با هەناسەدانیش بە مۆڵەت بێت!
Friday, 05/11/2010, 12:00
من نازانم كەى سیاسى و پەڕلەمانتارەكانى ئێمە كە لاف و گەزافى دیموكراسییزم و لیبڕالیزم و سۆشیالیزم و سیكۆلاریزم و ئیسلامیزم و هتد... لێدەدەن، لەوە تێدەگەن هەمووشتێك پێویستى بە مۆڵەت و ئەمرفەرموونى ئەوان نییە؟!، نازانم كەى لەوە حاڵى دەبن كە خۆپیشاندان پێویستى بە مۆڵەت و ڕەزامەندى نە ئەوان و نە هیچ كەس و لایەكى دى نییە؟!.
ئەوان كە شێت و شەیداى پڕۆسێسى سیاسى ووڵاتانى پێشكەوتووخوازى وەك ئوۆرووپا و ئەمەریكان و موعجیبى ئەم نەوعە شتانەن و لەمبارەیەشەوە جگە لە قسەى زل و بێناوەڕۆك هیچى دى نازانن، ئەرێ خێرە برادەران سوود لەوان وەرناگرن و دان بەوەدا نانێن كە لە هەموو دونیادا واباوە كە خۆپیشاندان پێویستى بە مۆڵەت نییە و جگە لە بانگەواز و ئاگادارینامەیەك هیچى دى ناوێت.
ئەوان كە خۆیان بە تەكنۆكرات و كراوە و شەفاف لەقەڵەمدەدەن، كەچى هێشتا هێندە كاڵفامن كە نازانن سەرەتاییترین مافى تاك و هاوڵاتى لە چوارچێوەى پڕۆسێسێكى دیموكراسیدا و لەنێو كۆمەڵگایەكى مەدەنیدا بریتییە لە مافى ئازادى ڕادەربڕین و خۆپیشاندانیش سەرەكیترین كەناڵ و میكانیزمى ئەو مافەیە، ئەمەش نە پێویستى بە مۆڵەت نە هەر شتێكى ترى بێماناى لەو جۆرە هەیە.
یەكێتى و پارتى كە زۆرینەى پەڕلەمان پێكدەهێنن وەك كارى هەمیشە و هەمووجار: لەترسى ناڕەزایەتییە درووست و بەجێیەكانى خەڵك دەربارەى خراپى سیستەمى حكومڕانى و خۆڵكردنەوە چاوى گەل و فریودانى ڕاى گشتى ئەم مەملەكەتە، پڕۆژە یاساى مافى خۆپیشاندانیان لە خزمەتى بەرژەوەندییەكانى خۆیان و لەسەر حیسابى زیانى مافى شەقامى كوردى تێپەڕاند تا بەو شێوەیە ئاسانتر، باشتر و دڵنیاتر درێژە بە گەندەڵى و ناعەدالەتى بدەن.
هەنووكە ئەگەر هاوڵاتیان بیانەوێت خۆپیشاندان دژى هەر شتێك ڕێكبخەن دەبێت پێش دوو ڕۆژ داواى مۆڵەت لە لایەنى پێوەندیدار بكەن و ئەوانیش ماوەى دوو ڕۆژیان لەبەردەمدایە بۆ وەڵامدانەوە، كە دواجاریش ڕێگەنادەن، بەمپێیە وەرگتنى مۆڵەتێك چوار ڕۆژ دەخایەنێت، وەڵا عەجیبە و داهێنانێكى نوێیە، ئاخر من ئەگەر بتوانم ماوەى چوار ڕۆژ چاوەڕێى وەڵامى مۆڵەتێك بم تا خۆپیشاندان بكەم ئەوا هەر دەتوانم خۆپیشاندانیش نەكەم!، گەلۆ ئێوە بڵێن ئەمە جگە لە نەزانى و بێئابڕوویى چیى دییە؟! ئەمە جگە لە گەورەترین ئیحراجى چیترە؟! ئاخر لەسەر چ بنەمایەك و بەپێى چ لۆژیكێك برادەران گەیشتن بە قەرارە حەكیمانە؟!
ئیدى بەڕوونى دیارە و پاساوى ڕاستەقینە نە ڕێكخستنى كاروبارەكانە، نە پاراستنى سەروماڵى كۆمەڵانى خەڵك و ئاسایشى نەتەوەیى، بەڵكو هەوڵەكە بۆ پەكخستنى جووڵەى شەقام و ئازادى ڕادەربڕین و مافى خۆپێشاندان و هەر شتێكى ترە بۆ بەگژداچوونەوەى گەندەڵى و خراپبەكارهێنانى دەسەڵات.
هاوكات ئەمە پێچەوانە پێودانگە جیهانییەكان و ڕێوڕەسمە ستاندارد و نێودەوڵەتییەكانەوەیە و دڵنیاشم ئەگەر ئەمە مەسەلەیە دەنگدانەوەیەكى میدیایى هەبێت لەسەر ئاستى جیهان ئەوا ڕێكخراوەكانى مافى مرۆڤ و كۆمەڵگاى مەدەنى دێنە سەر خەت و هاودژى بۆ خەڵكى هەرێمى كوردستان لە دژى ئەم بڕیارە دەردەبڕن.
وەڵا مایەى هەم حیرەت و هەم شەرمە لە هەرێمى كوردستان كە 20 ساڵە خاوەنى دەسەڵاتێكى خۆماڵییە خۆپیشاندان بە مۆڵەت بێت، ئەگەر خۆپیشاندان بە مۆڵەتە ئەوا پێشنیار دەكەم بۆ برادەرانى لیستى هاوپەیمانى كە پڕۆژەیاسایەك دەربكەن تا سەر خوراندن و چوونە سەر ئاو و هەناسەدانیش بە مۆڵەت بێت!.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست