس زانینی پارتی له سوتاندنی باره‌گاکان له ده‌ڤه‌ری بادینان، زۆر به شه‌رمه‌وه ئه‌وه‌یان ده‌خسته ڕوو که له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پارتی ده‌سه‌ڵاتداری ده‌ڤه‌ره‌که‌یه بۆیه ئه‌و لێی به‌رپرسه.
هه‌رچه‌نده هۆی نه‌درکاندنی چه‌ند ڕاستییه‌ک بۆ جه‌نابی ئه‌مینداری گشتی و سه‌رکردایه‌تی یه‌کگرتوو جێ ده‌هێڵم و ڕه‌نگه حیکمه‌تێکی تێدابێت که نه‌یانویستبێت هه‌موو شتێک بڵێن، به‌ڵام خۆم وه‌ک کادیرێکی ئاگادار به ئه‌رکی خۆمی ده‌زانم که چه‌ند ڕاستییه‌ک له مینبه‌ری ئازادی ئێوه‌وه بڵێم که زۆر به ووردی و شان به شانی زۆر له برایانم له مه‌ڵبه‌نده‌کانی یه‌کگرتوو له ده‌ڤه‌ری بادینان گه‌یشتوینه‌ته ئه‌م ڕاستییانه و زۆربه‌ی کادیره باڵاکانی یه‌کگرتووش ئه‌م ڕاستییه‌یان گوێ لێ بووه.
له‌سه‌ره‌تا ئه‌وه به بیر هه‌موو لایه‌ک ده‌هێنمه‌وه که ئه‌و مامۆستا به‌ڕێزه‌ی له مزگه‌وته‌وه بانگه‌وازی هێرش کردنه سه‌ر دوکانه‌کانی مه‌ی فرۆشتن و شوێنه‌کانی تری دا له‌سه‌ر شاشه‌ی یه‌کێک له ته‌له‌فزیۆنه‌کان به ئاشکرایی گوتی که دۆستی پارتییه، که زانیارییه‌کانی من ده‌ڵێن ئه‌ندامی پارتییه نه‌ک دۆست. ئینجا له‌و خاڵه‌وه ده‌ست پێده‌که‌م و ڕاستییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه که چه‌ند به‌رپرسێکی پارتی له پشتی ڕووداوه‌کانن و به ڕێگای ئه‌و مامۆستا ئاینییه‌وه پیلانه‌که‌یان داڕشتووه و مه‌سه‌له‌که‌ش به پله‌ی یه‌که‌م ململانێکانی نێوان به‌رپرسه‌کانی پارتییه له دهۆک و به پیلانگێڕی دژی یه‌کگرتوو و سوتاندنی باره‌گاکانی ویستیان به تیرێک چه‌ند نیشانه بپێکن.
له کاتی ڕووداوه‌کاندا (سه‌ربه‌ست سندوری) به‌رپرسی لقی زاخۆی پارتی له ده‌ره‌وه بووه، هه‌موو لایه‌کیش به پارتییه‌کان و ئه‌ندامانی یه‌کگرتوو و حیزبه‌کانی تریش له ده‌ڤه‌ره‌که باش ئه‌وه ده‌زانن که ململانێیه‌کی توند له نێوان ناوبراو و به‌رپرسانی دهۆکی پارتی هه‌یه به تایبه‌تیش له‌گه‌ڵ (عه‌بدولخالق بابیری) به‌رپرسی لقی یه‌کی پارتی له دهۆک و (عومه‌ر ئوره‌یی) جێگری به‌رپرسی لقی یه‌ک و (ته‌مه‌ر ڕه‌مه‌زان) پارێزگاری دهۆک و ئه‌مه‌ش به‌ر له کۆنگره‌ی پارتی سه‌ری هه‌ڵداوه ئه‌و کاته‌ش سه‌ربه‌ست به‌رپرسی لقی یه‌ک بووه که گرنگترین پۆستی پارتییه له بادینان و دوای کۆنگره‌ش لێیانداوه و ڕه‌وانه‌ی زاخۆیان کردووه.
سه‌ر له به‌یانی ڕۆژی ڕووداوه‌که عه‌بدولخالق بابیری ڕوو له زاخۆ ده‌کات و په‌یوه‌ندی به (عه‌لی مسته‌فا ناسراو به ئه‌بو زێڕۆ) جێگری به‌رپرسی لقی زاخۆی پارتی ده‌کات که ئه‌و ڕۆژه ناوبراو وه‌ک به‌رپرسی لق به وه‌کاله‌ت قسه‌ی بۆ ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندن کرد که ئه‌مه‌ش هه‌ر به په‌له له‌لایه‌ن مه‌کته‌بی سیاسی پارتی له‌گه‌ل سه‌فه‌رکردنی سه‌ربه‌ست ئه‌م بڕیاره‌یان بۆ ده‌رکردووه تا هه‌موویان گوێڕایه‌ڵی بن. هه‌ردوکیان به دوو قۆڵی، پێشوه‌خته‌ش ئه‌بو زێڕۆ مامۆستاکه‌ی تێگه‌یاندووه که له نوێژی هه‌ینی به توندی بانگه‌واز بکات، سه‌رپه‌رشتی ڕووداوه‌کان ده‌که‌ن. ته‌مه‌ر و عومه‌ریش له دهۆک بڕیاری ئه‌وه‌یان داوه که سیناریۆی دوکان سوتاندنه‌کان په‌یڕه‌و نه‌که‌ن چونکه ئه‌گه‌ر بارودۆخی شاری دهۆک بشڵه‌ژێت ئه‌وا به توندی لێپێچینه‌وه‌یان لێ ده‌کرێت و خۆیان زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بن، بۆیه ته‌نها ئه‌وه ده‌که‌ن که باره‌گای یه‌کگرتوو بسوتێنن و بڵێن خه‌ڵک توڕه‌یه و ئه‌م کاره ده‌کات.
ئه‌م ده‌رئه‌نجامه دوای لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی مه‌یدانی وورد هاتۆته ئاراوه و ئه‌وانه‌ی له ڕووداوه‌کان نزیکن باش تێی ده‌گه‌ن، بۆیه بۆ ئه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌نوسان و ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندن باشتر بگه‌نه ئه‌نجامی ڕووداوه‌کان با لێکۆڵینه‌وه به‌م ئاڕاسته‌یه بکه‌ن و به‌رپرسانی یه‌که‌میش (جه‌عفه‌ر ئیمینکی و ته‌مه‌ر ڕه‌مه‌زان و عه‌بدولخالق بابیری و عه‌لی مسته‌فا و عومه‌ر ئوره‌یی)ه و ئامانجیشیان یه‌کلاکردنه‌وه‌ی ململانێکانی خۆیان و شاردنه‌وه‌ی شکسته‌کانی خۆیان بووه له گه‌نده‌ڵی و درۆ کردن له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی ده‌ڤه‌ره‌که و به عه‌قڵی خۆشیان لێدانی یه‌کگرتوو وه‌ک هێزی دووه‌م و ڕکابه‌ری له ده‌ڤه‌ره‌که که جه‌ماوه‌ری ڕوو له هه‌ڵکشانه به‌ر له‌وه‌ی بگه‌نه کاتی هه‌ڵبژاردنی پارێزگاکان و سه‌رئه‌نجامیش گوم کردنی زۆر مه‌سه‌له‌ی تر که خۆیان تێوه‌ی گلاون، له به‌رامبه‌ر یه‌کگرتووش ئه‌مه جاری دووه‌میانه که هه‌مان ڕێچکه ده‌گرنه به‌ر که به ئاشکرایی ئه‌م پرسیاره‌مان بۆ دروست ده‌بێت بۆ ته‌نها له بادینان باره‌گاکانی ئێمه ده‌سوتێنرێن؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست